لە زمانی کوردیماندا، مەبەست لە وشەی " گەنــدەڵی " داری وشکی کەڕەپووکردووی کلۆر دەگرێتەوە . . کە لە سوتاندندا گڕی هەیە . . بەڵام تینێکی گەرمیی ئەۆتۆی نییە .
لە ئەمڕۆدا، گەندەڵی بووە بە ویردی سەر زمانی زۆربەی خەڵکی و، بۆتە باسوخواس و مانشێتی راگەیاندن و میدیاکانی جیهان، بۆتە بابەتێکی کاریکاتێری لای وێنەکێشان . .
گەندەڵی زەقترین دیاردە و، کوشندەترین پەتای جیهانییە، کە ساڵانە سەری بە هەزاران کەندەڵکار دەخوات . . هیچ توێژ و چین و کۆمەڵگایەکیش، دەوڵەمەندبن یا هەژاربن، پێشکەوتووبن یا دواکەوتووبن، خاوەنی هەچ شێوازێکی دەسەڵات و حوکمڕانی بن، یا هەچ ئایدۆلۆژیایەکی سیاسییان هەبێ . . بە شێوازێک و بە رێژەیەک لە گەندەڵی بێبەش نین، هەیانە کەم و هەشیانە پشکی شێریان لە گەندەڵیدا هەیە و، بۆنی بۆگەنییان دێ . .
گەندەڵی رەگی مێژوویی کۆنی هەیە . . چەندین دیکتاتۆری ملهوڕ و لە خۆبایی، چەندین دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوای خۆسەپێن و زۆردار . . لە نێوان خۆیان و گەلەکانیاندا، شوورەی قووڵ و، دیواری سەختی ستەمیان دروستکرد . . پەخشان و تەخشانیان بە دارایی گشتی وڵاتەکانیانەوە کرد . . بەڵام لە ئەنجامدا سەری خۆیان و نۆکەرەکانیان تیاچوون و باجی لەخۆبایی و تاوانەکانیان دانەوە و، چوونە زبڵخانی مێژووەوە .
لە ئەمڕۆشدا گەندەڵی بوونی هەیە . . دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوای لە خۆبایی و ستەمکار و باسمێڵ دەسەڵاتیان قورخکردوون و دەستیان بەسەر سامانی گشتیدا گرتووە و لاناچن . . بەڵام ئەنجامی ئەم شا و فەرمانڕەوا و ستەمکارانەش، لە ئەنجامی شای ئێران و سەدام و موعەمەر قەزافی و زین العابدین و حوسینی موبارەک و عەلی عەبدوڵڵا ساڵح و ستەمکارانی تر باشتر نابن .
مەترسییەکان و ئاسەوارە زیانبەخشەکانی گەندەڵی، لە زیانەکانی نەخۆشییەکانی ئایدز و شێرپەنجە و، لە مەترسییەکان و لە تاوانە قێزەوەنەکانی تیرۆر کەمتر نین . . بە پلەی یەکەمیش هەژاران و ستەملێکراوان دەبنە قوربانی و، باجەکانی گەندەڵییەکان دەدەنەوە . . گەندەڵی شوێنەوارێکی زەقی نەرێنی، سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و رەوشتی و رۆشنبیری و کارگێڕی و راگەیاندنی لێدەکەوێتەوە .
لە رۆژهەڵاتدا بە گشتی و، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتی، لە بەر قورخکردن و خۆسەپاندن و شێوەی دیکتاتۆرییانەی حوکمڕانی و، دەسەڵاتی رەهای حوکمی بنەماڵە و . . لادان لە دەستوور و لە یاساکان و لە چەمکەکانی ئازادی و دیموکراتی و، بەزاندنی سنووری بەها رەوشتی و مرۆییەکان . . بۆتە لانکەی گەندەڵی بۆ حوکمڕانی دیکتاتۆری.

تا ئەمڕۆ گەلی پێناسەی جۆراوجۆر بۆ گەندەڵی کراوە، هەموویان لەسەر مەبەستێکی هاوبەش یەکدەگرنەوە . . هەموویان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە : " گەنـدەڵی بریتییە لە خراپ بەکارهێنانی پۆست و نفووز و، لە مەحسووبیەت و مەنسووبیەت، لە دزی و لە بەفیڕۆدانی دارایی گشتی " . لە پێناسەیەکی تردا : " گەندەڵی بریتییە لە پێبەندنەبوون بە یاسان و دەستوورەوە ـ یا یاسا و دەستوورهەر بزرن ـ لە پێناوی بەرژەوەندیی سیاسی یا ئابووری یا کۆمەڵایەتیی تاک یا گروپێکی دیاری کراو .
رێکەوتنێکی نێودەوڵەتیش لەسەر پێناسەی گەندەڵی هەیە، هەروەکو ( رێکخراوی روونیی ـ شەفافی ـ نێودەوڵەتی ) دیاریی کردووە : " بە گشتی گەندەڵی بریتییە لە هەر کارێک کە هەر کەسێک بە خراپی پایەی بەکارهێنابێت، بۆ بەرژەوەندییەکی تایبەتی بۆ خۆی یا بۆ گروپەکەی . . " بە شێوەیەکی گشتی، گەندەڵی دەبێتە هۆی ئەوەی زیان بە بەرژەوەندی گشتی بکەوێت و، گەلێ قەیرانی لێدەکەوێتەوە . . گەندەڵیش لە سەرەوە بۆ خۆراوە شۆڕدەبێتەوە . . لە کاربەدەستانی باڵاوە بۆ بچوکترین فەرمانبەری کاربەدەست .

