لاڤۆنتین دەڵێ : " درۆزن و تەڵەکەباز و ریاباز . . لەسەر ئەرکی کەسانێک دەژین کە گوێیان لێدەگرن "
لە زمان و لە پەندی پێشینانی کوردیدا، گەلێ وشەی هاومانا و هاومەبەست و، گەلێ پەندی پێشینانی کوردیمان هەن، دەربارەی کەسانی ریاباز و مەراییکەر و خۆهەڵواس و ماستاوکەر و دەڵەچە و لەگاو و چاپلووس . . وەکو دەڵێن، فڵان کەسێکی : دەڵەچەیە، ریابازە، کلک لەقێنە، ماستاوکەرە، شان تەکێنە، خۆهەڵواسە، کاسەلێسە، چەورکەرە، دەروون نزمە، دەست ماچکەرە، لارەملە، زمان لووسە، کڕنۆش بەرە . . . هتد. لە پەندە کوردییەکانیشمان بۆ هەمان مەبەست، بۆ نموونە دەوترێ : " تەشی لەبەر دەڕێسێت "، " پیازی بۆ پاک دەکـات "، " مامە حەمەیەی لەبەر دەکات "، " شانی بۆ دەتەکێنێت "، " بۆیـە پێی دەڵێ مامـە، چۆلەکـەی بۆ بگرێت "، " سابـوون مـەدە لە ژێـر پێـم "، " سڵاوی کـوردە، بێ مەڵامـەت نییە "، " هەسـتان لەبـن پێی دەدات "، . . . هتد .

هەموو ئەم وشە و پەندانە تانە و تەشەر و توانجن، لە کەسانێکی ریاباز و خۆهەڵواس و دەڵەچە و کلک لەقێن و نەفس سووک و، لە بەرژەوەندیخوازێکی تایبەتی، دەگیرێن .

ریاباز و خۆهەڵواس، بەو کەسانە دەوترێت، کە بە وشەی خۆشەویسی و نەرم و نیان و ناسک و شیرین و چەور، یا کورد وتەنی : ترش و خوێ و بەهـارات بە قسەکانیانەوە دەکەن . . بە شێوەیەکی هەڵەبەستراوی دوور لە راستییەوە، بە زیادەڕۆییەکی زۆرەوە، ستایشی کەسانی بەرپرس و دەسەڵاتدار و بەڕێوەبەر و کاربەدەستان دەکەن و، زۆریش بە شان و باڵیاندا هەڵدەدەن و هەڵیان دەنێن، زۆر فشیان دەکەنەوە . . کە شایەنی ئەو هەموو ستایش و هەڵنان و پیاهەڵدانانە نین . . لە راستیشدا، خۆشەویستی و نەرمەبڕی و ستایشەکانی ریابازان و خۆهەڵواسان، درۆی نەقشێنراون و، لە ناخی دڵیانەوە نایەن، خۆشیان باوەڕیان پێیان نییە بۆیە وشەکانیان رووکەشین و، بازرگانین و، زۆر بێ تام و چێژن و، دوورن لە راستییەوە . . تەنها بۆ باوەڕپێکردن رازیکردنی پیاهەڵدراوەکانیانن . . بۆ بەدەست هێنانی مەبەست و مەرامی تایبەتیی خۆیانە، بۆ نزیکبوونەوەیە لێیان . . بۆ وەرگرتنی پلە و پایە و پۆستە، بۆ دەستکەوتی تایبەتیی خۆیانە کە مامە حەمەیی و مێچە مێچە دەکەن . . بە پشتی ئەوانیشەوە دەخوڕن و دەنازن .

