لە ئەمڕۆدا سیاسەت بووە بە بەشێک لە ژیان و لە رۆشنبیریمان و، لە باس و خواسی رۆژانەمان . . بمانەوێت یا نەمانەوێت . . حەزبکەین یا حەزنەکەین . . سیاسەت چۆتە هەموو ماڵێکەوە، بە تایبەتیش لەو وڵاتانەی کە ئازادی و دیموکراتی و مافەکانی مرۆڤ بوونیان نییە . . کوردستانی ئێمەش کە تا ئەمڕۆ کۆڵۆنیای چەند دەوڵەتێکی شۆڤێنی و رەگەزپەرست و دڕندەیە . . نەک هەر دان بە ئازادی و دیموکراتی و یەکسانی و بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و، بە مافەکانی گەلی کوردماندا نانێن . . بەڵکو بێشەرمانەش نکووڵی لە بوونی پەنجا ملیۆن کورد و لە کوردستانیش دەکەن . . ئەم دەوڵەتە خوێنڕێژ و داگیرکەرانەی کوردسـتان سادەترین مافمان پێ ڕەوانابینن . . ئەوان لە دژایەتیکردنی کورددا، هەموو ناکۆکییەکانی خۆیان بە لاوە ناوە و گەلەکۆمەیان لە کورد کردووە .

مەبەستیش لە سیاسەت تەنها حیزبایەتی نییە، مەودای سیاسەت زۆر لە حیزبایەتی بەرفراوانتر و هەمەلایەنترە . . سیاسەت هەموو بوارەکانی ژیان دەگرێتەوە . . بەڵام لە ئەمڕۆدا سیاسیەت وەکو زاراوەیەک، زیاتر دەخرێتە پاڵ حیزبەکانەوە . . بە هەزاران سیاسی هەن کە بێلایەنن و سەر بەهیچ حیزبێک نین و، رۆڵێکی سیاسی بەرچاویشیان هەیە ـ لەگەڵ رێزمدا بۆ سیاسییەکان ـ ئەوەش پێوەر نییە کە هەر ئەندام حیزبێک بە سیاسی بزانین . . ئەندام حیزبی وەها هەن کە لەولای هیچەوە لۆقە دەکەن . . سي شەو و سێ رۆژ لە مەنجەڵێکدا بیان کوڵێنین . . تنوکێک سیاسەتیان لێنایەتە ئەنجام .

لە ئەمڕۆدا تەلەفزیۆن وەک گرنگترین و بڵاوترین هۆی راگەیاندن، لە هەموو ماڵێکدا هەیە . . گەورە و منداڵ رۆژانە و شەوانە کاتێکی زۆر بە گوێگرتن و سەیرکردنی بابەتە هەمەجۆرەکانی تەلەفزیۆن بەسەردەبن . ناشتوانین بە تەواوی کۆنترۆڵی منداڵان بکەین و گوێ و چاویان بگرین و نەهێڵین سەیری هەواڵەکان و رووداوەکان و هەموو بەرنامە و دراما تەلەفزیۆنییەکان نەکەن . . منداڵان رۆژانە هەواڵی شەڕ و ئاژاوە و کوشتن و بڕین و توندوتیژی و خۆپیشاندان و کارەساتە تراژیدیییەکان لە تەلەفزیۆنەکاندا دەبینن . . گوێگرتن و سەیرکردنی ئەم هەواڵ و رووداوانە لە لایەن منداڵانەوە . . کاریگەری و رەنگدانەوەیەکی نەرێنییان لە سەر ژیان و لە رەفتارەکانی ئەمڕۆ و داهاتوویان دەبێت .

