زۆر جاردایک و باوک، بە تایبەتیش دایک دەبینێ کە کۆرپە خۆشەویستەکەی بەدەم خەوەوە زەردەخەنەیەکی گەورە دەکات یا پێدەکەنێ . . لە کوردەواری و لە لای گەلانی تریشدا، هەر وا باوە، کە دەڵێن : " کۆرپـەکەم بەدەم مەلائیکەوە پێدەکەنێ " یا دەڵێن : " مەلائیکەکانن ختووکەی کۆرپەکەم دەدەن و یاری لەگەڵدا دەکەن " رەنگە ئەم قسەیە زیاتر گوزارشت بێ لە بێتاوانی و لە پاکی منداڵان .
بێگومان گەورە و بچووک خەودەبین . . تەنانەت بەشێکی زۆریش لە شاعیران و لە نووسەرانی ناسراوی جیهانی، بۆ گوزارشت کردن لە ناخیان پەنایان بۆ خەون بردووە . . وەکو دەزانین کە یەکەمین چیرۆکی نووسراوی کوردی لە نووسینی ( جەمیل سائیب) بە ناوی ( لە خەوما ) یە، کە لە ساڵی ( ١٩٢٥) دا نووسیوێتی . . یەکێکیش لە شاکارە شانۆگەرییەکانی ( ولیام شەکسپیر ) لە ژێر ناوی ( خەونی نیوەشەوێکی هاوین ) ە .

خەون چییە ؟

تا ئەمڕۆش را و لێکدانەوە و شرۆڤەکانی زانا دەرونییەکان دەربارەی سروشت و هۆکارەکان و شێوەکان و راستییەکانی خەونەکانی منداڵان هاوڕانین و بۆچوونی جیاوازیان هەیە . . تا ئێستا پێوەر و پێناسەیەکی جێگیر بۆ خەونەکانی منداڵان نییە . . بەڵام زاناکان لە هەندێ خاڵ و بۆچووندا، لێکەوە نزیک یا یەکدەگرنەوە . . زانایانی پەروەردە، سەرەڕای ئەوەی کە پێیان وایە کە خەوبینین ( خـەون ) لە ئەنجامی هەڵوێستە خۆش و ناخۆشەکاندا کە دووچاری منداڵ دەبن . . کەچی هەر ئەم زانایانە لە بەردەم پرسیارگەلێکدا راماو و داماون . . بۆ وەڵامدانەوەی راستی خەونەکانی ئەو منداڵانەی کە تەمەنیان لە سێ مانگ کەمترن . . کە لە تەمەنێکدا هێشتا بە باشی هەست بە دەوروبەری خۆیان ناکەن . . ئەم منداڵانە بۆ خـەون دەبینن ؟ ئاخۆ دەبێ خەو بە چییەوە ببینن ؟ دەبێ لە خەونەکانیاندا چ رازێک هەبن ؟ ئەی چۆن ئەو زەردەخەنەیەی منداڵێکی تەمەن چەند رۆژی کە لە شیرینی خەودا دەیکات لێکیبدەنەوە . . ؟
دکتۆر (جودی مەنل ) دەڵێ : " مادام هێشتا منداڵ زمانی نەگرتووە، خەونەکانیان خەیاڵی بێ گفتوگۆن "

