١ـ چیرۆکی ئاوێنە :

لە وڵاتی هیندستاندا، لە سەردەمێکی کۆندا، پێاوێک لەگەڵ خێزانەکەیدا، لە کێڵگەیەکدا دەژیان . . هیچ کەسێکی ئەم خێزانە ئاوێنەیان نەبینی بوو .
رۆژێک پیاوەکە لە کێڵگەکەیدا ئاوێنەیەکی خڕی بچکۆلەی گیرفان دەدۆزێتەوە . . کە سەیری ئاوێنەکەی کرد و . . وێنەکەی خۆی تێدا بینی . . وای زانێ ئەمە وێنەی باوکی کۆچکردوویەتی . . زۆر دڵی خۆشبوو، ئاوێنەکەی خستە گیرفانییەوە، هەموو رۆژێک بە نهێنی سەیری ئاوێنەکەی دەکرد و قسەی لەگەڵ وێنەکەی خۆیدا دەکرد، دەشیگوت : " باوکە گیان تۆ کوتومت لە من دەچیت . . قسەکانی منیش دووبارە دەکەیتەوە . . !؟ "
ژنەکەی هەستی بە شتێک کرد و، لە مێردەکەی کەوتە گومانەوە . . رۆژێک پیاوەکە ئاوێنەکەی لە بیرچوو بوو، لە ماڵەوە لێی بە جێمابوو . . ژنەکەی ئاوێنەکەی بینی، سەیری ئاوێنەکەی کرد، کە وێنەکەی خۆی لە ئاوێنەکەدا بینی . . دڵی داخورپا و گوتی : " ئەها، دۆزێمەوە . . ئەمە ئەو ژنەیە، کە هەموو رۆژێک مێردەکەم بە دزیی منەوە قسەی لەگەڵدا دەکات . . ئەمە کوێی لەمن جوانترە . . قبووڵی ناکەم ؟! " ژنەکەی زۆر تووڕە بوو، بە بۆڵە بۆڵ چوو بۆ لای خەسووەکەی و، ئاوێنەکەی دایە دەستی و پێی گوت : " پووری گیان بڕوانە، کوڕەکەت، هەموو رۆژی بە دزیی منەوە لەگەڵ ئەم ژنەدا قسەدەکات، ئەمە کێیە . . ؟! " کە خەسووەکەی سەیری ئاوێنەکەی کرد و وێنەکەی خۆی لە ئاوێنەکەدا بینی . . دڵی بووکەکەی دایەوە و پێی گوت : " رۆڵە گیان، دڵگران مەبە، غەم مەخۆ . . چونکە ئەم ژنە پیرە و، لەوانەیە بەم زووانە بمرێت . . "

٢ ـ پاشا گرەوەکەی دۆڕاند :

پاشایەک هەبوو، زۆر حەزی لە پێکەنین و قسەی خۆش و فشە و فیشاڵ و درۆ دەکرد . . رۆژێک پاشا گرەوێکی راگەیاند، گوتی : " هەچ کەسێک، هەر درۆزنێک، درۆیەکم بۆ بکات و، بڕوا بە درۆکەی بکەم، ئەگەر پێم گوت ـ درۆدەکەی ـ بەڵێن بێت، نیوەی وڵاتەکەمی پێشکەش دەکەم . . " . . درۆزنەکان بۆ بردنەوەی گرەوەکە کەوتنە خۆیان.

رۆژی یەکەم، بەرگدروویەک چوو بۆ لای پاشا و، گوتی : " خاوەن شکۆ، ئەم نێوەڕۆیە بینیم، ئاسمان دڵی دڕاوە و، ئاوی لێدەچێت، منیش بە پەلە مەکینەکەم هەڵگرت و، فڕیم بۆ ئاسمان و، بە چرکە ساتێک جوان دڵی ئاسمانم دوورییەوە "
پاشا : " دەستەکانت خۆشبێ، کارێکی چاکت کردووە "
بەرگدرووەکە بەبێ ئومێدی گەڕایەوە . . چونکە پاشا پێی نەوت درۆدەکەی .

رۆژی دووەم، شوانێک چوو بۆ لای پاشا و گوتی : " خاوەن شکۆ، من منداڵ بووم، باپیرم قەڵەنگێکی زۆر درێژی هەبوو، سەد باڵ درێژ بوو، بە چاوی خۆم بینیم باپیرم لە دوورەوە بەو قەڵەنگەی مەڕەکانی پێ لێدەخوڕی . . "
پاشا بە شوانەکەی گوت : " ئەو قەڵەنگەی باپیرت، لە شوولکی چەمەکەی باپیری من بڕی بووی، لەو کاتەدا، چەمەکەی باپیرم، شوولکەداری لەوەش بەرزتری تێدا بوو "
شوانەکەش بەبێ ئۆمیدی دەرچوو، چونکە پاشا بە ئەمیشی نەوت درۆدەکەی .

رۆژی سێیەم، پیاوێکی هەژا، قزناغێکی گەنم پێوانی پێبوو، چووە لە بەردەمی پاشا دا، وەستا و سەیری دەکرد، بێ ئەوەی هیچ قسەیەک بکات .
پاشا " ها مامە گیان، چیت دەوێت ؟ ئەو قزناغە دارە چییە بە دەستەوە . . ؟!
پیاوە هەژارەکە : " خاوەن شکۆ، ساڵی پار، دە قزانغ بەم قزناغە، زێڕی خاوێنت لە من قەرزکرد . . هاتووم قەرزەکەم بدەیتەوە "
پاشا ـ بە تووڕییەوە : " ئەوە دەڵێی چی . . ؟ من زێڕم لە تۆ قەرزکردووە . . ؟! "
پیاوە هەژارە : " بەڵی خاوەن شکۆ، دیارە لە یادت نەماوە . . یان ناتەوێ بمدەیتەوە "
پاشا : " درۆدەکەی "
پیاوە هەژارەکە : " کەواتە گرەوەکەم لێت بردەوە، چونکە تۆ بەڵێنت دا، بە هەرکەسێ بڵێیت ـ درۆدەکەی ـ نیوەی وڵاتەکەتی پێشکەش بکەیت . . ئێستاش خۆت یەکلایی بکەرەوە . . یا دە قزناغ زێڕم بدەرێ، یا نیوەی وڵاتەکەتم بدەرێ . کامیانم دەدەیەتێ ؟ "
پاشا لە زیرەکی ئەم پیاوە هەژارە سەری سوڕما . . دانی بە دۆڕاندنەکەیدا نا و، ناچار بوو کە یەکێکیان قبووڵ بکات .

(*) ئەم دوو چیرۆکە بە دەستکارییەوە، وەرگێڕانەتە سەر زمانی کوردیمان .

 

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.