هەموو دایک و باوکێک، حەزدەکەن منداڵەکانیان، لە ئەوپەڕی خۆشی و شادیدا بژین . هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ دابینکردنی هۆیەکان و، پێویستییەکانی شادی منداڵەکانیان . شادی منداڵان، لە دڵپاکی و بێتاوانی و ساکاری بیرکردنەوەیانەوە هەڵدەقوڵێت . دەبینین بە بێ سنوور و مەرج و، بێ هیچ بڕیارێکی پێشوەخت، یاری دەکەن و هەڵدەبەزنەوە و پێدەکەنن و دەزروقێنەوە . . منداڵان ئەو ساتانەیان بەلاوە گرنگە، کە تێیدا شادن. ئەوان بیر لە داهاتوو ناکەنەوە . . منداڵان سەرچاوەی شادی و نهێنی جوانی ژیان لە جیهاندا.

دابینکردنی شادی و خۆشی بۆ منداڵان ئەرکێکی گەورەیە . . پێویستە هەموو دایک و باوکێک، لە ئاستی لە ئەستۆگرتنی ئەم بەرپرسێتییەدابن . . خۆیان ببن بە پێشەنگ بە نموونەی باش بۆ منداڵەکانیان . . کە منداڵانن ببین کە زەردەخەنە و پێکەنین، لەسەر لێوەکانی دایکان و باوکانیان دا ئاوانابن . . بە دڵنیاییەوە منداڵانی ئەو دایک و باوکە رووخۆشانە، گرژ و مۆنی لە دەموچاویاندا بەدی ناکرێن و، بە درێژایی تەمەنیشیان هاودەمی شادی و خۆشی دەبن و، بە چاوێکی پڕ لە هیوا و گەشبینیشەوە لە ژیان و لە داهاتوویەکی گەشتر دەڕوانن .

پسپۆرانی دەروونناسی دەڵێن، تەنها ئەوەش بەس نییە، کە منداڵان هەست بە گەشبینی بکەن . . بەڵکو پێویستیشە پەیڕەوی شێوازێکی پەروەردەییش بکەن، بۆ ئەوەی هەست بە شادی و بە خۆشی ژیان بکەن . . هەست بەوە بکەن کە لەژیاندان و رۆڵیان هەیە .

ئەنجامی ئەو توێژینەوە دووقۆڵییەی، کە لە لایەن دکتۆر ( جان ئیمانۆیـل دی ئیف ) لە
زانکۆی ( کۆلیدج ئۆف ـ لە لەندن، بەریتانیا ) و، دکتۆر ( واندرۆ ئوزولد ) لە زانکۆی ( واویک ) پێی گەیشتوون . . ئەوەیە : تا ئاستی شادی منداڵان زۆرتر بێت و، تا زیاتر لە ژیانی خۆیان رازیبن . . ئەوەندە داهاتوویان گەورەتر و پایە و پلەیان بەرزتر دەبێت.

راستە لە ئەمڕۆدا بەشێکی زۆری منداڵان، بە شادی و کامەرانی دەژین . . بەڵام ژیانیان پڕە لە فەرمان و لە جێبەجێکردنی پلانی داڕژێراو و، لە وابکەن و وامەکەن و، وریابن ئەمانە سنووری سوورن و بڤەن . . ژیانی واش بە لای منداڵانەوە، بێزاری و پەستییە و خۆش نییە . . چونکە تەنگ بە چەژی شادی و، بە خۆشییەکانی منداڵییان هەڵدەچنن . . بێگومان قۆناغەکانی منداڵێش دووبارە نابنەوە . . هەموو ویست و خەون و حەزەکانی بەشێکی زۆر لە دایکان و باوکان، تەنها ئەوەیە، کە منداڵەکانیان لە قوتابخانەدا، بە نومرەی باشەوە سەربکەون و، بە پێی ئارەزووەکانی خۆیان ئاراستەیان بکەن و، بە کۆمەڵێک یاسا و رێساوە پەیوەندیان بکەن . . بێ ئەوەی بایەخ بە حەز و ئارەزوو و، بە تواناکانی منداڵەکانیان بدەن . . بێ ئەوەی هیچ بایەخێک بە شادی منداڵەکانیان بدەن. شادی هەستێکی خۆش و شیرینی ناخییە، هیچ هەستێکی تر نییە کە هاوشانی بێت . . شادی خواست و هیوای منداڵان و گەورەکانیشە، نهێنی ژیانێکی خۆش و، داهاتوویەکی گەشە . . مرۆڤی شاد وا هەست دەکات کە گەنجینەی هەموو جیهان هی ئەون . . پێویستە ئەوەش بزانین کە شادی ماددەیەکی قەوارەیی بەرچاو نییە کە وەکو دیارییەکی جوان بە کاغەزی رەنگاوڕەنگ و بە شریتی جوان پێچرابێتنەوە و پێشکەش بە منداڵان بکرێت . ( کاری جۆنز) دەڵێ : " نهێنی شادی لە ئازادی دایە . . نهێنی ئازادیش لە ئازایی دایە "
( جیان باول ) یش دەڵێ : " شادی باڵەکانمانن . . ناخۆشیش شوێن پێیەکانمانن "