زۆر جار ئەم قسەیەمان لە دەمی دایکان و باوکانی کوردمان گۆێ لێبووە کە دەڵێن : " منداڵ بە رۆژ چی بێتەرێی . . بۆ شەوەکەی ئەو رۆژە ئەو بەسەرهاتانە دێنەرێی . . "
لە ئەمڕۆدا زانایانی دەروونناسی بە تەواوی لەگەڵ ئەو بۆچوونەی دایکان و باوکانی کوردان . . ئەمانیش پێیان وایە کە منداڵ بە رۆژ چی ببینێ بۆ شەوەکەی دێنە خەونی . . هۆیەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، کە ئارەزووەکانی منداڵ زۆری لێدەکەن کە ئەو زیندەخەونانەی بە راستی لە رۆژدا بۆی نەهاتنەدی . . لە خەونەکانیدا بیان هێنێتەدی . . یا دەشێ لە چارەسەرکردنی کێشەکانیدا شکستی هێنابێ، دەیەوێ لە خەونەکانیاندا بە سەریاندا زاڵبێ و چارەسەریان بۆ دابنێ . . یا دەشێ لە لایەن خێزانەکەیەوە، یا لە لایەن مامۆستاکەیەوە، یا هەر کەسێکی ترەوە، لۆمە و رسوا و رووشکێن و دڵشکێن کرابێ، یا هەڕەشەیان لێکردووبێ و نەیتوانیوە بەرگری لە خۆی بکات . . خەون بەوەوە دەبینێ کە لە خەونەکەیدا، لەوان بەهێزترە و، تۆڵەی رسواکردنەکەی لەو کەسانە دەکاتەوە . . یا خەون بە بابەتێکی یارییەوە دەبینێ، بە پاسکیلێک، بە بووکەڵەیەک، بە تۆپێکی قنج، بە جلوبەرگێکی جوان، بە سەیران و گەڕان، بە چوون بۆ شاری یاری( چاڤی لاند )، بە شایی و هەڵپەڕکیوە، . . . هتد . . یا خەون بە یارمەتیدانی کەسێکی داماوەوە دەبینێ، بەزەیی بە زۆرلێکراوێکدا دێتەوە، دەستی یارمەتی بۆ گەدایەک درێژ دەکات . . . هتد .
یا چیرۆکێکی خوێندۆتەوە یا گوێ لێبووە، سەرسامی پاڵەوانی چیرۆکەکە بووە و، لە خەونیدا واهەست دەکات کە بە راستی بووە بە ئەو پاڵەوانە سەرکێشییەیی چیرۆکەکە یا داستانەکە . . ئەمانە و بە دەیان خەونی بێسنووری تری منداڵان .

زانایانی دەروونناسی جەخت لەسەر ئەوەش دەکەنەوە . . کە خەونی منداڵان هەمیشە پەنجەرەیەکە بۆ جیهانی دەروونیان . . دەتوانن لە میانەی خەونەکانیانەوە، ئەوە بزانن کە چی لە هۆشی ناوەوەی منداڵاندا هەیە . . یا لە ژیانیاندا گرفتاری چی بوونە .
شارەزایانی خەونەکانی منداڵان، ئامۆژگاری دایکان و باوکان دەکەن، کە خەونەکانی منداڵەکانیان پشتگوێ نەخەن و، بە شتی پڕوپۆچ و هەلەق و مەلەق و بێ مانا ناویان نەبەن . . چونکە ئەو خەونانە ئاوێنەن بۆ زانینی هەستە جیاوازەکانی منداڵەکانیان . . تا تووشی خەمۆکی نەبن . . خەمۆکيش نەخۆشییەکی بڵاوی نێو منداڵانە . . منداڵانیش وەکو گەورەکان دووچاری دڵەڕاوکێ دەبن و، هەست بە ئازارەکان دەکەن .

جۆرەکانی خەونەکانی منداڵان :
١ـ خەونی سادە و راسەوخۆ : وەکو ئەوەی کە منداڵ خەون بە بوونی شتێکی جوانەوە ببینێ، بە ملوانکەیەکی جوان، بابەتێکی یاری، . . . هتد. دەکرێ ئەم خەوانە بهێنرێنەدی .
٢ـ خەونی ترسناک : وەک ئەوی کە منداڵ لە خەونیدا، ئاژەڵێکی دڕندە پەلاماری دەدا . . یا وا هەست دەکات کە دایک و باوکی لێی دابڕاون و، بە بێکەسی ماوەتەوە . . یا شەڕانگێزێکی چەقاوەسوو شەڕی لەگەڵ دەکا . . یا دایکی ترساندووبی و پێی وتووبێت ئەگەر نە خەوي بانگی : گورگ، کەمتیار، سەگ، دێودرنج، چەقەڵ، شومقار، . . . هتد بۆ دەکەم، کە بێن حەپەلۆشت بکەن . ئەم ترساندن و هەڕەشانە دێنە خەونەکانی و وا هەست دەکات کە بە راستی پەلاماری دەدەن و توانای بەرگریکردنی نییە . . بەدەم زیڕان و گریانەوە لە خەو رادەپەڕێ و هەڵدەسێ . . پێویستە دایک ئاگای لەم خەونانە بێ و، هەوڵی هێورکردنەوەی منداڵەکەی بدا و دەست بە سەریدا بێنێ و سۆز و خۆشەویستی پێببەخشێ و . . دڵنیای بکاتەوە و پێی بڵێ ئەی ئەوە نییە من لێرەم . . لە راستیشدا ئەم جۆرە خەونانە تا رادەیەک ترسناکن، چونکە گوزارشت لە دۆخێکی خراپی منداڵ دەکەن کە پێیدا تێدەپەڕێ . . رەنگە کاردانەوەیەکی خراپیشیان لەسەر ئایندەی منداڵ هەبێت، یا لەوانەیە تووشی نەخۆشی دەروونی بکەن . . زۆر لەو نەخۆشییە دەروونییانەی کە تووشی گەورەکان بوونە، دەگەڕێێنەوە بۆ ترس و تۆقین و ئەو بەسەرهاتە ترسناکانەی کە لە قۆناغی منداڵییاندا دووچاری بوونە . . کەواتە دایک و باوک رۆڵێکی نەرێنییان لە ترساندنی منداڵەکانیاندا هەیە .

