گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان، بەشێکی گرنگن لە فۆلکلۆری هەر گەلێک . . هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی حەز لە هۆنراوە و لە ئاوازەکانیان دەکەن، ناشزانرێت یەکەمین هۆنەر و ئاواز دانەرەکانیان کێ بوونە . . چونکە ئەم گۆرانییانە رەگێکی مێژوویی کۆنیان هەیە . . تا ئەمڕۆش چێژ و خۆشییان کاڵ نەبوونەتەوە و . . کاڵیش نابنەوە . . وەکو بەشێکی رەسەنیش لە کەلەپووری نەتەوایەتی . . هەر نەتەوەیەکیش شانازی بە فۆلکلۆری نەتەوایەتی خۆیەوە دەکات و . . دەیپارێزێت . . چونکە هەر نەتەوەیەک فۆلکلۆری رەسەن و داب و نەریتی تایبەتی خۆی نەبێت . . کەواتە رابردووی نییە .

ئێمەی کورد، گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی لەبنەهاتووی گۆرانی فۆلکلۆریمان هەیە . . کە بۆ سەردەمێکی کۆن دەگەڕێنەوە . . بەڵکو یەکێکین لە نەتەوە دەوڵەمەندەکانی جیهان لە فۆلکلۆر دا . . لە گۆرانی فۆلکۆری کوردیدا، سروشتی جوان و رەنگینی کوردستان و، زادەی بیر و سۆز و چێژی مرۆڤی کورد و، داب و نەریتی جوانی کوردەواریمان رەنگیان داوەنەتەوە و، مۆرک و خەسڵەتێکی رەسەن و تایبەتییان بە گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییەکان بەخشیون . هێندەش هۆنراوەکانیان و ئاوازەکانیان ناسک و شیرینن . . بە ئاسانی دەچنە دڵەوە و، دەبنە وێردی شیرینی سەر زارمان . تا ئێستاش لە لایەن گەلانی هاوسنووری کوردەوە دەستیان بەسەر چەندین گۆرانی و ئاوازی کوردیدا گرتوون و کردوویانن بە مۆڵکی خۆیان . . بەڵام سەرەڕای شێواندن و دەستکاری کردنیان . . بە زەقی مۆرک و رەسەنایەتی کوردییان پێوە دیارە . . لەمە زیاتر درێژە بە باسکردنی گۆرانی فۆلکلۆری کوردیمان نادەین . . ئەم باسە گرنگە بە هۆنەرمەندان و بە شارەزایانی دڵسۆزی کوردمان لەم بوارەدا دەسپێرین . . هیواداری کە بتوانن لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانیان دەربارەی فۆلکۆری کوردیمان بە ئەرشیف بکەن و . . لە کتێبی چاپکراودا پێشکەشمانی بکەن . . بەمەش خزمەتێکی پیرۆز و باش پێشکەش بە فۆلکلۆر و کەلەپووری گەلەکەمان دەکەن و . . دەیان پارێزن .