دیاردە زەقەکانی گەندەڵی :

١ـ بەرتــیل : بەرتیل یا خاوە و یا دەمچەورکردن واتە وەرگرتنی پارە یا دیاری یا شت و دەستکەوتێکی تر بۆ جێبەجێکردنی کارێک . . کە کاربەدەست پەڵپ و بیانووی نابەجێ و ناڕەوا لە خاوەنی کار دەگرێت و، لێی بە رقدا دەچێت و کارەکەی رایی ناکات و، دەستی دەستی پێدەکات . . تا بەرتیلی نەداتێ کارەکەی بۆی جێـبەجێ ناکـات . . کـورد وتەنیش : " بەرتـیل بـەرد نـەرم دەکـا " . . ئەمەش بە پێچەوانەی ئەرک و کارەکانێ ئەستۆیەتی .

٢ـ مەحسووبیەت ( لایەنبازی ) : واتە جێبەجێکردنی کارێک بۆ بەرژەوەندیی کەسێک یا لایەنێک بێت، وەک سەر بە ( پارتـێک، عەشیرەتێک، بنەماڵـەیەک، رێکخراوێک، . . . هتد ) بێ ئەوەی کە شایانی ئەوەبن .

٣ـ بە زیاترزانین ( لە پێشترزانین ) : واتە بەبێ ڕەوا، بە زیاتر زانینی لایەنێک لە لایەنێکی تر لە خزمەتکردن و لە جێبەجێکردندا . . بۆ بەرژەوەندییەکی دیاری کراو .

٤ـ واستە ( تەشەبووستکردن ) : وەکو دامەزراندنی کەسێک لە پلەیەکی دیاری کراودا، بە هۆی خزمایەتی و ناسیاوییەوە، یا سەر بە پارتێک بێت . . ئەگەرچی تواناشی نەبێ و شایستەی ئەو پایە و کارە نەبێ . . ئەمەش دەستێوەردانە بۆ بەرژەوەندیی کەسێک یا کەسانێکی دیاری کراو . . بێ گوێدانە مەرج و توانا و بنەما پێویستییەکانی دامەزراندن .

٥ـ بە فێڕۆدان و دزی کردن لە دارایی گشتی : واتە گیرفان پڕکدن و دەسکەوتنی دارایی دەوڵەت بە ناڕەوا . . بە هەوەسی خۆیان خەرجی دەکەن و پەخشان و تەخشان بە پارەی دەوڵەتەوە دەکەن . . یا دەست بەسەر باشترین زەویی دەوڵەتدا دەگرن و، بە کەمترین نرخ یا هەر بەبێ ئەوەی دینارێکیش بدەن، داگیری دەکەن . . ئەمەشیان هەر دزییە .

٦ ـ قورخکردن و دەست بەسەر پرۆژە و کۆمپانییەکانی بەرهەمهێنان . . کە بە ناوی خاوەندارێتی خۆیانەوە، یا کەسوکارییانەوە تۆماردەکرێن و، بەڕێوەدەبرێن .
٧ـ کەسی نەشیاو لە شوێنی شیاودا : واتە کەسانێک لووتکەی دەسەڵات و باڵاترین پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی ئیداری و سەربازییان دەدرێتی . . کە زۆر نابەڵدن و لە توانیاندا نییە و نە لە ئاستی ئەو پلە و پایەیەدان . . نە شایستە و نە شێاوی ئەو پایە و ئەو شوێنە هەستیارانەن . . کورد وتەنی : " لەولای هیچەوە لۆقە دەکەن . . " ئەمانەش یان بە هۆی بنەماڵەچێتی یا عەشیرەتگەری یا حیزبێنی . . یا شوێنگرتنەوەی شوێنی باوک یا براوە . . یا بە هۆی هاوبەرژەوەندییەوە، ئەو پایەو دەسەڵاتانەیان وەرگرتوون . . بە لای منەوە ( گەورەترین گەندەڵی . . بوونی کەسی نەشیاوە لە شوێنی شیاودا ) .