زۆر جاریش منداڵان لە میانەی هێزی هۆشیانەوە، خەونی خەیاڵی خۆش و باش بە داهێنانەوە دەبینن . . تاقیکردنەوەی سەرکەوتوو ئەنجام دەدەن . . یا پیاوەتی و چاکە دەکەن . . بەزەییان بە کەسانی بێدەرتان دێتەوە و، یارمەتی داماوان دەدەن . . یا بیر لە ئازایەتی و قارەمانێتی دەکەنەوە و بەرگری لە زۆرلێکراو دەکەن . . یا دەبن بە لە خەونەکانیاندا دەبن پێشمەرگە و پارێزگاری لە کوردستان دەکەن . . ئەم خەونانە زۆر بەسوودن و ئەرێنین . . گوزارشتن لە خۆشنوودی و لە دڵنیایی و ئاسوودەیی و متمانە بەخۆبوونی منداڵان . . لەوانەشە خەونەکان بووبن بە ئیلهام و بنەما بۆ بەرجەسەکردن.

پێویستە لەگەڵ منداڵاندا باسی خەوبینین بکرێت . . تا ببێتە بابەتێکی ئاسایی و خەیاڵیان بۆ دوور نەچێت . . کە منداڵێک خەون دەبینێ و دەیگێڕێتەوە، تەنانەت گەر خەونەکەی مایەی پێکەنینیش بێ، یا ترسناکیش بێت . . هەرگیز نابێت گاڵتەی پێبکەن . . چونکە هەستکردنی منداڵ بە دڵنیایی و ئاسوودەیی و رێزگرتن، لە نێوان خێزانەکەی لە ماڵەوەدا زامنن بۆ ئەوەی پەنا بۆ جیهانی منداڵی پاک و خۆشبڕوایی بەرێت .

خەونەکانی منداڵان بەپێی تەمەنیان :

منداڵ تا گەورەبێت، خەونەکانیشی دەگۆڕێن . . بە هۆی زیاتر شارەزایی و هەستکردنی و پێگەیشتنی سۆزداری و زیاتر تێگەیشتن و چاوکراوەیی . . ئەمانە دەبنە هۆی ئەوەی کە خەونەکانیشی قووڵتر و ئاڵۆزتربن .
١ـ خەونەکانی منداڵان لە تەمەنی دوو بۆ پێنج ساڵان : لەم تەمەنەدا ئاژەڵە ماڵی و کێوی و دڕندەکان کاریگەرییەکی زۆریان لە خەونەکانی منداڵاندا هەیە . . ئەم خەونانەش دڵخۆشکەرنین . . منداڵان دووچاری ناخۆشی و دڵتەنگی دەکەن . . چونکە ئاژەل بە لای منداڵانی ئەم تەمەنەوە هۆی ئازاردانی مرۆڤن . . بۆیە خۆشیان ناوێن . . یان لەوانەیە کەسانێک ئازاریان دابن، یا هەڕەشەیان لێکردوون، ئەو کەسانە لە شێوەی ئاژەڵێکی دڕندەدا دێنە خەونیان . . ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە پەیوەندیی باشیان لەگەڵ ئەم کەسانەدا نەبێت .

