لەم پێودانـگەوە کە، ( کوردیلەکــانی ئەمڕۆمـان . . نـەوەی داهاتــووی کوردســتانن )
هەر ئەم کوردیلە چـاوگەشانەی ئەمڕۆمـانن، لە سبەینـێدا دەبن بە دەسەڵاتــدار و، بە
کاربەدەست، دەبن بە وەزیـر و بە پارێزگـار و بەڕێوەبـەر، دەبن بە سەرکــردە و، بە
بەڕابەر، بە شاسوارانی مەیدانی کوردایەتی و مەردایەتی، بە کوردسـتان پـەروەرانی
دڵسۆز، دەبن بە سیاسەتمەدار، بە پەڕلەمانتار، بە مامۆستا، بە پارێـزەر، بە نووسەر، بە هونەرمەند، بە دکتۆر، بە دایکان، بە باوکان، بە فەرمانبەر و فەرمانڕەوا . . . هـتد. هەموو کاروبارەکانی کوردسـتان دەگرنە دەست و، بەڕێوەیان دەبەن . . هـەر کـوردیلە
خۆشەویستەکانی ئەمڕۆمانن، دەبنە تـۆوی هیـوا و ژیان و گەشەکردن و درێـژەدان بە
ژیـان و مـان . . هەر ئەم کوریلـە خوێنگەرمانەی ئەمڕۆمانن، دەبنە نوێنـەر و باڵیـۆزی
کوردستان و، پەیـامی ئازادیخوازی و ئاشتیخوازی کورد، بە گەلانی جیهان دەگەیەنن .

کەواتە داهاتـوویەکی گەشـتر و شیاوتـر بۆ کوردسـتان، ژیانێکی خۆشـتر و لەبـارتر بۆ گەلی کوردمان، لە ئەمڕۆی کوردیلەکانماندا بەدی دەکەین . . لە سایەی پەروەردەیـەکی
راست و دروست و راهێنانێکی بەرنامەداڕێژرا و، ئاراستەکردنێکی ئامانجداردا دێنەدی
تا جوانـتر پەروەردەی کوردیلەکـانی ئەمڕۆمـان بکەین . . تا زیاتـر بایەخیـان پێبـدەین و بەتەنگیانەوەبێین . . تا زیاتـر پێویسـتی و پێداویستییەکـانی گەشـەکردن و پێشـکەوتن و
داهێنانیـان بۆ دابین بکەین . . تا زیاتـر و زیاتـریش مەودای ئـازادی و دیموکـراتییان بۆ
بڕەخسێنین . . زیاتر گەشبین و دڵنیا دەبین، لەو داهاتووەی کە خوازیاری هێنانەدیین . . بە کورتی داهاتـووی کـورد و کوردسـتان . . بەنـدە بە ئەمـڕۆی کوردیلەکـانمانەوە .

لە ئەمڕۆدا لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، پەرلەمانی تایبەت بە منداڵان هەیە . . منـداڵان بە ئەوپەڕی ئازادییەوە گوزارشت لە را و لە بۆچوونەکانی خۆیان دەکەن و، بەشداری
لەو بڕیاڕانە دەکەن کە پەیوەندییان بە مافەکان و چارەنووس و داهاتوویانەوە هەیە .
منداڵان لە رێی نوێنەرە هەڵبژێراوەکانیان لە پەرلەمانی منداڵاندا، داوای جێبەجێکردنی سەرجەم مافـە دانپێنراوەکانیان دەکەن .
لە ماددەی (١٢)ی جاڕنامەی مافەکانی منداڵان، کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە
راگەیانـدراوە، جەخـتی لەسەر ئەوە کـردووە کە : مـنداڵان مـافی ئەوەیـان هەیـە کە بە
ئـازادی گوزارشت لە رای خۆیان بکەن . . لە هەموو ئەو بابەتانەی، کە پەیوەندیان بە
منـداڵانەوە هەیە .