هۆیەکانی بڵاوبوو ەوەی گەندەڵی :

١ـ بڵاوبوونەوەی هەژاری و نەزانین و کەمزانین دەربارەی مافەکانی تاک . . زاڵبوونی بەها چاولێکەرییەکان و . . پەیوەندیی خزمایەتی و رەچەڵەکی .
٢ـ لەیەک جیانەکردنەوەی دەسەڵاتی نێوان هەرسێ دەسەڵاتەکانی ( پەڕلەمان و حکوومەت و دەسەڵاتی قەزایی ) لە نیزامی سیاسیدا . . زاڵبوونی حکوومەت بەسەر دەسەڵاتی قەزاییدا . . وا دەکا کە دەسەڵاتی قەزایی لاوازبێ و سەربەخۆیی و بێ لایەنیی خۆی لە دەست بدات و، لەژێر فشاری حکوومەتدا بڕیارەکانی دەربکات .
٣ـ لاوازی و ناسەربەخۆیی و بێ دەسەڵاتیی( دەزگاکانی چاودێاری ) .
٤ـ لە قۆناخەکانی گواستنەوەی دەسەڵات و گۆڕانکارییەکانی قۆناخی سیاسی و ئابووری کۆمەڵایەتیدا، هەلی گەندەڵی سیاسی زیاتر دەبێت، چۆنکە کەشوهەوایەکی باش بۆ دز و گەندەڵکاران دەڕەخسێنن، لاوازی دەزگاکانی چاودێری دەقۆزنەوە، کورد وتەنیش :
" دز بــازاڕی شــێواوی دەوێ "
٥ـ لاوازی سەرکردایەتی سیاسی لە رووبەڕووبوونەوە و بەگژاچوونی گەندەڵی و . . نەگرتنەبەری رێوشوێنی پێویست، بۆ لێپێچینەوە و سزادانی گەندەڵکاران .
٦ـ لاوازی دامەزراوە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، لە خزمەتکردنی هاوڵاتیاندا .
٧ـ دابەزینی مووچەی ئەوانەی لە کەرتی گشتیدا کاردەکەن . . نزمبوونەوەی ئاستی بژێوی ژیان و، گرانی و بەرزبوونەوەی نرخەکانی شتومەکەکانی بازاڕ . . پاڵنەرن بۆ کارکەران بە دوای سەرچاوەی دارایی تردا بگەڕێن . . ئەگەر بە بەرتیل دانیش بێت .
٨ـ نەبوونی دەستوورێکی نووسراوی کارکردن لە کەرتی گشتی و ئەهلی و تایبەتیدا، بۆ کارکردن و بۆ سزادانی فەرمانبەرانی سەرپێچیکەر . . ئەم بۆشاییەش بواری بۆ گەندەڵی خۆش کردووە .
٩ـ نەبوونی ئازادیی راگەیاندن و . . رێ نەدان بە خەڵکی و بە دامەزراوە مەدەنییەکان بۆ وەرگرتن و گەیشتن بە زانیاری و بە تۆمار و بە ئامارەکان . . ئەمەش وای لێکردوون کە نەتوانن راستییەکان بزانن و، نەتوانن چاودێریی کارەکانی وەزیرەکانی حکوومەت و دامەزراوە گشتییەکان بکەن .
١٠ـ لاوازی و بێ دەسەڵاتی دامەزراوە مەدەنی و تایبەتییەکان ـ یا هەر نەبوونیان ـ لە چاودێری کردن و بە دواداچوونی کارەکانی حکوومەتدا .
