منداڵ کە لە دایک دەبێت هیچ نازانێت . . لە جیهانێکی فراوانی زۆر سەیر و سەمەرەی جەنجاڵ و سیخناخدا، چاوەکانی هەڵدێنێت و، گەشتی ژیانی دەست پێدەکات . . بە هەموو لایەکدا دەڕوانێت . . رۆژ لە دوای رۆژیش گەشەدەکات و، ئاسۆی بیر و هۆش و خەیاڵی فراوانتر دەبێت . . دەجووڵێت و هەڵپەدەکات . . ئەندامە هەستەوەرەکانی بەکاردەهێنێت . . بە چاوەکانی شتەکان دەبینێت و . . بە گوێیەکانی قسەکان دەبیستێت و . . بە دەستەکانی شتەکان دەگرێت . . بە هۆش و ئەندێشەی شتەکان لێک دەداتەوە . . وشە و رستە و زمان فێردەبێت . . دەدوێت و دەپرسێت . . رۆژانە دایک و باوک و کەسوکار و دادەکان و مامۆستاکانی پرسیارباران دەکات : بۆچی ؟ چـۆن ؟ کەی ؟ لە کـوێ ؟ بۆ ؟ کـام ؟ کـێ ؟ چەند ؟ چما ؟ لـۆ ؟ ئایا ؟ . . . هتد . ئەم پرسیارانەش سروشتین، چونکە منداڵ دەیەوێت دەەربارەی دەوروبەرەکەی و رووداوەکانی ئەم جیهانە بپرسێت و، بزانێت و، بناسێت و، شارەزایی لە بارەیانەوە هەبێت . . مەبەستیش لە پرسیارەکانی منداڵ، بریتییە لە شرۆڤەکردن، کە منداڵ لە شێوەی پرسیاردا گۆزارشتیان لێدەکات . . لە کەسانی گەورە دەپرسێت، کە پرسیارەکانی پێویست بە وەڵامدانەوە و شیکردنەوە و گفتوگۆ دەکەن .

منداڵ بەوە ناسراوە، کە زۆر دەپرسێت و، هەموو جۆرە پرسیارێکیش دەکات . . منداڵی زۆرپرسیش منداڵێکی زیرەک و بلیمەت و بەهرەمەند و هەڵکوتوو و داهێنەرە، چونکە خۆش هیوایە و، دەیەوێت دەربارەی شتەکانی دەوروبەری زۆرترین زانیاری بزانێت .
منداڵ بەرهەمی رۆشنبیریی دەوروبەرەکەیەتی، لە میانەی وەڵامی پرسیارەکان لە دایک و باوکی یا بەخێوکەر و هاوڕێ و دادەکان و مامۆستاکانییەوە فێردەبێت و دەزانێت . . کورد وتەنیش : ( کەس لە سکی دایکیدا فێری شتێک نەبووە ) .
پێویستە هەردەم هانی منداڵەکانتان بدەن کە شەرم نەکەن و بە ئەوپەڕی ئازادییەوە بپرسن و. . بپرسن . . هەر هۆشێک کە بە بەردەوامی بپرسێت . . هۆشێکە کە توانای چارەسەری داهێنانەی ئەو گرفت و کێشانەی هەیە کە دێنە رێی . . داهێنانیش کاتێک گەشەدەکات، کە هۆش و بیرکردنەوە رووماڵی هەموو لایەنەکان بکەن . . لە گۆشەی جیاوازیشەوە لە کێشەکان بڕوانن و . . بە دوای چارەسەری ناباودا بگەڕێن . . توانای پرسیارکردنیش ئەم مەبەستە دەهێنێتەدی . . مێشکی منداڵان و گەورەکانیش پڕن لە پرسیار، هەر بۆیەش نیشانەی پرسیارکردن ( ؟ ) لە سەر شێوەی سەری مرۆڤ دایە.

