وشەی ستراتیژی لە وشە رەسەنە یۆنانییەکەوە ( ستراتیگۆس ) ەوە وەرگیراوە، کە واتای ( هونەری جەنگ) یا ( هونەری سەرکردایەتی لەشکر ) یا پایەی ( ژەنەراڵ )ی دەگرێتەوە . لە سەرەتادا زاراوەی ستراتیژی تەنها لە بوارەکانی لەشکرتاری و پلان و هونەری جەنگدا بەکار دەهێنرا . بەڵام بە درێژایی سەردەمەکانی مێژوو و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و گۆڕاندا، بوو بە زاراوەیەکی گشتی و، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەکار دەهێنرێ، لە بواری : ( سیاسی، ئاسایشی نەتەوەیی، گەشەی ئابووری، تەکنۆلۆژیا، بەڕێوەبردن، پەروەردەیی، رۆشنبیری، پەیوەندیی نێودەوڵەتی، دیبلۆماسی، وەرزشی، پیشەسازی، کشتوکاڵی، پرۆژەکانی ئاوەدانی، گەشتیاری، چاکسازی، جوگرافی، . . . هتد) لە ئەمڕۆدا ستراتیژی بۆتە زانیاری و هونەر . . کە لە میانەی هەبوونەکان و تواناکانی دەوڵەتدا، لە پێناوی هێنانەنەدی ئامانجەکان لە ماوەیەکی نزیک و دووردا .

تا ئێستا لە لایەن بیرمەندانی سیاسی و سەربازییەوە، چەندین پێناسەی نزیک لە یەکتری بۆ ستراتیژی کراوە، کە لە سەرەتادا پێناسەکان بە زۆری بواری جەنگ و پلان و هونەری جەنگیان گرتۆتەوە . . بەڵام لە ئەمڕۆدا ستراتیژی بۆتە زاراوەیەکی باو و بڵاو، بە پێی پەیوەندی بە بوارەکانەوە پێناسە دەکرێ .

کوردستان لە کۆن و لە ئەمڕۆدا، شوێنێکی ستراتیژی زۆر گرنگی هەبووە و هەیە . . کوردستان بێشکەی یەکەمین و رەسەنترین شارستانییە لە هەموو جیهاندا . . شوێنێکی جیۆپۆلۆتیکی گرنگی هەبووە و هەیە، سامانێکی زۆر و زەبەندی هەیە، بە تایبەتیش نەوت و گازی سروشتی و ئاوی شیرین و زەوی بە پیت و ئاوهەوایەکی سازگار و، دیمەنی سروشتی جوانی هەیە . . بۆیە لە کۆنەوە بوو بە ئامانجی داگیرکردنی زلهێزەکان و، بوو بە گۆڕەپانی ململانێ و شەڕی گەورە . . لە ئەمڕۆشدا دۆزینەوەی نەوتێکی زۆر لە کوردستاندا و دەرهێنانی . . هەروەها رۆڵی قارەمانێتی بێوێنەی پێشمەرگە دلێرەکانی کوردستان لە شەڕی دژ بە بە تیرۆریستانی داعشی بێڕەوشت . . ئەزموونی حوکمڕانی خۆبەڕێوەبردن لە باشووری کوردستاندا . . فراوان بوونی پەیوەندییە دیبلۆماسی و بازرگانییەکانی لەگەڵ وڵاتاندا . . کردنەوەی فروکەخانەی نیودەوڵەتی و لە هەولێر و سلێمانی، گەشتی رۆژانەی فرۆکە بۆ وڵاتان . . ئەمانە و چەندین هۆکاری تر، شوێن و پێگەی کوردستانیان لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا، شیرنتر و گرنگتر کردووە و، رۆڵ و پێگەی کورد بە هەند دەزانن . . کوردستان بۆتە جێی بایەخدانی وڵاتە زلهێزەکان. دۆزی رەوای گەلەکەشمان بەرەو پێشەوە چووە و، دۆست و لایەنگرەکانمانیشمان لە زیادبووندان و، زیاتریش داکۆکیمان لێدەکەن و پاڵپشتیمان دەکەن .

