( شەکسپیر ) دەڵێ : " لە جیهاندا سەرینێک نییە، کە لە باوەشی دایک نەرمتربێت "

باوەش لە زمانی کوردیدا، سنگ و نیوان هەردوو باڵمان دەگرێتەوە، دەوتـرێ: دایک منداڵەکەی لە باوەش كرد و، وەکو گۆزارشتکردن لە سـۆز و خۆشەویستی خۆی بۆی، بە توندی نووساندی بە سنگی خۆیەوە .
بەداخەوە، تا ئەمڕۆش بەشێکی زۆر لە دایکـان و باوکـان، گرنگی و سوودەکانی لە باوەشکردنی منداڵەکـانیان نـازانن چییە، کە تا چ رادەیەک کاریگەرییان لەسەر بنیاتنانی کەسێتی و بیر و هۆش و ئەندێشە و تەندروستی و دەروون و ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی منداڵەکانیان هەیە و دەبێت . . هەندێ لە دایکان و باوکان، تا رادەیەک وشک و بێباکن و سۆزێکی پێویستی ئەوتۆیان بەرانبەر بە جگەرگۆشەکانیان نییە . . دەشێ هۆی ئەمەش، نابەڵەدییان بێت، لە بارەی گرنگی و سوودەکانی لە باوەشکردنی منداكەکانیان، یان دەگەڕێتەوە بۆ هەندێ هۆی نەریتی و کۆمەڵایەتی و خێزانی و، رانەهـاتنیان لەگەڵ ئەم سۆز و هەستە مرۆییەدا، یان بۆ پەروەردەیەکی هەڵە و نادروست .
دەروونناسان وا دەبینن، کە باوەش پیاکردن نەک تەنها بۆ منداڵان سوود و چێژێکی دەروونی و گرنگییەکی هەستی هەیە . . بەڵکو لە زۆر لایەنەکانی ژیانیشدا، سوودی بۆ گەورەکانیش هەیە . . بۆ هاوڕێ لە گەڵ هاوڕێکانیدا، بو هاوسەران لەگەڵ یەکتریدا .
( سوقـرات ): دەڵـێ " من هیـچ کاتێک دڵنـیا نەبـوومە . . تەنها لەو کـاتەدا کە لە بـاوەشی دایکـمدا بـووم "

منداڵ هەر لە یەکەمین چرکە ساتی لە دایک بوونییەوە، پێویستی بە لە باوەشکردن هەیە . . منداڵ هەر لەو کاتەوە کە لە دایک دەبێت، بۆن و هەناسە و و خورپە و لێدانی دڵ و دەنگی دایکی خۆی دەناسێتەوە . . پزیشکە پسپۆرەکانی منداڵانیش، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە . . کە منداڵ لە کاتی بوونیدا، تووشی جورێک لە زەحمەتی هەناسەدا دەبێت، ئەگەر لەگەڵ بوونیدا دایکی لە باوەشی بکات و بەخۆیەوە بنووسێنێت و . . بە ناسکی و بە نەرم و نیانی دەست بە سەرو لەشیدا بهێنێت . . یەکسەر هەناسەدانەکەی ئاسایی دەبێتەوە و، هەست بە دڵنیایی دەکات . . بێگومان بە پلەی یەکەم، رۆڵێ سەرەکی گۆشکردن و گەورەکردن و پەروەردەکردنی منداڵ لە ئەستۆی دایک دایە . . ئەو سۆز و خۆشەویستییەی کە لە دڵ و دەروونی دایکیشدا هەیە، بێوێنەیە و بەو رادەیە لە باوکدا بەدی ناکرێت . . مەبەستیشمان ئەوە نییە کە لە سۆز و لە خۆشەویستی و لە دڵسۆزی باوک بۆ منداڵەکەی کەمتر بکەینەوە .

منداڵ دەگری، گریان تەنها هۆی گوزارشکردنە لە هەست و لە پێویستی و لە داواكانی، چونکە هێشتا ناتوانێت قسەبکات و بە زمان گۆزارشت بکات . . هۆکارەکانی گریانی منداڵێش یا : برسییەتی داوای شیر و خواردن و تێرکردن دەکات . . یا تینوویەتی داوای ئاو و پاراوکردن دەکات . . یا خۆێ پیسکردووە یا میزی بە خۆێدا کردووە و، گۆڕینی و پاکی دەوێت . . یا ئێش ئازارێ هەیە و چارەسەرکردنی دەوێت . . یا هەست بە تەنهایی دەکات و، باوەشکردنی دایک و باوکی و دڵنیای و ئارامی و ئاسوودەیی دەوێت .