١١ـ نەبوونی یاسا و دەستوورێکی نووسراو، کە رێ لە گەنەڵی بگرێ و سزای یاسایی سەرپێچیکارانی دیاری کردووبێت .
١٢ـ هۆیە دەرەکییەکانی گەندەڵی، ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە پەیوەندیی بەرژەوەندی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانییەکانی دەرەوەدا هەیە . . بە بەکارهێنانی هۆی نایاسایی و بەرتیل دان لە لایەن ئەم کۆمپانییانەوە . . بۆ قورخکردنی هاوردە . . یا بۆ فرۆشتنی کاڵای خراپ و بەسەرچوو لە وڵاتدا . . یا زیان گەیاندن بە بەرهەمی خۆماڵی .
شێوە و شێوازەکانی گەندەڵی زۆرن و ناتوانین هەموویان بە شێوەیەکی تەواو و ورد دیاری بکەین . . چونکە بە پێی ئەو کەس و لایەنانەی کە ئەنجامی دەدەن جیاوازی هەیە . . لەوانەیە کەسێک یا گروپێک یا دامەزراوەیەکی تایبەتی یا دامەزراوەیەکی فەرمی یا ئەهلی، بۆ دەستکەوت و مەبەستێکی ماددی یا دەستکەوتێکی سیاسی یا کۆمەڵایەتی ئەنجامی بدەن . . لەوانەیە یەکێک ئەنجامی بدات کە پەیوەندیی بە هیچ کەس و لایەنێکەوە نەبێت . . لەوانەشە لەلایەن گرۆپێکی رێکخراوەوە رێکخرابێ ئەمەشیان مەترسیدارترین جۆری گەندەڵییە .
گەندەڵیش بە پێی پایەی ئەو کەسانەی ئەنجامی دەدەن . . دەبێتە دوو بەشەوە :
١ـ گەندەڵیی ئاسۆیی ( گەندەڵی لە سنوورێکی تەسکدا) : وەکو بەرتیل وەرگرتن، دەمچەورکردن، تەشەبوست . . کە لەلایەن فەرمانبەرانی بچووکەوە ئەنجام دەدرێ .
٢ـ گەندەڵیی ستوونی ( گەندەڵی لە سنوورێکی گەورە و گشتیدا ) : کە لەوە گەورەترە کە تەنها بەرتیلێکی بچووک بێت، یا بە تەنها لە چوارچێوەی ئیشوکاری بەڕێوەبردنی رۆژانە بێ . . گەندەڵییەکی رێکخراو ە پلانداڕێژراوە . . کە لە لایەن هەندێ لە بەرپرس و کاربەدەستانی باڵا و لووتکەی دەسەڵاتەوە جێبەجێ دەکرێت . . کە دەسەڵاتی قەزایش بێ دەسەڵاتە لە ئاستیاندا، چونکە ئەم دەسەڵاتدارە گەندەڵانە وەکو گرۆپێکی مافیا وان و هیزیان هەیە، بۆ داپلۆسین و سەرکوتکردنی بەرهەڵستانیان، بۆ دام داخستن و بێدەنگ کردنی هەر کەس و لایەنێک کە رەخنەیان لێبگرن یا ناڕەزایی بەرانبەریان دەربڕن .