ریابازان و خۆهەڵواسان، بۆ گەیشتن بە خواست و بە مەرامەکانیان . . هەموو رێگایەک دەگرنەبەر، نە شەرمیان بە خۆیانە و، نە گوێش بە سوکایەتی و بە توانـج و بە پلار و ناتوورە و شەقڵشکاندن و ئابڕووچوون دەدەن . . تەڕ نابن و تەریق نابنەوە . . چونکە ریایی و مەرایی و دەڵەچەیی، بۆنەتە پیشەیان و، کارێکی ئاسایی بە لایانەوە و، بوونە بە هۆکارێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکـانیان و، نزیک بـوونەوە لە پیاهەڵـدراوەکـانیان . . تا ئەو رادەیەی، دروشمیان : " گەر پێویستیت لای سـەگ بێت . . پێی بڵێ گـەورەم "

هەر بۆ ئەم مەبەستەش، ریابازان دەیانەوێت کەسانی دڵسۆز و راستگۆ و دەستپاک و دادپەروەر و سەرڕاست و کوردستان پەروەری راست و دڵسۆز، لە رێی خۆیان لابدەن، پیلانیان بۆ دادەڕێژن و تەڵەیان بۆ دەنێنەوە و، و، توومەت و بوختانیان بۆ هەڵدەبەستن و سیخوڕییان لەسەر دەکەن و، لە لای بەرپرس و ئاغاکانیان درۆیان بۆ هەڵدەبەستن .

لەوانەشە ریایی و مەرایی کردن، لە ئەنجامی کاردانەوەیەکی سایکۆلۆژییەوە بێت . . لە بوونی ترسێکی زۆر لە ناخی مرۆڤدا . . وەک لە دەسەڵات بترسن و نەتوانن لە هەقیان بێن . . گەر بەرەبەرەکانیشیان بکەن یا لەسەر مافی خۆیان داکاڵێن . . ئەوا سەرچاوەی بژێویی ژیانیان لە دەست دەدەن . . واتە لێرەدا ترسێکی ئابوورییە . . ئەم ترسەش لە کوردستاندا رەگێکی مێژوویی هەیە . . لەو رۆژەوەی کە دەربەگ و ئاغاکان پەیدابوون و، دەستیان بەسەر زەوی و زاری کشتوکاڵیدا گرت . . جووتیارەکانیش بە سەپانی بە کولەمەرگی دەژیان . . ئاغاکانیان زۆردار و ستەمکار بوون . . کردەی جوتیاران بوو . . بردەی ئاغاکان بوو . . نەیان دەوێرا، لە ئاغاکانیان هەڵبگەڕێنەوە، یا لە فەرمانەکانیان دەربچـن . . ئەگینا چارەنووسی خۆیان و خێزانەکانیان، کۆشتن یا دەرکردن بوون .

لە ئەمڕۆشدا، بە هەمان شێوەی جاران، ئاغا دەسەڵاتدارەکان حوکمڕانی و، بەرپرسە سیاسیەکان . . کە پۆست و دەسەڵاتیان لە بنەماڵەدا قورخکردوون و، دەستیان بەسەر سامانی کوردستاندا گرتوون . . خۆیان گیرفان پڕ و تێرن . . بێباکن لە برسێتی و نەبوونی خەڵکی بێ دەرامەت و بێ پارە . . دەست و پێوەند و خوبزە و لارەمل و دەڵەچە و ریاباز و پێڵاودانەر و زمان لووسێکی زۆریشیان بە پارە کڕیون، بۆ ئەوەی بانگەشەیان بۆ بکەن و، بە شان و باڵیان هەڵدەن و ستایشیان بکەن و، کڕنۆشییان بۆ بەرن، ئەم نۆکەرانە بە جۆرە نواندنێکەوە دەست بە سنگیاندا دەدەن و بە نەڕوا و درۆ پێیان دەڵێن ( گەورەم، ئەشەدوبیلا هەموو فەەرمایشەکانتان راستن ) . ئەوانەشی کە پێان بڵێن ئێوە هەڵەن و پێتان خوار داناون . . یا کل بە بەری چاوتانەوەیە . . کەس نازانێت کە بە چ دەردێکیان دەبەن . . چارەنووسیان نادیار دەبێت .