لە باوەشکردن و بەخۆوەنووساندن و ماچکردن و دەست بە سەروقژ هاوردن و دەست خستنە سەرشان و ختووکەدانی و بە نەرم و نیانی پێاکێشان بە پشتی منداڵدا . . لە لایەن دایک و باوکییەوە پێویستییەکی گرنگە . . چونکە بە خۆوەساندنی جەستەیی، هۆیەکی راستەوخۆی پەیوەندیە و، مایەی خۆشی و شادی بەخشینە بە منداڵ . . لە باوشکردن منداڵ دڵنیا دەکاتەوە، کە ئەو خۆشەویست و پەسەند و رێـزدار و لەبـەردڵانە لە لای خێزانەکەی . . منداڵ لە هەنـاوی دایکیدا و، لە دنیای رۆشنیشدا . . مەستبوونی سۆز و خۆشەویستی دەوێت . . باوەشی گەرم و نەرم و سۆز و خۆشەویستیی دایک و باوکی دەوێت . . گرنگی لە باوەش کردنی منداڵ . . لە گرنگی و لە پێویستی شیر و خواردن و ئاو و ئۆکسجین و لە شۆرین و نووستن و جلوبەرگی جوان و لە یاری کەمتر نییە .
هەموو ئەو توێژینەوانەی، کە لە زۆر شوێنی جیهاندا، تا ئێستا ئەنجام دراون . . جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە . . ئەو منداڵانەی کە بە سۆز و خۆشەویستی باران دەکرێن و، بە رادەی پێویست چاودێری دەکرێن و، زیاتر لە باوەشن و ماچ دەکرێن . . بە تایبەتیش لە مانگە یەکەمەکانی تەمەنیاندا . . کەمتر دەگـرین و . . زیاتریش ئاسوودە و ئـارام دەبـن. . بە شێوەیەکی باشتریش گەشەی جەستەیی و دەروونی دەکەن . . بەڵام ئەو منداڵانەی کە بێنازن و بێبەشن لە سۆز و لە خۆشەویستی و چاودێری . . لە گەشەکردندا دوادەکەون .

بەیانیان کە منداڵ لە خەو هەڵدەستێت . . پێویستە دایک بە گەرمی و بە زەردەخەنەیەکی ناسک و بە خۆشییەوە باوەشی لێدا و ماچی بکات و بەیانیت باشی لێبکات . . دایک بەم گوزارشتەی . . وەکو ئەوە وایە کە چنگێکی گەورەی گوڕ و تین و چالاکی و خۆشی و خۆشەویستی و هیـوا بە منداڵەکەی ببەخشێت . . منداڵەکەی بە رووخۆشی و دڵخۆشی و گەشی و گەشبینییەوە پێشوازی لە رۆژێکی خۆش دەکات . . کە دەڕوات بۆ قوتابخانەش پێویستە دایکی بە زەدەخەنەیەکی ناسکەوە ماچێکی تری بکات و . . بە رێی بخات . . ئەو منداڵە لە قوتابخانەشدا ئاسوودە و مێشک ئارام دەبێت و . . بە خۆشی و شادییەوە، بە هێمنییەوە، پێشوازی لە هاوڕێکانی و لە مامۆستاکانی و، لە وانەکەکانی دەکات و . . هۆش و زەین و بیریشی باشتر ئامادەی وەرگرتن و فێربوونی زانست و زانیارین دەبن.

لە باوەشکردن، ئەو هەستە دەروونییە لای منداڵ دروست دەکات، کە دایکی نزیکترین و خۆشەویسترن کەسە بە لایەوە . . پەیوەندییەکی جەستەیی و رووحی زۆر بەهێز لە نێوانیادا دروست دەبێت . . بە ئاسانی و دڵفراوانیشەوە منداڵەکەی لە کەشوهەوایەکی خۆشەویستیدا، زیاتر گوێدێری رێنمایی و ئامۆژگارییەکانی دەبێت . . لە باوەشکردن و بەخۆوەنووساندنی جەستەیی، پەیوەندییەکی رەگ قـووڵی ئەوتۆ لە نێوان دایک و منداڵەکەیدا دروست دەکات . . کە هەرگیز ناتوانرێت لە رەگ و ریشەوە هەڵبکێشرێت .