چەند شێوەیەک لە شێوەکانی گەندەڵی :
زۆر بە کورتی و بۆ نموونە، ئاماژە بە چەند شێوەیەک لە شێوەکانی گەندەڵی دەکەین :
١ـ بەکارهێنانی پایەی گشتی و دەسەڵات لە لایەن کاسانی کارگێڕی باڵاوە ( وەزیرەکان، جێگرەکان، راوێژکارەکان، بەڕیوەبەرە گشتییەکان، بەرپرسەکان، . . . هتد )
٢ـ نەبوونی پاکی و روونی لە ئیشوکارەکانی حکوومەتدا . . وەکو پێدانی تایبەتمەندی بە خزم و کەسوکار و بنەماڵەکانیان لە کرنەوەی کۆمپانییەکان بێ ئەوەی پێشتر کردنەوەی ئەم کۆمپانییانە رابگەیەنن، تا کەسانی تریش بەشداری لە ململانێی وەرگرتنیاندا بکەن .
٣ـ خۆخۆی و خزم خزمێنە و حیزب حیزبێنە و واسیتە، لە دامەزراندنی فەرمانبەران و لە دانانی سەرکردەکانی لەشکردا . . کاربەدەستانی گەندەڵ تا بتوانن لە پایە و لە پلە باڵاکانی دەوڵەتدا کەسوکاری خۆیان یا کەسانی سەر بە پارتەکەیان دادەمەزرێنن، بێ ئەوەی گوێ بە توانا و لێهاتوویی و شارەزاییان بدەن . . بە ئامانجی زیادکردنی نفووزی کەسایەتی خۆیان، لە نێو دامودەزگاکانی دەوڵەتدا .
٤ـ بە فیڕۆدانی دارایی گشتی وەک : بەخشینی خزم و، کەسانێکی سەربەخۆیان لە باج و لە پارەی گومرگی . . یا لە بەرانبەر ئەوەی کە بەرتیلیان لێ وەرگرتوون .
٥ـ قوستنەوەی پایەی گشتییان، بۆ مەرام و بەرژەوەندیی سیاسییان وەکو : فێڵکردن لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا . . یا کڕینی دەنگەکانی دەنگدەران . . بۆ مانەوەیان لە دەسەڵاتدا.
شوێنەوارە نەرێنییەکانی گەنـدەڵی :
گەندەڵی ئەنجامێکی زۆر خراپی لەسەر هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و رەوشتی دەبێ . . بە کورتی ئەمانە بەشێکن لە ئەنجامەکانی گەندەڵی :
١ـ کارتێکردنی گەندەڵی لە بواری کۆمەڵایەتی : گەندەڵی دەبێتە هۆی تێکچوونی رەوشت، بڵاوبوونەوەی گوێ پێنەدان، نەرێنی لە نێو خەڵکیدا، سەرهەڵدانی رق و توندوتیژی، بڵاوبوونەوەی تاوان، بڵاوبوونەوەی بێکاری و هەژاری، زۆربوونی ژمارەی ئەو کەسانەی پەروێز کراون، بە تایبەتیش ژنان و منداڵان و لاوان، رێزنەگرتن و پێشێلکردنی لە سەروەریی یاسا، قۆڵبڕین، . . . هتد .
٢ـ کارتێکردنی کەندەڵی لە بواری ئابووری : گەندەڵی دەبێتە هۆکاری گەشەنەکردنی ئابووری، رانەکێشانی سەرمایە و کۆمپانییە بەرهەمهێنەرە دەرەکییەکان، چوونە دەرەوەی سەرمایەی سەرمایەدارانی ناوخۆ، لاوازبوونی هەلی کار و، بڵاوبوونەوەی بێكاری، شکستهێنان لە وەرگرتنی یارمەتی و قەرز لە وڵاتان، لە ئەنجامی خراپبوونی ناوبانگی نیزامی سیاسی، کۆچکردنی شارەزیانی ئابووری و، خاوەنی بڕوانامەی بەرز لە ئەنجامی نەبوونی رێزگرتن لێیان و. . لایەنبازی لە وەرگرتن و لە دامەزراندن لە پایە گشتییەکانی وڵاتدا، لاوازبوونی بەرهەمهێنانی ناوخۆ، ئیفلیج بوونی پرۆژەکان، . . . هتد.
٣ـ کارتێکردنی گەندەڵی لەسەر نیزامی سیاسی : گەندەڵی شوێنەوارێکی خراپی لەسەر نیزامی سیاسی دەبێ، لەسەر شەرعییەتی و سەقامگیری و ناوبانگی، نەبوونی ئازادی و دیموکراتی و ئازادیی راگەیاندن، پێشێلکردنی چەمکەکانی مافی مرۆڤ، نەبوونی یەکسانی و دادپەروەری، نەبوونی روونی ـ شەفافی ـ و نەکرانەوە و نهێنی لە کارەکانی حکوومەتدا . . تەنانەت بڕیارە چارەنووسازەکانیش تاکڕەوانە بڕیاری لێدەدەن، بە پێی بەرژەوەندیی کەسی، بێ ئەوەی گوی بە بەرژەوەندییە گشتییەکان بدەن، سەرهەڵدانی رکبەری و توندوتیژی لە نیوان لایەنە سیاسییەکاندا . . دامەزراوە گشتی و مەدەنییەکان لاواز دەبن، دەبێتە هۆی ناوزڕانی نیزامی سیاسی و، لاوازبوونی پەیوەندییەکانی، لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا، بە تایبەتیش لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە دەکرێ یارمەتی ماددی و قەرزی بدەنێ، گەر یارمەتیشی بدەن، کومەڵێک مەرجی بۆ دادەنێن کە پێشێلکاریی سەربەخۆیی و سەروەریی وڵاتیان تێدایە، لاوازبوونی دەزگاکانی چاودێری و لێپرسینەوە . . نەبوونی هاوپەیەمانی و هەمەهەنگی سیاسی لە نێوان پارتە سیاسییەکاندا، لە ئەنجامی بڕوا و متمانەن نەکردنیان بە یەکتری .