تا ئەمڕۆش بەشێکی زۆر لە دایکان و باوکان، بڕوایان وایە، کە شادی منداڵەکانیان لە دەوڵەمەندی و سامان و پارە دایە . . لەوە دایە کە جلوبەرگی جوان و، بابەتی سەیر و سەمەرە و ئەنتیکەی یاری بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن . . بەڵام لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نین، کە شادی منداڵان پەیوەندیی بە دەوڵەمەندی و هەژارییەوە هەبێ . . راستییەکانیش ئەوە دەسەلمێنن کە ئەو منداڵانەی هەمیشە دەستەمۆی نازن و خواردەی لامێژن و، بێبەرهەمن و، بە ئاسانی و بەبێ هەوڵ دەکرێ بە قوڕگیانەوە . . ئەو منداڵانە شادنین . . بە دڵنیایشەوە هەموو منداڵان حەزدەکەەن، کە هەموو خواست و داواکانیان بۆ جێبەجێ بکەن . . بەڵام ئەمە بابەتێکی پەروەردەیی نییە . . لەوانەیە بابەتێکی یاری یا پێدانی نوقڵ بە منداڵان تەنها لەو ساتەدا شادییان پێ ببەخشن . . بەڵام ئەو شادییەی کە دایکان و باوکان دەیانەوێ، کە فێری منداڵەکانیان بکەن و، لەسەری رابێن و، ببێت بەشێک لە ژیان و لە گوزارشتیان . . ئەوەیە کە منداڵەکانیان، لە خۆیان و، لەو ژیانەی کە تێیدان رازی بن و . . کەسانی تر قبووڵ بکەن . . ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ، کە منداڵان هیواخوازی باش و باشتر نەبن . . منداڵانی شاد و بەختەوەر، ئەو منداڵانەن کە خۆیان دەناسن و، توانای ئەوەیان هەیە، کە درێژە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاوڕێکانیان و لەگەڵ کەسانی تردا بدەن، لەگەڵ پێویستییەکانی ژیانی ئەمڕۆدا رابێن و قبووڵیان بکەن . . پێویستە ئەوەش بزانن، کە لە ژیاندا خۆشی و ناخۆشی هەیە . . تاڵی و شیرینی هەیە . . سەرکەوتن و شکستی هەیە . . پێویستە گەشبین و هیواداربن و، هەردەم بە روونی لە ژیان بڕوانن . . ئا لێرەوە پێویستە، شادییەکی راستی، فێری منداڵە چاوگەشەکانمان بکەین . . وا پێیان بگەیەنین و پەروەردەیان بکەین، کە بڕوایەکی تەوایان بە خۆیان هەبێت . . هەست بە بەرپرسێتی بکەن و، بە شێوەیەکی کاراش، توانای بەشداریکردنیان لە ژیاندا هەبێت . . بەم شێوەیە شادی بۆ منداڵە خۆشەویستەکانمان دروست دەکەین و. . دەیان کەین، بە ژنان و پیاوانی شاد و شادیدۆست و هیواخواز . . دەیان کەین بە تاکی هەمیشە گەشبینی داهاتووی کۆمەڵی کوردیمان . . بەڵام پێویستە کە خۆمان لەم رووەوە بە کردەوەیی نموونەیەکی باش و دروست بین . . تا منداڵەکانیشمان چاو لە ئێمە بکەن .
( یوسف یۆبێرت ) دەڵێ : " منداڵان زیاتر پێویستییان بە نموونە هێنانەوە هەیە، لەوەی
کە رەخنەیان لێبگرن "

گرنگترین پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی پەروەردەکردنی منداڵانی شاد :

١ـ بەر لە شادی منداڵان، پێویستە دیاکانیان شادبن : چونکە دایکانی ناشاد، ناتوانن منداڵانی شاد پێبگەیەنن . . کەواتە شادی خێزانەکان، هۆیەکی گرنگی شادی منداڵانن، چونکە منداڵانیش بەشێکن لە خێزانەکانیان . کەشوهەوا و دۆخێکی پڕ لە خۆشەویستی و ئازادی و پێکەوە سازان و، رێزگرتن و، پەیوەندییەکی باشی خێزانی، بە تایبەتیش لە نێوان دایکان و باوکان دا، مایەی شادین بۆ منداڵان و بۆ سەرجەم ئەندامانی خێزانان .