لە ئەمڕۆدا ریایی و مەرایی و دەڵەچەیی و ماستاوکردن، بوونەتە نەخۆشییەکی رەوشتی و کۆمەڵایەتی مەترسیدار و، تووشی زۆربەی گەلانی تازە گەشەکردوو هاتووە، چونکە هێشتا دیکتاتۆریەت و زۆرداری و خۆسەپاندن و قورخکردنی دەسەڵات بنبڕ نەکراون . . هێشتا ئازادی و دیموکراتی و دادپەروەری و یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ، تەنها قسە و دروشمی رووتی بازرگانین و، جێبەجێ نەکراون . . ئەم نەخۆشییە تابێت زیاتر تەشنە دەکات و، ئێسکی میللەت دەڕزێنێت و، بۆتە شێرپەنجەیەکی کۆمەڵایەتی و، تا بێت زیاتر مێشک بۆگەن دەکات . . تا ئەو رادەیەی کە ریایی و نۆکەری و کڕنۆش بردن، بوونەتە پرانسیپی کەسانێکی نەفس نزم و هەلپەرست و دووڕوو و دووزمان و ئاژەوەگێڕ . . لە فەرهەنگی ئەم کەسانەدا ئابڕوو و شوورەیی و سووکایەتی و شەرمەزاری بوونیان نییە . . کێ کەر بێت ئەوان دەبن بە کورتانی . . لۆژیکیان ( کڕنـۆش بـردن . . تا بتـوانـن ).
( ڤایرۆسی ریایی و مەرایی ) لە ( ڤایرۆسی ئایدز ) ترسناکترە . . ئەگەر کەش و هەوای گونجاوی بۆ بڕەخسێت زۆر بە زوویی تەشنە دەکات و بڵاودەبێتەوە . . بۆیە پێویستە لە بەرچاوبگیرێ و بە جدی کار بۆ ئەوە بکرێت، کە لە رەگەوە هەڵبکێشرێت و بە تەواوی بنبڕ بکرێت تا جارێکی تر هەڵنەداتەوە . . باشترین و ئاسانترین رێگاچارەش، ئەوەیە کە ریابازان و خۆهەڵواسان ئاشکرا بکرێن و، پەردەی شەرمەزاری لە روویاندا لاببرێت، سەری گڵوڵەی ریای و مەراییش بدۆزرێتەوە . . دەزگایەکی چاودێریش لە کەسانی دڵسۆز و پاک و راستگۆ و بێلایەن دابمەزرێت . . تا لەم بارەیەوە بە وردی چاودێـری ریابازان و خۆهەڵواسان بکات و، بەبێ چاوپۆشی بیانداتە دادگا و سزای یاسایی بدرێن.

