بایــرۆن دەڵـێ : " تا دەتــوانیت پێبـکەنە . . . ئەمـە دەرمـــانێکی هـــەرزانە . . . " هەر هەموومان وێڵی دوای هێنانەدیی خۆشی و شادین و کامەرانین . . هەوڵەکانیشمان بە زۆری بەم ئاراستەیەدان . . لە ئەمڕۆدا، رۆژانە لە هەموو لایەکی جیهاندا بە هەزاران دۆلار بۆ کڕینی دەرمان، بۆ چارەسەری نەخۆشییە جەستەیییەکان و دەروونییەکان خەرجدەکرێن . . بەڵام زۆربەمان ئەو دەرمانە سروشتییەمان، ئەو هۆیە ماکییەمان لە یاد نییە کە لە ناخی دەروونمان دایە . . لە لەشی مرۆڤدا کارگەیەک هەیە کە دەتوانێت باشترین دەرمان بە بەرهەم بهێنێت . . ئەم کارگەیەش لە مێشکمان دایە و، دەرمانەش ( پێکەنین ) ە . . کە کارتێکردنێکی یەکسەری و . . لە ئایندەشدا دەبێت .

پێکەنین دیاردەیەکە، لە ناخی مرۆڤەوە دێتە دەرەوە . . شێوەیەکە لە شێوە راستییەکانی گوزارشتکردن لە خۆشی و لە شادی . . چەقی پێکەنین لە مێشکی مرۆڤدایە و، مێشک رێکی دەخات . . پيکەنین شێوازە رەوشتێکی مرۆڤایەتییە . . گرنگترینی ئەو هۆکارانەیە کە باری دەروونی مرۆڤ ئاسوودە و باشتر دەکات .
لەوانەشە پێکەنین دیاردەیەکی تەشەنەکراوبێت . . هەروەکو چۆن پەتای ئەنفلونزا، کەسێک لە کەسێکی ترەوە دەیگرێت . . بەم شێوەیەش کەسێک کە پێدەکەنێت، کەسانی دەوروبوریشی دێنە پێکەنین . . پێکەنین هۆیەکی گرنگە لە هۆیەکانی پاکردنەوەی هۆشی مرۆڤ، لە هەموو بیر و لیکدانەوە و خەیاڵێکی بەد و نیازێکی خراپ، کە دەشێ مرۆڤ پێش ئەوەی تێبکەوێت، لێیان پەشیمان ببێتەوە .

پێکەنین، تەنها تایبەت نییە بە مرۆڤەوە، بەڵکو بەشێکی زۆری ئاژەڵان و باڵندەکانیش شێوازی پێکەنین و گوزارشتکردنیان لە خۆشی و شادی خۆیان هەیە . . لەوانەش :
مەیمونی شەمپازی، گۆرێلا، ، دۆلفین، سەگ، فیل، تووتی، لەقلەق، مشک، . . . هتد . . پێکەنین و گوزارشتی ئەوان جیوازن، لەگەڵ پێکەنین و گوزارشتی ئێمەی مرۆڤدا .
پیکەنین هۆیەکی گوزارشتکردنە لە نیازپاکی مرۆڤ . . نیشانەیەکی ئەرێنیی رازیبوون و قبوڵکردن و، لەیەک نزیکبوونەوە و، تێکەڵبوونێکی دروستی کۆمەڵایەتییە لەگەڵ کەسانی تردا . . گوزارشتە لە هاوسۆزی و هاوتێگەیشتن لە نێوان ئادەمیزادا .

هۆکارەکانی پێکەنین :
هۆکارەکانی پێکەنین زۆرن و هەمەجۆرەن . . وا باس دەکرێت، کە پێکەنین کاردناوەیەکی فسیۆلۆژییە، لە ئەنجامی تتێپەڕبوونی شارەزاییەک، وەک بیستنی نوکتتەیەک، بینیننی دیمەن و بابەتێک، هەڵوێستێکی کۆمیدی، ، یان کەسێکی تر ختووکەی شوێنێکی هەستیاری جەستەی بدرێت، یا هەر شتێکی تر، کە مرۆڤ هەستی پێ بکات و، ببێتە مایەی خۆشی و پێکەنین بە لایەوە .