پەرلەمانی منداڵان، دامەزراوەیەکی مەدەنییە، نا حکوومی و نا حیزبییە . . بە پێی یاسا و دەستوور و بنەماکـانی ئـازادی و دیموکـراتی بنیاتنراوە . . مەرجـەعییەتی پەڕلەمانی
منداڵان، پشت بە رێکەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانه منداڵان دەبەستێ .

پەرلەمانی منداڵان، بریتییە لە لە چوارچێوەیەکی پەروەردەیی . . بە پێی کۆمەڵێ مەرج و خەسڵەت و بنەما وەک زیرەکی و بلیمەتی و ناسراوی، هەل بۆ کۆمەڵێک لە منداڵان دەڕەخسێنێت، کە لە هەمـوو شوێنێـکی وڵاتەکەیـانەوە بە یەکبگەن و، پێـکەوە راوێــژ بکەن و را و بیرۆکە و بۆچوونەکانیان تاوتوێ و گەڵاڵە بکەن و، پێکەوە پلان دانانێن و، بەرنامە دابڕێـژن بۆ ئەمـڕۆ و بۆ داهاتـووی خۆیان .
پەرلەمانی منـداڵان، قوتابخـانەیەکە، بۆ پەروەردەکـردنێکی دروست و، بۆ پێـگەیانـدنی
هاوڵاتی دڵسۆز و ئازادیخـواز و دیموکراتیخـواز و نیشتمان پەروەر و مرۆڤایەتیخواز .

بێگومان منداڵانی کوردمان، لە رووی زیـرەکی و بلیمەتی و دانایی و توانـا و بەهـرەی
داهێنانەوە، لە منداڵانی گەلانی تر کەمتر نین . . گەر هەلـی گەشەکردن و پێشکەوتنیان
بۆ بڕەخسێت . . پێویستی و پیداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێن . . وەکو منداڵانی گـەلان ئـازادییان هەبێ و، بە زمانی کوردیمان بخوێنن و بخوێننەوە و بنووسن . . مافەکانیـان
جێبەجێ بـکرێن . . بە دڵنیاییەوە دەتـوانن رۆڵی خۆیـان ببـینن و، خۆیـان بسەلمێنن . .
بەڵام لە سایەی داگیرکەرە دڕندە و رەگەزپەرستەکانی کوردستاندا . . لە سایەی بە زۆر
و زۆرداری سەپاندنی زمان و کولتوورێکی نامۆ بەسەر منداڵانی کوردمان . . بە هۆی
نەبوونی ماف و ئازادی و دیموکراتی و دادپەروەری و یەکسانی . . لە بەشێکی زۆری کوردستانی شیرینمان منداڵانی کوردمان، نەک هەر هێـچ مافـێک و ئـازادییان نییە . .
بەڵکو لە لایەن داگیرکەرانەوە، بە شێوەیەکی زۆر دڕنـدانە و نامـەردانە . . منـداڵانی کوردمـان سەرکوتـکراون . . بە ئاشکراش پێشـێلی هەموو مافەکـانیان کـردوون .

لە باشـووری کوردستانیشدا تا ئەمڕۆ ئاوڕێـکی جیدی لە منـداڵان نەدراوەتـەوە . . بە
رادەی پێویست، گرنگی و هەستیاری ئەمڕۆ و داهاتووی کوردیلەکانمانیان لە بەرچاو نەگرتوون . گۆڕانکارییەکی پێویست لە سیستەم و پرۆگرامەکانی قۆناخەکانی خوێندن نەکراون . . ئەگەر بە هیوای داهاتوویـەکی گەشتر و باشتربین . . پێویستە لە ئەمـڕۆی
کوردیلەکانمانەوە دەست پێبکەین . . پلانێـکی تۆکمەی پـەروەردەیی نـوێ دابڕێـژین .
پێویستە مەودایەکی زیاتری ئـازادی و دیموکراتی بۆ کوردیلەکـانمان بڕەخسێنین و . .
مافەکانیان جێبەجێ بکەین و. . بوارێـکی باشتریـان بۆ گەشـەکردن بۆ بگونجـێنین .