زۆرن ئەو کاربەدەستە باڵایانەی کە ئەمڕۆ، لە حکوومەتدا دەسەڵاتدار و کاربەدەستن و، لە پۆست و پلە و پایەی باڵای حوکمڕانی و بەڕێوەبردن دان . . یا لە دەستەی باڵای حیزبە سییاسییە کوردستانییەکانی باشووری کوردستان دان . . بەشێکی زۆریـان، نە بەگراوندێکی خەبات و تێکۆشانیان هەیە، نە قوربانییەکی ئەوتۆشیان داوە، نە توانایان لە سیاسەت هەیە و، نە توانای بەڕێوەبردن و کارڕاپەڕاپەڕاندن و، داهێنانیان هەیە، نە رۆشنبیرن و، نە قسەزانن، نا خاوەنی بڕوانامەیەکی ئەکادیمی و زانستی و زانیاریشن . . نە پسپۆرن لەو کار و ئەرکانەیی کە پێیان سپاردوون، نە بە توانانن و نە بە شایستەیی خۆشیان ئەو پۆستانەیان بە دەست هێناون و، پایـە بە پایـەش بە پەیـژەی سیاسی و بەڕێوەبردن و دەسەڵات و بەرپرسێتیدا سەرنەکەوتن، بە ڵکو لە سایەی بنەماڵەیی و عەشیرەتگەری و خزم خزمێنە و نزیکی و باڵ باڵێنە و مەحسووبیەت و مەنسووبیەت و ماستاوکردندا و خۆهەڵواسیندا و، کوڕی فڵانە بەرپرسە، یا خزمی غەزووری سەپانی ماڵی شێخە . . چۆن وا لە پڕێک بوون بە کوڕێک . . ؟! ئەمانە بە سەر شانی کەسانێکی تردا سەرکەوتن و، بوونە بە خاوەنی پلە و پۆستی باڵا و، دەخوڕن و دەبڕن و دەدزن . . هەندێکیان هەر هیچیان لەباردا نییە و، لەولای هیچەوە لۆقە دەکەن . . ئەمانەن هۆکاری ئەم بارودۆخە نالەبارە سیاسییەی ئەمڕۆی باشووری کوردستان . . ئەمانەن هۆکـاری راستی قەیرانی دارایی و هەڵتەکانی ژێرخانی ئابووری کوردستان . . گەر شەرمیان بە خۆیان هەبوایە . . دەبوایە یەکسەر دەستیان لە کار و لە پۆستەکانیان هەڵبگرتایە و . . بۆ کەسانی دڵسۆز و بەڵەد و پسپۆر بەجێیان بهێشتنایە .
بێگومان گەورەترین گەندەڵیش ( بوونی کەسی نەشیاوە لە شوێن و پۆستی شیاودا )، نە نان بۆ نانەوایە و . . نە گۆشت بۆ قەسابە . . ؟؟
پێویستە حکوومەتی ئێستای باشووری کوردستان هەڵبوەشێتەوە و، حکوومەتێکی تازەی تەکنۆکرات بە ناوی (حکوومەتی رزگارکردنی کوردستان ) حکوومەتێکی کاتی بێت، تا هەڵبژاردنی گشتیی داهاتوو لە کوردستاندا دەکرێت . . حکوومەتێک وەزیرەکانی لەسەر بنەمای توانا و پسپۆری بیت . . دوور لە مەحسووبیەت و لە مەنسوبیەت لە خزمایەتی و لە بنەماڵەیی و لە عەشیرەتگەری و لە ناوچەگەری . . چونکە لە راستیدا حکوومەتی ئێستای کوردستان لاوازترین حکوومەتە و شکستی هێنا لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان و، لە سنووردان و بۆ گەندەڵی و، بۆ نا شەفافییەت لە پارەی داهاتەکانی سامانە سروشتییەکانی کوردستان . . بە تایبەتیش پارەی فرۆشتنی و نەوت. . ؟ پێویستە یەکسەریش پەڕلەمانی سڕبووی کوردستان بکەوێتەوە کار و شەرعیەتی و دەسەڵاتی بۆ بگەڕێننەوە . . ئەگینا باردۆخی کوردستان خراپتر دەبێت و . . حیزبە سیاسییەکانیش لەیەک دەترازێن و . . وقەیرانی داراییش خراپتر دەبێت . . ئەم ئەنجامە نەخوازراوەش، لە ئەستۆی حکوومەت و حیزبەکانی کوردستان دایە . . تەنهاش رۆڵەکانی گەلەکەمان باجی ئەم ئەنجامەش دەدەنەوە .