ليکۆڵینەوە و تۆژینەوە دەربارەی پێکەنین و، کارتێکردنی سایکۆلۆژی و فسیۆلۆژی لەسەر جەستە و دەروونی مرۆڤ، بە زانیاری ( گیـلۆتـۆلـۆگی ) ناودەبرێت .

پێکەنین رەگێکی مێژوویی هەیە و، لە جۆرەکانی ئەدەب و لە جۆرەکانی هونەر و لە فۆلکلۆری گەلان و لە پەند و لە وتەکانی ناودارانی جیهاندا رەنگدانەوەی هەیە . . ئەدەبی گاڵتەجاری ( هۆنراوە، پەخشان، شانۆگەریی بابەت کۆمیدی مەبەستدار، وێنەی کاریکاتێری، رۆژنامە و گۆڤاری تایبەت بە پێکەنین ) کە مەبەستیان ئەوەبووە، خۆشی و شادی بخەنە دەروونی مرۆڤەوە . . خەندە و پێکەنین بخەنە سەر لێوەکانی خوێنەر و بیستەر و، بینەر . . یا ئەو دراما کۆمیدییانەی، کە تەنها بۆ مەبەستی خۆشی و پێکەنین پێشکەش دەکرێن، واتە ( پێکەنین بۆ پێکەنین ) ئەمەش خۆی لە خۆیدا هونەرێکە و فەلسەفە نییە .
نموونە ئەدەبی گاڵتەجاڕی و توانج و پلاری کوردی، و کتێب و، گۆڤار و، کەسانی قسەخۆش و نوکتەزان و قۆشمەچی و خۆشمەشرەبمان زۆرن، لەوانەش : هۆنراوە خۆشەکانی تونجەکانی شاعیری گەورەی گەلەکەمان ( شێخ رەزای تاڵەبانی )، نوکتە کوردەوارییەکانی ( پێنج بەرگی کتێبی رشتەی مرواری ـ مامۆستا عەلائەدین سەجادی ) سەرگوزشتەکانی ( مەلای مەزبوورە )، گۆڤاری کومیدی ( سوخرمە )، چیرۆکەکانی ئەحەی کۆڕنوو، نوکتە و قسەخۆشەکانی خاڵە رەجەب، نوکتەکانی ئەحۆل، تا دەگاتە بەزم و جوڵانەوە سەیر و خۆشەکانی عیرفانی وەستا محەمەد کە بە ( حـەمە دەمـبڵ ) ناسراوە . . لە جیهانییەکان و عەرەبییەکانیش، کورتە فیلمە کۆمیدییەکانی هونەرمەندان : چاڕلی چاپلن، میستەر بین، ئیسماعیل یاسین، عادیل ئیمام . . . هتد .
لە فۆلکلۆری کوردیشدا، بۆ مەبەستی توانج و وپلار و پێکەنین خۆشی و شادی بە دەیان دێڕە هۆنراوەمان هەیە . . بۆ نموونە :
قوربانی باڵات بم، باڵا خەرتەلە
هیچ عەیبت نییە، دانێکت کەلە

