دکتۆر ( نەجمەدین کەریم ) پارێزگاری کەرکوک. . لە ( هەقبەیڤین ) ێکدا، لەگەڵ بەشی ئینگلیزی پۆرتاڵی ( رووداو ) دا، کە بە کوردی لە سایتی ( بزووتنەوەی کۆماریخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان ) دا، لە رۆژی پێنج شەممە ( ١٨ی/ فێبرواری/ ٢٠١٦) دا بڵاوکراوەتەوە . . کە دەربارەی ( ریفراندۆم ) و ( چارەنووسی کەرکوک ) و ( پارەی پیترۆدۆلار ) و ( میلیشیا شیعەکان ) قسەی کردووە . . حەزەکەم چەند تێبینییەک دەربارەی وتەکانی نەجمەدین کەریم بخەمەڕوو :

منیش لەگەڵ رای دکتۆر نەجمەدین دام گەر ریفراندۆم لە باشووری کوردستاندا بکرێت، پێویستە کەرکوکیش بگرێتەوە، چونکە ئەم مافە قۆناغی سێیەمە لە ماددەی(١٤٠) دا، کە ماددەیەکی دەستوورییە لە دەستووری عێراقدا . . بەڵام نە حکوومەتی مالێکی و نە حکوومەتەکەی حەیدەر عەبادی جێبەجێیان نەکرد، بە دڵنیاییشەوە حکوومەتەکانی تری داهاتووی عیراقیش جێبەجێی ناکەن . . بویە پێویستە کوردستان چیتر چاوەڕێ نەکات و یەک لایەنانە قۆناغی سێیەمی ماددەی (١٤٠) جێبەجێ بکات و بیکات بە ئەمری واقیع . . هەر ریفراندۆمێک بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستاندا ئەنجام بدرێت . . پێویستە بەبێ کەرکوک ئەنجام نەدرێت . . نابێت کەرکوک بخرێتە دەرەوەی کەوانەوە . . واتا ئەو ریفراندۆمە دەبێت کەرکوکیش بگرێتەوە . . ئەگینا بەبێ کەرکوک هەڵەیەیەکی گەورەیە و، ریفراندۆمێکی ناتەواوە دەبێت . . گەرچی ئەمە کارێکی ئاسان نییە . . بەڵام پێوییتە بە باشی ئامادەکاری بۆ بکرێت و . . هەموو پێشبینی و گریمانەیەکیش لەبەرچاوبگیرێن .
لە سەرتاوە سەرکردەکانی کوردمان بە نەزانی تێکەوتن و، بەو ماددەیە هەڵیانیان خەڵەتاندن . . ئەگینا ئێمەیەک کە گومانمان لەوە نەبێت، کە کەرکوک بەشێکە لە کوردستان . . ئیتر بۆ رازی بوون بە ریفراندۆم . . ؟ ریفراندۆم لەسەر خاکی خۆم . . ؟!