گەنـــدەڵیی سیاسی :
گەندەڵیی سیاسی، مەترسیدارترین گەندەڵییە و، سەرچاوەی هەموو گەندەڵییەکانی تر و هەموو کارەساتەکانە . . لە هەموو ئەو لێکۆڵینانەوەی کە دربارەی گەندەڵی کراون . . گەندەڵیی سیاسی دەخەنە لووتکەی قوچکەی گەندەڵییەوە . . دوابەدواشیدا گەندەڵیی ئابووری و کۆمەڵایەتی و رەوشتی و راگەیاندن و رۆشنبیری و گەندەڵییەکانی تر دێن.

گەندەڵیی سیاسیش چەند پێناسەیەکی بۆ کراوە، لەوانەش : " گەندەڵیی سیاسی بە مانا فراوانەکەی بریتییە لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی گشتی (حکوومڕانی ) بۆ هێنانەدیی ئامانجەکان و دەستکەوتی نادروستی کەسایەتی، کە بە زۆری بە شێوەیەکی شاراوە و نهێنی ئەنجام دەدرێن " .
( هـ، ئا، براسز ) دەڵێ : " گەندەڵیی سیاسی هاومانای هێزی سەرکوتکەرە " واتا بەکارهێنانی هێزی داپلۆسین، بۆ هێنانەدیی مەبەستێک، کە جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەو ئامانج و مەبەستە راستییەی کە ئەم هێزە لە پێناویدا دانراوە . . ئەم پێناسەیەش نیزامی حوکمڕانی شموولی ( دیکتاتۆری ) دەگرێتەوە . . چونکە خەسڵەتەکانی زاڵبوونی ئەم رژێمە، بریتییە لە سەرکوتکردنی ئازادی، نەبوونی دیموکراتی، نەبوونی چەمکەکانی مافی مرۆڤ، دەمگرتنی ئۆپۆزسیۆن، هەرسێ دەسەڵاتەکەش ( حکوومەت، پەڕلەمان، قەزایی ) ئەم سێ هێزە، لە دەسەڵات و هێزێکدا کۆبوونەتەوە، ئەویشی دەسەڵاتی حکوومەتە، حکوومەت لە هەمان کاتدا خۆی یاسا دانەر و بڕیاردەر و جێبەجێکەرە . . دەسەڵاتی قەزایش لە دەستی خۆی دایە . . لە نموونەی ئەم حوکمڕانییە : دیکتاتۆرییەتی ( سەدام حوسێن ) ی گۆڕبەگۆر . . کە کەس بەبێ ئاگاداری و رەزامەندی سەدام، مافی پێکەنینیشی نەبوو . . وەکو خۆیان دەیان وت ( گەر سەدام بڵێ . . عێراق وتوویەتی )
لە ئەنجامی سیاسەتێکی وادا، گەل پەراوێز خراوە و هیچ رۆڵێکی نییە لە بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەتدا . . بەڵام لە راستیدا، گەل وەکو هاوڵاتی، دەبێ هاوبەشێکی راستی بن لە دەسەڵات و لە بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەتدا . . کۆمەڵە مافێکی تری هاوڵاتیان ریزبەندی کراون، لەوانەش مافی هەڵبژاردن، مافی بە دواداچوون و لێپرسیینەوە و ئاشکراکردنی گەندەڵییەکان، مافی دەسکەوتنی زانیاری و وردەکاری دەربارەی کارەکان و بڕیارەکانی حکوومەت، مافی هەڵبژاردنی هێزە سیاسییەکان کە گوزارشت لە هیوا و لە خواستەکانی گەل دەکەن . . ئەمانەو گەلێ مافی تریش . بەڵام لە سایەی دەسەڵاتی رەها و، هێزی داپڵۆسین و سەرکوتکەردا، کە هاومانای گەندەڵیی سیاسی و تاكڕەویی بەڕێوەبردنن . . بەڵام هەموو ئەم مافانە . . رەشەبای هێزی دەسەڵاتدار و قورخکردن راپێچیان دەکەن و، زیندەبەچاڵیان دەکەن .

( سمۆئیل هەنگتۆن ) لە بارەی گەندەڵیی سیاسییەوە دەڵێ : " هۆیەکە بۆ پێوانی مەودای نەبوونی دامەزراوە سیاسییە کاریگەرییەکان " ئەم پێناسەیە ئاماژە بە ( فرە پارتی ) دەکات . . وەکو دەبینین لە دەوڵەتی شموولی دیکتاتۆریدا تەنها پارتییەکی تێدایە، کە خۆیان بە ( پارتی پێشڕەو) یا ( پارتی سەرکردە) ناودەبەن . . گەر فرە پارتیش هەبێ، پارتەکانی تر بێ دەسەڵاتن و، بوونەتە پاشکۆی دەسەڵات . . لە سەردەمی سەدام دا، چەندین پارتی کارتۆنی هەبوون، کە دوو پارتی کوردستانیشیان تێدا بوون . . بەڵام هەر هەموویان ببوونە پاشکۆی پارتی بەعسی شۆڤێنی .

ئاراستەیەکی تر هەیە، لە دیاریکردنی خەسڵەتەکانی گەندەڵێی سیاسی، لە میانەی شێوە و شێوازەکانییەوە، لەوانەش : نەبوونی ئازادی رادەربڕین، نەبوونی چەمکی دیموکراتی ـ گەر هەشبێت تەنها توێکڵە ـ نەبوونی چەمکەکانی مافی مرۆڤ، نەبوونی روونی و شەفافییەت، نەبوونی لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران، نەبوونی راگەیاندنی ئازاد، . . . هتد .

کارتێکردنی خراپی گەندەڵیی سیاسی :