ستراتیژییەکی پلان داڕێژراوی تۆکمەی نەتەوەیی و، ئاسایشی نەتەوەیی، زۆر گرنگ و چارەنووسازە بۆ هەر نەتەوەیەک . . چەمکە ستراتیژییەکانی نەتەوەییش بریتین لە :
١ـ کۆمەڵێک پلانی تۆکمە و پرەنسیپەکان، کە ئامانجە نەتەوەییەکان دیاری دەکەن، لەسەر رۆشنایی بنەماکانی ئاسایشی نەتەوەیی بنیات دەنرێن .
٢ـ پێویستی بوونی سەرکردایەتییەکی دانا و و بە توانا و کارا، کە بتوانێ ئەم پلانانە بەڕێوەبەرێ .
٣ـ ئەم پرەنسیپانەش رەها نین، بەڵکو لەسەر بنەمای هێزی لەبار و هەبووی دەوڵەت و، تواناکانی نەتەوەیی دیاری دەکرێن .
٤ـ ئەم پرەنسیپ و بنەمایانە، سروشتی ڕێبازی دەوڵەتی هاوچەرخ دیاری دەکەن .
٥ـ پێویستە لەسەر ئاستی بنکە و لووتکەدا، تواناکانی نەتەوە لە بەرچاو بگیرێن .

گرنگی ستراتیژی سیاسی و نەتەوەیی، لە ستراتیژی هونەری جەنگ کەمترن نین .

لە ئەمڕۆدا بە هۆی کۆمەڵێک فاکتەری ناوچەیی و جیهانی، بار و دۆخێکی لەبار بۆ ئێمەی کورد هاتۆتە ئاراوە ـ سەرەڕای ئەو هەموو پیلان و تەگەرانەش کە لە لایەن داگیرکەران و نەیارانی کورد و کوردستانەوە دەخرێتە رێمان ـ دەبۆیایە ئێمەی کورد بە باشی ئەم هەل و دەرفەتە رەخساوەمان بقۆستایەتەوە . . ئێستاش نەچووە . . گەر بە خۆماندا بچینەوە، دەتوانین سوودیان لێوەربگرین و، لە دەستی خۆمانی نەدەین و، هەنگاوی بوێرانە بۆ دامەزراندنی ( دەوڵـەتی کوردسـتان ) ی سەربەخۆ بنێین، کە هیــوا و خـواستی هەموو کوردێـکە . . گەشبینم بەوەی کە ئەم هیوایەمان نزیک بۆتەوە.
بێگومان تا کوردیش نەبێت بە خاوەنی ( دەوڵەتی کوردستان ) ی سەربەخۆ، نە تورک و نە عەرەب و نە فارس . . ناتوانن بە ئارامی و ئاشتی بژین . . تا رۆژێ زوتریش دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێت . . لە بەرژەوەندیی هەموو گەلانی ناوچەکەدایە .
ئێمەی کورد لە ئەمڕۆدا، رەنگ و دەنگ و سەنگمان هەیە و . . ناومان کەوتۆتە ناوانەوە و . . بووینە بە لایەنێکی کارا لە ململانێ و هاوکێشە و کێشەکانی ناوچەکەدا . . لە شەڕی دژ بە تیروریستانی داعش و، بەرەی نوسرە و، هەموو گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکاندا، رۆڵێکی کاریگەری بەرچاومان هەیە . . شانازیشە بۆ ئێمەی کورد، کە رۆژانە سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، دەبنە مانشێتی لاپەڕەکانی رۆژنامەکانی جیهان و، بە هەواڵی بە پەلەی میدیاکان .