ئەوەی ئێمە لەم نووسینەدا مەبەستمانە، قۆستنەوەی دڵپاکی و ساوێلکەیی منداڵانە لە لایەن بەشێکی زۆری حیزبەکان و راگەیاندنەکانەوە، کە بۆ مەرام و مەبەستی تایبەتی خۆیان بەکاریان دەهێنینن . . بە تایبەتیش لە خۆپیشاندانە ناڕەزاییەکانی دژ بە یەکتری . . منداڵان فیت و هاندەدەن بۆ ئەنجامدانی کاری توندوتیژیی نەشیاو و تێکدەرانە . . ئەوە گەورەکانن کە بەردیان دەدەنێ . . بۆ بەردبارانکردنی پۆلیس و ئاسایش و پاراستن و پاسەوانان، یا شقارتە و نەوتیان دەدەنێ بۆ سوتاندنی بارەگاکانی یەکتری و وێرانکردنی دایرە فەرمییە حکوومییەکان . . فێری وتنەوەی دروشم و قسەی ناشیرین و نەشیاویان و هۆیهایان دەکەن . . کە ئەمانە لە منداڵانی دڵپاک و بێئاگا ناوەشێنەوە . . تێشناگەن کە مەبەستی حیزبەکان لە بەکارهێنانیان لەم کارە توندوتیژییانەدا چییە . . وەکو دەزانین تا ئێستا چەندین منداڵ لەم خۆپیشاندان و رووداوانەدا شەهید و بریندار بوون . . چەندین مێردمنداڵیش بە توومەتی تێوەگلانیان و گیرەتێکدان لەم رووداوانە بەندکراون . . گەورە فێرکەرەکانیشیان خۆیان بە بێتاوان و بێئاگا دەزانن و، تاوانەکان دەکەوێتە سەر منداڵانی بێتاوان . . ئەم تاوان و کارانەش تەنها حیزبەکانی کوردستان ناگرێتەوە . . بەڵکو هەموو حیزبە تایفی و مەزهەبییەکانی شیعەکان و عەرەبییەکان و ئەفریقاییەکانیش دەگرێتەوە . . کە بۆ مەبەستی سیاسی و مەزهەبی و تایفی منداڵانیان بەکارهێناون . . هەریەکەش لە رێکخراوی داعشی تیرۆریست و بێڕەوشت، بوکۆ حەرامی حەرامزادە، بەرەی نوسرەی جاشی بەکرێگیراو، قاعیدە، دڵپاکی و ساوێلکەیی منداڵانیان بۆ ئامانجی گڵاوی خۆیان قۆستوونەتەوە . . بە زۆر چەک دەدەنە دەستی منداڵان و رەوانەی شەڕیان دەکەن . . یان بۆ كاری تیرۆریستی و خۆکوژی و بەدکاری بە کاریان دەهێنن، دوای ئەوەی کە بە ئایدۆلۆژیایەکی ئاینی و رەگەزپەرستیی بۆگەن و، بە قسەی پڕوپووچی بێ مانا و بێ بنەماش ئەقڵیان دەشۆرنەوە و، دەیان خەڵەتێنن . . بە خواردنەوەی ماددە کحوولییەکان و ماددە هۆشبەرەکانیش سەرخۆش و بێهۆشیان دەکەن . . ئاراستەی کاری خۆکوژی و خراپەیان دەکەن . . یا وەکو قەڵغان بۆ پاراستنی خۆیان بەکاریان دەهێنن . . هەموو ئەم کارە نامرۆیی و قێزەوەنانە، تاوانن دەرهەق بە منداڵانی دڵپاک و بێتاوان و خۆشباوەڕ . . پێشێلکردنێکی زەقی مافەکانی منداڵانن . . منداڵان نازانن بۆ ئەم کارانەیان پێ ئەنجام دەدەن . . ئەوەش نازانن ئەو کارانەی دەیکەن، چ ئەنجامێکی خراپیان لێدەکەوێتەوە . .

بێگومان قۆناخی منداڵی گرنگترین و هەستیارترین و مەترسیدارترین قۆناخە لە ژیانی مرۆڤدا . . ئەم کارانە ئاسەوارێکی خراپی دەروونی و جەستەییان لەسەر ژیانی ئەمڕۆ ئایندەی منداڵان دەبێت . . ئۆباڵیشیان لە ئەستۆی ئەو لایەن و رێکخراوە تیرۆریستییانە دایە کە دەیان خەڵەتێنن و، لە ڕێ دەریان دەکەن و، تاوانیانی قێزەوەنیان پێ ئەنجام دەدەن . . تاوانبارانی راستی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستانە و، ئەو حیزبانەن کە دڵپاکی و ساویلکەیی و نەزانی منداڵان دەقۆزنەوە . . بە لاشیانەوە گرنگ نییە کە منداڵان دەبنە قوربانی تاوانەکانیان . . گرنگ بە لای تیرۆریستانەوە ئەوەیە کە نەوەیەکی تیرۆریست و توندڕە و دڵڕەق و دڕندە و پیاوکوژ بۆ داهاتوو دروست بکەن و . . کاری تیرۆریستی درێژەی هەبێت . . بێیگومان ئەمە زەنگ و پێشینەیەکی مەترسیدارە و، هەڕەشەیەکی ئاگادارکردنەوەیە . . بۆ تێکدانی ئاسایش و ئاشتی لە جیهاندا .

