( یەکێتی خوێندکارانی کوردستان ) و ( کۆمەڵەی کەلتووری کوردی ) لە شاری ( بێرگن ) کە دووەمین گەورە شاری نەرویجە . . بانگی کۆمەڵناس و نووسەر و رۆشنبیری تورک، دکتۆر ( ئيسماعیل بێشکچی ) یان کرد، بۆ سازدانی سەمینارێک دەربارەی ( کورد و کوردستان ) . . سەمینارەکە لە هۆڵی ( زانکۆی بێرگن ) سازکرا . . زیاتر لە ( ١٥٠) رۆشنبیری کورد و نەرویجی ئامادە بوون .

ئیسماعیل بێشکچی لە ساڵی ( ١٩٣٩) لە ( چوروم ) ی نزیکی ( ئەنقەرە ) لە دایک بووە، باوکی لەسەردەمی عوسمانییەکاندا مامۆستا بووە . . بێشکچی چوار برا و خوشکێکی هەیە، خێزانی هەیە بەڵام منداڵانیان نییە . . بێشکچی لە تورکیادا بە نازناوی (ساری هۆجە ) بانگی دەکەن، واتە ( مامۆستا قژزەردەكە ) . . لە ساڵی (١٩٦٢) دا، بڕوانامەی بەکەلۆریۆسی لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە ( زانکۆی ئەنقـەرە) وەرگرت، ماوەیەک لە ( زانکۆی ئەرەزەڕووم ) دا وانەی دەوتەوە . . دوای دکتۆرای لە بواری ( کۆمەڵناسی ) دا وەرگرت . . بابەتی دکتۆانامەکەشی لێکۆڵینەوەیەکە دەربارەی خێڵی ( ئالیکان) ی کورد لە باکووری کوردستان . . ئیسماعیل بێشکچی تا ئێستا ( ٤٢) کتێبی چاپ کردووە . . کە هەموویان دەربارەی کورد و کوردستانن . . بەشی هەرە زۆری کتێبەکانی، لە تورکیا چاپ و بڵاوکردنەوەیان قەدەغەکراون . . دووان لە کتێبەکانی، وەریان گێڕاون بۆ سەر زمانی کوردیمان : یەکەم : کتێبی ( کوردستان کۆڵۆنیەکی نێودەوڵەتی : وەرگێڕانی : حەمە رەشید : لە ساڵی ـ ٢٠٠٢ـ لە سلێمانی ) دووەم : کتێبی ( تێزی تورک بۆ مێژوو، تێۆری زمانی خۆر و کێشەی کورد : وەرگێڕانی : ئاسۆس هەردی : لە ساڵی ـ ٢٠٠٠ـ لە سلێمانی ) هەردوو کتێبەکەش، لە لایەن ( دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ) ەوە بڵاوکراونەتەوە . . کتێبی ( کوردستان کۆڵۆنیەکی نێودەوڵەتی ) کە لەساڵی (١٩٩٠) دا نووسیوێتی، لە زمانی تورکییەوە وەریان گێڕاوە بۆ ئەم زمانانە : ( ئەڵمانی، ئیسپانی، فەرەنسی، عەرەبی، کوردی ) . . بێشکچی بێجگە لە کتێبخانەیەک، کە لە ماڵەکەی خۆی لە (ئەنقەرە ) داهەیەتی، لە شاری( ئەستەمبوڵ) دا، لە نزیک ( گۆڕەپانی تەقسیم ) ناسررودا، کتێبخانەیەکی زۆر گەورەی هەیە، کە زیاتر لە ( ٢٥٠٠٠) هەزار، کتێبی بابەت هەمەجۆرە و، رۆژنامە و، گۆڤار و، بەڵگەنامەی لەخۆگرتوون . . ئەم کتێبخانەیەی بێشکچی لە لایەن دەزگایەکی زانیارییەوە بەڕێوەدەبرێت، بە ناوی ( وەکفا بێشکچی ) دەزگایەکی زانیاری گشتییە و، بایەخ بە هەموو لقەکانی زانیاری و زانستی و ئەدەبی دەدات . . بەڕێوەبەری ئەم دەزگایەش ئەندازیاری کیمیاوی ( ئبراهیم گوربوز ) ە، کوردێکە خەڵکی شاری ( قـارس) ە، لە باکـووری کوردستاندا . . پارێــزەر ( رۆشـن ئەسـلان ) یش، کە کـوردە و خەڵکی شاری ( مـوش) ە، ئەندامێکی کارای دەستەی بەڕێوەبەری دەزگای زانیاری بێشکچی یە . . هەردووکیان لەگەڵ بێشکچیدا، هاتبوون بۆ نەرویج .