خاڵێک هاوەبان گۆنای یارەوە
دەڵێی پشــــقلە بە دیــــوارەوە

هەموو کەسێک دەتوانێت پێبکەنێت . . پێکەنین لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازی هەیە . . لە بزە و زەردەخەنەوە . . بۆ قاقالێدان و بەکوڵ پێکەنین . . بەندە بە رادەی هەستکردنی ئەو کەسە بە خۆشی . . کەسانێک هەن بە سروشتی رووخۆش و لیو بەخەندە و دەم بە پێکەنینن . . زیاتر لە کەسانی تر پێدەکەنن . . دەشێ ئەمە بۆ کاریگەری هۆیە جینییەکان بگەڕێتەوە . . بەهرەیەکی ماکی بێت لەو کەسانەدا . . لە نێوان پێکەنینی ئافرەتان و پیاونیشدا جیاوازی هەیە . . پێکەنینی ژنان بە کوڵە و ئاوازێکی نەرم و شیرینی تێدایە . . بەڵام پێکەنینی پیاوان تا رادەیەک گڕ و ناڕێکە .
( رۆجر فریتس) دەڵێ : " ئەو کەسەی کە بڕوای بە خۆی هەیە پێکەنینەکەی لەگەڵ پێکەنینی کەسانێکی تردا جیاوازە، تەنانەت هەناسەدان و جوڵەکانیشی شێوەیەکی جیاوازیان هەیە "
( کـانت ) یش دەڵێ : " سێ شت یارمەتیی خۆڕاگرتن دەدەن، لە بەردەم سەختیەکانی ژیاندا : هيــوا و نووســتن و پێـــکەنین "
( چـاڕلی چـاپلن ) دەڵێ : " رۆژێکی بێ پێکەنین . . رۆژێکی ناخۆشە "
( ئابراهــام لینکۆڵن ) دەڵێ : " ترسەکان گەورە مەکەنەوە . . پێیان پێکەنن . . پێکەنین باشترین چارەیە "
( عـەزیـز نەســین ) دەڵێ : " زاناکانی سەدەی بیستەم، نەیان توانی لە بەرد زێڕ دروست بکەن . . بەڵام من توانیم، لە فرمێسکەکانی خۆم پێکەنین دروست بکەم . . "
( بن دی جۆنسۆن ) دەڵێ : " گــەورەم . . پێـــبکەنە و . . قەڵـــەوبە "
( جاکسۆن براون ) دەڵێ : " لە هەر بارودۆخێکدا بووی . . دەم بە پێکەنین بە . . بە ئەرێنی بیربکەرەوە . . هیواداریش بە . . "

هەندێ لە پزیشکەکان، بۆ تەمەندرێژیمان، بەم شێوەیە ئامۆژگاریمان دەکەن :
" نیوەی ئەوە بخۆ، کە لەسەری راهاتووی بیخۆی . . دوو بەقەی ئەوە بنوو، کە لەسەری راهاتووی بنووی . . سێ بەقەی ئەوە بخۆرەوە، کە لەسەری راهاتووی بیخۆیتەوە . . چوار بەقەی ئەوە پێبکەنە، کە لەسەری راهاتووی کە پێبکەنی . . "
لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، دان بە ( زانیاری دەروونی پێکەنین ) دا، نرا .
لەبەر گرنگی پێکەنین لە ژیانی مرۆڤدا، وڵاتە پێشکەوتووەکان بایەخێکی زۆریان بە پێکەنین داوە . . لە ساڵی (٢٠٠٠) دا چوارەمین کۆ نگرەی جیهانی بۆ پێکەنین سازکرا . . لە ساڵی ( ٢٠٠٢) دا، بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی ئەوروپادا، لە ئەڵمانیادا، یەکەمین پەیمانگا بۆ راهێنانی قوتابیانی ئارەزوومەند لەسەر پێکەنین کرایەوە . . وەکو هۆیەکی سروشتی بۆ چارەسەری نەخۆشییە جەستەیی و دەروونییەکان مرۆڤ، کە لەم روانگەیەوە لە پێکەنین دەڕوانن ( جەستەی تەندروست . . لە پێکەنینی دروست ) دایە . قوتابییە دەرچووەکانی ئەم پەیمانگایە . . بۆیان هەیە وەکو ( مامۆستای راهێنەری پێکەنین ) لەهەر پەیمانگایەک لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێت، ئەم مادە بڵێنەوە .

لە ئەمڕۆشدا لە جیهاندا، چەندین یانە هەن، بۆ فێرکردن و راهێنانی ئەندامەکانیان لەسەر پێکەنین و زەردەخەنە و رووخۆشی و رووگەشی . . بۆ نموونە، لە ئەمریکادا (١٨٠) یانە هەیە، لە هیندستان دا (١٥٠) یانە هەیە، لە وڵاتانی ئەوروپاشدا، زیاتر لە (٥٠٠) یانە هەیە بۆ راهێنانی ئەندامەکانیان لەسەر پێکەنین .
ناوە بە ناوەش لەژێر ناوی ( تەنهـا بۆ پێـکەنین ) ئاهەنگی شیاو و خۆش سازدەکەن .