لە وڵاتانی ئەوروپادا، لە هیچ رێپێوان و خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی و ئاسایی و هێمنیشدا منداڵان بەشداری پێناکەن، چونکە لەم وڵاتانەدا یاسای پاراستنی منداڵان هەیە کە دژی قۆستنەوەیانە، هەچ حیزبێکیش سەرپێچی یاساکە بکا و، منداڵان بۆ مەبەستی سیاسی بەکاربهێنێ . . رووبەڕووی لێپرسینەوە و دادگایی و سزادان دەبێتەوە . . هەر خۆشیان لە ئاستێکی رۆشنبیری و هەستیاری ئەوتۆدان کە دڵپاکی و بێتاوانیی منداڵ و منداڵێتی ناشێوێنن . . منداڵان بە سامانی گەلەکانیان دەزانن . . وەکو چۆن بە سۆز و بە پەرۆشن بۆ منداڵەکانی خۆیان . . ئاوهاش بە تەنگی هەموو منداڵانی گەلەکانیانەوە دێن .

با ئێمەی کوردیش، کوردیلەکانمان فێری خۆشەویستی و خوشک و برایی و هاوڕێتی و یەکێتی و سازان و تەبایی و یەکڕیزی و هاودەنگی و هاوکاری و یەکتری قبووڵکردن و ئاشتی و مرۆڤایەتییان بکەین . . نەک فێری ناکۆکی و ململانێ و مشتومڕ و دوژمنایەتی دژایەتی و بەربەرکانی و سووکایەتی و رق و کینەیان بکەین . . با منداڵەکانمان فێری گوڵباران بکەین . . نەک فێری بەردبارانیان بکەین . . با فێریان بکەین بە زمانی گوڵ بدوێن و گفتگۆ بکەن . . نەک بە زمانێکی زبر و بە قسەی رەق و زەق و ناشیرین و نەشیاو . . با بە هەستێکی پاکی کوردایەتی گۆشیان بکەین و، رایان بهێنین، بە سۆز و رێز و خۆشەویستی و بە کوردستان پەروەری پەروەردەیان بکەین و، بە دروستيش رێنمایی و ئاراستەیان بکەین . . نەک بە حیزبایەتی و خۆپەرستی و کەس پەرستی . . با فێریان بکەین کە هاوبەستەبوونیان بۆ کوردستان هەبێ . . نەک بۆ حیزبەکان . . با ئاڵای کوردستان بدەینە دەستیانەوە . . نەک ئاڵای حیزبی . . با فێری ئاشتی و هاوسۆزی و لێبووردنیان بکەین . . نەک فێری شەڕ و قین و تۆڵسەندنەوە . . شوێنی منداڵان قوتابخـانە و یاریـگا و شاری یـارییە . . نەک گۆڕەپـانی بەردەبـاران و شەقامەکـانی خۆپيشاندانی توندوتیژی و توڕەیی و جوێندان و هۆیهاکردن و . . هێڕشکردنە سەر یەکتری. . با فێریان بکەین نیشتمانەکەمان، گەلەکەمان، پێشمەرگە قارەمانمانەکانمان، شەهیدەکانمان، سەرکردە دڵسۆزەکانمان، مامۆستاکانیان، پۆلیسەکانمان و هەموو ئەو دڵسۆزانەش کە دڵسۆزانە خزمەتی کوردستانی شیرینمان دەکەن . . خۆشیان بوێن . . با فێری رەوشتی جوان و داب و نەریتە رەسەنەکانی کوردەواریمان و، بەها پیرۆزەکانی گەلەکەمانیان بکەین . . نەک فێری داب و نەریتێکی سەقەت و، کولتوورێکی نامۆی بێگانەیان بکەین . . مەبەستیشم ئەوە نییە کە داخراوبین و . . سوود لە شتە جوانەکانی گەلانی تر وەرنەگرین . . بەڵام هەموو گەلیکیش داب و نەریت و تایبەتمەندییەکانی خۆیان هەیە و خۆشیان دەوێن و . . شانازییان پێوە دەکەن و . . دەیان پارێزن . . نەوەی ئەمڕۆ بۆ نەوەکانی داهاتوویان دەگۆازێتەوە . . چونکە ئەوە بەشێکە مێژو و کولتوور و کەلەپوریان .

زۆر جاریش راگەیاندنەکان و میدیاکان، دڵپاکی و ساوێلکەی و خۆشبڕوایی منداڵان دەقۆزنەوە و وەکو ماددەیەکی چەور و هەرزان و ئاسان دەیان کەن بە تێشووی راپۆرت و هەواڵەکانیان بۆ مەبەستێکی سیاسی و تایبەتی خۆیان، یان بۆ ئەو لایەنانەی کاریان بۆ دەکەن . . یان لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ ریکلام و بانگەشە و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن . . خۆکاندیدەکانی حیزبەکان بۆ مەبەستی سیاسی و حیزبی و، تایبەتیی خۆیان، منداڵانیان وەکو کەرەستەیەکی ئاسان و سەرنج راکێش بەکارهێناون . . بەبێ ئەوەی کە منداڵان لە مەبەست و لە ئامانجی بەکارهێنانیان بزانن چییە .