پرسیارەکانی منداڵانیش بەپێی ئەو کۆمەڵگایەی لێی دەژین و، بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە دەوروبەرییانەوە وەریان دەگرن جیاوازیان هەیە . . ئەگەر لە منداڵانی لادێی و کۆچەرییەکان بڕوانین، دەبینین ئاستی زانستی و شارەزاییان سنووردارن، تەنها سەرچاوەی رۆشنبیرییان خێزانەکانیان و هاوڕێکانیانن لەو ژینگە تەسکەی لێیدەژین . بە پێچەوانە منداڵانی شار و شارستانی، کە لە ئاستێکی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی فراوانتردا دەژین و . . کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و سەتەلایت و پلەیستێشن و ئایفۆن و جۆرەها بابەتی تەکنۆلۆژیای تازە لە بەردەستیان دایە و سوودیان لێوەردەگرن . . دیارە ئەمان لە منداڵانی لادێنشین و کۆچەرییەکان زۆرزانترن و چاوکراوەتر و رۆشنبیرترن .

کۆمەڵێک پرسیاری کلاسیکی باو هەن، کە نەوەکانی ئەمڕۆش ئەو پرسیارانە دەکەن و دووبارەیان دەکەنەوە . . بەڵام لەگەڵ پێشکەوتن و گۆڕانکاری و تەکنۆلۆژیای تازە و سروشتی ژیانی ئەم سەردەم و رۆژگارەدا، پرسیاری تازەش دێنە کایەوە . . پرسیارەکانی منداڵانی نەوەی ئینتەرنێت و سەتەلایت و ئایفۆن و فەیسبووک و . . . هتد . جیاوازییان لەگەڵ پرسیارەکانی منداڵانی حەفتاکان و پەنجاکانی سەدەی رابردوو و پێشتريش هەیە . . بێگومان منداڵان لە هەموو شوێنێکی جیهاندا، بە قۆناغی پرسیارکردندا تێدەپەڕن . . بێ ئەوەی کە بێزاربن پرسیار لە دوای پرسیار دەکەن . . چونکە هۆگر و وێڵی دوای زانست و زانیاری و شارەزایین . . بۆ وەڵامی پرسیارەکانیشیان پشت بە دایک و باوک و دادەکان و مامۆستانیان دەبەستن . . بە تایبەتیش منداڵان لە دوو ساڵییەوە تا پێنج ساڵی کە قۆناغی پێش قوتابخانەی بنەڕەتییە و، بە ( قۆناغی پرسیار) یش ناودەبرێت، چونکە منداڵان لەم قۆناغەدا زۆر دەپرسن، دواتر بەرە بەرە پرسیارەکانیان کەمتر دەبنەوە .

منداڵان لاسایی کوێرانەی هەموو ئەو شتانە دەکەنەوە کە دەیان بینن، لە نێوان لاسایی کردنەوە و بیرکردنەوەدا، بە سەدان پرسیار دێنە کایەوە . . لە قۆناغی منداڵیدا، منداڵان خەیاڵیان فراوانە و، راستی و خەیاڵ تێکەڵ دەکەن . . لە ناخی دڵە پاکەکانیانەوە، رۆژانە بە دەیان پرسیاری سەیر و راماناوی و هەلەق و بەلەق دەپرسن . . بەڵام لە راستیدا ئەم پرسیارانەیان زۆر گرنگن . . لەسەر بنەمای وەڵامە راست و دروستەکانی ئەم پرسیارانە هۆشی منداڵان پێکدێن و، داهاتووی هۆشیان دیاری دەکرێن . . تا وایان لێدێت ئیتر زۆر بە کەمی پرسیار لە دایک و باوکیان دەکەن .