وەکو لە ناونیشانەکەی سەرەوەدا نووسیومانە، باسەکەمان دەربارەی دوو خوشکی کوردی گۆرانیبێژن، کە ناوەکانیان ( نـازدار و ئەسمەر فەرهـاد) ن، دەنگیان زۆر ناسک و خۆش و بەجۆشە، هەموو گۆرانییەکانیان فۆلکلۆرین، ئاواز و دەنگەکانیان لە ناخی دڵیانەوە دێن . . هەموو گۆرانییەکانیشیان، بە جووتە پێکەوە وتوویانە . . لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی رابردوودا . . من منداڵ بووم ماڵمان لە شاری کەرکوک بوو . . هەموو رۆژێ تاوێکی باش گوێم لەو گۆرانییە خۆشە کوردییەکان دەگرت . . کە ( بەشی کـوردی ـ لە رادیـۆی بەغـدا ) بڵاوی دەکردنە . . لەو گۆرانییانەی کە تا ئەمڕۆش بەلامەوە خۆشن و چێژیان لە دڵ و هۆشمدا کاڵ نەبوونەتەوە . . ئاوازە رەسەنەکانیان لە گوێیەکانمدا دەزرنگێنەوە . . گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییەکانن . . بە دەنگە خۆش و رەسەنەکەی هەردوو خوشکی گۆرانیبێژ ( نـازدار و ئەسمەر فەرهـاد ) . . کە زۆر سەرسامی دەنگە ناسک و بەسۆز و خۆشەکەیان بووم . . لە گۆرانییە فۆلکۆرییە تۆمارکراوەکانی ( نــازدار و ئەسمەر فەرهــاد ) کە ( بەشی رادیۆی کوردی ـ بەغدا) بڵاوی دەکردنەوە، ئەوانەی کە ناوەکانیان لە یادم ماون :

١ـ ( دە مەگـری مەگـری چـاوانت دێـشێ . . . دایـکت نەمـاوە نـازت بکێـشێ )
٢ـ ( گەردوون من چیبکەم چیم دەسەڵاتـە . . . خەتـای من نییە دڵ مفتەلاتـە )
٣ـ ( جـوانین ئێمە جـوانین . . . پەری ناو شاخانین . . . لە خواوەیە جـوانین )
٤ـ ( بولبــول مـژدە بەهــــارە . . . هـەور نەمـاوە و رۆژ دیـــارە )
٥ـ ( گـزەی جەرگــانم مـاڵی وێـرانم . . . جێـگام بۆ راخــە ئەمـشەو میــوانم )
٦ـ ( هە لاوە لاوە گوڵێ . . شەوقی رووناکی گوڵێ . . پێم بڵێ لەسەر چی تۆراوی)
٧ ـ من لەو باوەڕەدام، کە ئەم دوو خوشکە، بە دووقۆڵی گۆرانی فۆلکلۆریی زیاتریان هەبێت . . کە لە رادیۆدا تۆۆماریان نەکردووبن .

لە وانەشە ( نازدار و ئەسمەر فەرهاد ) ئەو گۆرانییانەی کە لە رادیۆی کوردیدا تۆماریان کردوون . . لە ناوەڕاستی ساڵانی چلەکاندا تۆماریان کردووبن . . هاوکات بوونە لەگەڵ گۆرانیبێژ ( نەسرین شیروان ) و گۆرانیبێژ ( گوڵبەهـار ) دا . . بەڵام ئەمان لە رادیۆدا نەماونەتەوە . . تەنها بۆ تۆمارکردنی گۆرانییەکانیان چوونەتە رادێۆی کوردی لە بەغدا .

ئەوەی بەلای منەوە جێی نیگەرانی و داخـە . . تا ئێستا هیچ زانیارییەک دەربارەی ژیان و دەربارەی گۆرانییەکانی ( نازدار و ئەسمەر فەرهاد) باس نەکراون و . . لەو کتێبە چاپکراوانەش، کە لێکۆڵینەوەیان دەربارەی گۆرانی کوردی کردوون، بەرچاوم نەکەوتووە باسی ئەم دوو خوشکە و گۆرانییەکانیان کردووبن . . لە هیچ دیمانەیەکی هونەریی هۆنەرمەندانیشدا، کە لە تەلەفزیۆنەکانی کوردستاندا باسیان لە هونەری گۆرانی و ئاوازی کوردی کردووبێ، ئاماژەیان بە رۆڵی ئەم دوو خوشکە لە گۆرانی کوردیدا نەکردوون . . ؟ بۆیە ناوی ئەم دوو گۆرانیبێژەی کوردەمان بەلای گەنجانی ئەمڕۆمانەوە نامۆ و نەناسراون . . کەچی هەندێ لە گۆرانیبێژانی ئەمڕۆش هەندێ لە گۆرانییەکانی ئەم دوو خوشکە دەڵێنەوە . . بەڵام نە دەنگ و، نە ئاوازەکانیشیان تام و چێژی دەنگ و ئاوازە رەسەنەکانی ( نازدار و ئەسمەر فەرهـاد) یان هەیە .