بەڵام مەخابین و بەداخەوە، کە تا ئەمڕۆش ئێمەی کورد، نە ستراتیژییەکی نەتەوەیی و، نە ستراتیژییەکی ئاسایی نەتەوەیی و نە تاکتیک و ستراتیژییەکی سیاسیمان هەیە . . گەمەکەرێکی نابەڵەدی سیاسیشین . . چونکە سیاسەت هونەری هەڵخەڵەتاندنە، نەخەڵەتێنی . . دەتخەڵەتێنن . . مەبەستم لە سەرکردەکان و لە بەرپرسە سیاسییەکانی گەلەکەمانە . . ئێمەی کورد تا ئەمڕۆش سوود و پەندمان لە هەڵەکانمان و، لە فاکتەرە سەرەکییەکانی شکستی و نەهامەتییەکانمان وەرنەگرتوون و، دووبارە و دەبارەیان دەکەینەوە . . بۆیەش تا ئەمڕۆ نەبووینە بە خاوەنی کیانێکی سیاسی سەربەخۆ و، نەمان توانییوە خۆمان لە ژێردەستی داگیرکەران رزگار بکەین . . تا ئەمڕۆش بەرژەوەندییە تەسکەکانی حیزبی و کەسێتی، لە بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەییمان لە پێشترن . . تا ئەمڕۆش حیزبەکانی کوردستان لە ململانێ و مشتومڕێکی بێ مانا و ئەنجام پووکدان . . هیچ لایەنێک بڕوا و متمانەی بە لایەنەکانی تر نییە . . هیچ لایەنێک بە دڵێکی فراونەوە رەخنە و ناڕەزایی و پێشنیار و رای لایەنەکانی تر قبووڵ ناکا . . هەر لایەنێک خۆی بە راست و، لایەنەکانی تر بە تاوانبار دەزانێ . . تا ئەمڕۆش فرە ئاغا و فرە کوێخاین و . . هەر کاکە و هەر لایەنێک لە ئاوازێک دەخوێنێ . . هەموو لایەنەکان لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵێنی جێبەجێکردنی زۆریان دا، گەلێ دروشمی گەورە و بریقەداریان پێشاندا، گەر دەسەڵات وەربگرن، بە زووترین کات هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان یەکدەخەن و، دەیان کەن بە سوپایەکی دامەزراوەی نیشتمانی، دوور لە دەستێوەردانی حیزبی لە کاروبارەکانی . . سوپایەکی پێشمەرگە، کە دڵسۆزی و هاوبەستەبوونیان بۆ کورد و کوردستان هەبێت، نەک بۆ حیزب و بۆ کەسایەتی و لایەنەکان . . تا ئەمڕۆش هێزەکانی پێشمەرگە یەک نەخراون و، جەختیش لەسەر یەکخستنەوەیان ناکەن . . بەڵێنیان دا کە باشتر و تۆکمەتر ناوماڵی کورد رێکبخەن . . ئەمەشیان نەکرد . . بە پێچەوانەوە زیاتر لێکترازاوین و، زیاتر پەرتەوازە بووینە و، درزی ململانی و کێشمەکێشمەکانی نێوان لایەنەکانیش گەورەتر بۆتەوە . . بەڵێنیان دا کە هەلی کار بۆ دەرچووان و بۆ بێکاران دابین بکەن بژێوی و گوزەران میان باشتر بکەن . . بە پێچەوانەوە، رێژەی بێکاری زۆر زیاتر بووە . . گەنجەکانمان لە تاو بێکاری و بێ ئومیدی و بێ پارەیی و، نەمانی بڕوا و متمانەیان بە بەڵێنەکانتان، هاوبەستەبوونیان بۆ نیشتمانەکەیان کاڵبۆتەوە، لە داخی بێکاری و ململا ێی سیاسیدا بێ هیوا و بێ ئومێد بوون و سەری خۆیان هەڵگرت و، کوردستانیان بە جێهێشت و، رێگای هات و نەهاتی مەرگیان گرتەبەر . . ئێمە پپێشتر لە نووسینێکدا نووسیومانە کە کۆچکردنیی گەنجەکانمان زەنگی مەترسیدارە و زیان بە ئەمڕۆ داهاتووی کوردستان دەگەیەنێی . . چونکە گەەنجان کۆڵەکەکان و بڕبڕەپشتی کۆمەڵگاکەمانن و، دینەمۆی هێززی بەرهەمهێنان و داهێنان . . بەڵێنیان دا کە کەرکوکی ( دڵی کوردستان ) و ( قودسی کوردستان ) بگەڕێننەوە بۆ باوەشی کوردستانی دایک . . بەڵام وا نزیکەی دوو ساڵ زیاترە نەمدی نە پەڕلەمانتارێکی کوردمان لە پەڕلەمانی عێراقدا . . نە وەزیرێکی کوردمان لە حکوومەتی عێرقدا . . نە لایەنێکی سیاسیمان . . داوای جێبەجێکردنی ماددەی ( ١٤٠) ببکەن . . راستە کە لە ئێستادا کورد لە کەرکوکدا باڵادەستە و، پێشمەرگەش بە خوێنی گەش و ئاڵی سنوورەکانی دەیارێزێ و، تا ئێستا بە سەدان پێشمەرگەمان، لە پێناوی بەرگری کردن لە کەرکوک شەهید بوون . . بەڵام تا ئێستا حکوومەتی کوردستان ئاوڕێکی جدی نەداوەتەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکوک ئەگەر هەشبووبێت زۆر لاوازە بووە و لە ئاستی پێویستدا نەبوونە . . وەکو شارێکی کوردستانی ئاوڕییان لە کەرکوک نەداوەتەوە . . دەبوایە تا ئێستا چەندین کۆڕ و سەمینار و چالاکی هونەری و رۆشنبیری و سیاسییان لە شاری کەرکوک و خانەقین دا، سازبکردایە . . بەڵام نەیان کردووە . . ئەمەش هەر بۆ رێنەکەوتنی نیوان حیزبەکان دەگەڕێتەوە و، کەرکوکیش بووە بە گۆڕەپانێکی تری ململانێی نێوان حیزبە کوردییەکان . . کەرکوکییەکانیش باجی زیانەکانی ئەم ناکۆکییانە دەدەنەوە . . تا ئێستاش دوژمن و نەیارەکانی خۆمان بە باشی نەناسیون . . ئەم لایەن لەگەڵ ئەو دەوڵەتە ناوچەییە دایە و، لایەنەکانی تر لەگەڵ فڵان دەوڵەت دان . . هەندێ لەو