داوا لە هەموو حیزبەکان و لایەنەکان دەکەین، چیتر دڵپاکی و ساوێلکەیی کوردیلەکانمان نەقۆزنەوە و، لە هیچ رێپێوان و خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی و توندوتیژی و، ئاساییشدا بۆ مەبەستەکانی خۆیان بەکاریان نەهێنن . . واز لە منداڵان بێینن و چیتر منداڵی و دڵپاکییان مەشێوێنن . . خۆشی و چێژی قۆناخی منداڵییان تاڵ مەکەن . . خەیاڵخۆشی و خەونە سەوزەکانی جیهانی وەنەوشەییان لێ تێکمەدەن . . سەریان لێ مەشێوێینن و . . فێری دژایەتی و دوژمنایەتییان مەکەن . . با بە ئاسوودەیی و هێمنی و خۆشی و ئاشتی بژین . . لە زۆر لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهاندا، قۆستنەوەی منداڵان بۆ مەبەستی سیاسی و حیزبایەتی و بانگەشەی هەڵبژاردنەکان . . هێڵی سوورە و، دەچێتە چوارچێوەی تاوان دژ بە منداڵان . . یا بازرگانی کردن بە منداڵان . . سزایی یاساییان بۆ داناون .

لە کۆتاییدا، بە توندی ئیدانەی گۆڤاری ( شارلی هیبدۆ ) دەکەین . . لەو سۆکایەتی و بێڕێزییەی کە بە کاکەلەی شەهید ( ئالان کوردی ) کردی . . کە لە هەفتەی رابردوودا لە وێنەیەکی کاریکاتێریدا لە ژێر ناوی (چارەنووسی ئالان چی دەبوو ئەگەر گەورە بوایە) . . نووسیبوویان گەر ئالان لە ژیاندا بمایا و گەەورە بوایە . . لە ئەڵمانیادا دەستدرێژیی بۆ سەر ئافرەت دەکرد . . بڵاوکردنەوەی ئەم کاریکاتێرە، کارێکی رەگەزپەرستی و قێزەوەن و بێڕەوشتییە . . سوکایەتی کردنە بە سەرجەم منداڵانی جیهان، بە تایبەتيش بە منداڵانی کورد . . چونکە لە جیهاندا لە منداڵان دڵپاکتر و بێتاوانتر نییە . . منداڵان هێمای دڵپاکی و بێتاوانین . . شایەنی ئەوە نین کە سوکایەتی و بێڕێزییان پێبکرێ . . ئەی ئەم گۆڤارە بۆ پێشبینی ئەوەی نەکردووە، ئەگەر ئالان کوردی بمایا و گەورە بوایە، رەنگە ببوایە بە پارێزەرێک و داکۆکی لە مافەکانی ئافرەتان و، لە ستەملێکراوان و، لە ماف خراوان بکردایە . . یا ببوایە بە مامۆستایەک و ساڵانە بەدەیان منداڵی فێربکردایە . . یا ببوایە بە زانایەکی داهێنەر و مرۆڤی خەنی بکردایە . . یا ببوایە بە هاوڵاتییەکی دڵسۆزی ئەڵمانیا و، خۆشەویستی و هابەستەبوونی بۆ ئەڵمانیا ببوایە . . ئێمەی کورد رێز و خۆشەویستییەکی تایبەتیمان بۆ گەلی فەرەنسی هەیە . . هەردەم خۆمان بە قەرزاری خانمە ئازادیخواز و مافدۆستی فەرەنسی . . دۆستی زۆر دڵسۆزی کورد، خاتوو ( دانیال میتیران ) ی نەمر دەزانین . . کە هێندەی نەمابوو ببێت بە قوربانی کورد . . بۆیە پەیوەندی نێوان کورد و فەرەنسا زۆر لەوە بەرزترە . . کە بە کاریکاتێرێکی قێزەوەنی ( شارلی هیبدۆ ) درز بکەوێتە نێوانمانەوە . . راستە کە ئەو کاریکاتێرە هەستی هەموو کوردێکی بریندار کرد . . بەڵام ئەگەر بووش بە مایەی سوکایەتی و بێڕێزی و شەرمەزاری و رق لێبوونەوەە و بێزکردنەوە لە خودی گۆڤارەکەی خۆیان شارلی هیبدۆ . . چونکە تا ئێستا لە هەموو دنیاوە، بە هەزاران تف و نەفرەتیان لێکردوون و، بە کارێکی رەگەزپەرستی و قێزەوەنی دەزانن .