( ئۆروک ) دەڵێت : " لەوەوە بزانە، کە منداڵەکانت گەورە بوونە، کە چیتر دەربارەی چۆنییەتی هاتنیان بۆ ژیان پرسیارت لێناکەن و. . پێشت ناڵێن کە بۆ کوێ دەڕۆن "

منداڵ بۆ دەپرسێت . . ؟
زاناکانی بواری پەروەردەی منداڵان، پرسیارەکانی منداڵان بۆ ئەم هۆیانە دەگەڕێننەوە :
١ـ ئارەزوو و شەیدایی منداڵان بۆ زانین و دۆزێنەوە . . چونکە دەربارەی ژینگەکەیان و رووداوەکانی دەوروبەریان نەشارەزان و . . دەیانەوێت دەربارەیان بزانن و بیاناسن و زۆرترین زانین و شارەزاییان لە بارەیانەوە هەبێت . . پرسیارکردن و زانینیش مافێکی سروشتیی منداڵانە . . گەر لە لایەن گەورەکانەوە وەڵام نەدرێنەوە، هەست بە رامان و بە نائارامیی دەروونییان دەکەن .
٢ـ منداڵان پێویستییان بە تێگەیشتن و شارەزایی هەیە .
٣ـ پێویستیی منداڵان بۆ بەشداری کردن و خۆدەرخستن و خۆسەلماندن .
٤ـ ئارەزووی منداڵان بۆ چاولێکردن لە گەورەکان .
٥ـ گەشەکردنی توانای زمانی منداڵان و، هەست کردنیان بەوەی کە دەتوانن بە باشی گوزارشت بکەن و لەگەڵ کەسانی تردا گفتوگۆ بکەن و تێبگەن و وەرگرن و ببەخشن .
٦ـ ترس و دڵەڕاوکێی منداڵان : زیاتریش دەربارەی ئەو شتانەی کە لێیان دەترسن دەپرسن . . داوای هەست کردن بە دڵنیایی و ئارامی و ئاسوودەیی دەکەن لە مەترسییە نادیارەکان . . بۆ نموونە : کە هەورە تریشقە چەخماخە دەدات و شریقەی دێت . . منداڵان دەترسن و دەپرسن . . حەزدەکەن دڵنیایان بکەنەوە کە هەورە تریشقە ئازاریان نادات و زیانیان پێ ناگەیەنێت . . زۆربەی منداڵانیش لە سەگ و گورگ و لە دز و تاوانبار و سۆاڵکەر و شێت دەترسن . . تەنانەت کە هیچ ئازارێکیشیان پێنەگەیاندووبن .
٧ـ بۆ ئەوەی سەرنجی کەسانی تر بۆ لای خۆیان رابکێشن و ئاوڕیان لێبدەنەوە و بایەخیان پێبدەن و بە هەندیان بزانن و، شوێنیان لە شیکردنەوەدا هەبێت .
٨ـ منداڵان هێزێکی تێبینی و سەرنجدانی ورد و بەهێزیان هەیە . . بە باشیش خۆیان دەردەخەن و دەپرسن . . ئەوان دەربارەی راستییەکانی ژیان دەپرسن و، بیر لە ناخی ئەم راستییانە دەکەنەوە .
٩ـ منداڵان خاوەنی خەیاڵێکی فراوانن . . بەبێ سنوور و سانسۆر، بە سەدان پرسیار بە خەیاڵیاندا دێت . . ئەو منداڵانەش کە زۆر دەپرسن سروشتین، بەڵکو زیرەک و گەشبین و داهاتوو گەش و روونن . . بێگومان هەندێ لەو پرسیارانەی کە دەیان کەن . . جێی سەرسووڕمان و ڕامان و دامانن بە لای گەورەکانەوە . . جاریش واش هەیە بەشێک لە پرسیارەکانیان لە گوێرەی خۆیان زیاترن . . یا پرسیاری فەلسەفی و بوونی و چۆنییەتی دەکەن، کە وەڵامدانەوەیەکی ژیرانەیان دەوێت . . وەکو :
من لە کوێوە هاتووم؟ خوا لە کوێیە ؟ بۆ خوا خۆی پێشانمان نادات ؟ ئاسمان بۆ شینە ؟ ژمارەی ئەستێرەکان چەندن ؟ باڵندە چۆن دەفڕێ ؟ ئێمە زیندووین یا خەونە ؟ بۆ پیاو منداڵی نابێت ؟ لە بەهەشتدا گەزۆی سلێمانی هەیە ؟ باپیرەم بۆ مرد ؟ رووح چییە ؟ چۆن لە لەش دەردەچێێت ؟ دایکە من لە شاییەکەی تۆدا لە کوێ بووم ؟ بۆ ئۆتۆمبیل ناتوانێت وەکو فرۆکە بفڕێت ؟ ئەی ئەو هەموو خەڵکە زۆرە چۆن لەو تەلەفزیۆنە بچووکەدا جێیان دەبێتەوە ؟ ئەمانە و بە سەدان پرسیاری سەیری لەم جۆرە .