٢ـ خەونەکانی منداڵان لە تەمەنی پێنج ساڵیدا : خەونەکانی منداڵان لەم تەمەنەدا، پەیوەندییان بە خودی کەسێتی خۆیانەوە هەیە، لە خەونەکانیاندا خۆیان بە تەوەر و بە پاڵەوان و کاراکتەری خەونەکانیان دەزانن . . لە خەیاڵیاندا بە گەلێ شێوە خۆیان دێتە بەرچاو، خۆزگەی ئەوە دەخوازن کە بەو شێوەیە بن . . منداڵان لەم تەمەنەدا هەست بە دەوروبەریان دەکەن و بەو شتانەش کە پەیوەستن بە کەسایەتییانەوە . . دەشێ خەون بە چەند تاقیکردنەوەیەکەوە ببینن . . هەر بە تاقیکردنەوەش لەو کەسانە بگەن و بناسن کە کاریگەریان لە سەریان هەیە .

٣ـ خەونەکانی منداڵان لە دوای تەمەنی پێنج ساڵییەوە : لەم قۆناغەدا منداڵان بە زۆری پەیوەندییان بە ژینگەی دەوروبەری خۆیانەوە هەیە . . خۆیان تەوەری خەونەکانیان نین . . لەوانەیە وەک بینەر دەرکەون و، بەشداریکردنیان نەبێت . . جیاوازی ئەم قۆناغەش لەوەدایە، کە خەونەکانیان بزوێنەر نین . . بە زۆری لەو دیمەنانە دەڕوانن کە تایبەتن بە ژینگەکەیانەوە . . زۆربەی خەونەکانیشیان ترسناکن، دەربارەی ئەو شتانەن کە لە دەمی گەورەکانەوە دەیان بیستن، کە هەندێکیان بوونیشیان نییە و منداڵان بە چاوی خۆیان نەیان بینیون، لە شێوەی دڕندەی ئازاردەردا، لە خەیاڵیاندا بەرجەستە دەبن و، لێیان دەترسن : وەکو دێوودرنج، جنۆکە، شومقار، ئەژدیها، دز، و کەسانی چەقاوەسوو . یان ئاژەڵی ئازاردەری وەکو : گورگ، کەمتیار، ورچ، سەگ، پشیلەی بەرەڵا، . . هتد . کە دێنە خەونیان و پەلاماریان دەدەن . . دووچاری ترس و ناخۆشی و خەیاڵ ئاڵۆزییان دەکەن . . لە باخچەی ساوایانی وڵاتانی رۆژئاوا هەر لە منداڵییەوە . . منداڵان لە ئاژەڵەکان نزیک دەکەنەوە و دەیان چەند جارێک دەیان بەن بۆ باخچەی ئاژەڵان بۆ ئەوەی هەر لە منداڵییەوە ترسیان لەم ئاژەڵانە نەبێت . . بگرە من بە چاوی خۆم بینیم دادەکانیان سەگ و پشیلەیان دەبردە پۆلەوە و، یەک بەیەکی منداڵەکان دەستیان بە پشتی سەگەکە و، پشیلەکە دەهێنا و، بناغەی پەیوەندییان لەگەڵ ئەو ئاژەڵانەدا دادەنا. . نە سەگ بە منداڵان دەوەڕێن و . . نە منداڵانیش بەردیان تێدەگرن .

٤ـ خەونەکانی منداڵان لە تەمەنی هەشت بۆ دە ساڵان : جیاوازی ئەم قۆناغە لەگەڵ قۆناغەکانی تردا، خەونەکانی منداڵان بریتین لە مۆتەکە ( کابوس : وشەی کابوس کە عەرەب بەکاری دەهێن لە وشە رەسەنە یۆنانییەکەوە وەرگیراوە ) ترسەخەونێکن زیاتر لەوەی کە خەونی ئاسایی بن، منداڵان لە خەونەکانیاندا، وا هەست دەکەن کە لە لایەن کەسانێکی ئازاردەر، یا ئاژەڵێکی دڕندەوە راودەنرێن و . . دەیانەوێت لێیان دەربازبن . . توانای راکردن و دەربازبوونیشیان نییە . . یا هەست بە نائومێدی و شکستی دەکەن . . هەموو ئەمانە مۆتەکە و ئازاردەرن . . بە زۆریش لە دوای پێنج کاتژمێری یەکەمی نووستندا، مۆتەکەی ناخۆش دێنە خەونیان . . بە تایبەتیش ئەو منداڵانەی کە لەسەر لا دەخەون، ئەگەرچی نووستن لەسەر لا، باشترین شێوەی نووستنە .