ئەو لای لایە و لاواندنەوە و گۆرانییانەش کە دایکان لەگەڵ راژەنینی لانک و بێشکە و پاڵنانی جۆلانێدا، بۆ کۆرپە شیرینەکانیان، بە دەنگێکی پڕ لە سۆز و لە خۆشەویستی و ناسکەوە دەیانڵێن . . شادێ و هێمنی و خاوبوونەوەی دەرونی و جەستەیی و دڵنیایی بە منداڵەکانیان دەبەخشن و. . بە خۆشییەوە دەنـوون . . بە دەم خەویشەوە هەر وا هەست دەکەن کە دایکانیان لە لایانن و ئێشکیان دەگرن .
(لامارتین) دەڵێ : " جوانترین هۆنراوە لە سەراسەری جیهاندا . . لای لایەی دایاکانە "
ئەو بۆچوونەش وانییە کە هەندێ پێان وایە کە خۆشەویستییەکی زۆر منداڵ فێری ناز و نووز دەکات بەڵکو بە پێچەوانەوە بێنازی و برسی بوونی خۆشەویستی و سـۆزداری، هۆیەکە بۆ ئەوەی کە منداڵ، بڕوای نە بە خۆی و نە بە کەسانی دەوروبەری هەبێت . زۆر جاريش دەبێتە هۆی دڵڕەقی و ئەنجامدانی تاوان و . . هەڵوەشاندنەوەی خێـزان .

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە زانکۆیەکی ( فەرەنسی ) رای گەیاندووە و . . بە پێی ئەو توێژینەوانەش کە پزیشکانی منداڵان و زانایانی دەرووناسی و پەروەردەیی جەختیان لەسەر کردوونەتەوە . . منداڵ رۆژانە پێوستی بە (٢٤) جار لە باوەشکردن هـەیە :
١ـ رۆژی( ٤) جار پێویستی بە لە باوەشکرن هەیە، بۆ ئەوەی دەروونی ئاسوودە بێت .
٢ـ رۆژی ( ٨) جار پێویستی بە لە باوەشکردن هەیە، بۆ ئەوەی بـڕوای بە خۆی بێت .
٣ـ رۆژی ( ١٢) جار پێویستی بە لە باوەشکردن هەیە، بۆ ئەوەی ببێت بە داهێـنەر .

گرنکترین سوودەکانی لە باوەشکردن :
١ـ لە باوەشکردنی منداڵ بە بەردەوامی لە لایەن دایکییەوە، زیاتر هەست بە دڵنیایی و رێز و خۆشەویستی دەکات، بوارێکی باش و روونیش بۆ پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان دایک و منداڵدا دەرەخسێنێت . . گەر دایک و باوک منداڵەکەیان پشتگوێ بخەن و، لە باوەشی نەکەن، مەترسییەکی زۆری لێدەکەوێتەوە . . چونکە ئەو منداڵەی لە باوەشی گەرمی دایکی بێبەش بێت . . گۆشەگیر دەبێت و، بڕوای بە خۆی و دەوروبەرەکەی نامێنێت و، بە گۆمان و ترسەوە دەژی . . دەبێتە منداڵێکی بیرکۆڵ و بە خاوی تێدەگات و فێردەبێت، تووشی خەمۆکی دەروونی و مات و مەلوولی دەبێت بە هۆی نەبوونی سۆزی دایکایەتی و باوکایەتی . . کە باوەشی گەرمی بۆ بکەنەوە و بەخۆیانەوە بینووسێنن .

٢ـ لە باوەشکردن، رێژەی ئاستی ئۆکسجین لە لەشی منداڵدا بەرزتر دەکاتەوە، ئەمەش چارەسەری هەستکردن بە تووڕەیی و بە تەنیایی یا هەست کردن بە لۆمەکردن دەکات.

٣ـ لە باوەشکردن بۆ ماوەیەکی زۆر . . ئاستی رێژەی ماددەی ( سیرتـۆنین ) لە لەشدا زیاتر دەکات . . بوونی ئەم ماددەیەش، هۆیەکە بۆ هەستکردن بە خۆشی و شادی و، بۆ رێکخستنی مەزاجی گشتی منداڵ .

٤ـ لە باوەشکردن، بۆ دڵ بە سوودە و کۆئەندامی بەرگری لە لەشدا زیاتر بەهێز دەکات لە میانەی پاڵپەستۆیەکی هیواش لەسەر چەند بنکەیەکی وزەی گرنگ لە لەشی منداڵدا.