پێشـنیاری پـرۆژەی دامەزرانـدنی ( پەرلەمـانی منـداڵان کوردسـتان ) دەکـەم . . پێویسە
هەموو لایەکمان، هەموو خەمخۆرێکی ئەمڕۆ و داهاتووی کوردیلەکانمان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەی کاروباری منداڵ و خێزان ـ سەر بە پەرلەمـانی کوردسـتان، ( منداڵپارێـزی کوردستان )، ( فـیدراسیۆنی رێخراوەکانی منـداڵانی کوردســتان )، هەموو رێکخراوەکانی داکۆکیکەر لە مافەکانی منداڵانی کوردستان، ( بەڕیوەبـەرێتی رۆشـبیری منـداڵان ـ وەزارەتـی رۆشـنبیری کوردسـتان )، ( وەزارەتـی پـەروەردەی کوردســتان )، هـەر لایەنێکی پەیوەندیداری تر بە مافەکـانی منـداڵانی کوردسـتان .
با هەموومان پێکەوە هاوکـاربین، لە دامەزرانـدنی ( پەرلەمـانی مـنداڵانی کوردسـتان )
بۆ راهێنانی جگەرگۆشەکانمان، هەر لە منداڵییەوە بە ئازادی و، دیموکراتی و، فرەیی . . بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی کوردیی مەدەنی . . ئەم پەرلەمـانە بکەین بە بـەردی بنـاغەی ئازادی و دیموکراتی و دادپەروەری و پێشکەوتن . . بە چەپکەگوڵێکی رەنگاوڕەنگ . .
بۆ ئەوەی دەنگ و رەنگی منداڵانی کوردسـتان، بگات بە پەرلەمانی منداڵانی جیهان . .

با تۆوی ئازادی و دیموکراتی لەخاکی کوردیلەکانماندا بڕوێنین . . بڕوامان بە ئەم پەندە
هەبێت، کە دەڵـێ : " فێربــوون لە بچــووکیدا . . وەک نەخـشی سەر بــەرد وایــە "
هیوادارین، ئەم هیوایەمان بێتەدی و، بە زوترین کات ( پەرلەمانی منداڵانی کوردستان ) دابمـەزرێت . . دوایی دێینە سەر باسی مەرجـە پێویستییەکـانی ئەنـدامێتی لە پەرلەمانی منداڵانی کوردستان .

گرنگترین ئامانجەکانی پەرلەمانی منداڵان :
زۆرن ئەو ئامانجانەی کە لە سایەی پەرلەمانی منداڵاندا دێنەدی، گرنگترینیان ئەمانەن:

١ـ پەرلەمانی منـداڵان، سەکـۆیـەکە بۆ ئەوەی کە منـداڵان، بە ئـازادی و بە راشـکاوی
گوزارشت لە را و لە بۆچوونەکـانی خۆیان بکەن، لەمەڕ ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیان
بە مافەکان و بە داهاتـوو و بە چـارەنووسی خۆیانـەوە هەیـە .

٢ـ پەرلەمانی منـداڵان قوتابخـانەیەکی پــەروەردەییە بۆ پـەروەردەکـردن و بۆ راهێنانی منداڵان بە نیشتمانپەروەری و دیموکراتی و ئازادی و لێبووردەیی .

٣ـ بەیەکگەیشتنێکە بۆ گۆڕینەوەی را و بیـر و شـارەزایی لە نێـوان منداڵانـدا .

٤ـ پەرلەمانی منداڵان بوارێکی باشە بۆ بنیاتنانی رۆشنبیریی گڤتـوگۆ لە نێوان منداڵان
خۆیان لە لایەکـەوە و، لە نێوان منـداڵان و بەرپرسـان لە لایـەکی تـرەوە .

٥ـ هۆیەکە بۆ رەگ و ریشەکـردنی هەستی مـەدەنی و شارستانی لە لای منـداڵان .

٦ـ بە کاراکردنی رۆشنبیریی مافەکانی منداڵان و بە دواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ماددە و، بڕگەکـانی رێکەوتننامـەی نەتـەوە یەکگرتووەکـان بۆ مافەکـانی منـداڵان .