٥ـ خەونەکانی منداڵان لە دوای تەمەنی دە ساڵان تا چواردە ساڵان : خەونەکانی منداڵان لە دوای دە ساڵییەوە، بەوە زانراوە کە سەرچاوەکانیان لە دەرەوەی خودی منداڵان دان، لە شتەکانی دەوروبەریانەوە دێن . . کاریگەرییان لەسەر بیر و شارەزاییان هەیە .

مۆتەکە چییە ؟
رەنگە ئەمە بەسەری هەمووماندا هاتووبێت، کە چەند جارێک لە خەونەکانماندا، وا هەستمان کردووە کە شتێک یا تارماییەک خۆی بەسەر سنگماندا داوە و، ترساوین و توانای جووڵەکردنمان نەبووە . . تا خەبەرمان بۆتەوە . . ئەم ترسەش مۆتەکەیە .
مۆتەکە، خەونێکی ترسێنەر و ناخۆشە، لە کاتی نووستندا تووشی مرۆڤ دەبێت، بە زۆریش لە کۆتایی خەوتندا . . لە نیشانەکانی مۆتەکە، چاوەکان بە خێرایی دەبزوێن و، هەست بە ترس و بە دڵڕاوکێیەکی بەهێز دەکرێ. لە (٥٠ . / . ) ی گەورەکان، زیاتریش ژنان دووچاری مۆتەکە دەبن . . پزیشکە دەروونییەکان پێیان وایە یەکێک لە هۆیەکانی مۆتەکە نانخواردنێکی زۆرە لە پێش نووستندا . . مۆتەکە پێویستی بە چارەسەر نییە .
مۆتەکەش لە خەونەکانی منداڵاندا بڵاوە . . تا باڵق و گەورەتربن کەمتر دەبێتەوە . . مۆتەکەی منداڵان، کەمێک جیاوازی هەیە لەگەڵ مۆتەکەی گەورەکاندا، لە رووی هۆیەکان و ناوەڕۆک و رێگاکانی چارەسەرکردن و خۆپاراستن .
مۆتەکە لە لای منداڵان، خەونێکی ترسناکە، کە منداڵان لە کاتی نووستندا دەیبینن، دەبێتە هۆی ترس و ناڕەحەتی و ناتوانن درێژە بە خەوەکانیان بدەن، لە خەو رادەپەڕن و هەڵدەستن . . تا هێور دەکرێنەوە و ترسەکەیان دەڕەوێتەوە . . پزیشکەکان دەڵێن لە چوار منداڵدا، منداڵێک لە هەفتەیەکدا جارێک یا زیاتر، بە شێوەیەک لە شێوەکان دووچاری خەونی ترسناک و بێزارکەری شەو دەبێت، بە زۆریش لە نێوان کاتژمێری چوار بۆ شەشی بەیانی . . منداڵ بەدەم هاوار و گریانەوە، یا بەبێ گریان، لە خەو رادەپەڕێ و، هەست بە ترس و بێ ئارامی دەکات . . زۆر جاریش ژوورەکەی خۆی بەجێدەهێڵێت و، روو لە ژوورەکەی دایک و باوکی دەکات . . بۆ ئەوەی لە پاڵ ئەواندا هەست بە پاراستن و دڵنیایی و ئاسوودەیی بکات و، بەبێ ترس و بە دڵنیایی بنوێت .
ئەوەی لەم کاتەدا لەسەر دایک و باوک پێویستە و سوودی زۆری بۆ منداڵەکەیان هەیە، ئەوەیە کە دەست بەسەر منداڵەکەیاندا بهێنن و، سۆزی خۆشەویستی پێببەخشن . . بە دڵنەرمی و شیرینی لەگەڵیدا بدوێن، نەک لێی توڕەبن و بە ترسنۆک ناوی بەرن .
لەوانەیە منداڵەکەیان خەونەکەی بۆ دایک و باوکی بگێڕێتەوە . . بۆ ئەوەی ترسی خۆی پێشان بدات و، نەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ جێخەوەکەی خۆی . . بۆ ئەوەی دووبارە تووشی هەمان مۆتەکە و ترسەشەو نەبێت .
پێویستە دایکان و باوکان نە باسی مۆتەکە و، ئەو دەعبایانەی کە هاتوونەتە خەونی منداڵەکانیان نەکەن . . بەڵکو قسەی شیرین و خۆش و پێکەنینیان بۆ بکەن . . تا هەست بە ئارامی و دڵنیایی بکەن و . . بگەڕێنەوە بۆ ژوورەکانی خۆیان .
هەندێ لە زانایانی دەروونی، مۆتەکەی منداڵان بەوە دەزانن، کە جۆرێکە لە( فـۆبیا ) واتە ( نەخۆشی ترس ) کە لە میانەی ئەم خەونانەوە دەردەکەون . . لەوانەیە فۆبیا لە ئاژەڵ و لە تاريکی و لە بەرزایی بێت . . کە منداڵان لە میانەی خەونە ناخۆشەکانیاندا، لە شەودا بیان بینن .