١٠ـ زۆر جاریش منداڵان بە پرسیارکردن دەیانەوێت گەورەکان تاقیبکەنەوە .

ئەو هۆیانە و بە دەیان هۆی تر هەن، بۆ ئەوەی کە منداڵان بپرسن و وەڵام بدرێنەوە .
بەداخەوە هەندێ لە دایکان و باوکان و مامۆستایانی نابەڵەد و بێ ئەزموون . . منداڵی زۆرپرس، بە منداڵێکی چەنەباز و بێزارکەر ناودەبەن و . . وەڵامی پرسیارەکانیان نادەنەوە و بێدەنگ دەبەن، یا بە ئەنقەست بە ( نـازانم ) وەڵامیان دەدەنەوە . . یا لێیان تووڕە دەبن، بۆ ئەوەی واز لە پرسیارکردن بهێنن . . بێ ئەوەی کە ئەوە بزانن کە ئەم جۆرە مامەڵەکردنە هەڵە و نادروستەیان، چ زیانێکی دەروونی و، چ کاریگەری و رەنگدانەوەیەکی نەرێنی و خراپی لەسەر ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی منداڵەکانیان دەبێت .

بێگومان هەموومان ناوبانگی کەڵە زانا و داهێنەری ئەمریکی ( تۆماس ئەدیسۆن ) ی داهێنەری گڵۆپی کارەبایی و بە سەدان داهێنانی تر، بیستوومانە . . ئەدیسۆن منداڵێکی زۆرپرس بوو . . کە منداڵ بوو لەبەردەم دەرگای ماڵەکەیان دادەنیشت . . هەر کەسێک بە بەردەمیدا رەتبوایە ئەدیسۆن پرسیارێکی لێدەکرد . . تا گەیشتە ئەو رادەیەی کە خەڵکی لێی بێزاربوون و بە ( نـازانین ) وەڵامیان دەدایەوە . . بەرانبەر بەم وەڵامە هەڵەیەش، دیسان ئەدیسۆن لەو کەسانەی دەپرسی : " ئـەی بۆ نـازانن . . ؟ "
ئەدیسۆن کە چووە قوتابخانەش، بەردەوام بوو لەسەر پرسیارکردن . . تا مامۆستاکانی لێی بێزار بوون و بە گەمژە و مێشک بۆگەن ناویان برد . . تەنها چەند رۆژێکی کەم لە قوتابخانەدا بوو . . رۆژێک بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی دەری کرد و پەیامێکی بۆ دایکی پێادا نارد کە تێیدا نووسیبووی : " باشتر وایە کە کوڕەکەت لە ماڵەوە دابنیشێت چونکە گەمژەیە " دایکی لە باوەشی کرد و وتی : " کـوڕەکەم گەمـژە نییە . . بەڵکو ئـەوان گەمژەن " وتیشی : " بچکۆلەکەم گەر هەموو کەسێک نکووڵی لە زیرەکی تۆ بکەن، ئەوە بۆ تۆ بەسە کە من بڕوام بە زیرەکی تۆ هەیە، تۆ منداڵە بلیمەتەکەمی . . لێیان گەڕێ چی دەڵێن بابڵێن . . گوێ لەمن بگرە کە چی دەڵێم، تۆ زیرەکترین منداڵی لە جیهاندا "
