هەر مرۆڤێک لەم دنیایەدا بێت، لە هەر نەتەوەیک بێت، لە هەرشوێنێکدا بژیت، بەبێ جیاوزی مافی هەیە و ئەرکیشی لە ئەستۆدایە . . گرنگترین مافی رەوای هەر کەسێکیش
مافی (ئازادی) یە، مافی ئەوەشی هەیە کە خۆی سەرپشک بێت و، خۆی بڕیار لە هەر شتێک بدات، کە پەیوەندی بە خودی خۆیەوە هەبێت . . بێ ئەوەی پرس بە کەسانی تر بکات و مۆڵەتیان لێ وەربگرێت . . هەر کەسێکیش لەم دنیایەدا، پێگە و پایەی خۆی هەیە و، (ئازادی) یش کەسایەتی پێ دەبەخشێت . هەر خۆشی دەتوانێت بڕیار لە ئەمڕۆ و لە داهاتووی بدات . . بەڵام بەداخەوە تا ئەمڕۆش کە بە سەردەمی مافی مرۆڤ و ئازادی دەزانرێت . . لە زۆر شوێنی جیهاندا نەک هەر مافی ئازادی لە کەسان و خەڵکی زەوتکراون . . بەڵکو زۆر بە زەقی و رەقیش، زۆر بە دڕندانەیی و بێ بەزەییانە مافی مرۆڤ پێشێل دەکرێت و، مرۆڤ دەچەوسێنرێتەوە و، مرۆڤی ئازادیخواز و ژیانخواز سەرکوت و دەمکورت دەکڕێن و لە لایەن رێژێمە زۆردار و ستەمکارەکانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەر و سەرکوتکەرەکانی کە واژوویان لەسەر جاڕنامە و بڕیارنامەکانی مافەکانی مرۆڤ کردوون و بەڵێنیان داوە، کە رێز لە ئازادی و لە مافەکانی مرۆڤ بگرن . . بەڵام کردەوە قێزەوەن و دڕندەییەکانیان، بە تەواوی بە پێچەوانەی ئەو بڕیار و بەڵێنانەوەن .
( جان جاک رۆسۆ ) دەڵێت : " مرۆڤ بە ئازادی لە دایک دەبێت . . کەچی لە هەموو شوێنێکدا زنجیری کۆیلایەتی بەکێش دەکات " بێگومان سەرەکیترین و، یەکەمین کۆڵەکەی ژیان و بەرزترین هیوای مرۆڤ (ئازادی) یە . . ژیان بەبێ ئازادی ژیان نییە.
( گـاندی ) یش دەڵێت : " ئەگەر نەتوانین بە ئـازادی بژین . . باشتر وایە باوەش بۆ مەرگ بکەینەوە " . . ( مەدام رۆلاند ) دەڵێت : " ئەی ئازادی، چەندەها تاوان بە ناوی تۆوە دەکرێن " . . واتا ژیان و ئازادی تەواکەری یەکترین . . لێکدابڕینیان ناتەواوییە .
بەڵام گەر مرۆڤ سەرکوت بکرێت و، ئەم مافەی لێ زەوت بکرێت . . واتا ئازادی و دەسەڵاتی لێ زەوتکراوە و، ناتوانێت خۆی بڕیار لە تایبەتمەندییەکانی خۆی بدات . . ئا لێرەوە پێویستە، هەر مرۆڤێک لە پێناوی بەدەستهێنانی ئازادی و مافەکانی خۆیدا، خەبات بکات و کۆڵنەدات . . گەر گیانیشی لە پێناویاندا دابنێت . . چونکە ( مردن بە سەربەرزی . . خۆشترە لە ژیانی ژێردەستی )
هەر گەل و کۆمەڵێکی خاوەن ناسنامەی نەتەوەیی جیاوازیش، بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بە خواست و ویستی خۆیان، دەتوانن بڕیار لە چارەنووس و مافی چارەی خۆنووسین و بەڕێوەبردنی کار و باری خۆیان بدەن، بەبێ دەست تێوەردان وفشاری دەرکی لە بڕیار و لە کاروبارەکانیاندا .
مافی چارەی خۆنووسین چییە ؟
زاراوەی " مافی چارەی خۆنووسین " کە لە بواری سیاسەتی نێودەوڵەتی و، زانیاری سیاسیدا هاتۆتە ئاراوە و، بووە بە زاراوەیەکی یاسایی و سیاسی جیهانی . . ئاماژە بەوە دەکات، کە هەر نەتەوە و گەلێکی خاوەن ناسنامەی جیاواز، مافی ئەوەی هەیە کە خواستە سیاسییەکانی خۆی دیاری بکات و. . شێوازێکی سیاسی دروستیش بگرێتەبەر بۆ هێنانەدی ماف و داوا رەواکانی و، بەڕێوەبردنی ژیانی گەلەکەی، لە چوارچێوەیەکی یاسایی و دەستووریدا . . بەبێ دەست تێوەردانی دەرکی، یا سەرکوتکردنی بەهێز لە لایەن دەوڵەتانی بێگانەوە .
رەگردنی مافی چارەی خۆنووسین :
هەندێ پێیان وایە کە رەگی چەمکی مافی چارەی خۆنووسین، دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەڤدەیەمین، کە لە ساڵی ( ١٦٥٩) دا، بیرمەندی چیکی ( جۆن ئامۆس کۆمینۆس :١٥٩٢ ـ ١٦٥٩) کتێبێکی نووسی بە ناوی ( شادی گەل ) ەوە، کۆمینۆس لە کتێبەکەیدا، پێناسەی گەل دەکات و هەژدە مەرجیشی بۆ هێنانەدی شادی دیاری کردووە، کە لە نێوانیاندا، ئەو دەسەڵاتەیە کە، پشت بە گەل ببەستێت .
هەروەها مامۆستا و بیرمەندی ناسراوی فەرەنسی ( جان جاک رۆسۆ:١٧١٢ ـ ١٦٦٨) لە کتێبەکەیدا ( قەباڵەی کۆمەڵایەتی ) پێناسەی مافی چارەی خۆنووسین تێدا کردووە، کە بریتییە لە سەروەریی گەل .