دەوڵەتانە لایەنەکانیان کردوون بە بەردی دامە و، چۆنیان بوێت وا دەیان جووڵێنن و بەکاریان دەهێنن . . باشیش ئەوە دەازانن کە داگیرکەران هەردەم کار بۆ ئەوەدەکەن، کە سیاسەتی ( پەرتـکە وزاڵـبە ) لە کوردستان دا پەیڕەوی بکەن . . جا چۆن دەبن بە دۆست و، چۆن بەرژەوەندی کورد و کوردستانیان دەوێ ؟! چۆن بە یەکگرتنی کورد چاویان هەڵدێت . . ؟! . . تا ئەمڕۆش، شاندەکانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا، شاندی حیزبەکانن و گوزارشت لە را و بۆچوونی حیزبەکانیان دەکەن . . کەچی دەبوایە شاندەکان حکوومی بن و، بە ناوی حکوومەتی کوردستانەوە بن و، نوێنەری هەموو لایەن و پێکهاتەکانی کوردستانیان تێدابن . . تا ئەمڕۆش زۆر بە کەمی کەسی شیاومان لە شوێنی شیاودان . . چونکە پایە و پۆستە باڵاکان تەنها لە نێو حیزبەکاندا قورخکراون . . کەسی وەها دانراون لە پۆستە باڵاکاندا، زۆر نابەڵەد و بێ توانا وهیچ لەبارن، تەنانەت هێچ بەگراوند و ئەزموونێکی سیاسی و ئیداری و دیبلۆماسی و بەڕێوەبردنیان نییە، ئەمەش بە پێچەوانەی ئەو پەندە کوردییەمانەوەیە : " نـان بۆ نانەوا و . . گۆشـت بۆ قەساب " . . تا ئەمڕۆش ئێمەی کورد یەکگرتوو نین و . . خاوەنی وتارێکی سیاسی یەکگرتووش نین . . تا ئەمڕۆش نەمان توانیوە لە کۆنگرەیەکی نەتەوەیی دا، رەنگ و دەنگ و وتار و هەڵوێستەکانمان یەکبخەین و، دەستەیەکی سەرکردایەتییەکی باڵا و کارای نەتەوەیی هەڵبژێرین و . . بکەین بە مەرجەعییەتێکی نەتەوەییمان و . . ئامەنجە نەتەوەییەکانمان یەکبخەین و، نەخشەڕێگایەکی ستراتیژی و، توکمەی نەتەوەیی دابڕێژین و . . هەرەس بە سنووری ترس لە داگیرکەران بهێنین و، یەک هەڵویست بین لە دیاری کردنی چارەنووسی کورد و کوردستان دا . . ئەم هۆیە نەرێنییانەش، تەنها بۆ ترس و چەکەرەی لایەنەکان لە داگیرکەرانی کوردستان ناگەڕێنەوە . . بەڵکو هۆی سەرکییان، بۆ نەبوونی یەکیەتی نێوانمان دەگەڕێتەوە . . بۆ ململانێ و پێداگرتن لەسەر سەرکردەیی و دەسەڵات و بەڕێوەبردن و بەرکەوتنی پشکی شێر لە سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن دەگەڕێتەوە . . بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تا ئەمڕۆش ستراتیژییەکی تۆکمەی نەتەوەیی و، تاکتیک و نەخشەڕێگایەکی سیاسی یەگرتووی نەتەوەییمان نییە . . تا ئەمڕۆش بە شێوەیەکی بەرنامەداڕێژراوی کۆنکریتی، خواست و ئامانجەکانی گەلەکەمان دیاری نەکردوون . . تا ئەمڕۆ پەیڕەو پرۆگرامێکی نەتەوەییمان نییە . . تا ئەمڕۆش لەسەر دەستوورێکی پەسەندکراوی یەکگرتوو رێنەکەوتووین . . تا ئەمڕۆش بە دژی دزی و گەندەڵییەکاندا نەچووینەتەوە و، هیچ هەنگاوێکی پراکتیکیشمان بۆ چاکسازی نەناوە . . تا ئەمڕۆش پەڕلەمانی کوردستان نەبووە بە مەرجەعییەتی گەلەکەمان . . تا ئەمڕۆش سەروەریی یاسا پێشێل دەکرێ و، کەسانێک لە دەسەڵاتدا خۆیان لە سەرووی یاساوە دەزانن . . تا ئەمڕۆش یەکسانی و دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ بەرجەستە نەبوونە . . تا ئەمڕۆش توندوتیژی دژ بە ژنانی کوردستان درێژەی هەیە . . تا ئەمڕۆش هۆیەکانی ژیان و گوزەرانێکی ئاسایی بۆ خەڵکی دابین نەکراون . . خەڵکی بە دەست نەبوونی کار و، بێ مووچەییەوە دەناڵێنن . . تا ئەمڕۆش کێشەی کەمی کەرەبا و ئاوی خاوێنی خواردنەوە و، ئاوڕۆ و قیرتاوکردن و کەم خزمەتگوزاری چارەسەر نەکراون . . خەڵکی لە بەڵێنی زل و قسەی رووت بێزاربوونە و، بڕوایان بە تواناکانی حکوومەت نەماوە، کە بتوانن کێشەکانیان بۆ چارەسەربکەن . . ئەم هەموو کێشانە، بۆ نەبوونی پلانێکی ستراتیژی داڕێژراوی ماوە نزیک و دوور و، نەبوونی چاکسازی و کەمتەرخەمی حکوومەت دەگەڕێنەوە . . دەبوایە تا ئێستا حکوومەتی کوردستان چەندین دانیشتنی بکردایە بۆ باسکردن و لێکۆینەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفت و کێشانە . . هەموو ئەمانە نەرێین و، زیان بە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد دەگەیەنن . . خەلكی کوردستان توڕەن و بێزار بوونە . . چونکە تا دێت کێشەکان زیاتر کەڵەک دەبن و، ژیانیان تاڵتر و گوزەرانیان قورستر دەبێت . . بۆیە لەمە زیاتر ناتوانن خۆیان بگرن چونکە کورد وتەنی ( جـام پـڕبووە و لێی دەڕژێ ) . . خەڵکی متمانەیان بە بەڵێنەکانی حکوومەت نەماوە و، چاوەڕێی هەنگاوی پراکتیکی چاکسازی دەکەن . . ئەگینا بەر ئەو توانجە دەکەون، کە دەڵێن : ( تێــر ئاگـای لە بـرسی نییە ) .