نەجمەدین کەریم دەڵێ : " پێویستە کەرکوک بکرێتە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی لە نێو هەرێمی کوردستاندا ) . . ئێمە دووجاری تر دەربارەی بوونی پیلانێک دەربارەی جیاکردنەوەی کەرکوک لە کوردستان رای خۆمان بڵاوکردەوە . . ئەمە داخوازی نەیارانی گەڕانەوەی کەرکوکە بۆسەر کوردستان . . چەند جارێک عەرەبە شۆڤێنییەکانی کەرکوک و تۆرانییە توندڕەوەکان کە هەرگیز لەگەڵ گەڕانەوەی کەرکووکدا نین بۆ باوەشی کوردستان پێشنیاری دامەزراندنی ( هەرێمی کەرکوکی سەربەخۆ ) یان کرد . . فیدراڵی لە نێو هەرێمێکدا . . ئەم مۆدێلە لە کوێدا هەیە . . ؟ لە چ روانگەیەکەوە . . نەجمەدین کەریم بە پێویستی دەزانێت کە کەرکوک بکرێت بە هەرێمێکی سەربەخۆ . . ؟ ئەی چ بەرژەوەندییەکی کوردی تێدایە . . ؟ بە داخاوە ئەمە یەکەم جار نییە کە نەجمەدین کەریم پاڵپشتی لە هەرێمی کەرکوکی سەربەخۆ بکات . . ساڵی رابردووش بانگەشەی بۆ کرد . . ئێستاش دووپاتی دەکاتەوە . . ! ئێمە هێشتا بە تەوای لە دوو ئیدارەیی رزگارمان نەبووە . . جا نۆرەی سێ ئیدارەییە . . ! ئەم داوایەی نەجمەدین کەریم دابڕینی کەرکوکە لە کوردستان . . دڵنیام لە نەجمەدین کەریم زیاتریش هیچ کوردێک نە لە کەرکوک و، نە لە هیچ شوێنێکی تری کوردستاندا لەگەڵ ( هەرێمی کەرکوکی سەبەخۆ ) دا نین . . نابوایە نەجمەدین کەریم وەکو پارێزگارێکی پارێزگایەکی کوردستانی، وەک ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بێ بەرپرسی حیزبەکەی و بەبێ پرس و ئاگاداری پەڕلەمانی کوردستان و، بەبێ گوێدان بە خواستی گەلەکەمان لێدوانێکی مەترسیداری وا بدات . . ئەو دەسەڵاتدارێکی ئیدارییە لە کەرکوک دا . . تەنانەت وەکو بەرپرسێکی باڵای حیزبیش . . بۆی نییە کە بە ناوی هەموو کەرکوکییەکانەوە قسە بکات و پێشنیار بکات و بە شێوەیەکی رەها بڵێ " پێویستە . . " نەجمەدین داوای ئەوەش دەکات کە پێویستە کوردستان گەرەنتی بە ( عەرەبەکان ) و بە ( تورکمانەکان )ی کەرکوک بدات : " تورکمان و عەرەبی کەرکوکیش نوێنەریان لە سەرۆکایەتی و لە ئەنجوومەنی وەزیـران و لە پەڕلەمانی کوردستان دا هەبێ "
ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین، کە رێز لە مافەکانی ئەو نەتەوانە بگیرێت، کە لە کوردستان دا دەژین و، خۆیان بە هاوڵاتی کوردستان دەزانن . . تا ئێستاش کورد داکۆکیکەر بووە لە مافەکانی ئەو نەتەوانەی کە لە کوردستان دا دەژین . . بەڵام وەکو دەزانین جێبەجێکردنی ئەرکەکان پێش مافەکانن . . تا ئەمڕۆش عەرەبە رەسەنەکانی پارێزگای کەرکوک و ئەو عەرەبە هاوردانەش کە تا ئەمڕۆش کەسیان لێ نەگەڕاونەتەوە بۆ شارەکانی خۆیان . . دان بە کوردستان دا نانێن و، لەگەڵ ریفراندۆم دا نین و ناشیانەوێت، کە کەرکوک بگەڕێتەوە بۆ سەر کوردستان . . لە چەندین بەیانامەی کیتلەی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک دا . . بە راشکاوی ئەمەیان دەربڕیوە، بەڵکو هەڕەشەشیان لە داگیرکردنی کەرکوک و کوشتنی کوردیش کردووە . . تا ئەمڕۆش بەعسی شۆڤێنی لە ناو شاری کەرکوک دا شانەیان هەیە و بە ئاشکرا سیخوڕی دەکەن و یارمەتی داعش دەدەن و چاوساغییان بۆ دەکەن .