یاسانووسە نێودەوڵەتییەکانیش بە زۆری هاوڕان لەسەر ئەوەی، کە سەرهەڵدان و دەست پێشکەری و شانازی بۆ چەمکی مافی چارەی خۆنووسین، دەگەڕێتەوە بۆ هەردوو شۆڕشە رزگاریخوازەکانی ئەمریکا و فەرەنسا، شۆڕشەکەی ئەمریکا لە ساڵی ( ١٧٧٥ ـ ١٧٨٣ ) دا، شۆڕشی فەرەنسا لە ساڵی (١٧٨٩ـ ١٧٩٩) کە لەسەر بنەمای پرەنسیپی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و، مافی چارەی خۆنووسین بەرپابوون .
سەرۆکی بیست و هەشتەمینی ئەمریکاش ( ودرۆ ویلـسۆن : ١٨٥٦ ـ ١٩٢٤) کە لە ساڵی (١٩١٩) دا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی وەرگرت و، یەکەمین کەسیش بوو کە کۆتری سپی کرد بە هێمای ئاشتی . . پرەنسیپەکانی مافی چارەی خۆنووسینی لە چواردە خاڵدا راگەیاند . . لە چەمکی دەیەمیندا، جەختی لە زامنکردنی مافی چارەی خۆنووسین نەتەوە کۆڵۆنییەکان کردووە . ویلسۆن راگەیەندنامەکەی دایە کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ ئەوەی وەک سەرچاوەیەک لە بەرچاوی بگرن .
تا ئەمڕۆش کۆمەڵێک بڕیارنامە و راگەیاندن، لە لایەن کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان و، چەندین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دەربارەی یاسایی و رەوایی مافی چارەی خۆنووسین راگەیەندراون و، هەموویان پشتگیری لەم مافە دەکەن و جەخت لەسەر جێبەجێ کردنی دەکەنەوە . . بە کورتی ئاماژە بە هەندێ لەو بڕیارانە دەدەین :
(*) گرنگترینی بڕیارەکان، بڕیاری کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانە، کە ژمارە (١٥١٤) ە، لە (١٤ ی / دێسەمبەری/ ١٩٦٠) دا دەرچووە، بە ناونیشانی ( راگەیاندنی پێدانی سەربەخۆیی بۆ وڵاتان و گەلانی ژێردەستە ) لە مادەی یەکەمی راگەیاندننامەکەدا . . کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت : " هەموو گەلێک مافی چارەی خۆنووسینی هەیە، بەپێی ئەم مافەش، مافی ئەوەی هەیە کە بە ئازادی پێگەی سیاسی خۆی دیاری بکات، بە ئازادیش هەوڵی گەشەکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری خۆی بدات " (٩٠) دەوڵەت دەنگیان بۆ ئەم بڕیارە دا، (٩) دەوڵەتیش دەنگیان بۆ نەدا . . بڕیارەکە ئاماژەش بەوەش دەکات : " ژێردەستکردن و زاڵبوون و چەوسانەوەی گەلان لە لایەن بێگانەوە، ئەوە دەگەیەنێت کە حاشا لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ دەکرێت . . ئەمەش دژ بە راگەیاندنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوەیە، تەنگ بە پروسەی ئاشتی و هاوکاری نێودەوڵەتی هەڵدەچنێ . . "
هەر لەم بڕیارەدا، جەخت لەسەر ئەوە کراوە، کە نەگونجانی ئاستی سیاسی و ئابووری وکۆمەڵایەتی و رۆشنبیری، نابێت ببێت بە هۆکارێک بۆ پەڵپگرتن و بیانوو پێگرتن بۆ دواخستنی سەربەخۆیی گەلانی هەرێمەکان، کە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردنیان نییە .
(*) دەقی راگەیاندنی پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتی کە پەیوەندیان بە دۆستایەتی و هاوکاری نێوان دەوڵەتانەوە هەیە، بە پێی رێکەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم بڕیارە لە لایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچووە، ژمارە (٢٦٢٥) ی ساڵی (١٩٧٢) لە ژێر ناوی ( چەمکی یەکسانی گەلان لە مافەکانیان لە بارەی بڕیاری چارەی خۆنووسین ) : " بە پێی پرەنسیپی یەکسانی گەلان لە مافی چارەی خۆنووسین، هەر گەلێک مافی بڕیاردانی چارەی خۆنووسینی هەیە . . وەک لە رێکەوتننامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دیاری کراوە . . بەبێ دەست تێوەردانی دەرەکیش، بە ئازادی مافی دیاری کردنی پێگەی سیاسی خۆی هەیە . . بە ئازادیش هەوڵی گەشەکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری خۆی بدات . . بە پێی بڕیارەکا ی ئەم رێکەوتننامەیە پێویستە دەوڵەتانیش رێز لەم مافە بگرن . . "
(*) لە کۆنگرەی ئاسایش و هاوکاری وڵاتانی ئەوروپادا، کە لە (١ ـ ٨ ـ ١٩٧٥) لە شاری (هەلسەنگی ) لە فنلەندا بەسترا، (٣٣) وڵاتی ئەوروپی و ئەمریکاش بەشداریان تێدا کرد . . تێکڕا جەختیان لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلان کردەوە . . کە هەر گەلێک بە یەکسانی وبەبێ جیاوازی مافی ئەوەی هەیە، کە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و، سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی بکێشێت، بەبێ دەست تێوەردان و فشاری دەرەکی .
(*) لە کۆنگرەی جیهانی بۆ مافەکانی مرۆڤ، کە لە ( ١٤ـ ٥ـ ١٩٩٣) لە ( ڤێنا) ی پایتەختی نەمسا، بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسترا . . لە راگەیاندنی کۆتایی بەشداربووانی ئەم کۆنگرەیەدا، تێکڕا دووبارە جەختیان لەسەر یاسایی مافی چارەی خۆنووسینی گەلان کردەوە و، پشتگیریشیان بۆ دەقی ئەو بڕیارانە راگەیاند، کە پێشتر دەربارەی مافی چارەی خۆنووسین دەرکراون .