بۆیە ئەدیسۆن دەڵێ : " دایکم بوو کە فێری کردم، چونکە ئەو رێزی دەگرتم و باوەڕی پێم هەبوو، ئەو هەستەی پێبەخشیم، کە من گرنگترین کەسم لە بووندا، بوونی من بوو بە پێویستییەک لە پێناویدا . . بەڵێنم بە خۆم دا، کە شەرمەزاری نەکەم، هەر وەکو ئەو کە هەرگیز شەرمەزاری نەکردم " شایانی باسیشە کە هۆی داهێنانی گڵۆپیش لە لایەن ئەدیسۆنەوە، هەر دایکی بوو . . چیرۆکەکەش بەم شێوەیەیە : شەوێکیان دایکی زۆر نەخۆش دەکەوێت . . ئەدیسـۆن دەیـبات بۆ لای پزیشـکـێک . . پزیشـکەکە پێی دەڵـێت : " دایکت پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە، بەڵام ئێستا شەوە و تاریکە، ناتوانم بەم تاریکییە نەشتەرگەریی بۆ بکەم، پێویستە چاوەڕێی بەیانی بکەین " . . ئا لێرەوە کەڵکەڵەی داهێنانی دروستکردنی ئامێرێک کەوتە خەیاڵی ئەدیسۆنەوە، کە بتوانێت ئامێرێکی ئەوتۆ دروست بکات تاریکی روو اک بکاتەوە . ئەوەبوو لە (٩٩٩) جاری تاقیکردنەوە بۆ دروستکردنی گڵۆپ شکستی هێنا . . بەڵام ئەدیسۆن بڕوابەخۆ بوو، کۆڵی نەدا و سووربوو لەسەر دروستکردنی گڵۆپ . . نەشی دەوت شکستم هێناوە، دەیوت: " لە (٩٩٩) تاقیکردنەوەمدا، نەبوونە هۆی دروست کردنی گڵۆپ " دوای هەر شکستییەکیش، ئەدیسۆن دەیوت : " رێگایەکی تر بۆ سەرکەوتن هەیە " درێژەی بە تاقیکردنەوەدا . . تا لە (١٠٠٠) رەمین جاری تاقیکردنەوەکانیدا سەرکەوت و، گڵۆپی دروست کرد . . شۆڕشێکی تەکنۆلۆژیا و وەرچەرخانێکی نەمری مێژوویی پەرپاکرد .
بەڵێ ئەو تۆماس ئەدیسۆنە زۆرپرسەی، کە مامۆستاکانی بە گەمژەیان دەزانێ . . بوو بەو کەڵە داهێنەرەی کە تا هەتایە مرۆڤ قەرزاری داهێنانەکەی ئەون و. . تا هەتایە بە نەمری دەمێنێتەوە و، سەرجەم ئادەمیزادیش بە رێزەوە ناوی دەبەن و یادی دەکەنەوە .

مەبەستیشم لەو کورتە باسە دەربارەی ئەدیسۆن ئەوەیە، کە ئێوەی دایکان و باوکان و مامۆستایانی کورد . . پێویستە پرسیارەکانی منداڵەکانتان پشتگوێ نەخەن و، بە دڵێکی فراوانەوە وەڵامیان بدەنەوە . . منداڵانی زۆرپرسیش بە جەنەباز و بە گەمژە مەزانن .

پرسیارەکانی منداڵانیش، بەپێی قۆناخەکانی تەمەنیان جیاوازیان هەیە . . بۆ نموونە :
لە پرسیاری : ئەمە چییە ؟ بۆ پرسیاری : ئەمە چۆن ؟ بۆ پرسیاری : ئەمە بۆچی ؟ بۆ پرسیاری : ئەی دوای ئەوە ؟ پرسیارەکانی منداڵانی قۆناغی پێش چوونە قوتابخانە و، منداڵانی مێردمنداڵ و هەرزەکار جیاوازییان هەیە . . وەڵامی پرسیارەکانیش، پێویستە لەگەڵ قۆناخەکانی منداڵیدا بگونجێن .
