هەفتەیەک بوو، کە ساڵی خوێندنی تازە دەستی پێکردبوو . . لە پۆلی شەشەمی بنەڕەتیدا بووین . . رۆژێک مامۆستای زمانی کوردیمان، ئەم پرسیارەی لە قوتابیانی پۆلەکەمان کرد : " حەزدەکــەن لە داهاتــوودا . . بـبن بە چـی . . ؟ "

مامۆستا : رەنگین گیان تۆ حەزدەکەی لە داهاتوودا . . ببیت بە چی . . ؟

رەنـگین : من حەزدەکەم ببم بە پزیشک . . بۆ ئەوەی چارەسەری نەخۆشەکان بکەم .

مامۆستا : شڤان تۆ حەزدەکەی . . ببیت بە چی . . ؟

شـڤان : من حەزدەکەم ببم بە ئەندازیار . . نەخشەی کۆشکی قەشەنگ و، تەلاری بەرز و، شەقامی بەرین و، باخچەی جوان و رەنگین . . بۆ کوردستان بکێشم .

مامۆستا : ڤیان ئەی تۆ هیواداریت . . کە ببیت بە چی . . ؟

ڤیـان : من زۆر حەزدەکەم ببم بە مامۆستا . . بۆ ئەوەی منداڵانی کوردستان فێربکەم .

مامۆستا : جوان تۆ دەتەوێ لە داهاتوودا . . ببیت بە چی . . ؟

جـوان : من حەزدەکەم ببم بە پارێزەر . . بۆ ئەوەی داکۆکی لە ستەملێکراوان بکەم .

مامۆستا : حەز و ئارەزووەکانتان . . زۆر جوانن . . هیوادارم بە هەوڵ و کۆششتان . . بە حەز و بە هیواکانتان بگەن .

مامۆستا : دیلان ئەی تۆ حەزدەکەیەت لە داهاتوودا . . ببیت بە چی . . ؟

دیـلان : من لە ئێستاوە دەمەوێ . . ببم بە رۆژنامەنووس .

مامۆستا : زۆر باشە . . چونکە رۆژنامەوانی کارێکی خۆشە . . رۆژنامەنووسی ئازاد هەواڵی هەمەجۆرە دەگوازێتەوە . . رۆشنبیری بڵاودەکاتەوە . . کێشەکانی خەڵکی دەستنیشان دەکات . . رەخنە دەگرێت و . . پێشنیاری باش پێشکەش دەکات .

جـوان : بەڵام چـۆن لە ئیستاوە ئەوە دەبێت . . ؟!

دیـلان : هاوڕێ خۆشەویستەکانم . . سەرتان سووڕنەمێنێ . . ئەوەی بڕوای بە خۆی هەبێ و هۆش و تواناکانی بەکاربهێنێت . . دەتوانێت نەک تەنها ببێت بە رۆژنامەنووس . . بەڵکو دەتوانێت بە خۆریش بگات .

مامۆستا ( بە سەرسووڕمانێکەوە ) : دیلان قسەکانت لە قسەی رۆژنامەنووس دەچن . . دەتوانی تێمان بگەیەنیت . . چۆن هەر لە ئێستاوە . . دەتوانی ببی بە رۆژنامەنووس . . ؟

دیـلان : مامۆستا گیان . . گەر رێم پێبدەی . . هەر لە ئێستاوە دەستی پێدەکەم و. . راستیی قسەکەمتان بۆ دەسەلمێنم .

مامۆستا : بەڵێ رێ پێدراوی . . فەرموو دەستی پێبکە و . . بۆمانی بسەلمێنە .

دیـلان ( پێنووسيک و پەڕەیەک کاغەزی سپی گرتە دەستییەوە . . بە زەردەخەنەیەکی ناسکەوە . . ئەم پرسیارەی لە هاوڕێکانی کرد ) : واتای کوردسـتان پەروەری چییە . . ؟

جـوان : واتە لە ناخی دڵمانەوە . . کوردستانمان خۆشەویستمان . . خۆشدەوێ .

دیـلان : ئافەرین . . وەڵامەکەت زۆر راست و جـوانە .

هیـوا : پێویستە هەمیشە ژینگەی جوانی کوردستانمان . . بپارێزین .
دیـلان : دەمخۆش . . ژینگەی پاک هێمایە بۆ گەلێکی پاکدۆست و . . نیشتمانێکی جوان .

ڤیـان : پێویستە ئەرکەکانی سەرشانمان بەرانبەر بە کوردستانمان . . جێبەجێ بکەین .

دیـلان : راستە لە پێشا ئەرکەکانمان جێبەجێ دەکەین . . ئینجا داوای مافەکانمان دەکەین. دیـاکۆ : پێویستە هەموومان پارێزگاری لە خاکی پیرۆزی کوردستانمان بکەین . . زۆر شانازیش بە خۆڕاگری پێشمەرەگە دڵسۆز و قارەمانەکانمان و . . بە شەهیدەکانی نەمری کوردستانەوە بکەین .

دیـلان : هەر بژی . . بەرگری و پارێزگاری کردن لە کوردسـتانی شیرینمان . . ئەرکێکی پێویست و زۆر پیرۆزی ئەستۆی هەموو کوردستانییەکی کوردستانپەروەرە .

مامۆستا ( چەپڵەیەکی قایمی بۆ لێدان . . ) : ئافەرین دیلان ی رۆژنامەنووس . . ئافەرین قوتابییەکانم، بۆ وەڵامە جوانەکانتان . . ئێوە مایەی دڵخۆشی و شانازین بۆ داهاتوومان . . چاوەڕۆان بن . . بەیانی شتێکی سەیر دەبینن .

بەڕێوەبەری قوتابخانە ( بەیانی لە کاتی ریزبوونی قوتابیان لە گۆڕەپانی قوتابخانەکەدا)
: بەیانیتان باش قوتابییە ژیر و نازدارەکانمان . . هیـوادارم لە داهاتوودا ببن بە مایەی شانازی بۆ کورد و کوردستان . . بە ناوی هەموو مامۆستاکانیشەوە . . ئافەرینی ئێوە و، هاوڕێی شیرینتان دیـلان دەکەین . . هیوادارین کە ببێت بە رۆژنامەنووسێکی گەورەی کوردستان . . ئێوەش قوتابییە خۆشەویستەکانمان . . بڕواتان بە خۆتان هەبێت . . هەردەم کۆشش بکەن . . کۆڵندەر و هیواخواز و داهێنەربن . . بە دڵنیاییەوە دەگەن بە هیوا و بە خۆزگە و خواستەکانتان . . خۆشک و برا و هاوڕێی دڵسۆزی گیانی بە گیانیی یەکتربن . بە ناوی قوتابخانەکەمانەوە . . ئەم دیارییە جوانەش پێشکەش بە دیـلان دەکەین .

دیـلان ( دیارییەکەی وەرگرت ) : زۆر سوپاس بۆ ئێوە و . . بۆ هەموو مامۆستاکانمان و . . بۆ هەموو هاوڕێ خۆشەویست و دڵسۆزەکانم . . بەڵـێن بێ کە هـیواکەم بهـێنمەدی .

بەڕێـوەبەر و مامـۆستاکان و قوتـابییەکان . . چەپڵەیەکی قایمیان بۆ دیـلان لێدا .

نەرویــج : ٢٠١٥