٧ـ بەهێزبوونی بڕوابەخۆبوونی منداڵان . . هەر لە منداڵیشەوە لەسەر بەرپرسێتی رادین
و، توانای بەڕێوەبـردنی کارەکانیان دەبێت و . . بەشداریش لە ژیـانی گشـتیدا دەکەن .

٨ـ راهێنانی منـداڵان، لەسەر پێشـەنگی و بەهـرەی سەرکـردەیی .

٩ـ کرانـەوە و رێزگـرتن لە را جیاوازەکـانی کەسـانی تر و، یەکـتری قبووڵـکردن .

١٠ـ بەرزکردنەوەی پێشنیار و پرۆژە و راسپاردە دەربارەی جێبەجێکردنی مافەکانیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مافەکانی منداڵان، لە میانەی نووسینی راپۆرتی ساڵانەیان.

١١ـ ئەزموونێکی پـراکتیکییە . . لە بواری پێگەیاندنی کۆمەڵایـەتی و پەیوەستبوون بە مافەکـان و بە ئەرکەکـان . . بۆ هانـدانی رۆشـنبیری لێبـووردن، بۆ لەباربردنی هـەموو
شێوازێکی تونـدوتیـژی و پەراوێـزکردن و داخسـتن .

١٢ـ پێگەیاندنی منـداڵان لەسەر بنەمـا و بەهـا بـەرز و باش و پیـرۆزەکان .

١٣ـ زیاتربوونی توانای زانستی و زانیاری منداڵان لە هەموو بوارەکاندا، گەشەکردنی بەهرە و تواناکانیان، دەتوانن خۆیان دەربخەن و، ناسنامە شارەزاییان دیاری بکەن .

١٤ـ بنیاتنانی نەوەی زرینـگ و بلیمەت و هۆشیـار و دڵسـۆز و نیشتمـان پەروەر .

١٥ـ گەشەکردنی هەستی منداڵان لە داواکردنی مافەکانیان و راپەڕاندنی ئەرکەکانیان .

چەند پێشنیارێک بۆ دامەزراندنی پەرلەمانی منداڵانی کوردستان :

١ـ ئەندامانی پەرلەمانی منداڵانی کوردستان لە(١٠٠) منداڵی کوردستانی پێک بهێنرێت بۆ هەر نیو ملیۆن کورد پەرلەمانتارێک هەبێت، ژمارەی کورد (٥٠) ملیۆنە . . پێویستە لە (٥٠) ئەنـدامی کـچ و (٥٠) ئەنـدامی کـوڕ پێکبهێنرێت. جوانتریش وایە، پەرلەمانەکە دوو هاوسەرۆکی هەبێت، سەرۆکێ ( کـچ ) و سەرۆکێ ( کـوڕ ) هەبێت . . وەکو گوزارشتێک لە یەکسـانی و لە هاومـافی لە نێوان هەردوو رەگـەزەکەدا .

٢ـ تەمەنی ئەنـدام پەرلەمـانی منـداڵانی کوردسـتان لە (١٠ ـ ١٧) ساڵان بن .

٣ـ پێویستە هەڵبژاردن، لە قوتابخانە بنەڕەتییەکانی کوردستان دەست پێبکات، ئینجا لە شارەکاندا، بە ئازادی و بە شێوەیەکی دیموکراتی منداڵانی کوردستان، نوێنەرەکانیان بۆ ( پەرلەمـانی منـداڵانی کوردسـتان ) هەڵببژێرن .

٤ـ پێویستە پەرلەمانی منداڵانی کوردستان نوێنەری هەموو لایەکی کوردستانی ( باکـوور، رۆژهـەڵات، باشـوور، رۆژئـاوا، نوێنەری منداڵانمان لە هەندەران، نوێنەری منداڵانی ئەو نەتەوانەی کە کورد نین و کوردستانین ) لەخۆبگرێت .

٥ـ کۆنگرەی دامەزراندنی ( پەرلەمـانی منـداڵانی کوردسـتان ) وا جوانـترە کە لە دیوانی پەرلەمانی باشووری کوردستان سازبکرێت . . چونکە لە داهـاتوودا
بەشێک لەو منداڵانە، دەبنە ئەندام پەرلەمانی کوردستان .