گرنگی دان بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی منداڵان گەلی سوودی پەروەردەییان هەیە . . منداڵان هەست بەوە دەکەن کە ڕێز لە راکانیان دەگرن و، پێیان خۆشە کە بەشداری لە گفوگۆدا بکەن . . منداڵان زیاتر بڕوایان بە خۆیان دەبێت، وەڵامی دروست یارمەتیدەرە بۆ گەشەکردنی دەروونی دروست، بۆ گەشە و توانای زمانی، بۆ سازانی کۆمەڵایەتی .

بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی منداڵەکانتان ئەم راستییانە لەبەرچاو بگرن :
١ـ نابێت وەڵامی پرسیارەکانیان بە درۆ یا بە ناتەواوی یا بە شێوازێکی دیبلۆماسی ناراست بدەنەوە . . چونکە منداڵان هەستیارن ئەگەر بۆیان دەربکەوێت کە ئێوە راستان پێنەوتوون . . بە درۆزنتان دەزانن و، بڕوایان پێتان نامێنیت و، وەڵامە هەڵەکانیشتان لە ئەمڕۆ و لە ئایندەشدا زیانیان پێدەگەیەنن، ئێوە و ئەوانیش باجی ئەو هەڵانە دەدەنەوە .
بۆ نموونە : ئەگەر منداڵێک لە دایکی پرسی : " من لە کوێوە هاتووم ؟ " نابێت دایکی وا وەڵامی بداتەوە : " تۆمان لە سوپەرمـارکێتێک کڕی " زوو ئەم وەڵامە درۆیە، بۆ منداڵەکەی ئاشکرا دەبێ و دایکی بە درۆزن دەزانێت و بڕوای بە وەڵامەکانی نامێنێت .
٢ـ پێویستە وەڵامەکانتان بە پێی تەمەنی مندالەکانتان بن . . بۆ منداڵانی قۆناغی یەکەم سادە و ساکار بن و وشە و رستەکانتان بەپێی فەرهەنگی زمانی ئەو قۆناغە بن .
٣ـ هەرگیز لە زۆرپرسینی منداڵەکانتان بێزار مەبەن . . بەڵکو زۆر دڵخۆشبن، چونکە زۆرپرسین نیشانەیەکی زیرەکی و دۆزینەوە و داهێنان و ئایندە گەشییە .
٤ـ ئەگەر وەڵامی پرسیارەکەتان لەو کاتەدا نەزانی . . دەتوانی بە منداڵەکەت بڵێیت : پرسیارەکەت جوانە . . بۆیە دەمەوێت وەڵامێکی جوانت بدەمەوە . . مۆڵەتم بدەری با بیربکەمەوە، یا با سەیری کتێبێک بکەم و . . وەڵامەکەت بۆ بدۆزمەوە . . بەڵێنت دەدەمێ کە وەڵامت دەدەمەوە و. . لە بیری ناکەم . . یان پێی بڵێ : با باوکت بێتەوە لەوانەیە ئەو وەڵامێکی باشی پرسیارەکەت بداتەوە .
٥ـ هەندێ لە دایکان و باوکان پێیان وایە، کە زانینی راستییەکان لە تەمەنێکی بچووکدا کاریگەرییەکی نەرێنی لێدەکەوێتەوە . . بەڵام ئەمە بۆچوونێکی هەڵەیە . . لە جیاتی ئەم بۆچوونە هەڵەیە . . با بە شێوازێکی ئەرێنیی گونجاو و، بەپێی تەمەن و ئاستی زیرەکیی منداڵەکانتان راستییەکانیان بۆ روون بکەنەوە .