٢ـ بەخشینی خۆشەویستی دایکان و باوکان بە منداڵەکانیان : گرنگترین و بەهێزترین هۆکاری شادی منداڵانن خۆشەویستییە. . خۆشەویستی کلیل و نهێنی شادین بۆ منداڵانن . . ئەوە رەنگدانەوەی خۆشەویستیی دایکان و باوکانە، کە منداڵان هەست بە شادی و بە خۆشەویستی دەکەن . . بە گەلێ شیوازیش دایکان و باوکان دەتوانن گوزارشت لە شادی و لە خۆشەویستیی خۆیان بۆ منداڵەکانیان بکەن وەکو : لە باوەشکردنیان، ماچکردنیان، دەست هێنانیان بە سەریاندا، بە نەرم و نیانی گرتنی روومەتەکانیان، بە زەردەخەنە و پێکەنین لە روویان دا، بە وشە و بە رستەی زاری شیرین وەک : ئێمە بە دڵ ئێوەمان زۆر خۆشدەوێت، ستاییش و ئافەرینکردن و، هاندانیان، چەپڵەلێدان بۆیان، . . . هتد . بەڵام پێویستە زیادەڕۆیش نەکەن لە گوزارشتکردن لە سۆز و خۆشەویستیتان، لە زۆر نازپێدان بە منداڵەکانتان . . چونکە لەوانەیە کە منداڵەکانتان دووچاری لە خۆبایبوون و، نێرگزییەت ببن . . ئێمە لە نووسینێکی پێشترماندا، باسمان لە زیانەکانی زیادەڕۆیی لە نازپێدان و لە خۆشەویستیی منداڵان کردووە . . باشتر وایە، پێویستە مامناوەندی بن لە خۆشەویستیتان بۆ منداڵەکانتان . . پەندێکی کوردیمان هەیە کە دەڵێ : " هەموو شتێک بە خوێ، خوێش بە مانا " واتا هەموو شتێك ئەندازەی تایبەتی خۆی هەیە . . ئەگەر لەو سنوور و ئەندازەیە تێبپەڕێت، خراپ و زیانبەخش دەبێت . هیچ مەرجیکیش دامەنین بۆ پێشکەشکردنی خۆشەویستی بە منداڵەکانتان . . ئەوەش بزانن کە وشە شیرینەکانتان و، شێوازی دروستی گوزارشتکردنتان لە خۆشەویستیتان، کارتێکردنێکی زۆر گرنگ و ئەرێنییان لەسەر دەروونی منداڵەکانتان هەیە . . لە داهاتووشدا رەنگدانەوەیان دەبێت .
( ریتشارد لیارد )ی بەریتانی، کە توژێنەرە لە چەمکی شادی دا، ئەوەی لا بەرجەستە بووە، کە " تەندروستی دەروونی منداڵان، هۆکارێکی گرنگە لە هۆکارەکانی شادی و خۆشنوودی لە لای گەورەکان " شادیش لە منداڵیدا دەبێتە مایەی شادی لە گەورەییدا.

٣ـ بڕوابەخۆبوونی منداڵان و هەستکردنیان بە هێز و توانا و بە بەهرەکانیان : رۆڵێکی بەهێزیان لە رووبەڕووبوونەوەی لەمپەڕ و ئاستەنگییەکانی ژیان و، لە هێنانەدی شادی هەیە . . بە بڕوا و بە متمانەوە رێی ژیانیان دەگرنەبەر . . بە پێچەوانەوە ئەو منداڵانەی کە راڕا و دوودڵ و داماون و، بڕویان بە تواناکانی خۆیان نییە، هەست بە شادی ناکەن.

٤ـ وا لە منداڵەکانتان بکەن، هەست بەوە بکەن، کە هەمیشە داهاتوو باشتر و شادترە : منداڵان بە سروشتی بیر لە داهاتووی باش دەکەنەوە . . بۆ نموونە دەڵێن : کە گەورەبم دەبم بە پزیشک، بە ئەندازیار، بە مامۆستا، بە ملیاردێر، خانوویەکی گەورە و قەشەنگ دروست دەکەم، ئۆتۆمبیلێکی جوان دەکڕم . . . هتد. ئەم زیندەخەونانەش، خەیاڵ گوشادی و دڵخۆشی و شادی بە منداڵان دەبەخشن و . . بە گەشبینیشەوە لە داهاتوویان دەڕوانن . زۆربەی هیـوا و ئاواتەکانیش، لە رێی خەون و خەیاڵەکانی منداڵییەوە هاتوونەتەدی .