تا بە جدی خۆماندا نەچینەوە و. . بەرژەوەندییە باڵاکان و چارەنووسی گەلەکەمان لەبرچاونەگرین و . . نەیان خەینە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی حیزبایەتی و کەسییەوە . . تا یەکێتی و یەكڕیزی و یەکڕەنگی و یەک وتاری سیاسیمان رانەگەیەنین، ناتوانین ( دەوڵـەتی کوردسـتان ) ی سەبەخۆ رابگەیەنین .

بێگومان ناکۆکییەکان و نەسازان و رێنەکەوتن لە نێوان حیزبە کوردییەکانمان دا . . هۆکارێکی سەرکین لە بەشێک لەو قەیرانانەی کە لە ئەمڕۆدا رووبەڕووی باشووری کوردستان بوونەتەوە . . ئەمەو تەنگهەڵچنین بە ئازادییەکان و بە دیموکراتی و بە ئازادی راگەیاندن . . زیانیان بە ناوبانگی حکوومەتی کوردستان گەیاندووە و، زیان بە پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانمان، لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا دەگەیەنن . . متمانەیان پێمان نامێنێت . . و زیان بە پێگەی کوردستان دەگەیەنن .
هیوادارم کە حکوومەتی کوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەکان بە خۆیاندا بچنەوە و، لەسەر مێزی گفتوگۆدا دابنیشن و بە رووحێکی متمانە بەیەکتری و، هەستکردنیان بە بەرپرسێتی، لەسەر کۆتایی هێنان بە کێشەکانی نێوانیان رێبکەون و، چیتر کات بە فیڕۆ نەدەن . . ئەگینا کێشەکان و قەیرانەکان گەورەتر و . . گەورەتر دەبنەوە .

رەزا شوان / نەرویج