(*) کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکـگرتووەکـان، لە ساڵی ( ١٩٧٣) دا، لە بڕیـاری ژمـارە ( ٣٩٧٠) دا، داوای لە هەموو وڵاتانی ئەندام کرد . . دان بە مافی چارەی خۆنووسین و سەبەخۆیی گەلاندا بنێن و، هاوکاری مادی و لۆجستی و هەموو جۆرە یارمەتییەکی پێویستی تری ئەو گەلانە بکەن، کە لە پێناوی ئەم ئامانجانەدا خەبات دەکەن .
چۆن نەتەوەکان بە مافی چارەی خۆنووسین دەگەن :
بۆ ئەوەی وڵاتان و نەتەوەکان ئەم مافە بەدەست بهێنن، پێویستی یەکەم، لەو دەوڵەتە داگیرکەرانە رزگاریان بێت، کە وەک مێردەزمە بەسەر سنگیانەوەن و، هەموو سامان و خێروبێرێکی نیشتمانەکەیان دەدزن و، خەلكییەکەیان بە هەژاری و بێکاری و برسێتی سەردەنێنەوە، ئازادی و سەروەرییان لێ زەوت کردوون . . هەرگیز گەلان ناتوانن مافی چارەی خۆنووسینیان هەڵبژێرن، تا لە داگیرکەری نیشتمانەکەیان رزگاریان نەبێت و نەبن بە خاوەنی دەسەڵات و بڕیاری خۆیان . . ئەمەو گەلان و ڵاتانی پەرتەوازە و لێکدابڕاو، یا کە رووبەڕووی شەڕی ناوخۆیی بوونەتەوە، لەسەر کورسی و دەسەڵات و رابەری و تاکڕەوی و قورخکردن . . فرە کوێخان و، لە مشت ومڕ و ململانێدان و، لە نێو خۆیاندا رێک ناکەون . . تا یەک نەگرنەوە و هاودەنگ و هاوخەبات و نەبن و، بەرژەوەندیی باڵای گەلەکەیان نەخەنە سەرووی بەرژەوەندی حیزبایەتییەوە . . ناتوانن ئایندەی خۆیان دیاری بکەن و بڕیار لە مافی چارەنووسی خۆیان بدەن و، سەربەخۆیی و سەروەریی خۆیان رابگەیەنن . . دەبێ ئەوەش باش بزانن، کە هەمیشە داگیرکەران و دەست تێوەردەران، هەوڵی دووبەرکی لە نێوان وڵاتانی داگیرکراو و گەلانی ژێردەستە دەدەن و، سیاسەتی " پەرتکە و زاڵبە " پەیڕەوی دەکەن . . کەواتە یەکێتی و یەکڕیزی و یەک وتاری و، ستراتیجییەتێکی سیاسیی نەتەوایەتی، نەخشەداڕێژراوی توکمە، زامنە بۆ هێنانەدیی مافی چارەی خۆنووسی و، راگەیاندنی جیابوونەوە و سەربەخۆیی .
ئەم مافەش بەخشین نییە، بەڵکو مافێکی رەوا و یاساییە، رووبەڕووی هیچ کێشەیەکی یاساییش نابێتە . . چونکە هەموو بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و، رێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، دانیان بەم مافەدا ناوە و کۆکن لەسەری و، جەخت لێ دەکەنەوە .
ئەزموونە مێژووییەکان ئەوەیان سەلماندووە، کە رێزگرتن لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلان و، جێبەجێکردنی . . هۆکارێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی دۆستایەتی و هاوکاری و رێز و خۆشەویستی لە نێوان وڵاتان و گەلان جیهاندا . . هۆکار و پاڵپشتێکی بەهێزیشە بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە جیهاندا.
شارەزای بێلایەنی نەتەوە یەکگرتووەکان ( ئەلفرێد دی زایاس ) دەڵێت : " ئاشتییەکی هەمیشەیی، بریتییە لە جێبەجێکردنی مافی چارەی خۆنووسین بۆ هەموو گەلان، بەبێ جیاوازی " ئاماژەشی بەوە کردووە کە : " حاشاکردن لە جێبەجێ کردنی مافی چارەی خۆنووسینە، کە بەربەرەکانی دروست دەکات )
هەر ئاسایش و سەقامگیرییەک، بە هێز و توندوتیژی و سەرکوتکردن و دەمگرتن و ستەملێکردن و کوشتن و بڕین و، زۆرەملێ بسەپێنرێت و، نکووڵی و حاشا لە ناسنامە و مافە رەواکانی نەتەوەیی بکرێن و، مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی بە ناپاکی و تاوان بزانن . . ئەوە ئاسایش و سەقامگیری نییە، بەڵکو ئەمانە تاوانن بەرانبەر بە گەلانی ئازادیخواز و رزگاریخواز، کە دەیانەوێت مافی چارەی خۆنووسینی خۆیان دیاری بکەن . . داگیرکەرانی کوردستان، زۆر زیاتر لەم سیاسەتە سەقەت و رەفتارە نامرۆییانە دەرهەق بە گەلی کوردمان پەیڕەوی دەکەن .
لە دوای کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمەوە، مافی چارەی خۆنووسین و، جیابوونەوە و سەربەەخۆیی، بوون بە چەمکێکی جێگیر و چەسپا و، جێبەجێ کراو، چەندین گەل و وڵات مافی چارەنووسی خۆیان دیاری کرد و، دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیان راگەیاند، کە لە ئەمڕۆدا ئەندامن لە کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاڵاکانیان لەسەر بارەگاکەیدا دەشەکێنەوە . . ئەم مافە تەنها پەیوەندی بە وڵاتانەوە نییە، بەڵکو لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە گەلانەوە هەیە، گەلێکی گەورەبن یا بچووک بن .