هەندێ ریابازان و خۆهەڵواسان، پاساو بۆ کڕنۆشبردن و لەگاوی و مێچکە مێچکیان دەهێننەوە . . بەڵام کەس نابێت ( پێویستی ) بکات بە بیانوو و پاساو هێنانەوە بۆ ریایی و مەرایی . . پەندێکی ( باسکی ) هەیە دەڵێت : " ریابــاز خـزمی ناپــاکە "

کەسانی جوامێر و نەفس بەرز و باوەڕبەخۆ و رەنجدەر و کۆڵنەدەر و سەبەرز . . گەر لە برسیشدا بمرن ریای و مەرایی لەبەر کەس ناکەن . . ناوبانگ و رەوشت بەرزی و ئابڕووی خۆیان بۆ پۆست و پلە و پایە لەکەدار ناکەن . . هەمیشە بە ماندوو بوون و بە ئارەقی ناوچەوان نانی خۆیان پەیدا دەکەن . . کاسەلێسی کەس ناکەن و، نان و پیـازیان پێخۆشترە . . لە گوشت و پڵاوی بە منەتی ئاغا و ماغا و بەرپرسان و دەسەڵاتداران .

ئەفسوس لە ئەمڕۆدا ـ هەرچەندە کەمیشن ـ کۆمەڵێک لە رۆشبیران و نووسەران و رۆژنامەنووسان و میدیاکاران . . دوای بەرژەوەندی و دەستکەوتی تایبەتی خۆیان کەوتوون و، بوونە بە پاشکۆی کاربەدەستان و بەرپرسان و، ستایشیان دەکەن و بە پیاندا هەڵدەدەن . . لە راستیشدا راست ناکەن و خۆشەویستییەکی ناخیان بۆیان نییە . . خۆیان و ئەو کەسانەش دەخەڵەتێن . . چونکە باش دەزانن کە پیاهەڵدراوکانیان شایانی ئەو ستایش و خۆشەویستی و پیاهەڵدانانە نین . . ئەمەش لادانە لە پرانسیپ و لە پەیامی پیرۆزی رۆشنبیران و نووسەران و رۆژنامەنووسانی ئازاد و بوێر و دڵێر .

لە کاتی دیکتاتۆری گۆڕبەگۆڕ ( سەدام حوسێن ) دا مانگ نەبوو کە ئاهەنگ و کۆڕێکی شیعر خوێندنەوە لە دیوانی کۆشکی کۆماری عێراقدا، بۆ پیاهەڵدان و ستایشی سەدام رێک نەخرێت . . گەلێ شاعیر و نووسەر و هونەرمەندی خۆفرۆش و بەرژەوەندی پەرست زیادە رۆییەکی زۆریان لە هەڵکێشانی سەدامدا کرد و، زۆر فوویان دا، تا وایان لێکرد، زۆر لە خۆیی بایی بێت . . تەنانەت ( ٩٩) نازناویان بۆ سەدام هەڵبەست، وەک :
( پاڵەوان، پاڵەوانی عەرەب، سەرکردەی پێویست، شمشێری عەرەب، تەنیا سەرکردە، خۆشەویستی ملێونان، دۆژمن شکێن، . . . هتد ) بەڵام بەچاوی خۆمان بینيمان، کە چۆن سەدام حوسێنی فسفس پاڵەوان، وەکو مشک لە کۆنێکدا خۆی حەشاردابوو و دەرهێنا.
جا ئەوانەی کە شیعر و پەخشان و سروودیان، بەسەر سەدامدا هەڵدا، لە ئەمڕۆدا زۆر تەریق و شەرمەزارن . . هەرچەند دەکەن ناتوانن ئەو هەڵانە و شەرمەزارییان لە بیری خەڵکی بەرنەوە . . چونکە مۆرکی خۆفرۆشی و کڕنۆشبردن و نۆکەرییان کاڵ نابێتەوە .