بۆ ئەوەی زیاتر لە سەرناوی باسەکەمان دوور نەکەوینەوە، زۆر بە کورتی و بە چڕی، باس لە گرنگی و لە سوودەکانی پێکەنین بۆ منداڵان دەکەین .
( رووبــارد کیلـنک ) دەڵێ : " جوانترین دیمەن لەژێر ئاسماندا . . دیمەنی منداڵێکە کە پێدەکەنێ . . "
( نیلسون مانـدێلا ) ش دەڵێ : " خۆشەویستی و پێکەنین و ئاشتی بە منداڵ بدەن . . نەک ئایدز . . "
بێگومان هەموومان حەزدەکەین کە هەمیشە جگەرگۆشەکانمان لێو بە خەندە و پێکەنین و . . لە خۆشی و شادی و کامەرانیدا بیان بینین . . بە خۆشنوودیان ئئێمەش دڵخۆش دەبین . . بە کزی و مات و مەلوولیان . . ئێمەش دڵتەنگ و خەمبار دەبین . . چ دیمەنێک هەیە . . چ خۆشییەک هەیە . . کە لە ( دارە دارە ) ی منداڵان جوانتربێت . . ؟ لە ( زاق و زیق و ) لە ( تریقە تریق ) ی پێکەنینی جگەرگۆشەکانمان خۆشتربێت . . ؟ گەر خەم بەقەی کێوی قەندیل لامان باربێت . . بە پێکەنین و بە گۆزان گۆزانی جگەرگۆشەکانمان ئەو کێوە خەمە لەبن دێت . . زەردەخەنە و پێکەنینی منداڵەکانمان ئەفسوونێکی گەورەیە و دڵی هەموومان خۆش و شاد دەکەن . . کە زەردەخەنە و پێکەنین لەسەر لێوە ئاڵەکانی منداڵەکانمان دەبینین . . وا هەست دەکەین کە دنیا و، هەموو سامانی هی ئێمەیە .

گەلێ لێکۆڵینەوە و بەڵگە هەن، ئەوەیان سەلماندوون، کە منداڵان لەدایک دەبن ئارەزوویەکی مـاکی (غـەریزی ) ناوەوەی بەرنامە داڕێژراوی سروشتییان هەیە، بۆ ئەوەی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ کەسانی دەوروبەریاندا بکەن . . پێش ئەوەی زەردەخەنە و پێکەنین بکەن، بە چاوەکانیان و بە جووڵەی دەست و پێیە قنجەکانیان گوزارشت لە خۆشی و شادییان دەکەن، بۆ ئەو کەسانەی کە لێیان دەڕوانن و قسەیان بۆ دەکەن . . بەر لە هەموو کەسێکیش بەرانبەر بە دایکیان .
منداڵ دوای (١٧) رۆژ زەردەخەنە دەکات و، دوای (٦) هەفتەش پێدەکەنێت . . منداڵ لە رۆژێیکدا (٤٠٠) جار پێدەکەنێت . . بەڵام گەورە لە رۆژێکدا (١٥) جار پێدەکەنێت . . ئەمەش تێکڕایەکی ناوەندییە . . ئەم ژمارەیەش لە چاو گرنگی و سوودەکانی پێکەنینەوە، ژمارەیەکی کەمە . . پێویستە زیاتر پێبکەنین . . بە زەردەخەنە و پێکەنین پێشوازی لە رۆژە سەختەکانی ژیانمان بکەین .