٦ـ ئەو پرسیارە رامانهێنەرانەی کە منداڵان دەربارەی رەگەزی ( جینسی ) دەیان کەن . . نابێت پشتگوێ بخرێن و . . ناشبێت ئەو منداڵانەی پرسیاری جینسی دەکەن بە بێ ئەدەب و بە بێ ئابڕوویان بزانن . . پێویستە هەر لە منداڵییەوە، پەروەردەیەکی جینسی دروست بکرێن . . چونکە ژیانی جینسی بەشێکی بنەڕەتییە لە ژیانی گەورەکاندا . . بەڵام زۆر جار گەورەکان لە روو دادەمێنن لە باسکردنی ئەم بابەتانە لەگەڵ منداڵەکانیاندا . . لەوە دەترسن کە کاردانەوەی لە گەشەکردنی منداڵ و لە ژیانی جینسیی داهاتوویان هەبێت .
من ( نووسەری ئەم بابەتە) لە بەشی منداڵان لە کتێبخانەی گشتیی شاری ( بێرگن ) لە نەرویج، بە دەیان کتێبی رەنگاورەنگی وێنەدارم دەربارەی ئەندامنی لەشی نێر و مێ و چۆنییەتی دووگیان بوون و لە دایک بوون بۆ منداڵانی قۆناغەکان هەن . . هەن کە بە شێوە و بە زمانێکی ساکار و سادە بۆ منداڵان چاپکراون . . رۆژانەش منداڵانی چەند باخچەیەکی ساوایان یا قوتابیانی قوتابخانە بنەڕەتییەکان، تەنانەت خێزانەکانیش لەگەڵ منداڵەکانیان کە هەر هەموویان تێکەڵاون، دەیان هێنن بۆ بەشی منداڵانی کتێبخانەکە و، ئەو کتێبانە جینسییانە دەخەنە بەردەستیان و وێنەکانی ئەندامانی لەشی نێر و مێیان پێشان دەدەن . . تا لە منداڵییەوە لە بارەی جینس و دووگیان بوون و، لە دایکبوون، منداڵان نابەڵەد نەبن و بزانن . . هەروەها چەندین فیلم و سیدی و کاسێتی ڤیدیۆیی و میمۆری لە هەمان کتێبخانەدا و، دەربارەی هەمان بابەت هەن . دایک و باوکان دەیان خوازن و لە ماڵەوە پێشانی منداڵەکانیانی دەدەن .
٧ـ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی منداڵان لە لایەن دایکان و باوکانەوە . . مایەی بەخشینی پێخۆشحاڵییە بە منداڵەکانیان . . منداڵەکانیان ئەو هەستەیان لا دروست دەبێت، کە دایک و باوکیان فەرامۆشیان نەکردوون و، بەشداریی هەست و سۆز و ویژدانیان دەکەن .
٩ـ هەندێ جار دایکان و باوکان دەتوانن بە وێنەی رەنگاوڕەنگی دووتوێی کتێبەکان یا وێنەی گەورەی پەیوەند بەم بابەتە . . وەڵامی هەندێ لە پرسیارەکانی منداڵان بدەنەوە .
١٠ـ پێویستە دایکان و باوکان و بەخێوکەر و دادەکان و مامۆستاکان، هەردەم بە باشی ئامادەی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی منداڵەکانیان بن . . تا منداڵان بە نەزانیان نەزانن و پەنا بۆ کەسانی تر نەبەن . . ئەوەش لەبەرچاوبگرن کە ئەم منداڵانە لەسەر رۆشنایی ئەو وەڵامانەی کە ئێوە دەیان دەنەوە، باوەڕ و هەست و هەڵویستەکانیان بنیات دەنێن . لەم روانگەیەوە، ئەوە بزانن کە وەڵامدانەوەی راست و دروستی پرسیارەکانی منداڵان چەند گرنگن و، چ رەنگدانەوە و کاریگەرییەکی ئەرێنییان لە ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی منداڵە چاوگەشەکانی کوردستانی شیرینمان دەبێت .