٥ـ هەستکردنی منداڵان بە شادی، هاندەر و پاڵنەرە بۆ بە پەرۆشبوون و خۆشەویستی ژیان : پێویستە دایکان و باوکانیش لەم رووەوە رۆڵێکی باش ببینن و، منداڵەکانیان بە پەڕۆش بکەن بەرەو ئەو شتانەی حەزیان لێیانە و لە بەرژەوەندییان دایە، هانیان بدەن بۆ ئەوەی شارەزایی زیاتریان لێیان هەبێت، وەکو : وێنەکێشان، وەرزش، خوێندنەوە، نووسین، گۆرانی وتن، هەڵپەڕکێ، شانۆ . . . هتد . . ئەم بەهرە و چۆست و چالاکییانە شادی پەرۆشی و گەرم و گوڕییەکی زیاتر بە منداڵان دەبەخشن بۆ گەشەکردنی بەهرە و تواناکانیان، دەبنە تاکە کاراکانی کۆمەڵێ کوردیمان، کراوە و خۆڕاگر و کۆڵنەدەر دەبن .
(هیلین کیلەر ) دەڵێ : " ئەی ئەوە شادی زانستی نییە . . کە پاڵ بە منداڵانەوە دەنێ بۆ فێربوون ؟ "

٦ـ لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو منداڵانەی کە زیاتر لە منداڵانی تر شادترن : ئەو منداڵانەن کە پەیوەندییەکی بەهێز و جێگیریان لەگەڵ هاوڕێکانیان و لەگەڵ کەسانی تردا هەیە . . توانای سازان و درێژەدانیان بە هاوڕێتی و بە خۆشەویستی و بە هاوکاری هەیە . . بێگومان پاڵپشتی و هاندانی خێزانەکانیان بە تایبەتیش ( دایکان و باوکانیان )، خاڵێکی پێویست و ئەرێنین بۆ هێنانەدی شادی و خۆشی بۆ منداڵەکانیان، بۆ بەهێزکدنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، مایەی شادین، بناغەی دروستبوونی کۆمەڵگایەکی بەهێز و شاد و تەبان . . دڵڕاوکێ و نا ئارامیش کەمتر دەکەنەوە . . منداڵان هەست بەوە دەکەن کە خۆشەویستن و، رێزیان لێدەگرن و، پێزانینیان بۆ کارە جوان و باشەکانیان هەیە .

٧ـ شادی یارمەتی منداڵان دەدات، کە لە داماوی و لە نائارامی رزگار بێت : گرنگترین کلیلی شادی ژیانیش، ئەوەیە کە منداڵەکانتان تێبگەیەنن . . مەرج نییە هەموو شتێک کە هیوای بۆ دەخوازین بێنەدی . . ناشبێ هەست بە نائومێدی و، بە دبەختی و، بە رەشبینی و غەم و بێزاریش بکەن . . ئەگەر هاتو هەندێ لە هیوا و لە خواستەکانیان نەهاتنەدی . . نابێت ئەمە بە کۆتایی ژیان و، بە گرتنی هەموو دەرگاکان بزانن . . بۆ نموونە ئەگەر نیازتان وابوو کە رۆژی هەینی، بۆ گەشتێک یا سەیرانێک بچن . . بەڵام بە هۆی باران بارین و، سەرمایەکی چاوەڕوان نەکراوەوە، نەتان توانی گەشتەکەتان بکەن . . دەتوانن بە منداڵەکانتان بڵێن . . دەی ئەمڕۆ پێکەوە پۆپ کۆرن ( گەنمە شامی ) دەبرژێنین و، لەگەڵ سەیرکردنی فیلمێکی منداڵان کە هەمانە و، سەیرمان نەکردووە دەیخۆین . . منداڵەکانتان لەمەوە تێدەگەن کە ( هەندێ جار با بە ئارەزووی کەشتییەوە هەڵناکات ). . دونیا تەنها رۆژێک و دوو رۆژ نییە . . ئەمڕۆ باران و ساردە . . سبەینێ، هەفتەکەی تر، خۆشی دەکات . . ئەم هەستە خۆڕاگری و گەشبینی لە دڵی منداڵەکانتان دەڕوێنێت و، خۆشیان نادەن بە دەستی بێ هیوای و نائومێدییەوە .
هەر ( هیلین کیلەر ) دەڵێ : " دەرگاکانی شادی زۆرن . . بەڵام هەندێ جار ئادەمیزاد لە بەردەم دەرگا داخراوەکەدا دەوەستن و. . لە دەرگا کراوەکانی تر ناڕوانن "