لە لێکۆڵینەوەیەکدا، کە لە لایەن زانایەکی ئەڵمانییەوە ئەنجام دراوە . . ئەوەی سەلماندووە کە پێکەنینی منداڵان لە ساڵەکانی یەکەمی تەمەنیدا کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەسەر گەشەکردنی . . بەشێکی زۆری زاناکانیش جەختیان لەسەر ئەوە کردووە، کە بایەخ و گرنگی پێکەنین بۆ منداڵان، لە بایەخی خۆراک کەمتر نییە، بۆ رێکخستنی گەشەکردنی منداڵ . . پێکەنین وا لە منداڵان دەکات، کە زیاتر هاوسەنـگ بن و. . زیاتریش گەشبین ببن و. . زیاتریش هیـوادار ببن و. . بە گوڕتریش بە پیری ژیان و داهاتوویانەوە بچن .
بیرۆکەی پێکەنین واتایەکی گرنگ بە منداڵان دەگەیەنێت، ئەویش هەستکردنە بە ئاسوودەیی و دڵنیایی، ئەم هەستکردنەش کاریگەرییەکی پۆزەتیڤی هەیە لە پێکهێنانی دەروونی و، لە هەڵس و کەوتەکانیدا لەگەڵ خەڵکیدا . . پێکەنین بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ کاردەکاتە سەر دەزگای دەماری منداڵ . . چونکە دەزگای دەماری منداڵ لە دوو بەش پێکهاتووە، یەکێکیان تایبەتە بە کارتێکردنی گرژی و هەڵچوون و رارایی و ناڕەحەتی . . ئەوی تریان تایبەتە بە هێمنی و ئاسوودەیی و خاوبوونەوە . . هەر کاتێک یەکێک لەم دوو بەشە کاربکات . . ئەوی تریان لە کارەکانی دەوەستێت .

جاران لە نەخۆشخانەکانی منداڵاندا، بۆ خامۆشکردنی ئيش و ئازارەکانی منداڵە نەخۆشەکان . . ( دامەزراوەی لووت سوورەکان ) ـ کە لاستیکێکی سووریان لە لووتیان دەکرد ـ نمایش و ئاهەنگی کومیدی و گاڵتەئامزیان پێشکەش بە منداڵە نەخۆشەکان دەکرد . . بەڵام لە ئێستا هەندێ لە پزیشکەکان خۆیان ئەم ڕۆڵە دەبینن و جلی سەیر لەبەر دەکەن و نواندن و جووڵانەوەی کۆمیدی و، نوکتە و قسەی خۆش پێشکەش بە نەخۆشەکانیان دەکەن . . یان بانگی قۆشمەچی و گاڵتەجاڕ دەکەن بۆ نمایشی کۆمیدی لە بەردەم منداڵە نەخۆشەکاندا، بۆ ئەوەی بیان هێننە پێکەنین و شادی . . خۆشی بخەنە دڵیانەوە و لە ئازارەکانیان کەمتر بکەنەوە و، هێوای چاکبوونەوەیان پێببەخشن .
گەلێ شێواز و رێبازی تر هەن، بۆ ئەوەی منداڵەکانمان بهێنینە پێکەنین و خۆشی . . وەک : ختووکەدانیان، یاری خۆش لەگەڵیاندا، گێڕانەوەی نوکتەی خۆشی گونجاو بۆیان . . نواندن و جووڵەی کومیدییانە لە بەردەمیاندا . . یا هەر شێواز و جووڵەیەک کە بیان هێننە پێکەنین . . منداڵان خۆشیان بەشدار بکەین و . . لەگەڵیانیشدا پێبکەنین .