بۆ نموونە : کە منداڵێک لە دایکی دەپرسێت : " دایکە من لە کوێوە هاتووم ؟ " دایکی ژیر و وریا پرسیاری منداڵەکەی پشتگوێ ناخات . . دەتوانێت بە شێوازێکی ساکاری لۆژیکی و راست و دروست وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە . . بۆ نموونە دەتوانێت بەم شێوەیە وەڵامی منداڵەکەی بداتەوە :
ئازیزم، لە دنیادا هەموو گیان لەبەران نێر یا مێن . . مرۆڤیش ( ژن یا پیاو) ن . . یا ( کچ یا کوڕ) ن . . کە عازەب و گەورە دەبن . . کچ و کوڕ هاوسەرگیری پێکدەهێنن . . واتا دەبنە بووک زاوا و یەکتریان خۆشدەوێت . . من و باوکیشت هاوسەرگیریمان کرد و یەکتریمان خۆشدەوێ . . لە شوێنێک لە سکمدا کە پێی دەڵێن " منداڵدان " تۆ دروست بوویت . . ماوەی نۆ مانگ لە سکمدا گەورەبوویت و. . کاتی ئەوە هات کە لە دایک بیت . . بە هۆی کەناڵێکەوە کە ( بۆڕییەکی گۆشتینە) پێی دەڵێن ( کەناڵی لە دایک بوون ) تۆ لە دایک بووی . . شیر و خواردنم دایتێ تا بووی بەم منداڵە جوانکیلە خۆشەویستەم . خۆ ئەگەر منداڵەکەی لێی پرسی : ئەی من چۆن لە منداڵدانی تۆدا دروست بووم ؟ دایکی دەتوانێ پێی بڵێت : " بە هۆی تنۆکێکی شل لە لەشی من و تنۆکێکی شلی تر لە لەشی باوکت، لە منداڵدانمادا هەردوو تنۆکەکە یەکیان گرت و تۆیان لێ دروست بوو " . . دەشتوانێت بە هۆی وێنەی روونکردنەوەی رەنگاوڕەنگی نیۆ کتێبە جینسییەکانەوە، زیاتر وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ منداڵەکەی روون بکاتەوە . . یان بە هەر شێوازێکی تر کە کە ئەم دایکە خۆی بە باشی بزانێت، بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە .

لە کۆتاییدا دووبارەی دەکەمەوە، پێویستە پرسیارەکانی منداڵەکانتان پشتگوێ نەخەن و خۆتان لێیان نەدزنەوە . . هەرگیز بە هەڵەش وەڵامیان مەدەنەوە . . هەردەمیش هانیان بدەن بۆ ئەوەی کە پرسیاری زیاتر بکەن . . بەبێ پێچ و پەنا و، بەبێ شەرمکردنیش بە روونی وەڵامی پرسیارەکانیان بدەنەوە . . بە تایبەتیش ئەو پرسیارانەی کە رامان و دامانتان دەکەن . . یا ئەو پرسیارە جینسییانەی، کە بە زەق و رووتیان دەزان . . چونکە گەر ئێوە وەڵامیان نەدەنەوە . . لەوانەیە لە کەسانی تر یا لە منداڵێکی لە رێ دەرچوو بپرسن و، کۆمەڵێک وەڵامی هەڵە و گوماناوی زیانبەخشیان بدەنەوە و کاریان تێبکەن . . ئۆباڵی ئەم ئاکام و ئەنجامە نەخوازراوەش، لە ئەستۆی ئێوەی دایکان و باوکان و بەخێوکەر و فێرکەر و پەروەردەکار دایە . . هەردەمیش پێویستە ئێوەی دایکان وباوکان و دادەکان و مامۆستاکان، ببنە نموونەیەکی باش و بەرز بۆ منداڵەکانتان، چونکە منداڵان چاولێکەرن و میراتگری رەفتار و هەڵسوکەوت و کارە جوانەکانی ئێوەن .

رەزا شوان
نەرویج : ( ١ی/ دێسەمبەر/ ی ٢٠١٥)