شێوازە رێگای مافی چارەی خۆنووسین :
١ـ بە رێگای ریفراندۆمە ( راپرسی گشتی ) : ئەم شێوازەش باشترین رێیە، بۆ ئەەوەی کە گەلانی ئازادیخواز بە ئازادی دەنگ بدەن و بڕیار لە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی و ئایندەی خۆیان بدەن . . ئەم راپرسییەش یاساییە و، دژ بە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی نییە . . پێویستە راپرسییەکەش بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام بدرێت . . نمووونەی ئەم شێوازەش، جیابوونەوە و سەربەخۆیی ( تەیموری رۆژهەڵەت) لە ئەندەنۆسیا لە ساڵی (٢٠ی / مای/ ٢٠٠٢) دا . . هەروەها جیابوونەوەی ( ئەریتریا ) لە ( ئەسیوپیا ) لە ساڵی (٢٣ی/ مای/١٩٩٣) دا . سەربەخۆیی ( کۆماری باشووری سودان ) لە سودان لە ساڵی (٩ی/ یولیۆ/ ٢٠١١) دا . . جیابوونەوەی ( کۆسۆڤۆ ) لە (سربیا ) لە ساڵی ( ١٧ی/ فبرایەر/ ٢٠٠٨) دا.
٢ـ بە رێگای خەباتی چەکدارییەوە : گەر داگیرکەر و، دەسەڵاتی خۆسەپێن، رازی نەبوون کە بە شێوازێکی ئاشتی و بە ریفراندۆم، گەلی ژێردەستەکراو و نیشتمانی داگیرکرراویان، نەتوانن مافی چارەنووس و سەر ەخۆیی دەستەبەر بکەن . . ئەو نەتەوە و نیشتمانە داگیرکراوە، مافێکی رەوای خۆیانە، کە لە پێناوی مانەوەی خۆیان و بەرگریکردن لە نیشتمانەکەیان و رزگاربوونیان لە داگیرکەران، ناچاربن پەنا بۆ شۆڕش و راپەڕین و خەباتی چەکداری بەرن . . ئەم رێبازەش تا ئەمڕۆش باوترین و بڵاوترین خەباتە بۆ ملکەچکردنی داگیرکەران و دەستەبەرکردنی مافە رەواکانیان و هێنانەدیی مافی چارەی خۆنووسین و، بڕیاردان لە جیابوونەوە و راگەیاندنی سەربەەخۆیی خۆیان . . نەتەوە یەکگرتووەکانیش، بەرگری و پەنابردن بۆ راپەڕین و شۆڕشی چەکداری بە مافێکی رەوای گەلانی ستەملێکراو دەزانێت . . بۆ نموونە ( کۆماری جەزائیر ) لە ڕێی شۆڕشێکی چەکدارییەوە توانی لە فەرەنسا رزگاری بێت و لە ( ٥ی/ یۆلیو/ ١٩٦٢) دا سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت . . نموونەی تر زۆرن، کە کە لە رێی بەرگری و خەباتی چەکداریییەوە، نیشتمانەکەیان لە داگیرکەر رزگارکرد .
جیاوازی لە نێوان کاری تیرۆریستی و بزووتنەوەی رزگاریخواز دا :
گروپ و رێکخراوی تیرۆریزمی بۆ هێنانەدیی ئامانجە گڵاوەکانیان، چی کاری ناشرین و قێزەوەن و، بێ رەوشتی و نامەردی و نامرۆڤایەتی هەیە سڵی لێ ناکەنەوە و ئەنجامی دەدەن، گیانی هەزاران بێ تاوان دەکەنە قوربانی مەرامە گڵاوەکانیان . . کاریان کوشت و بڕین و کاولکردن و داگیرکردن و پەلاماردانی ئابڕووە، بە کورتی تیرۆریستان هیچ بەهایەکی رەوشتی و مرۆڤایەتییان نییە . . خوێنڕێژ و ویژدان مردوو و بێ بەزەیین .
بەڵام خەباتی چەکداری لە پێناوی رزگاری و ئازادیدا، زۆر دوورە لەو کار و رەفتار و رەوشتە قێزەوەنانەوە . . بە درێژایی شۆڕشەکانی گەلی کوردمان، لە رێبازی پیرۆزی شۆڕش لایان نەداوە و، هەمیشە شۆڕشگێڕێکی رەوشت بەرزبوونە و، رەفتار و کاری ناشیرینیان ئەنجام نەداون . . نەیارانی گەلەکەشمان لە پێش دۆستەکانماندا، دان بەم راستییەدا دەنێن و نکووڵی لێ ناکەن . . زۆریش لێبووردەین و، هیچ کاتێکیش بیرمان لە تۆڵەکردنەوە نەکردۆتەوە .
لەبەر نەبوونی پێناسایەکی نێودەوڵەتی بو تیرۆریست . . بەداخەوە کە هەندێ لە دەوڵەتە زلهێزەکان و خاوەن بڕیارەکان، بۆ بەرژەوەندی و بۆ مەرامی خۆیان، زۆر بە ناڕەوا و بێویژدانییەوە، تومەتی تیروریست دەدەنە پاڵ شۆڕشی رزگاریخواز و ئازادیخوازی باکووری کوردستان . . کەچی دەوڵەتێکی رەگەزپەرستی وەک تورکیا، کە کوردستانیان داگیرکردووە، تا ئێستا چەند جارێک جینۆسایدی کوردیان کردووە، تا ئەمڕۆش بە کوشندەترین چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی کورد دەکوژن، گوند و شاری کوردستان وێران دەکەن . . بە فڕۆکەی ( ئێف شانزە) ی ئەمرێکی رۆژانە منداڵ و ئافرەتی کورد دەکوژن و دێمان وێران دەکەن و مەڕ و ماڵاتمان دەکوژن و، باخ و رەز و دارستانمان دەسووتێنن و . . گەنجانمان دەگرن و بێ سەر و شوێنیان دەکەن . . ئەی ئەمریکا بۆ تورکیا بە وڵاتێکی تیروریست ناو نابەیت . . ؟! کە بە ئاشکرا و بەبێ شەرمکردن و شاردنەوە بەرچاوی ئێوە و وڵاتانی ترەوە، بە چەک و لۆجستی یارمەتی داعشی تییرۆریستی دەدات . . ئەگەر بە ویژدانێکی زیندووەوە وەڵامان بدەنەوە . . کێ بە راستی تیرۆریستە، تورکیا . . یا . . شۆڕشی ئازادی و رزگاریخوازی باکووری کوردستان . . ؟؟! شەرمەزارییە بۆ دەوڵەتێکی زلهێزی وەک ئەمریکا . . گوایە خۆی بە دیموکراتیخواز و دادکۆکیکەر لە گەلانی چەوساوە دەزانێت ـ لە راستیشدا وانییە ـ ئەی بۆ لە ئاستی چەوسانەوەی كورد ( کوێر و کەڕ و لاڵ ) ن . . هەر ئێوەش چرای سەوزتان بۆ تورکیا هەڵکرت، کە پەلاماری کوردستان بدات . . هەر ئێوەش ئەندازیار و هۆی سەرەکیی جوانەمەرگ کردنی ( کۆماری کوردستان : ١٩٤٦) بوون و، هەر ئێوە بوون کە رۆڵێکی سەرەکیتان هەبوو لە توانەوەی ( شۆڕشی ئەیلوول : ١٩٦١ )، هەر ئێوەش پلانڕێژی ( رێکەوتننامەی جەزائیر: ١٩٧٥) ی شووم بوون . . ئەم تاوانانە هەمووی لە ئەستۆی ئێوەدان . . لە ساڵی ( ١٩٧٥) دا، وەزیری دەرەوەی ئەوسات ( هێنری کیسینجەر ) ی ئەندازیار و نەخشەکێشی رێکەوتننامەی جەزائیر . . دەڵێت : " ئێمە زۆر بێ رەوشتیمان بەرانبەر بە کورد نواند . . نە پشتیانمان گرت کە ببن بە شت . . نە لێشیان گەڕاین کە خۆیان ببن بەشت " . . لە ئەمڕۆشدا هەمان سیناریۆ دووبارە دەکەنەوە . . تورکیا بە چاوپۆشی و بێ دەنگیی ئێوەیە و ( حیلفی ناتۆ) تاوانەکانی لە دژ کورد ئەنجام دەدات .