سوادەکانی پێکەنین بۆ منداڵان :
سوودی پێکەنین هەر ئەوە نییە کە خۆشی و گەشی دەخاتە رووی منداڵان و، شادی و خۆشی دەخاتە دڵیانەوە . . بەڵکو سوودەکانی پێکەنین زۆر لەوەش زیاترن :
١ـ پێکەنین، منداڵ لە دڵتەنگی و بێزاری و ترس رزگار دەکات .
٢ـ پێکەنین هۆرمۆناتی گەشەکردن زیاد دەکات . . کە یارمەتیدەرە، بۆ ئەوەی منداڵ بە خێرایی و بە سروشتی گەشە بکات .
٣ـ پێکەنین، هێمنی و دڵنیایی و ئاسوودەیی و خاوبوونەوە بە منداڵ دەبەخشێت .
٤ـ پێکەنین بە شێوەیەکی ئەرێنی کاردەکاتە سەر دەزگا دەمارییەکان . . کۆمەڵێک هەستی پۆزەتیف دەبەخشێ . . دەبنە یارمەتیدەر بۆ پێکهێنانی کەسایەتیەکی دروست .
٥ ـ پێکەنین، سوڕی خۆین لە دڵ و لەشدا بەهێز دەکات . . یارمەتی دڵ دەدات و، ئەگەری تووشبوون بە لێدانی دڵ کەمتر دەکاتەوە .
٦ـ پێکەنین، یارمەتیی کۆئەندامی هەرس دەدات .
٧ـ پێکەنین، خۆشی و شادی بە منداڵ دەبەخشی و . . چالاکییەکانی زیاتر دەکات .
٨ ـ پێکەنین، ماسوولکەکان و هەناسەدان و کارەکانی هۆش چالاکتر دەکات .
٩ـ پێکەنین، توانای دەزگای بەرگری زیاتر دەکات . . چونکە دوای چەند پێکەنینێک رێژەی خانە خڕۆکە سپییەکانی لە خوێندا زیاتر دەبێت .
١٠ـ پێکەنین، یارمەتیی ماسولکەکانی دەموچا و سک دەدات . . گەشی دەخاتە دەموچاو.
١١ـ کە منداڵ یا گەورە پێبکەنن (١٧) ماسوولکە لە دەموچاویان و (٨٠) ماسوولکەش لە هەموو لەشیاندا دەبزوێن و، هەناسەدان خێراتر دەکەن .
١٢ـ پێکەنین، هۆیەکە لە هۆیەکان، کە هۆش لە هەموو بیرۆکەیەکی نیاز نێگەتیڤانە پاک دەکاتەوە .
١٣ـ پزیشکەکان پێکەنین، بە چارەسەرێکی باشی ( ئەنفلــۆنزا ) دەزانن .
١٤ـ لێکۆڵینەوەیەکی ئەمریکی لە ( زانکۆی بالتیمور ) ی ئەمریکا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە یەک خولەک پێکەنین بە قەی چل و پێنج خولەکی خاویە .
١٥ـ پێکەنین، هۆکارێکی گرنگە لە پێکهێنانی پەیوەندییەکی دروست لە نێوان دایک و باوک و ئەندامانی تری خێزاندا .
١٦ـ پێکەنین، چارەسەرە بۆ کەمکردنەوەی فشاری دەروونی .

لە کۆتاییدا، داوا لە دایکان و باوکان دەکەین، کە هەردەم بە روویەکی خۆش و بە زەردەخەنە و پێکەنینەوە پێشوازی لە جگەرگۆشەکانیان بکەن . . تا لەسەر زەردەخەنە و پێکەنین رابێن . . تا ئەوانیش بەزەردەخەنە و پێکەنینەوە وەڵامتان بدەنەوە . . ئەمەش دەبێتە مایەی دڵخۆشی و شادیتان . . ژیان و پەیوەندیی خێزانیتان خۆشتر دەکات . . جا بۆ ئەوەی منداڵەکانتان تەندرووستیان باش بێت . . بۆ ئەوەی کراوە و رووخۆش بن . . بۆ ئەوەی کۆمەڵایەتی بن . . بۆ ئەوەی ئەو سوودانەی سەرەوە بێنەدی . . روژانە تاوێک یا زیاتر . . بەهەر شێوەیەک بێت . . منداڵەکانتان بهێننە پێکەنین . . هەروەکو چۆن خواردن و خواردنەوە و خەو پێویسن بۆ گەشەکردن و درێژەدان . . پێکەنینیش لەم پێویستییانە کەمتر نییە بۆ منداڵان .

با بۆ پێکەنین و خۆشیتان، ئەم دیالۆگەی نێوا ئەم دوو منداڵەتان بۆ بگێڕینەوە :
منداڵی یەکەم : باوکم هێندە دەوڵەمەندە . . دەتوانێت شاری ( مۆسکۆ ) بکڕێت .
منداڵی دووەم : دەسا بە باوکم دەڵێم شاری ( مۆسکۆ ) بە باوکت نەفرۆشێت .

رەزا شوان
نەرویـج : (١٧ی/ ئۆکتۆبەر/ ٢٠١٥)