هەر بۆ بزەی سەرلێوتان، چیرۆکی ( کەرە دێزەی حاجی نەریمان ) تان بۆ دەگێڕمەوە :
حاجی نەریمان گوێدرێژێکی دێزەی هەبوو، بە ( کەرە دێزە ) ناوی دەبرد . . کەرە دێـزە وای لێهات نەیدەتوانی باری قورس هەڵبگرێ . . حاجی نەریمان بڕیای دا کە بیفرۆشێت . . سێ رۆژ لەسەر یەکتری بردی بۆ مەیدانی کەرفرۆشتن . . بەڵام کەس لێی نەکڕی . . دەڵاڵێکی كەرفرۆش، کە حاجی نەریمانی دەناسی، پێی وت : " بەیانیش کەرە دێزە بیهێنەوە بۆ مەیدان، بزانم بۆتی نافرۆشم " .
حاجی نەریمان بۆ رۆژی چوارەمیش، کەرە دێزەی بردەوە بۆ مەیدانی کەرفرۆشتن . . دەڵاڵەکە بینی کابرایەک کڕيار سەیری گوێدرێژەکەی حاجی نەریمان دەکات . .
دەڵاڵەکە ( لە دوورەوە . . بە دەنگێکی بەرزەوە ) : ئەرێ حاجی نەریمان . . ئەوە کەرە دێزە دەفرۆشیت . . ؟
حاجی نەریمان ( وەڵامی دایەوە ) : بەڵی . . بەڵی . . دەیفرۆشم .
دەڵاڵەکە : جا باشە حاجی نەریمان پێم ناڵێیت، کە لە ئەمڕۆ بە دواوە، کەروێشک بە چی گل دەدەیتەوە . . ؟
حاجی نەریمان ( بە پێکەنینەوە ) : نا . . نا . . یەکجاریش وا نا .

مەبەست لە وەڵامەکەی حاجی نەریمان بۆ دەڵاڵەکە، واتە کەرە دێزە هێندە قایم راناکات کە بتوانێت بگات بە کەروێشک و گلی بداتەوە . . ئەمە ستایشێکی زیادەڕۆییە و چونکە کەرە دێزە، کەری خۆمە و دەزانـم چی لە باردایە . . ئەم ستایش و پیاهەڵدانە هەڵناگرێ.

لە ئەمڕۆشدا دەبینین، دەڵاڵەکانی سیاسییەکان و، دەڵاڵەکانی دەسەڵاتدارانی حوکمڕانی و بەرپرسەکان . . زیادەڕۆیی لە هەڵنانی ( پیاهـەڵدراوەکـانیان ) دەکەن . . کە لە راستیدا شایەنی ئەو ستایش و هەڵنانانە نین .

بەڵام پێویستە ئەوەش بزانین کە ( ستایشی ریایی ) و ( ستایشی راستی ) زۆر جیاوازن سەرکردە و کەسانێکی ئەوتۆمان هەن، کە لە خۆشەویستییەکی ناخی دڵەوە، بەبێ هیچ مەبەستێک و بێ هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتی . . شایەنی ئەوەن کە چەنـد ستایشیان بکەین هێشتا کەمە . . بۆ نموونە : پێشەوا قازی محەمەد، پێشمەرگە قارەمانەکانمان، کچە شەڕڤانە پاڵەوان و گیان لەسەر دەستەکانی کوردستان . . شەهیدە نەمرەکانمان . . هەرکەسێکی دڵسۆزی تر، کە بە سەربەزی و راستگۆیی و بێ ریایی خزمەت دەکات .

لە ناخی دڵيشمەوە دەڵێم، پڕ بە دڵ هەموو ئەو رۆشنبیر و نووسەر و رۆژنامەنووسانەم خۆشدەوێ و ئەوپەڕی رێزیان لام هەیە کە بەبێ ترس، بە راستی راستییەکان دەنووسن و، هەرگیز چاویان لە بەرژەوەندیی و دەست کەوتی تایبەتی خۆیان نییە، زۆر دڵسۆزن بۆ کـورد و کوردسـتان . . مایەی رێز و شانازین لە لای خوێنەرانی دڵسۆزیش .

رەزا شوان / نەرویج