٨ـ راستکردنەوەی تێگەیشتن و هەڵەکانی منداڵەکانتان : بە هۆی تێکەڵاوبوون لەگەڵ منداڵانی جیاوازدا . . هەندێ بیرۆکەی و بۆچوونی و بڕوای و زانیاری هەڵە و نێگەتیف دەربارەی خۆیان، لە لای هەندێ لە منداڵان دروست دەبن . . وەکو : من جوان نیم، من ئازا نیم، من بێبەختم، من گەمژەم، من، من، . . . هتد . . پێویستە دایکان و باوکانی ئەم منداڵانە، ئەم بۆچوون و تێگەیشتنە نەرێنیانە لە مێشکیاندا بڕەوێننەوە . . وەک، پێیان بڵێن ئێوە زۆر جوانن، ئەگەر پێبکەنن جوانتریش دەبن، قسەکانتان هێندە قوت و خۆش و شیرینن دەمان هێننە پێکەنین . . ئێوە بە لە وێنەکێشاندا بەهرەیەکی باشتان هەیە . . ئێوە بە دەنگتان خۆشە . . ئێوە لە خوێندنەوەدا توانایەکی جیاوازتان هەیە . . ئێوە لە قوتابخانەدا زیرەکن . . لەم بابەتە رستانە . . بۆ لە بیربردنەوەی بیرۆکە هەڵەکانیان .

٩ـ لە منداڵەکانتان بگەڕێن با بە ئارەزووی خۆیان و. . بەبێ هیچ مەرجێکی سەپێنراو یاری بکەن : یاری پێویستییەکی سەرەکییە بۆ منداڵان . . لە دوای هەڵمژینی هەوای پاک و خواردنی بەسوود و خوادنەوەی ئاوی خاوین و نووستن . . ریزبەندی دێتە سەر گرنگی یاری بۆ منداڵان، یاری بەشێکە لە ژیانیان . . یاری شادی و خۆشی و سوودێکی زۆری جەستەیی و دەروونییان پێدەبەخشێت . . زۆر گرفت و گرێی دەروونیی منداڵان بە هۆی یارییەوە چارەسەر دەکرێن . . بڕوانن لە کاتی یاری دا، منداڵەکانتان چەند شادن .

١٠ـ دایکان و باوکان دەتوانن ژیانی خێزانیان بکەن بە ئاهەنگی هەمیشەیی : هاودەمی هەمیشەیی شادین و خۆشی بن . . دەتوانن شادی دروست بکەن . . شادی هەستێکە لە ناخی دەروونی مرۆڤدا دروست دەبێت . . نە کەس دەتوانێت بیبينێت و . . نە بیگرێت . . نە بۆ فرۆشتنە و. . نە بۆ كڕینە . . نە دیارییە و . . نە بەخشینە . . هەستێکی خودییە و بە کارە ئەرێنییەکانی دەرەوە تێردەرکرێت . . بە خۆشی و بە زەردەخەنە و پێکەنین و، بە گەشی و بە نەرم و نیانی و شیرینی گوزارشتی لێدەکرێت .

١١ـ بەری ئازادی لە منداڵەکانتان مەگرن : دایکان و باوکان رێ لە ئازادی منداڵەکانتان مەگرن . . هەلی پێویستیان بۆ سەرکەوتن و بۆ داهێنان و پێشکەوتن بۆ بڕەخسێنن . . لەسەر هەڵە بي مەبەستەکانیان و تاقیکردنەوە سەرنەکەوتووەکانیان لۆمەیان مەکەن و . . چونکە سەرجەم کاری منداڵێتی لەسەر تاقیکردنەوە و هەڵە بنیاتنراوە . . هانیان بدەن کە ژیان بریتییە لە سەرکەوتن و شکستی . . لە هەڵە و لە راستکردنەوەی . . بۆ ئەوەی هەست بەوە بکەن کە خۆشتان دەوێن و، لە هەموو بارودۆخێدا لە گەڵیان دان و پشتیان دەگرن . . بۆ ئەوەی لە تاقیکردنەوەکانیان بێزار و نائومێد نەبن و، درێژە بە خۆڕاگری و هیوای سەرکەوتنیان بدەن، لە دواییدا هەست بە شادییەکی گەورە دەکەن .