شێواز و دیاردەکانی گەندەڵێی سیاسی کارتێکردنێکی نەرێنی و خراپیان لەسەر سەرجەم بوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و رەوشتی هەیە . . بە کورتی لەم خاڵانەدا ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین :
١ـ نەبوونی هاوبەشی بەشداریکردن لە نێوان هاوڵاتی و دەوڵەتدا، بە پێی چەمکی هاوڵاتی بوون و دیموکراتی . . ئەوە دەگەیەنێ کە سیاسەتی دەوڵەت، گوزارشت لە خواستەکانی گەل ناکا . . دەبێتە هۆی ئەوەی کە کاردانەوەیەکی خراپی لە ناوخۆدا هەبێ و، خۆپێشاندانی ناڕەزایی بکرێ و، مەتریشی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دەبێت .
٢ـ لەبەر ئەوەی کە گەندەڵیی سیاسی لە ئەنجامی لایەنبازی و عەشیرەتگەری و خزم خزمێنە و بنەماڵەچێتی و ناوچەگەرییەوە بەرجەستە دەبێ . . دەبێتە هۆی ئەوەی کە کەسانێکی بێ توانا و نابەڵەد و ناشایستەی هیچ لەبار، پۆستە باڵا و هەستیارەکانی دەوڵەت وەربگرن . . لەسەر حیسابی مافەکانی گەل . . واتا دانانی کەسی نەشیاو لە شوێنی شیاودا، ئەمەش هۆکارێکە بۆ تێکچونی دەزگای بەڕێوەبردن و، سڕبوونی پێشنەکەوتن . . بۆتە هۆی تورانی کەسانی بە توانا و بە ئەزموون و شارەزا لە وڵاتدا .
٣ـ گەندەڵیی سیاسی، هۆکارێکی رەوشت تێکچوونە وەک : فێڵکردن لە هەڵبژاردنەکان، بەکارهێنانی هێز بۆ گەیشتن و مانەوە لە دەسەڵاتدا . . بەرتیل دان و بەرتیل وەرگرتن .
٤ـ لە بەر ئەوەی لە سایەی گەندەڵیی سیاسی و ئابووریدا، سەرمایەدارەکانی وڵات هەست بە سەقامگیریی سیاسی و بە دادپەروەری و یەکسانی ناکەن . . سەرمایەکانیان دەبنە بانکەکانی دەرەوەی وڵات . . بەمەش زیانێکی گەورەی دارایی و ئابووری لە وڵات دەکەوێت . . پرۆژەکانی بەرهەمهێنان و ئاوەدانی ئیفلیج دەبەن و . . رێژەی بێکاری و هەژاریش زیاتر دەبن .
٥ـ دزیکردن و بەفێڕودانی دارایی گشتی لە لایەن دەسەڵاتدارانی گەندەڵەوە . . نەبوونی لیژنەیەکی کارا و نەترسی چاودێری و لێپرسینەوە، هێندەی تر قوڕەکە خەستر دەکات .
٦ـ گەندەڵیی سیاسی، بە گەندەڵیی ( چینی سیاسی و فەرمانبەران و سەرکردەکانی پارتە سیاسییەکان و ئەندامانی حکوومەت ـ نوخبەی دەسەڵات) ە، لە هەچ پایەیەکی دەسەڵاتدا بن، یا سەر بە هەچ لایەنێکی سیاسی بن، ئەم لایەنانە نفووزی سیاسییان بەکاردەهێنن و فشار دەخەنە سەر لایەنی یاسایی و بڕیاردەر . . تا هەموو بڕیارەکان لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بن . . بێ گویدانە یاسا و دەستوور و بەرژەوەندییەکانی گشتی . . لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنیشدا، پارەیەکی زۆر بە فێڕۆدەدەن و، دەنگەکانی دەنگدەران دەکڕن، دەتوانن دست لە کاروباری هەڵبژاردنەکان وەربدەن، تا پێشوەخت دڵنیابن لەوەی کە ئەنجامەکان دەبێت لە بەرژەوەندیی خۆیاندابن و، زۆرینەی کورسییەکانی پەڕلەمان بەدەست بهێنن . . ئەمانە بە شێوەیەکی نادروست و ناڕەوا دەوڵەمەند دەبن و، روونیش لە کارەکانیاندا نییە . . هێزیش لەژێر دەستیان دایە . . دەتوانن هەر کاتێک بیانەوێت بۆ داپڵوسینی بەرهەڵستەکانیان بەکاری بهێنن . . نموونەی ئەم دەسەڵاتەش لە ئەمڕۆدا، دیکتاتۆری لەخۆبـایی ( سوڵتان ئۆردوگان ) ه، کە لە پێناوی قورخکردنی دەسەڵات و تاکڕەویدا، تورکیای کردووە بە گۆمی خوێن .
٧ـ نەبوونی ( لیژنەیەکی چاودێری و لێپرسیینەوە ـ لە پەڕلەمان ) تا لە گەندەڵییەکانی دەسەڵاتدارانی حکوومەت بکۆڵنەوە و ئاشکرایان بکەن ـ بەچی دەچێت، گەر هەشبێ بەڵام دەسەڵات نەبێ . . وەک ئەوە وایە کە نەبێ ـ ئەمەش زیاتر رێ بۆ گەندەڵکاران خۆش دەکات کە بە ئارەزووی خۆیان پەخشان و تەخشان بە دارایی گشتییەوە بکەن .
٨ـ حکوومەت راگەیاندنە فەرمییەکان، لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بەکاردەهێنن، بۆ ستایش و پڕوپاگەندەکردن، بۆ سەپاندنی دەسەڵاتەکەیان بەکاریان دەهێنن، بۆ بەگژاچوونی بەرەی ئۆپۆزسیۆن . . ئازادیی رۆژنامەنووسیش لای ئەم دەسەڵاتە بوونی نییە، تەنها ناوە و، سنوورێکی سووریان بۆ رۆژنامەنووسان کێشاون، هەر رۆژنامەنووسێک بوێری پێی بخاتە ئەودیوی ئەو سنوورەوە دیاری کراوەوە . . پێیەکانی دەبڕنەوە .
٩ـ لۆبی و مافییەکانی گەندەڵی، دەست بەسەر زۆربەی کۆمپانییەکان و دامەزراوە بەرهەمهێنەرەکاندا دەگرن، دەتوانن فشار بخەنە سەر رەوتی هەڵبژاردنەکان و . . کەسانێک بگەیەننە بە دەسەڵات، کە بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن .
١٠ـ زۆربەی دامەزراوەکان موركێکی خزمێنی و هاوزاوایی و بنەماڵەییان پێوە دیارە .