تورکمانەکانیش، بە داخەوە بەشێکی زۆریان تا ئەمڕۆش هاوبەستەبوونیان بو تورکیا هەیە و، بە بیری تۆرانیەت نەوەکانیان گۆش و پەروەردە دەکەن . . تا ئەمڕۆش بە فەرمی دان بە کوردا نانێن و ( کوردستان ) بە ( شمال العراق : باکووری عێراق ) ناودەبەن . . گەر کورد هەموو دەسەڵاتەکان و هەموو پلە و پایەکانی بەڕێوەبردن لە کەرکوک دا بدات بە تورکمانەکان . . بەو مەرجەی دەنگ بۆ گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر کوردستان بدەن . . ئەوە مەحاڵە ئەوان دەنگ بۆ کوردستانیەتی کەرکوک بدەن، هەرگیز دان بە کوردستانییەتی کەرکوک دا نانێن . . تۆرانی ( ئەرشەد ساڵحی ) سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە رۆژی ( ٢ی / یوونی / ٢٠١٥) دا. . لە بارەگای بەرەی تورکمانی لە کەرکوک دا، لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووسێک دا، کە دەربارەی گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر کوردستان لێی پرسی، لە وەڵامی پرسیارەکەی دا وتی : " متی کانت کرکوک جزءا من کوردستان حتی یتم اعادتە الی کوردستان الآن؟ " بە کوردی : " کەی کەرکوک بەشێک بووە لە کوردستان تا لە ئێستادا بگەڕێنرێتەوە بۆ سەر کوردستان ؟ " بەرەی تورکمانی پێیان خۆشە کە بچنە ژێر دەسەڵاتی (سۆمال ) ەوە نەک کوردستانەوە . . جا نەجمەدین کەریم وەکو داوای گەرەنتی لە کوردستان بۆ تورکمان و عەرەبەکان دەکا . . ئەی بۆ داواش لەوان ناکات کە گەرەنتی ئەوە بدەن کە دەنگ بۆ گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر کوردستان بدەن . . ؟ بێگومان هەموو شتێک وەرگرتن و بەخشینە .
کەرکوک، کێشەیەکی سەرەکی و چارەنووسازی باشووری کوردستانە، بەڵکو کێشەی هەموو کوردستانە، موزایدەکردن و سازشکردن لەسەر کەرکوک ناپاکییە و، لە کەس قبووڵ ناکرێت . . کەسانی هەلپەرست و بەرژەوەندی پەرست و پۆست پەرست کەمنین . . گرنگ بەلایانەوە بەرژەوەندی خۆیان و، گیرفان پڕکردن و، حەپەلۆشکردنی سامانی رەشورووتی کوردستانە . . ئەمڕۆبێ یا سبەی . . دوژمن پێی خۆشبێت یا پێی ناخۆشبێت . . دەبێت کەرکوک بگەڕێتەوە بۆ باوەشی کوردستانی شیرینمان .

لە نەجمەدین کەریم دەپرسم . . خۆ شاری مووسڵيش فرە پێکهاتەیە و کورد لە ئێستادا نەتەوەی دووەمە لە مووسڵدا ـ ئەگەرچی مووسڵ شارێکی کوردستانییە و زۆرینەی کورد بوون . . بە عەرەب کراوە ـ ئایا عەرەبەکان رازی دەبن کە مووسڵ بکرێت بە هەرێمێکی سەربەخوو و لە شارە سوننیەکان ( سونستان ) دابڕێت ؟ بێگومان نەخێر.  