١٢ـ مندداڵان و خواردنی شیرینییەکان : لە لیکۆڵینەوەیەکی پزیشکی تازەدا، ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە خواردنی جۆرەکانی شیرینی وەک : ( گەزۆ، نوقڵ، باسووق، سجووق، چوکلێت، ئایس کرێم، . . . ) شادی و خۆشییەکی زیاتر بە منداڵان دەبەخشن . . هەموومان ئەوە دەزانین، کە زۆر خواردنی شیرینی کاریگەریی تەندروستی لەسەر منداڵان هەیە، لە بارەی تێکچوون و کلۆربوون و ڕەشبوونەوەی ددانەکانیان و، زیادبوونی کێشی لەشیان و، زیادبوونی چالاکییەکانیان . . بەڵام پزیشکە دەروونییەکان، بە تۆژینەوەی پراکتیکی . . ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە خواردنی شیرینییەکان بە رادەیەکی مامناوەندی کاریگەرییەکی باشیان لەسەر دەروونی منداڵان و، لە شادی کردنیان هەیە .
لە هەموو مارکێتەکان و دووکانەکانی تایبەت بە خواردەمەنی، لە ئەوروپا و لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، چەند رەفتێک، بۆ جۆرەکانی نوقڵ و نەستەلە و شیرینییەکانی منداڵان هەیە . . خێزانەکانیش وا منداڵانیان فێرکردوون و راهیناون، کە تەنها رۆژانی شەممە بۆیان هەیە نوقڵ و شیرینییەکان بخۆن . . منداڵانیش دەقیان بە ئەم مەرجەوە گرتووە و لە رۆژەکانی تردا، داوای شیرینی ناکەن، خۆشیان دەڵێن، شەممە بۆمان نییە داوای شیرینی بکەین . . بە مافی خۆشیان دەزانن کە لە شەمەکاندا شیرینییەکان بخۆن .
من لەگەڵ ئەم راستییەدام، کە شیرینی شادییەکی زیاتر بە منداڵان دەبەخشێت . . منداڵ بووم، ماڵمان لە دێی ( گۆگجە ـ شوان ـ کەرکوک ) بوو . . کە باوک دەچوو بۆ شاری کەرکوک، کە دەگەڕایەوە، یەکسەر بۆ نوقڵ و شەکرە سوورە دەچووین بە پیرییەوە . . باوکیشمان یەکسەر نوقڵەکانی بە یەکسانی بە سەرماندا دابەش دەکرد . . لەو ساتانەدا روومان زۆر گەش دەبووەوە و. . هەستمان بە شادی و خۆشییەکی زۆر دەکرد .

١٣ـ شادی لە منداڵیدا . . بە دوای خۆیدا دەوڵەمەندی لە تەمەنی گەوربووندا دێنێت : لێکۆڵینەوەیەکی تازە جەختی لەسەر ئەوە کردووە، کە تا مرۆڤ لە قۆناغی منداڵیدا زیاتر شاد بێت . . هەلی دەڵەمەندبوونی لە تەمەنی سی ساڵیدا زیاتر دەبێت . . منداڵانی شاد هەلێکی باشتریان هەیە، کە گەورە بوون، پارە کۆبکەنەوە .
ئامادەکەری سەرەکی لێکۆڵینەوەکەش ( ئاندرۆ ئوسفالد) لە زانکۆی ( فارڤیک) دەڵێ : " کارەکەمان ئاماژە بەوە دەکات، کە دەستەبەرکردنی شادی بۆ منداڵان، لە تەمەنی منداڵیدا . . ئەوە دەگەیەنێ کە لە دواییدا زیاتر دەوڵەمەند دەبن . . دەکرێ ئەم کارەش تەواوی ئابووری بگرێتەوە . . واتە بوونی ئەمریکایەی شاد، بە ئەمریکایەکی زیاتر دەوڵەمەند لێکدەدرێتەوە "

١٤ـ شێلان شادی بە منداڵان دەبەخشێ : گەلێ لێکۆڵینەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەدان کە بە نەرمی شێلانی منداڵان، ئاسەواری ئەرێنی نەهاتنە ژماردن دێنێتەدی . . چ بۆ منداڵان و چ بۆ دایکان . . بەر لە هەموو شتێک، شێلان پەیوەندیی نیۆان دایکان و منداڵان خۆشتر دەکات . . واش لە منداڵان دەکات کە هەست بە شادی و خۆشی و ئارامی بکەن .