ئیسماعیل بێشکچی دۆستێکی زۆر نزیک و دڵسۆزی کوردە، داکۆکیکەرێکی زۆر سەرسەختە لە دۆزی کورد، زۆر بوێرانە و دلێرانە لەسەر کوردی نووسیوە، بەڵکو هەموو ژیانی خۆی بۆ داکۆکیکردن لە کورد تەرخان کردووە . . باجی ئەم خزمەت و هەڵوێسەشی دایەوە . . دادگای نادادپەروەری تورکیا، لە سەر ئەم هەڵویستە مرۆییانەی و خۆشەویستی بۆ کورد . . بە بەندکردنی بە ( ٢٥٨) ساڵ سزادرا . . بەڵام لەژێر فشاری رۆشنبیرانی جیهان . . دوای (١٧) ساڵ و ( ٣) مانگ زیندانی کردن . . ئازاد کرا، زیندانی کۆڵی بە بێشکچی نەدا و، پاشیمانی نەکردەوە . . ئەگەر حەڤدە ساڵی تریش زیندانی بکرێت، ئەوە مەحاڵە بە لای بێشکچییەوە، کە واز لەم هەڵوێسەی دەربارەی کورد و کوردستان بهێنێت . . بێشکچی کورد بە گەلێکی رەسەنی ناوچەکە دەزانێت و، لە تورک و عەرەب و فارس بە کەمتری نازانێت . . کوردستانیش بە لانکەی دێرینترین شارستانی دەزانێت . . کوردستان بە نیشتمانی کورد دەزانێت . . دەڵێت : " کوردستان نیشتمانی کوردە و، خاکی تورک نییە " کە لە ئەمڕۆدا، بەسەر چوار وڵاتی داگیرکەردا دابەشکراوە و، زۆر دڕنداندانە کۆمەڵکوژی کورد دەکەن . . بێشکچی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە کورد کێشەی ناسنامەیەی هەیە، دەڵێت : " کێشەی هەرە گەورەی کورد، کێشەی ناسنامەیە، لە تورکیادا کورد بە تورک ناودەبرێن، لە ئێران بە فارس و، لە عیراق و سوریاشدا بە عەرەب "

بێشکچی، هەر وەکو کوردێک، زۆر بە پەرۆشی ئەوەوەیە، کە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دابمەزرێت . . بۆ گەیشتن بەم هیوا و ئاواتەش، بێشکچی دەڵێ : " بەر لە هەموو شتێک، پێویستە کورد یەکێتی نەتەوەیی بپێکبێنێ و، چی دیکە لە چوارچێوەی تورکیا وئێران و عێراق و سوریا دا، بیر لە کێشەی خۆی نەکاتەوە بەڵکو پێویستە لە چوارچێوەی کوردستانی سەربەخۆدا، بیر لە چارەسەری کێشەی خۆی بکاتەوە، گەلی کورد، گەلێکی ( ٥٠) ملیۆنییە، وەک هەموو گەلانی دنیا، پێویستە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت "
لە ساڵی ( ٢٠١٣) دا، ئیسماعیل بێشکچی، سەردانی باشووری کوردستانی کرد . . پێشوازییەکی گەرم و گەورەی لێکرا . . سەردانی شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک ی کرد و، سەمیناریان بۆ سازکرد . . چووە شاری ( چەمچەماڵ ) و، گۆڕستان و مۆنۆمێنتی ئەنفالی بەسەرکردەوە . . بێشکچی بە بینینی پێشمەرگە و ئاڵای رەنگینی کوردستان، وتی : " بە بینینی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان زۆر دڵخۆش بووم "

بێشکچی و هەردوو هاوڕێکەی لەم هاتنەیدا . . لە کاتژمێری شەش و نیوی ئێوارەی رۆژی سێ شەممە (١ی/ سێپتەمبەر/ ٢٠١٥) گەیشتنە فرۆکخانەی بێرگن . . لە لایەن کۆمەڵێک خوێندکاری لاو و، چەند رۆشنبیرێکی کورد لە شاری بێرگن، بە گەرمی پێشوازی و بەخێرهاتنیان لێکرد .
بۆ رێزلێنانیش، لە ماڵی ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی کەلتووری کوردی، خوانێکی نانخواردنی کوردەواری، بۆ بێشکچی و هاوڕێکانی رازێنرابووەوە .