دەبوایە نەجمەدین کەریم ( سەنتەری رۆشنبیری خۆمەینی لە کەرکوک ) نەکردایەتەوە، وەکو کوردێکی بەرپرس و پارێزگارێکی کورد، ئەم هەڵوێستەی لەسەری دەکەوێت . . بۆ نازانێ، ئەوە خومەینی بوو کە فەتوای(جیهاد و دەست نەپاراستنی لە کوردکوشتن ) لە رۆژهەڵاتی کووردستان دا راگەیاند . . کوردستانی کرد بە گومی خوێن و بە سەدان کورد شەهید و بریندار بوون، بە دەستی سوپا و پاسدارانی کۆماری سێدارەی ئیسلامی . . تا ئەمڕۆش رەگەزپەرست و شیعەپەرستە خوێنڕێژەکانی کۆماری سێدارەی ئسلامی لە شاگردەکانی خومەینی . . رۆژ نییە چەند گەنجێکی کورد لە سێدارە نەدەن یا گەنجێکی کوردمان لە زیندان دا بە ئەشکەنجەدان گیان لە دەست نەدات . . نازانم نەجمەدین کەریم دەزانێ یا نازانێ، کە دەربارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە باشووری کوردستان دا . . راوێژکاری ( عەلی خامنەئی )، رەگەزپەست ( عەلی ئەکبەر ویلایەتی ) بەم دەقە وتی : " ئەوە هەوڵی سەهیۆنییەکانە بۆ دروستکردنی دەوڵەتێک کە پەیوەندی بە خۆیانەوە هەبێت و ئەوان دەیانەوێت ئیسرائیلی دووەم یان سێیەم لە ناوچەکەدا درووست بکەن "
هێشتا شەپۆلی بە عەرەبکردنی کەرکوک نەوەستاوە . . وا بەشیعەکردنی کەرکوکیش دەستی پێکرد و . . سەنتەرەکەیان لەلایەن پارێزگاری کەرکووکەوە کراییەوە و چەپڵەی بۆ لێدان و . . پیرۆزبایی لێکردن . . !

سەبارەت بە هەڵوێستی میلیشیا شیعەکانی کەرکوک، بۆ گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر کوردستان . . نەجمەدین کەریم دەڵێ : " ئێمە لە کەرکوک هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ میلیشیا شیعەکان دا نییە . . لەبەر ئەوەی کەرکوک ئێستا بەشێک نییە لە هەرێمی کوردستان . . "
دەبوایە نەیوتایە " لە ئێستادا کەرکوک بەشێک نییە لە هەرێمی کوردستان " جوانتر وابو کە بیوتایە " لە ئێستادا کەرکوک نەگەڕاوەتەوە بۆ سەر کوردستان "

ئەی نەجمەدین کەریم ئاگای لەو کێشانە نییە، کە میلیشیا شیعەکان چ گۆبەنێکیان لە شاری ( دووزخۆرماتوو ) نایەوە . . ؟ زۆر بە نامەردانە پزیشکێک و چەند گەنجێکی کوردیان شەهید کرد . . ؟ چەند ماڵ و کۆگایەکی کوردیان تەقاندەوە . . ؟ چەند کوردێکیان رفاند . . روژیش نییە لە رێگای نێوان دووزخورماتوو خاڵس دا کوردێک یا دووان نەڕفێنن یا رووتی نەکەنەوە . . رووشیان لە هەر شوێنێک کردووبێ، خەڵکی بێتاوانیان کوشتووە و . . ئەو شوێنانەیان وێران کردوون . . خەڵکی تف و نەفرەتیان لێدەکات .

دکتۆر نەجمەدین، لە بیرتە یا نا ؟ کە لە رۆژی (٢ / ٩ / ٢٠١٤) دا، کە هادی عامری بەرپرسی میلیشیای ( فەیلەقی بەدر ) ی شیعی کە سەردانی کەرکوکی کرد . . بەڕێزتان بە گەرمی ئەملا و ئەولایتان ماچ کرد . . هەر لەو رۆژەدا، لە هۆڵی دیوانی پارێزگای کەرکوک دا، لەو کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا کە بۆ هادی عامری رێکخرا . . بە بەرچاوی تۆوە هادی عامری وەک هەڕەشەکردن، وتی : " رازی نـابین پێشـمەرگە بچێتە ئەو شوێنانەی دەرەوەی ناوچەکانی خۆیان " مەبەستیشی ئەوە بوو کە رازی نابن پێشمەرگە بێت بۆ ناوچەی کەرکوک . . بەڕێزیشتان وەکو گوێتان لە هیچ نەبووبێ چرکەەتان لێوە نەهات . . دوایش بە روویەکی خۆشەوە بەڕێتان کرد .