لە سایەی گەندەڵیی سیاسی و، بریاری تاکڕەویی ( نوری مالیکی ) سەرەک وەزیرانی پێشووی عێراق نزیکەی ( ٥٠٠) ملیار دۆلار دیارنییە و دزراوە . . بەڵام تا ئەمرۆش هیچ لایەنێکی عێراقی و هیچ دەزگایەکی چاودێری و لێپرسینەوە . . بە نوری مالیکی ناڵێن کوا ئەو پارەیەت چی لێکردووە . . ؟؟! . . هەر بە هۆی گەندەڵیی سیاسییەوە، لە ئەمڕۆدا عێراق دووچاری قەیرانێکی ئابووری بووە . . کە زیانەکانی بە ( ٨٥٠) ملیار دۆلار دەخمڵێنرێت . . بانگەشەی ( جاکسازییەکانی حەیدەر عەبادی ) سەرەک وەزیرانی ئێستای عێراق . . بەڵین و دروشمێکی زڕە و بەری نییە . . تەنها بۆ هێورکردنەوەی بێزاری و تووڕەیی خەڵکییە، چونکە گەندەڵییەکان بۆگەن بوونە و، ( جامی گەندەڵی پڕبووە و لێی دەڕژێ) .

بێگومان کوردستانی ئێمەش لە کێشەی گەندەڵی بە هەموو جۆرەکانییەوە بەدوور نییە . گەندەڵیش لە کوردستاندا گەلی شێوە و دیاردەی هەیە و، تا رادەیەکی زۆر کاردانەوەیان لە هەموو بوارەکاندا هەیە . . ئەوەی شایەنی باسە تا ئەمڕۆش حکوومەتی کوردسـتان هیچ ( پرۆژەیەکی چاکسازی ستراتیژی) یان نییە و، هیچ هەنگاوێکی جدی پراکتیکییان بۆ بە گژاچوون و بنبڕکردنی گەندەڵی لە کوردستاندا نەناوە . . تا بێت گەندەڵییەکان زەقتر و بۆگەنتر دەبن . . تا بێت رێژەی بێکاری و هەژاری و بێزاری و کۆچکردن لە زیادبووندایە . . تا بێت خزمەتگوزارییە پێویستییەکان سڕتر دەبن . . ئەمەش زەنگێکی وریاکردنەوەی مەترسیدارە، بە پلەی یەکەمیش حکوومەت و پەڕلەمان لەم ئەنجامە نەخوازراوە بەرپرسن . . ئەگەر دەست نەکرێت بە چاکسازییەکی ریشەیی و جدی و، باشکردنی ژیان و بژێوی گوزەرانی هاوڵاتیان . . گەر لەمەش زیاتر خزمەتگوزارییەکان پشتگوێ بخرێن . . بە دڵنیاییەوە قەیرانەکان زیاتر قووڵ دەبنەوە و کێشە و قەیرانی زیاتر و زیاتر بە دوای خۆیاندا دەهێنن . . چاکسازیش تەنها بە بەڵێن و بە بڕیار و بە قسەی خۆش و شیرین، بە دروشمی بریقەدار نایەتە دی . . بەڵکو چاکسازی بە پلان و بە رێگاچارەیەکی ستراتیژی و تۆکمەی پراکتیکیی، بە هەنگاوی بوێرانە و بە کار و بە خزمەتگوزاری و گۆڕانکاری و، پاکردنەوەی گەندەڵی دەموودەزگاکان لە گەندەڵی و لە گەندەڵکار دێتەدی، پێویستە لەسەر زەوی و بە چاو ببینرێ . . ئەگینا گەل هیچ بڕوایەک و متمانەیان بە دەسەڵاتدارانی حوکمڕانی نامێنێ . . چونکە خەڵکی لە بەڵێن و لە بڕیاری جێبەجی نەکراوە بێزار بوون . . لە چاکسازیشدا، لە سەرەتاوە، پێویستە گرنگتر پێش گرنگ بخرێت . . گەر بە راستی نێت هەبێ و، هەنگاوی پراکتیکی جدی بۆ بنرێت هەموو خواستێک دێتە دی .

رەزا شوان
نەرویـــج : (٣١ ی/ ئوکتۆبەر / ٢٠١٥)