هۆیەکانی ترسەشەو و مۆتەکەی منداڵان :
١ـ کەمی خۆشەویستی و سۆزداری و بایەخپێدان بە منداڵ .
٢ـ لۆمەکردن و شکاندنەوە و تەریقکردنەوەی منداڵ . . یا توڕەبوون و نەڕاندن بە سەریدا . . یا لێدانی بە دڵڕەقییەوە لە لایەن دایک و باوکی یا لە لایەن مامۆستاکەیەوە.
٣ـ ناکۆکی و دەمەقاڵییە زۆرەکانی نێوان دایک و باوکی .
٤ـ ململانێی دەروونی منداڵ و، رکەبەرایەتی لەگەڵ هاوڕێکانیدا .
٥ـ تووشبوونی منداڵ بە هەندێ نەخۆشی، وەکو: تا و، هەرسکردنی بەزەحمەت .
٦ـ کارتێکردنی منداڵ بە بینینی فیلمی کارتۆنی توندوتیژ، لە تەلەفزیۆنەکانداندا . . یا بینینی ئەو دراما و فیلمانەی توندوتیژی و شەڕ و کوشتن و بڕینیان تێدان .
٧ـ ترساندنی منداڵ بە شتی ترسناک یا ئاژەڵی دڕندە، وەکو : گورگ، کەمتیار، . . . هتد .

چەند هەنگاوێک بۆ چارەسەری ترسەشەو و مۆتەکەی منداڵان :