ئەوەی تا ئێستا کە من دەربارەی گۆرانيبێژان ( نـازدار و ئەسمەر فەرهـاد ) لە دەمی هاوڕێیەکمەوە بیستم، کە زیاتر لە پەنجا ساڵ پێش ئێستا بوو . . گوایە لە دیمانەیەکدا لە ( رادیۆی کوردی ـ بەغدا ) کە لەگەڵ هونەرمەندی گەورەی کوردمان، مامۆستای نەمرمان ( عەلـی مـەردان ) دا سازکرابوو، مامۆستا وتوویەتی :
" ( نـازدار و ئەسمەر فەرهـاد ) دوو خوشکی کوردی جوولەکە بوون . . دوو کچی جوان و باڵابەرز بوون . . دەنگیان زۆر خوشبوو " بەڵام من ناتوانم چەخت لەسەر پشت راستکردنەوەی ئەم قسەیەی هاوڕێکەم بکەم . . وەکو وتم تەنها ئەو بۆی گێڕامەوە . . ئایە وایە یان وا نییە . . نازانـم ؟ خۆزگە مامۆستا عەلی مەردان بمایە و راستیی ژیانی ئەم دوو خوشکەی بۆ باس دەکردین . . چونکە مامۆستا عەلی مەردان لە ساڵانی چلەکانەوە لە ئێستگەی رادێۆی کوردی لە بەغدا بوو . . خۆ ئەگەر راست بێ کە ئەم دوو خوشکە گۆرانیبێژە ( نازدار و ئەسمەر فەرهاد) دوو کچە جوولەکەی کورد بوون . . لەوانەیە لە ساڵی ( ١٩٤٨) دا، کە دەوڵەتی ئیسرائیل دامەزرا، لەگەڵ خێزانەکەیان و جوولەکانی عێراقدا چووبن بۆ ئیسرائیل . . . تا ئێستاش باسی وام نە گوێ لێبووە و . . نە خوێندوومەتەوەش . . بۆیە پێویستیان بە سەلماندن هەیە . . ناشزانم ئەم دوو خوشکە ماون یا کۆچیان کردووە . . لەو باوەڕدام ئەگەر بمانایە تا ئێستا سەرە داوێکمان دەربارەی ژیان و گۆرانییەکانیان دەست دەکەوت و، ئەم گرێ کوێرەیەمان دەکرایەوە . . ئەگەر لە ژیاندان ئەوپەڕی تەمەندرێژیان بۆ دەخوازین . . ئەگەر کۆچی دوایشیان کردووە . . هەزاران رەحمەتان لێبێ . . لە دڵی ئێمەدا هەر بە نەمری دەمێننەوە . . بە ئەوپەڕی رێزیشەوە ناویان دێنین .

رەنگە شریتی گۆرانییەکانی ( نازدار و ئەسمەر فەرهاد ) و ساڵی تۆمارکردنیان . . لە ئەرشیفی رادیۆی کوردی لە بەغدا مابن . . ئەگەر لەو تاڵانی و دزی وێرانکارییانەی . . کە لە ساڵی ( ٢٠٠٣) دا، لە بەغدا روویان دا . . لە ناونەچووبن .

هیوادارم ئەو کەسانەی کە هەر زانیارییەکی زۆر و کەمیان، دەربارەی ژیانی ئەم دوو خوشکە گۆرانیبێژەی کوردمان ( نازدار و ئەسمەر فەرهاد ) هەیە . . با لە سایت و ماڵپەڕەکاندا بڵاویان بکەنەوە . . بۆ ئەوەی بناسرێن و لەیاد نەچـن .