٥ـ بە پێی هەندێ لێکۆڵێنەوەی زانستی و پراکتیکی مەیدانی، لە بارەی کارتێکردنی لە باوەشکردن و بەخۆوەنووساندن، هاوسەنگییەک بە ( کۆئەنـدامی دەمـاری ) دەدات.

٦ـ لە باوەشکردن، منداڵ فێری وەرگرتن و بەخشین دەکات . . بەرانبەر بە رێـز و لە باوەشکردن و خۆشەویستی . . منداڵيش خۆشەویستی خۆی بەو کەسە دەبەخشێت .

٧ـ باوەش وامان لێدەکات کە دەست لە هەندێ هاندەری ئەقڵی و رێبازی بیرکردنەوەی لۆژێکی بهێنین، کە هەندێ جار دەبنە بەربەستێکی نەرێنی . . با تەنها بیر لەم ساتەی ئێستا بکەینەوە . . ئەمە هەستی منداڵەکەت شیرینتر دەکات وای لێدەکات جەخت لەسەر دڵی و هەستی بکاتەوە .

٨ـ گۆڕینەوەی وزە لە کاتی لەباوەشکردندا لە نێوان دایک منداڵەکەیدا دەگوێزرێنەوە بۆ یەکتری . . منداڵ هەست بە یەکێتی و بە بەشداری لە گەلێ شتەکان دەکات و، لێگەیشتن زیاتر دەکات و، پەیوەندی نێوان دایک و منداڵ قووڵتر و بەردوام و بەهێزتر دەکات . . چونکە لە باوەشکردن، لووتکەی بە خۆوەنووساندنی جەستەییە و، پردێکی گەورەشە بۆ گواستنەوەی هەست و سۆزەکان، لە نێوان دایک و منداڵدا .

٩ـ لە باوەشکردن، توورەیی و گـرژی و فشاری دەروونی و لە لەشدا ناهێڵێت و. . یارمەتی خاوبوونەوەی ماسوولکەکان دەدات . . ئەگەر منداڵەکەت دووچاری دڵتەنگی و پەستی و ئاڵۆزی بووە . . لە باوشکردن لەم ساتەدا، زۆر شت چارەسەر دەکات .

١٠ـ هەر لە رۆژەکانی یەکەمی لە دایکبوونی منداڵەوە . . خێزان بناغەی پەیوەندییەکی هۆشی لەگەڵ منداڵەکەیدا دەست پێدەکات . . لە میانەی لە باوەشکردنی منداڵەکەیانەوە . . باوەش دەبێتە بەڵگەی رێز و بە گوزارشت لە سۆز و خۆشەویستی . لێرەوە پەیوەندییە هۆشییەکانی لە باوەشکردن دەست پێدەکات . . هەرچەند منداڵەکەت لە باوەش بکەیت . . زیاتر دڵنیایی پێدەبەخشێت و، هەست بەوە دەکات کە خۆشەویست و رێزگیراوە . . ئەم هەستکردنەش بە پێویستییە سەرەکییەکانی منداڵ دەزانرێت . . یارمەتی ئەوەی دەدات کە گەورەبوو، ببێت بەمنداڵێکی هاوسەنگ و دروست و دەروون ئاسایی .

١١ـ ئەو منداڵەی کە زیاتر لە باوەش دەکرێت . . تەندروستیی باشترە و بەرگری بۆ نەخۆشییەکان بەهێزترە، لەو منداڵەی کە دایکی رۆژانە بە کەمی لە باوەشی دەکات و سۆزێکی کەمی بۆی هەیە . . لەوە دەترسێ کە لەسەر لە باوەشکردن رابێت هەر وەکو پزیشکی منداڵان ئامۆژگاریی کردووە، کە تەنها بایەخ بە تەندروستی جەستەیی دەدەن و، ئاوڕ لە پێویستییە دەروونییەکانی منداڵان نادەنەوە .

١٢ـ ئەو منداڵەی لە مانگە یەکەمەکانی تەمەنیدا، دەخرێتە دایانگاوە یا، دەدرێتە دایەن یا پەروەردەکار بەخێوی بکات، لەبەر ئەوەی کە دایکی کاردەکات . ئەو منداڵە دەمارگیر و شەڕخواز دەبێت . . چونکە وەک دایکی لە باوەشی ناکەن و، هەست بە دڵنیایی ناکات لە باوەشی دایکی نەبێت . . تووشی گەلێ کێشە و گرێی دەروونی نەخوازراویش دەبێت .