١٥ـ ستایش و پێزانین شادی رێزگرتن منداڵان دەبەخشن : دایکان و باوکانی دڵسۆز، ئەوە بزانن کە رێزگرتن و پێزانین و ستایش لە هەموو شتێک زیاتر بڕوابەخۆبوون و شادی و خۆشی بە منداڵان دەبەخشن . . کاتێ کە منداڵان کارێکی باش ئەنجام دەدەن . . پێویستە دایکانیان یا باوکانیان پیرۆزبایی و دەستخۆشی و ستایشیان بکەن . . ئەم رێزلێنانە زارەکییانە شادی و خۆشی دەخاتە دڵێ منداڵانەوە و دەبێتە هاندەرێکی زیاتر، بۆ ئەوەی منداڵان کاری جوانتر و داهێنانی باشتر و بەرهەمی پوختر پێشکەش بکەن . . بۆیە پێویستە هەمیشە کاری منداڵەکانتان هەڵبنێن ئەگەر بچووک و ساکاریش بن . . بەڵام زیادەڕۆیی لە ستایش و هەڵنان و پێاهەڵدانیان مەکەن .
(شکسپیر) دەڵێ : " هیچ شتێک هێندەی ستایش و پیاهەڵدان، کار ناکاتە سەر منداڵ "

١٦ـ منداڵەکانتان مەڕووخێنن : دایکان و باوکانی خۆشەویست، ئەگەر منداڵەکانتان هەڵەیان کرد . . ئەوە بزانن کە لۆمە و توانج و قسەی ناشیرین و نەشیاو و توندوتیژی و هاوار و قیژان بە سەریاندا، بەم قسە ناشیرینانەتان، تواناکانیان دەڕۆخێنن و، دڵشکاو هەست بریندار و سەرکوێر و ترسنۆکیان دەکەن . . لە داهاتووشدا دەبنە کەسێتی هیچ لەبار و رووخا . . بە درێژی ژیانیان، چەژی شادی و خۆشی و سۆز و خۆشەویستی نازانن چییە . . لەوانەشە ببنە کەسانێکی توندڕە و شەڕانی و دڵڕەق . . تۆڵەی ئەو سزا و توندوتیژییانەی کە ئێوە لە منداڵیدا لێیانتان کردوون، ئەوان تۆڵە لە کاسنێکی بێتاوان بسێننەوە . . وەکو لە خاڵی یانزەمدا باسمان کرد، کە لە قۆناغەکانی منداڵێیدا، ژیانی منداڵان لەسەر تاقیکردنەوە و هەڵەی بێ مەبەست پێکهاتووە . . منداڵان دەیانەویت بزانن و نهێنییەکانی گەردوونی دەور و بەریان بدۆزنەوە و بپشکنن . . جا ئەگەر لە منداڵیدا لۆمە و سەرکوێر بکرێن، بە درێژایی ژیانیان هەموو شتەکانیان لێ دەبن بە بڤە و هەست بە شکستی و بێزاری و بێدەسەڵاتی دەکەن و رقیان لەم گەردوونە دەبێتەوە . دایکان و باوکانی وریا و دانا، هەرگیز هەڵەکانی منداڵەکانیان بە هەڵە و بە هەڕەشە و توندوتیژی و لۆمە ڕاست ناکەنەوە . . بەڵکو بە سۆز و بە خۆشەویستی و بە هێمنی و زانستی و، بە هێنانەوەی نموونەی باش و دروست هەڵەکانی جگەرگۆشەکانیان راست دەکەنەوە و، شادی و هیوای بەردەوامی دەخەنە دڵە قنجەکانییانەوە . . هانیان دەدەن بۆ ئەوەی خۆڕاگربن و کۆڵنەدەن و زیاتر سووربن لەسەر هەوڵ و تاقیکردنەوە و فێربوون و وەرگرتن و بەخشین . . نەسرەوتن تا سەرکەوتن بکەن بە دروشمی ژیانیان .
ئێمە لە نووسینێکی ترماندا، بۆ نموونە باسمان لە سەرگوڕشتە و لە تاقیکردنەوەکانی کەڵە داهێنەری جیهانی ( تۆمـاس ئەدیسۆن ) کرد، کە چۆن بە هەڵە مامۆستاکانی بە منداڵێکی گەمژە و مێشک بۆگەن و هیچ لەبار ناویان برد . بەڵام دایکی دڵسۆز و وریای هیوای پێبەخشی و پشتی گرت و هانی دا، بۆ ئەوەی کۆڵنەدات و درێژە بە هەوڵ و بە تاقیکردنەوەکانی بدات . . دوای (٩٩٩) تاقیکردنەوەی سەرنەکەوتوو و شکستهێنان بۆ درووستکردنی گڵۆپی کارەبایی . . ئەدیسۆن کۆڵی نەدا و بیزاریيش نەبوو . . تا لەسەر هەزارەمین تاقیکردنەوەیدا توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنی و بە هیوای بگات و گڵۆپی کارەبایی دروست کرد . . تا هەتایە تێکڕای ئادەمیزاد لە هەموو جیهاندا، قەرزاری ئەو کەڵە داهێنەرە مەزنەن . . ( ئەدیسۆن ) یش هەردەم خۆی بە قەرزارباری دایکی دڵسۆز و دانا و میهرەبانی دەزانی .