٦ـ پێویستە نوێنـەری ( رێکخـراوی یونیسـیف ـ بۆ منـداڵان ) و، نوێنـەری پەرلەمانی منداڵانی چەند وڵاتێکی ئەوروپا و ئاسیا و ئەمەریکا و ئەفریقیا و ئوسترالیا بانگهێشتی دامەزراندنی ( پەرلەمانی منداڵانی کوردستان ) بکرێن .

٧ـ پێویستە ( لیژنەیـەکی ئامادەکـاری ) بۆ دامەزرانـدنی ( پەرلەمـانی منداڵانی کوردستان) لە ( ١١) کـچ و کـوڕ، شەش ئەنـدامی لیـژنەکە لە منـداڵان بن . . بۆ دیاریکردنی رۆژ و شوێنی دامەزرانـدنی پەرلەمانی منـداڵانی کوردسـتان . .
لە گەڵ دابین کـردنی هەمـوو پێویستییەکی ماددی و هونـەری، بۆ سەرکەوتنی کۆنـگرەی راگەیـاندنی دامەزرانـدنی ( پەرلەمـانی منـداڵانی کوردسـتان ) .

٨ـ پێویستە ئەم پێشنیارە، بخرێتە بەرنامەی دانشتنێکی پەرلەمانی باشـووری کوردسـتان . . بۆ پشتگـیری و، هاوکـاری کـردن لە دامـەزراندنی ( پەرلەمانی منداڵانی کوردستان ) ی پێشـنیار کراو .

٩ـ داواش لە ( حکوومەتی هەرێمی کوردستان ) دەکەین . . ئەرک و رۆڵێکی سەرکییان لە دامەزرانـدنی ( پەرلەمـانی منـداڵانی کوردسـتان ) دا هەبێت .

١٠ـ مەرجە ئەو کوردیـلانەی کە بۆ ئەندام ( پەرلەمانی منداڵانی کوردستان ) هەڵدەبژێـرێن، پێویستە ئازا و زرنگ و هۆشیاربن و، لە قوتابییە زیرەکەکانی
قوتابخانەکان بن، ناسراو و رێزدار و خۆشـەویست بـن لە لای هاوڕێکانیان .

رەزا شوان
نەرویـج : (٢٧ی/ ئادار/ ٢٠١٦)

کۆمیتەی هۆڵندای پێشمەرگە دێرینەکان لە ٨٢ ساڵەی دامەزراندنی حزبی شیوعیدا

کۆمیتەی هۆڵندای پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان بەشداریان کرد لە یادی ٨٢ ساڵەی دامەزراندنی حزبی شیوعیدا .

ئەوەی شایەنی باس بێت ئەم حزبە بیرۆکەی نوێ هێنایە ئاراوە چینایەتی ناو کۆمەڵ و داکۆکی کردن لە کرێکار لە دەسپێکی کارەکانیدا بون .

لە ( ٣١/٠٣/ ١٩٣٤ ) دامەزراوە . بە نوسراوێك و ئامادە بونی هەڤالان بەرپرسی کۆمیتەی پێشمەرگە دێرینەکان(ئەکرەم محمدئەمین ) و لێپرسراوی لیژنەی پێشمەرگە دێرینەکانی دنهاخ ( هیوا خانەقینی) .

وێرای پیرۆزبایی و دەست خۆشی لە میوانداریەکە هیوامان خواست هەموو ساڵێک یادەکان بە خۆشی ئازادی و دیموکراسی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی عێراق و کوردستان بکرێتەوە .

ئەوەی شایەنی باسە یادەکە بە ئامادە بونی ژمارەیەکی زۆر لە میوانی لایەنە سیاسیەکان و ڕێکخراوەکان و ئەندامانی حزبی شیوعی بە خۆشی و ڕێزەوە بەرزنرخا .

دووبارە شادو پیرۆز بێت

لەگەڵ ڕیز

لێپرسراوی کۆمیتەی هۆڵندای

پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان

ئەکرەم محمدئەمین ئەحمەد