١٣ـ لێکۆڵینەوە دەروونییەکانی ئەم دواییە، دەربارەی لە باوەشکردنی منداڵ و، دەست هێنان بە سەر و قژیدا و، دەست خستنە سەرشانی و، ماچکردنی و یاریکردن لەگەڵیدا لە لایەن دایک و باوکییەوە . . ئەوە دەسەلمێنن کە ئاستی رێژەی ژیری و زیرەکی منداڵ بەرز دەکاتەوە و . . تێکڕای گەشەکردنی سروشتی منداڵیش بەرزتر دەکاتەوە .

١٤ـ لە باوشکردن و بە خۆوەنووساندن و دەست لە ملکردنی منداڵ و، بە نەرمی شێلانی و، بە نیانی دەستهێنان بە سەر و قژ و روومەتەکانیدا . . یارمەتیدەرەن بۆ دەردانی ماددەی ( ئەنـدرۆفـین ) لە لەشیدا . . ئەم ماددەیەش گەیەنەرێکی دەمارییە و یارماتیی هێورکردنەوەی تووڕەیی و گرژی و هەڵچوون و، دڵەڕاوکێی دەروونی و، کپکردنەوەی ئازار دەدات .

١٥ـ لە باوەشکردن منداڵان پەیوەندییەکی گرنگی ئەرێنی بە مۆرکئ کەسێتییەوە هەیە . . چونکە بە رادەیەی زۆر کاریگەریی لەسەر بنیاتنی کەسێتیدا هەیە و . . دەبێت .

١٦ـ لە باوەشکردن، هەستی هێز و، بڕوابەخۆبوونێکی بێوێنە بە منداڵان دەبەخشێت .

١٧ـ لە باوەشکردن زمانێکە، بەڵام زمانێکی جیاوزاە، هەستەکانی بەزاندووە و، بووە بە دەریایەکی بێسنووری سوودی رووحی و دەروونی و جەستەیی و ویژدانی و هۆشی . . گەرچی زمانێکی سادەیە، بەڵام واتا و پەیامێکی راست و بەرز و پیرۆز دەگەیەنێت.

١٨ـ باوەشی دایک گەورەترین قوتابخانەی منداڵە . . کە زۆر شتی لێوە فێردەبێت .
( کۆرنـای ) دەڵێت : " یەکەمـین قوتابخـانەم . . لەسەر سـنگی دایـکم بوو "

لە کۆتاییدا دەڵێین باوەشی گەرم و نەرمی دایکان . . خۆشترین و دڵنیاترین شوێنن بۆ منداڵان . . ئەو چێژ و خۆشییەی کە لەسەر سـنگی دایکیدا هەستی پێدەکرێت، لە هیچ شوێنێکی تردا هەست بەو چێژە ناکرێت . . باوەشی دایک بەهەشتێکە . . چارەسەرێکی ئاسان و بە خۆڕاییشە . . بۆ چارەسەرکردنی زۆربەی نەخۆشی و ناخۆشییەکان .

لە باوەشکردن و، بەخۆوەنووساندنی جەستەیی منداڵان و خۆشەویستی هەموو رۆژێ . . بۆ ماوەی هەزاران رۆژ . . منـداڵان لە نەخـۆشیی و لە ناخـۆشی دوور دەخەنەوە .

دایکانی میهرەبان و دڵسۆز و بەسۆز . . کەس گومانی لە سۆزداری و لە خۆشەویستی بێسنووری ئێوەی پیرۆزترین گیانەوەر نییە . . تا دەتوانن جگەرگۆشەکانتان لە باوەشی گەرم و نەرمتان بکەن . . رەنگدانەوەی ئەم خۆشەویستییەتان لە ئەمڕۆ و لە داهاتوودا لە منداڵەککانتاندا بەدی دەکەن . . دایکانی دڵسۆز، هیچ خەڵات و پاداشتێکیش نییە کە هاوتای خۆشەویستی و سۆزداری و میهرەبانی ئێوەی دایکان بێت . . ئێمە هەموومان شەرمەزاری ماندووبوون و شەونوخوونی ئێوەین . . چیتان بۆ بکەین . . چەند پێتاندا هەڵدەین . . ناگەنە تنۆکێکی دەریای بێسنووری سۆز و خۆشەویستیی ئێوەی دایکان .

رەزا شوان / نەرویـج / ٢٠١٦