لە کرۆکی باسەکمان کەمێک لامان دا . . كورد وتەنی : " قسە . . قسە دێنێت "
کورد و مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی :
بە پێی چەندین لێکۆڵینەوە و توێژینەوە، کە لەلایەن مێژووناسان و رۆژهەڵاتناسان و گەڕیدەکانەوە ئەنجام دراون، وەکو گەواهی مێژوویش، بە سەدان بەڵگەی مێژوویی و کەرەستەی بەردین و قوڕین و کانزایی کە لە ئەشکەوت و شوێنەوارەکانی کوردستاندا دۆزراونەتەوە . . بەشێکیان لە مۆزەخانەکانی عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکایان پێ رازاندوونەتەوە . . شوێنەوارێکی زۆری کوردستانیش تا ئەمرۆش کوێرەوە نەبوون و، مۆرک و رەسەنایەتی گەلی کوردیان پێوە دیارە، لەو باوەڕەشدام، کە چەندیین شوێنەواری و دێرینگامان هەیە ترمان هەیە کە تا ئێستا نەدۆزراونەتەوە . . مەبستم لەو پێشەکییە، رەسەنایەتی گەلی کوردمانە لە ناوچەکە و جیهاندا، وەڵامێکیشە بۆ نەیارانی کورد کە نکووڵی لە رەسەنایەتی و شارستانیی کورد و، مێژووی دوور و درێژی پڕ لە سەروەەری و شکۆداریمان دەکەن .
ئەگەر بە پێوەر و بنەما سەرەکییەکانی ئەمڕۆ گەل پێناسە بکرێت و بەگەل بناسرێت . . بێگومان هەموو مەرج و بنەماکانی گەل لە گەلی کوردماندا هەن کە ئەمانەن :
١ـ ئێمەی کورد خاوەنی جوگرافیایەکی هاوبەشین کە کوردستان نیشتمانی هەموومانە. گەرچی بە زۆرداری و ناڕەوا دابەش کراوە . . بەڵام ئێمەی کورد هەرگیز دان بەو دابەشکردنەدا نانێین و، هیچ سنوورێک لە بەردەم هەستی نەتەوایەتیماندا بوونی نییە .
٢ـ زمانێکی یەکگرتووی هاوبەشمان هەیە کە زمانی کوردیی رەسەن و دەوڵەمەندە .
٣ـ مێژوویەکی دێرین و درێژی پڕ لە سەروەری و شکۆداریی هاوبەشمان هەیە .
٤ـ بەرژەوەندییەکی ئابووری هاوبەشمان هەیە .
٥ ـ خاوەنی تایبەتمەندی و خەسڵەتی نەتەوەیی خۆمانین و داب و نەریتی خۆمان هەیە.
٧ـ هاوبەستەبوونمان بۆ کورد و کوردستان هەیە و شانازی بە نەتەوەکەمانەوە دەکەین.
٨ ـ خاوەنی هیوا و ئامانجێکی هاوبەشین و، چارەنووسمان پێکەوە گرێ دراوە .
٩ـ لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریشەوە، لە ئاستێکی پێویست داین .
١٠ـ چەندین پارت و رێکخراومان هەیە و . . هێزی بەرگریمان هەیە کە پێشمەرگەیە .
واتە ئێمەی کورد، هەموو خەسڵەت و مەرج و تایبەتمەندی و بنەماکانی گەلمان تێدایە . ئەمانەش پێویستن بۆ هەر کۆمەڵێک کە بە گەل بزانێت و، مافی چارەی خۆنووسین و دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت . . ئەو تەگەژانەی کە لە بەردەم دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی دان، تەگەژەی یاسایی نین، بەڵکو تەگەژەی سیاسین . . لەلەیەن تورکیا و ئێران و عێراق و سوریاوە، کە کوردستانیان بە سەردا دابەش کردووە، بەردەوام گەلە کۆمە لە گەلی کوردمان دەکەن و، پیلان لە دژی هێنانەدیی خواسەکانی گەلەکەمان دەگێڕن و . . ئەوان دان بە ناسنامەی کوردا نانێن و، بێ شەرمانە دەڵێن ئێمە ناهێڵین دەوڵەتێکی سەبەخۆی کوردی دابمەزرێت . . ئەوان خاکی کوردستان بە موڵیكی خۆیان دەزانن . بە دڵنییاوە سەرکەوتن بۆ ئێمەی کورد و . . ملکەچیش بۆ ئەوان دەبێت.