١ـ پێویستە هەمیشە چاودێری منداڵەکانتان بکەن . . تا بزانن لە چی دەترسن .
٢ـ دوورخستنەوەی منداڵەکانتان لە سەیرکردنی فیلمی کارتۆن ترسناک و لەو فیلم و درامایانەی، کە توندوتیژی و شەڕ و ئاژاوە و کوشتن و بڕینیان تێدایە .
٣ـ وا لە منداڵەکانتان بکەن کە لە دڵەڕاوکی و شڵەژان و مشتومڕ دوور بکەونەوە .
٤ـ لۆمە و رووشکێنی منداڵەکانتان مەکەن و، لێیان مەدەن بە تایبەتیش پێش نووستن.
٥ـ لە نزیکەوە بە نەرم و نیانی گفتوگۆ لەگەڵ منداڵەکانتاندا بکەن . . بۆ ئەوەی وایان لێبکەن کە باسی ئەوەتان بۆ بکەن کە رۆژانە لە چی ترساون و دەترسن .
٦ـ بەر لە نووستن بە شێوازێکێ خۆش چیرۆکی خۆشیان بۆ بگێڕنەوە، یا بخوێننەوە .
٧ـ هەڕەشە لە منداڵەکانتان مەکەن و . . بە ناوهێنانی ئاژەڵی دڕندە و دەعبا و شتی
ترسناک مەیان ترسێنن .
٨ ـ لە ژووری نووستنی منداڵەکانتاندا . . رووناکییەکی کز هەڵبکەن .
٩ـ زانایان بە باشیان زانیوە . . کە منداڵان بەر لە نووستن چەند چالاکییەکی هێمنانە ئەنجام بدەن و . . دووشێک بکەن .
١٠ـ ترسی منداڵەکانتان مەشارنەوە و پێیان مەڵێن : " ئەمان خەونن و هیچی تر نین " بەڵکو پێیان بڵێن : " ئێمە دەزانین مۆتەکە واتان لێدەکات کە هەست بە ترس بکەن . . بەڵام لە راستیدا ئەمە روونادات . . بەڵگەش ئەوەیە لە خۆتان بڕوانن . . تووشی هیچ ئازار و شتێک نەبوونە . . ئێمەش وەکو ئێوە منداڵ بووین و مۆتەکە دەهاتە خەونمان . . ئەوەتاین ئێمەش هیچمان لێنەهاتووە " بەم قسانە دڵنیایی بە منداڵەکانتان دەبەخشن .
١١ـ هەندێ جار مۆتەکە رەنگدانەوەی ترس و ململانییەکانی ژیانن . . لە منداڵەکانتان بگەڕێن با چییان لە خەونەکانیاندا بینیون بۆتانی بگێڕنەوە . . ئەمە واتان لێدەکات کە چیبکەن و، چۆن یارمەتی منداڵەکانتان بدەن و، بیر لە چارەسەرکردنیان بکەنەوە . . بۆ ئەوەی بەسەر ئەم ترسەشەو و مۆتەکانەدا زاڵبن .
١٢ـ کە منداڵەکانتان لە خەونەکانیاندا لە ترسان خەبەریان دەبێتەوە . . بە زۆر مەیان خەوێنن . . بۆ ماوەیەک لەگەڵیاندا بمێننەوە و بە زمانێکی شیرین و نەرم و نیان قسەی خۆشیان بۆ بکەن . . تا هەست بە دڵنیایی و ئارامی و ئاسوودەیی بکەن .
١٣ـ کە منداڵەکانتان دەترسن . . مەیان بەن بۆ ئەوەی لە لای خۆتان بیان خەوێنن . . ئەمە وایان لێدەکات، وا بزانن کە جێی خەوەکانیان ترسناکە .
١٤ـ کە منداڵەکانتان دووچاری ترسەشەو و مۆتەکە دەبن . . ژوورەکانیان رووناک مەکەنەوە . . چونکە ئەمە وایان لێدەکات کە لە تاریکی بترسن . . با ئەو رووناکییە گزە لە ژوورەکانیاندا وەکو خۆیان بمێننەوە .
١٥ـ کە منداڵەکانتان لە ترسان خەبەریان بۆوە، خواردنیان پێمەدەن . . بۆ ئەوەی ئێوە تێربن و زووتر بگەڕێنەوە بۆ ژوورەکانیان . . ئەگینا منداڵەکانتان لەسەری رادێن و، هەموو شەوێک هەست بە برسێتی دەکەن . . بەڵام قەیناکە کەمێک ئاویان بدەنێ .
١٦ـ گەر منداڵەکانتان چەندین جار دووچاری ترسەشەو و مۆتەکە بوون . . پشتگوێیان مەخەن، پێویستە بیان بەن بۆ لای پزیشکی پسپۆری دەروونی . . بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستان بۆ دەستنیشان بکات و، کۆنترۆڵی ترسەکانی منداڵەکانتان بکەن. لەم بارەیەوە پرۆفیسۆر ( دیتەر ۆوک ) دەڵێ : " مۆتەکە و ترسەشەو لە ناو منداڵاندا بڵاوە . . بەڵام دووبارەبوونەوەی لە قۆناغی منداڵیدا، ئاگادارییەکە بۆ شتێکی زیاتر ترسناک "
١٧ـ لە بیریشتان نەچێت، کە منداڵەکانتان دەچن بۆ نووستن . . بە روویەکی گەشەوە ماچیان بکەن و. . شەو شادیان لێبکەن و . . هیوای خەوێکی خۆشیان بۆ بخوازن .
١٨ـ هەردەمییش ئەوە دەوترێت : " خۆپـاراستن . . باشترە لە چارەسەرکردن "

ترس دەرکردن لە کۆندا لە ناو کوردەواریدا :

لە کۆندا لە کوردەواریدا، رەنگە لە هەر ناوچەیەکی کوردستاندا، بە شێوەیەک لە شێوەکان دایکان ترسی منداڵەکانیان دەردەکردن : من دوو نموونەی ترس دەرکردنی کوردەواریتان بۆ دەگێڕمەوە . . کە بە منداڵی بە چاوی خۆم بینیومن . . منداڵ بووم ماڵمان لە دێی " گۆگجە " لە ناوچەی " شوان " ی سەر بە کەرکوک بوو . . لە دایکانی دێیەکەمان . . چەند جارێک بینیم بەم دوو شێوەیە، دایک ترسی منداڵەکەی دەردەکرد :