١٧ـ پێشکەش کردنی دیاری بە منداڵان شادییەکی زۆریان پێدەبەخشێ : گەر دیارییەکان ساکاریش بن . . بە ڵام نابێت بۆ ئەنجامدانی هەموو کارێک، دیارییەکی باش بە منداڵان بدەن . . بەلکۆ بەپێی ئاستی ئەو کارەی ئەنجامی دەدەن . . لە خاڵی پانزەمیندا باسمان لەوە کرد . . دەشکرێ بە وشە و بە رستەی هاندان پیرۆزبایی و دەستخۆشیان لێبکەن .

١٨ـ مامۆستایان دەتوانن شادی و هیوایەکی زۆر بخەنە دڵی منداڵانەوە : دڵنیاشم کە مامۆستایان ئەم راستییە دەزانن و درێغیان نەکردووە و ناکەن . . کە قوتابییەک لە پۆلدا وەڵامێکی راست و جوانی پرسیارەکان دەداتەوە . . مامۆستاکەی ئافەرین و دەستخۆشی لێدەکات و پێی دەڵێت هەر بژی . . یا کە ئەرکەکانی ماڵەوەی بە جوانی جێبەجێ کردوون . . مامۆستا لەسەری دەنووسێ ( باشە . . زۆر باشە . . نایابە ) یا( جوانە . . زۆر جوانە) . . یا کە نمرەیەکی باشی بۆ دادەنێ . . ئەو قوتابییە لەو ساتەدا و، دواتریش زۆر شاد و دڵخۆش دەبێت و، دەبێتە هاندەرێک بۆ ئەوەی جوانتر و باشتر و زیاتر ئەنجام بدات.

١٩ـ بەشدارپێکردنی منداڵان لە ئیش وکارەکانی ماڵەوەدا : پێویستە دایکان و باوکان، بە پێی تەمەنی منداڵەکانیان، ئەگەر کارێکی ساکاریش بێت، زۆر بەسوودە لە ماڵەوەدا لە ئیش و کارەکانیادا منداڵەکانیشیان بەشداری پێبکەن، بۆ نموونە : دانانی قاپەکان لەسەر خوانی نان خواردن . . گسکدانی ژوورەکان بە گسکی کارەبایی . . قەدکردنی جلەکان، سڕینەوەی کەرەستەکان، یا هەر بەردەستی و یارمەتیدانێکی دایکان و باوکان لە ماڵەوەدا. . منداڵەکانتان لە میانەی بەشداریکردنیان لەم کارانەدا، گەلێ شارەزایی لە بارەی ژیانەوە فێردەبن و. . بەهرەی هاوبەستەبوونی خێزانی و کۆمەڵایەتیشیان گەشە دەکات و، بە بەشداری کردنیش، هەست بە شادی و بە خۆشییەکی زۆریش دەکەن .

٢٠ـ زۆر پێویستە لە پشووی کۆتایی هەفتە، یا لە پشووەکانی قوتابخانەدا : منداڵەکانتان بەرن بۆ گەشت و گەڕان، بۆ نموونە بۆ پارکێکی نزیک، بۆ شاری یاری، بۆ سەیرانێک، بۆ سەردان و میوانداریی خزمێک لە دێیەکدا، چون بۆ هاوینەهەوارێکی کوردستان، . . . هتد . . بێگومان ئەم گەشتانەتان، شادی و خۆشی و سوود و زانیاری و شارەزایی بە منداڵەکانتان دەبخشن و، پەیوەندی خێزانی و کۆمەڵایەتیشتان خۆشتر و بەهێزدەکەن .
(جاکسۆن بـراون ) دەڵێ : " کاتی گەڕان و یاری لەگەڵ منداڵەکانت دا دوامەخە، ئەو کاتانە چۆن بۆ تۆ گرنگن، ئاوها بۆ ئەوانیش گرنگن "

رەزا شوان
نەرویج : ( ٩ی/ ئاپریل/ ٢٠١٦)