لە ئەنجامی کۆتایی شەڕی جیهانی یەکەم لە ساڵی ( ١٩١٨) دا، چەند ئیمبراتۆریەت و دەوڵەتی گەورە هەڵوەشێنرانەوە، لەوانەش دەوڵەتی عوسمانی و روسیای قیسەری و ئەڵمانیا بوون . . بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلانی چەوساوەش دەستی پێکرد، کە داوای ئازادی و مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی نیشتمانەکانیان دەکرد، دوور لە خۆسەپاندن ئیمپریالیزم .
نهێنییەکانی رێکەوتننامەی ( سایکس بیکو :١٦ی/ مای/ ١٩١٦) ش بۆ گەلان ئاشکرا بوون، کە لە نێوان بەریتانیا و فەرەنسا و روسیای قەیسەریدا بەسترا و، واژوویان لەسەر بەندەکانی کردبوون . . بەپێی ئەم رێکەوتننامەیە میراتی دەوڵەتی عوسمانیان بەسەر خۆیاندا دابەش کرد . . ئەمەش دژی بەرژەوەندیی گەلان بوو، بە تایبەتیش دژی بەرژەوەندی و هیوا و خواسەکانی گەلی کوردمان بوو، بەپێی ئەم رێکەوتننامەیە ناڕەوایە، کوردستان بەسەر تورکیا و ئێران و عێراق و سوریادا دابەش کرا . . ئێمەی کورد بوینە قوربانی ئەم تاون و ستەمە . . کە تا ئەمڕۆش باجی ئەو رێکەوتننامە و غەدرە مێژووییە دەدەینەوە .
تا رادەیەک هیوامان پەیماننامەی ( سيڤەر :١٠ ی / ئاوگست/ ١٩٢٠) کە لە پاریس واژوویان لەسەر کرد، لە بەندەکانی (٦٢، ٦٣، ٦٤)ی بڕگەی سێیەمدا، بنەما یاساییەکانی مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کوردیان دیاری کردووە، جەختیشیان لە مافی سەروەریی کورد لەسەر خاکی کوردستاندا کردووە . هەر بەپێی بەندی (٦٢) ی ئەم رێکەوتننامەیە، رێ بە ولایەتی ( موسڵ ) یش دەدرێت کە بچێتە پاڵ کوردستان . بەڵام بە داخەوە لە پەیماننامەی ( لۆزان :٢٤/ یولی/ ١٩٢٣) لە کە لەسەر داوای تورکیای کەمالی واژووکرا، هەموو ئەو بەڵێنانەی کە لە (سیڤەر ) بە کوردیان دابوون، لێیان پاشگەزبوونەوە و، بە جارێ ئێمەی کوردیان بێ ئومید کرد و پەراوێزیان کردین . پەیمانی لۆزان بە تایبەتی لە دژی خواستەکانی گەلی کوردمان بەسترا . . ئەم تاوانەش پەڵەیەکی قێزەوەن و شەرمەزارییە . . بە نێوچەوانی دەوڵەتە هاوپەیمانەکان، چونکە ئەوانن بەرپرسی سەرەکین، لە هەموو ئەو تاوانانەی کە دەرهەق بە گەلی کورد کران و دەکرێن . . بە تایبەتیش بەریتانیا . . کە تا ئەمڕۆش لە ئەنجامی ئەو ستەم و ناهەقییانە، خوێن لە جەستەی گەلەمان دەچۆڕێتەوە و، بە هەزاران قوربانیمان داوە . . تا ئەمڕۆش ئێمەی کورد کە (٥٠) ملێۆن کوردین، گەورەترین گەلین لە جیهاندا، کە دەوڵەتێکی سەربەخۆمان نییە . . کەچی لە ئاسیا و ئەورۆپادا، دەوڵەتی وا هەن کە ژمارەیان لە ملێونێکیش کەمترن . . ئەمەیە ناڕەوایی و نایەکسانی و نادادپەروەری و دووفاقی .
بەڵام کورد ملکەچی داگیرکەرانی کوردستان نەبووە و نابێت . . نزیکی سەدەیەکە لە خەبات و تێکۆشانێکی بەردەوام داین و بەردەوام دەبین، چەندین ڕاپەڕین و شۆڕشمان هەڵگیرسان . . کۆڵنادەین و ناسرەوین . . تا سەردەکەوین .
هیچ کاتێکیش لە قوربانیدان و گیان بەخشین، سڵمان نەکردۆتەوە و، ناکەینەوە . . وەکو شاعیری نەمری گەلەکەمان ( فایـەق بێکەس ) دەڵێت :
داری ئــازادی بە خوێن ئاو نەدرێ قەت بەر نـاگرێ
سەربەخـــۆیی بێ فـیداکـــاری ئەبــەد ســەر نــاگرێ
شکستهێنانی زۆربەی ئەم شۆڕشانەش، دەستی دەوڵەتە زلهێزەکانی تێدابوون، کە یارمەتی و پشتگیریی داگیرکەرانی کوردستانیان دەکرد و، کوشندەترین چەکی قەدەغەکراویان بە داگیرکەرانی کوردستان فروشت بۆ سەرکوتکردنی گەلی کوردمان، بەڵام ئیرادە و خۆڕاگری و باوڕبەخۆبوونی گەلەکەمان لە هەموو ئەو چەکانە بەهێزترن . . ئەوە ئەستە کە کۆڵ بدەین و دەست لە خەبات هەڵگرین . . تا نەگەین بە هیوا و مافە رەواکانمان، مافی چارەی خۆنووسین و، راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان . . ئەمەش خەون نییە، بەڵکو هیوا و خواستی هەموو کوردیکە . . مافێکی رەوای خۆمانە کە لەسەر خاکی کوردستاندا دەوڵەتی کوردی دابمەزرێنین . . ئێمە لە هیچ روویەکەوە لە تورک و عەرەب و فارس کەمتر نیین . . با باش ئەوەش بزانن کە تا کورد رزگاری نەبێت و، دەوڵەتی کوردی دروست نەبێت . . عەرەب و تورک و فارسیش ناتوانن بە ئاسوودەیی و ئارامی و ئاشتی بژین . . ئاشتی و سەقامگیریش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرقەرار نابێت . . تا رۆژێ زووتر دەوڵەتی کوردستان دروست بێت . . ئاشتی زووتر باڵی بەسەر گەلانی ناوچەکەدا دەکێشێت . . چونکە گەلی کوردمان مافی خۆیەتی کە درێژە بە شۆڕش و بەرگری بدات و، چەک و یارمەتی لە ئازادیخوازان وەربگرێت .