١ـ توانەوەی قوڕقۆشم : جاران قوڕقۆشمی ( رەساس) ی خڕ هەبوو کە بە قەی دەنکە نۆكێك دەبوو . . دایکی منداڵە ترساوەکە، دەنکێ قوڕقۆشمی دەهێنا و، دەیخستە ناو تاوەیەکەوە و، دەیخستە سەر پەرەمێسێکی داگیرساو . . تا بە تەوای ئەو قوڕقۆشمەکە دەتوایەوە و دەبوو بە ( شلە ) . . ئینجا جامێک ئاوی ساردی دەهێنا و . . لە بان سەری کۆرپەکەی ـ ئەو ساوایە لە هیچ شتێک ناگەیشت ـ ( بسم اللە ) ی دەکرد و قوڕقۆشمەی دەکردە ناو ئاوە ساردەکەوە . . چزەیەکی قایمی لێوە دەهات . . قوڕقۆشمەکە یەکسەر دەبووەوە بە قەوارەیەکی رەق . . بەڵام وەکو پێشتر خڕ نابوو . . شێوەیەک دەردەچوو . . ئیتر دایکی منداڵەکە دەیوت . . ئەوە شێوەی سەگە بۆرەیە، کۆرپەکەم لە حەپە حەپی سەگە بۆرە ترساوە . . یا پشیلەکەیە . . یا مانگا زەردە . . ئەگەرچی لە راستیدا لە شێوەی هیچیانی نەدەکرد . . ئینجا دایکەکە سێ جار لەسەر یەکتری دەیوت : " ترسی کورپە جوانەکەم دەرچێ . . " ئەم کارە سێ ئێواران لەسەر یەکتری بە هەمان شێوە، دووبارە دەکرایەوە . . ئەو دایکە بڕوای وابوو کە بە دڵنیاییەوە، ترسی کۆرپەکەی دەرکردووە .

٢ـ بازدانی دایک بە منداڵەکەیەوە بەسەر جۆگەلە ئاو یا ئاگردا : دایک دەمەو ئێوارە کۆرپەی ترساوی لە باوەش دەکرد و . . سێ جار لەسەر یەکتری بەسەر ئەو جۆگەلە ئاوەی ناو حەوشەکەیاندا. . لەگەڵ وتنی " بسم اللە " دا، بازی دەدا . . لە کۆتاییدا لە گەڵ ئەوانەی لە دەوروبەری بوون " حەلەلالااا . . حەلەلالا اا . . حەلەلالا ااا . . " یان دەکرد . . ئەم کارەش سێ ئێواران لەسەر یەکتری دووبارە دەکرایەوە . . دایکەکە بڕوای وابوو کە ترسی منداڵەکەی، کەوتە ناو جۆگەلە ئاوەکە و . . ئاوەکەش ترسەکەی لەگەڵ خۆیدا برد . . یان لە جیاتی جۆگەلە ئاو . . بە هەمان شێوە بەسەر ئاگرێکی بچووکدا سێ جار بازی دەدا . . بڕوای وابوو کە ترسەکە کەوتە ناو ئاگرەکەوە و سووتا .

تا ئەمڕۆش لە زۆر شوێنی کوردسـتاندا، بە تایبەتیش لە باکـووری کوردستاندا . . لە ئێوارەی جەژنی نەورۆزدا . . کە ئاگری نەورۆز دەگرێتەوە . . بە تایبەتیش پیاوان چەند جارێک بەسەر ئاگری نەورۆزدا بازدەدەن . . بڕوایان وایە کە هەموو گوناهەکانیان دەکەوێتە نێو ئاگرەکەوە و، لە گوناهەکانیان پاک دەبنەوە . . یا گەنجان بۆ هێنانەدی نیاز و مەرازیان باز بەسەر ئاگری نەورۆزدا دەدەن .

لە هاوشێوەی ئەم جۆرە نەریتانەی کوردەواری . . لە ناو گەلانی تریشداهەیە . . بۆ نموونە هێندییەکان لە ئاوێ رووبارێکدا خۆیان دەشۆرن و چەند جارێکێکیش خۆیان نوقم دەکەن . . بڕوایان وایایە کە رووبارەکە لە هەموو گوناهەکانیان پاکی کردونەتەوە.

رەزا شوان
نەرویـج : ٣ی / یانوار/ ی ٢٠١٦