لە ئەمڕۆدا، گەلی کوردمان سەنگ و پێگەیەکی نێودەوڵەتی هەیە و . . خەریکە پرسی کورد ببێت بە پرسێکی جیهانی و، دەوڵەتانیش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە، کە بەراورد لەگەڵ گەمەکارانی دیکەی سیاسی لە ناوچەکەدا، کورد دەتوانێت رۆڵێکی سەرەکی هەبێت لە بە سیکولارکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست .
هەندی لایەن پێیان وایە لە ئێستادا، فاکتەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکان تا رادەیەک لە بارن نین و هاندەرنین بۆجیابوونەوە و راگەیاندنی سەبەخۆیی کوردستان . بەڵام ئەوە ناگەیەنێت کە چاوەڕوانی ئەوەبین، ( با ) هەڵبکات و دار هەنجیرەکە راوەشێنێت و هەنجیرەکانمان بۆ بەرەبداتەوە . . پێویستە بە خێرایی و بە ستراتیجییەتێکی تۆکمەی نەتەوەیی بەرەو دەوڵەتی کوردی هەنگاو بنێین . . بە تایبەتیش کورد لە باشووری کوردستاندا . . تا رادەیەک توانای خۆی سەلماندووە بۆ بەڕێوەبردن و، هەنگاونان بۆ بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری، هێزێکی بەهێزی پارستنی سەربەخۆشمان هەیە کە ( هێزی پێشمەرگەی کوردستان ) ە . . بۆیە فاکتەرەکان لە بەرژەوەندی کوردان، بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی رابگەیەنین . . راستە کە ئەمە بڕیارێکی ئاسان نییە . . بەڵام پێویستە بە ئەوپەڕی جورئەتەوە، هەموو ئەگەرەکان لەبەرچاو بگرین و ئامادەیی سەرکەوتنمان هەبێت . . کورد وتەنیش : ( ئەوەی بترسی ناخەلەسێ ) پێم وایە هەلێکی باشمان لە بەردەست دایە . . دەبینین کە عێراق بەرە و داڕمان و هەڵوەشاندنەوە و دابەشبوون دەچێت . . پێویستە زەمینەیەکی زیاتر و باشتر بڕەخسێنین و، لایەنگرانی زیاتر بۆ لای خۆمان رابکێشین تا پاڵپشتمان بن لە راگەیاندنی دەوڵەتی سەبەخۆی کوردیدا . . کەواتە پێویستە بە جدی و بە گەرمی هەوڵی بۆ بدەین .
شایەنی باسیشە، کە کوردستان پێگەیەکی جیوسیاسی و ستراتیجیی و ئابووری گرنگی لە ناوچەکە و لە جیهاندا هەیە . . زۆریش دەوڵەمەندە لە کانزا و سامانی سروشتی و وزە و لە ئاوی شیرین لە نەوت و لە گاز . . دەرهێنانی نەوت و بوونی یەدەکێکی زۆری نەوت لە خاکەکەماندا هێندەی تر گرنگی شوێن و پێگەی کوردستانیان شیرینتر کردوون . . ئەمانەش فاکتەرێکی بەهێزی ترن، بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان . . گەشبینم و بڕوام وایە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا، گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینین، سەیریش نییە، کە لەسەر ئەو نەخشەیەدا ( کوردســـتان ) ی سەربەخۆ ببینین .
دەوڵەتی سەبەخۆی راگەیاندنی کوردی لە باشووری کوردستاندا :
پێویستیمان بە چ ئامادەکارییەک هەیە بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا، لە باشووری کوردستاندا دەوڵەتێکی کوردی رابگەیەنین، من وەک تاکێکی کوردی کوردستان پەروەر و گەشبین، ئاواتەخواز و تامەزرۆی ئەو رۆژەم، کە کوردستانی سەربەخۆ ببینم . . بە کورتی لەم خاڵانەدا، را و بۆچوون و پێشنیارەکانم چڕکردوونەتەوە :
١ـ پێویستە ئیرادەیەکی بەهێزمان هەبێت و، بڕوامان بە توانای گەلەکەمان هەبێت .
٢ـ پێویستە لە ( کۆنگرەیەکی گشتی نەتەوەیی ) دا، کە نوێنەری هەموو لایەنە کوردستانییەکان و کەسانی ناسراوی گەلەکەمان تێیدا بەشدار بن . . لەم کۆنگرەیەدا نەخشەرێگا و هەنگاوە پێویستییەکانی بڕیاردان لە دەوڵەتی کوردیمان دیاری بکەن و . . دوایش دەقی بڕیارنامەکەی کونگرەکە بخەنە بەردەم گەلەکەمان و بۆ ئەوەی هەر تاکێکی کورد، بە را و پێشنیاری بەسوود دەوڵەمەندی بکەن .
٣ـ پێویستە ئیستراتیجییەتێکی نەتەوەیی تۆکمەی هاوبەشمان هەبێت . . کە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانییەکان لەژێر چەترێ کوردایەتیدا کۆبکاتەوە .
٤ ـ پێویستە ناوماڵی کوریمان رێکبخەین و . . وتارێک سیاسی یەکگرتوومان هەبێت .
٥ـ دیاری کردنی شێوازێکی گونجاوی مامەڵەکردن، لەگەڵ رژێمەکانی ئەو دەوڵەتانە کوردیان تێدایە ( مەبەستم لە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانن )
٦ـ پەرەدان بە خەباتی ئاشتییانە بۆ بردنەپێشەوەی دۆزی کورد و، دروستکردنی پردێکی ئاشتی و پێکەوە ژیان و قەناعەت پێکردن بە گەلانی عەرەب و تورک و فارس، کە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دەبێتە مایەی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا .
٧ـ پێویستیمان بە دبلۆماسییەتێکی یەکگرتووی بەهێز هەیە . . لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و عەرەبی و جیهانیدا. . کە گوزارشت لە ئیرادە و خواستەکانی گەلی کوردستان بکات .
٨ ـ بە ئەوپەڕی توانامانەوە هەوڵی پێکهێنانی لۆبییەکی چالاکی کورد، لە ئەوروپا و لە ئەمریکادا بدەین، فشار بخەنە سەر دەوڵەتانی زلهێز و خاون بڕیار، بۆ ئەوەی دوست و پاڵپشت و لایەنگرێکی زیاتر بۆ رەوایی و یاسایی دەوڵەتی کوردی پەیدا بکەین .
٩ـ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی هیوا و خواستی هەموو کورێکە . . پرۆژەیەکی نەتەوەیی گشتییە و . . بە تەنها پرۆژەی هیچ لایەن و حیزبێکی سیاسی کوردیمان نییە .
١٠ـ پێویستە هێزی پێشمەرگەی کوردستان یەکبخرێت و بە دامەزراوەیی بکرێت .
١١ـ پێویستە نەوتێکی زیاتر دەربهێنین و بفرۆشین، تا ژێرخانێکی ئابووری بەهێزمان هەبێت و، بتوانین چەک و پێویستی باشتر بۆ پێشمەرگە بکڕێن .
١٢ـ دەزگایەکی میدیا و راگەیاندنی ئازاد و سەربەخۆی کوردیی بەهێزترمان هەبێت . . تا زیاتر رۆڵیان لە هۆشیارکردنەوەی خەڵکی کوردستاندا هەبێت و . . رەنگ و دەنگ و خواستەکانی گەلی کوردمان بە جیهان بگەین .
١٣ـ پەڕلەمانی کوردستان، بە مەرجەعیەتی گەلەکەمان بزانین .
١٤ـ پاراستن و بەهێزکردنی یەکێتی و یەکڕیزی و یەکدەنگیی گەلەکەمان . . مەرج و پێویستیی سەرکیین، بۆ هاوڕایی و کۆدەنگی لە سەر بڕیارە نەتەوەییەکانمان .
١٥ـ کۆتایی هێنان و، خۆ دوورخستنەوە، لە ململانێ و مشت ومڕ لە نێوان حێزبە کوردستانییەکان . . پێویستە لەمەڕ کێشە نەتەوایەتییە چارەنووسازەکانمان یەکدەنگ بن.
١٦ـ بنبڕکردنی هەموو جورە گەندەڵییەک لە دەزگاکانی حکوومەت و لە نێو حیزبەکاندا.
١٧ـ بەستنی چەندین کۆڕ وسەمینار و کۆنفرانس لە کوردستان و لە وڵاتانی هەندەراندا، بۆ باسکردن لە رەوایی و لە یاسایی راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی .
١٨ـ ناردنی ( دەستەیەکی باڵای کوردی ) لە کەسانی بە توانا و زمانزان . . بۆ وڵاتانی جیهان، بۆ روونکرنەوەی کێشە و داخوازییە رەواکانی گەلی کوردمان، لە گەڵ پەڕلەمان و حکوومەت و پارتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتانە کۆببنەوە و بۆیان باس بکەن.
١٩ـ دەرکرنی پارەیەکی هێمایی کە تایبەتمەندیی کوردستانی بەسەرەوە بێت .
٢٠ـ دەرکردنی بەرزترین ویسام بە ناوی ( ویسامی باڵای کوردستان ) ەوە . ببەخشرێت بەو میوانە گەورانەی، کە سەردانی کوردستان دەکەن .
هەندێ پێیان وایە کە دەوڵەتی کوردی خەونێکە . . بەڵام هەر خەون و خەیاڵە، کە لە سایەی بڕوا و خەبات و تێکۆشان و خۆڕاگری کۆڵنەداندا دێتە دێ و، دەبێتە راستی . . من زۆر گەشبینم و، لەو باوەڕەدام کە خۆری دەوڵەتی کوردی گزنگی داوە و، رۆژ بە ڕۆژ بەرزتر دەبێتەوە و . . لە هەڵهاتنەوە نزیک بۆتەوە .
لە ئەمڕۆدا کورد بووە بە بەشێک لە هاوپەیمانی دەوڵەتانی جیهان و، رۆڵێکی سەرەکی و گرنگ و کاریگەری هەیە لە شەڕی دژی داعش و، گروپ و رێکخراوە توندڕەوە تیرۆریستییەکان، لە عێراق و لە سوریادا . . خۆڕاگری و قارەمانێتی پێشمەرگە و گەریلا و هێزەکانی پاراستنی گەل و، كچە شۆڕشگێڕە پاڵەوانەکانی شەڕڤانانی گەلەکەمان، کە لە جیهاندا بێ وێنەن، بوونەتە سیمبولی خۆڕاگری و دلێری و قارەمانێتی لە هەموو جیهاندا . . بوونەتە ویردی سەر زاری هەموو ئازادیخوازنی جیهان . . بە دۆست و دوژمنانیشیان سەلماند، کە کورد لە پێناوی پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستاندا، لە گیان بەخشین و شەهید بوون سڵ ناکاتەوە . . بە جیهانمان سەلماند، کە هەمیشە ئێمەی کورد گەلێکی ئازادیخواز و ئاشتیخواز و دیموکراتیخواز و ژیانخوازین . . هەرگیز لە گەڵ شەڕدا نەبووینە و نابین، سەد ساڵی گفتوگۆمان لە رۆژێکی شەر پێ باشتر بووە . . بەڵام داگیرکەرانی کوردستان، شەڕخوازان، دوژمانی ئازادی و دیموکراتی و ژیانن . . بە زۆر و زۆرداری، شەڕیان بەسەردا سەپاندووین . . تا ئەوان رۆکێتێکیان پێوەنەنابین . . ئێمە فیشەکێمان ئاراستەیان نەکردوون . . بەرگریکردنیش مافێکی رەوای هەر گەلێکە.
نەرویـج : ٢٠ی/ سێپتەمبەر/ ٢٠١٥