لە رۆژی چوارشەممە ( ٢ی/ سێپتەمبەر/ ٢٠١٥ )، بە ئامادەبوونی رۆشنبیرانی کورد و نەرویجی، هەروەها، تێکۆشەر و سیاسەتمەداری ناسراوی گەلەکەمان ( مەهـدی زانا ) ش ئامادە بوو . . لە کاتژمێری ( شەش و نیوی ) ئێوارەدا لە (هۆڵی زانکۆی بێرگـن)، سەمینارەکە دەستی پێکرد . . سەرەتا کورتە فیلمێکی ڤیدیۆیی دەربارەی ژیانی ئیسماعیل بێشکچی و کتێبخانەکەی و . . راو و بۆچوونی کەسانی کورد و تورک، دەربارەی رۆڵ و هەڵوێست و خزمەتی بێشکچی نمایش کرا .
سەرەتا بۆ ماوەی نیو کاتژمێر ( ئیبراهیم گوربوز) بە کوردی، باسی لە خزمەت و، لە داکۆکیکردنی بێشکچی لە دۆزی رەوای کورد کرد . . کە بێشکچی خوازیاری ئەوەیە کە کوردیش بە ئاواتەکانی خۆی بگات، لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان .

ئینجا ئیسماعیل بێشکچی بە کورتی و بە چڕی، بە زمانی تورکی دەستی بە باسەکەی کرد دەربارەی ( کورد و کوردستان ) . . یەکسەر و راستەوخۆ، قسەکانی وەردەگێڕان بۆ سەر زمانی نەرویجی . . بێشکچی لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ . . باسی لەو ستەمە مێیژووییە کرد، کە لە کورد کراوە و، چۆن کوردستانیان بە ناڕەوا بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەش کرد . . بەڵام کورد چۆکی دانەدا و . . چەند شۆڕشێکی لە بەشەکانی کوردستاندا بەرپاکرد، لە دژی داگیرکەرانی کوردستان، وەک شۆڕشەکەی شێخ مەحموود و شێخ سەعید و بارزانی . . تا هاتە سەر بزووتنەوەی رزگاریخوازی ئەمڕۆی گەلەکەمان . . کە کورد بە شێوەیەکی قارەمانانە لە لایەن پێشمەرگە و گەریلا و هێزەکانی پاراستنی گەلەوە، گیانبەختانە، بەرگری لە خاکی کوردستان دەکەن و، شەڕی داعشی جاش و بەکرێگیراو دەکەن .

بێشکـچی، باسیشی لە شۆڕشەکەی ئێستای باکـووری کوردسـتان کرد، کە لە بەرواری ( ١٥ی / ئەوگوستی / ١٩٨٤) دا، هەڵگیرسا . . باسیشی لە ستەم و لە تاوانەکانی دکتاتۆری گۆڕبەگۆڕ ( سەدام حوسێن ) کرد، کە بە چ شێوەیەکی دڕندانە کیمیابارانی هەڵەبجەی کرد و، کۆمەڵکوژیی لە کوردی بێ تاوان کرد . . بێشکچی باسی شتی زیاتری کرد، دەربارەی خەباتی کورد لە پێناوی رزگاری بوونیدا . . بێشکچی دەڵێت : " پرسی کورد گرنگترین پرسی رۆژهەڵاتی ناوڕاستە . . " . . دوایش ئیسماعیل بێشکچی، بە کورتی و بە جوانی، وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە کە لە لایەن، ئامادەبووانی سەمینارەکەوە لێی کران . . ( ئامادەکەری ئەم هەواڵەش ـ رەزا شوان ـ لە وەڵامی پرسیارێکمدا، کە لە بێشکچیم کرد : چ پێشبینییەک لە ئایندەی کوردستان دەکەی . . ؟ بێشکچی لە وەڵامدا وتی : " من گەشبینم بە ئایندەی کوردستان، لە سایەی یەکگرتن و یەکڕیزیدا، کورد دەگات بە ئاواتی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان " )
بێشکچی بڕواشی بە پرۆسەی ئاشتی نییە لە باکووری کوردستاندا، چونکە ئۆردوگان و پارتەکەی، بە راستیان نییە کە لەگەڵ ئاشتیدان، دەڵێت : " هێشتا سەرۆک وەزیران ـ کە ئێستا سەرۆک کۆمارە ـ باسی یەک دەوڵەت و یەک گەل و یەک زمان دەکات "

لە کۆتاییدا، لە لایەن کوردانی ئامادەبووەوە، چەند خەڵاتێکی رێزلێنانیان پێشکەش بە ئیسماعیل بێشکچی کرد . . کە لە نێو خەڵاتەکاندا، نەخشـەیەکی رەنگینی کوردسـتانی گەورەی تێدا بوو . . بێشکچی گەشایەوە و زۆری پێخۆش بوو . . خۆشی نەخشەیەکی کوردستانی بە ڕەنگەکانی ئاڵای رەنگینی کوردستان، لە یەخەی خۆی هەڵواسی بوو . . سەمینارەکە سێ کاتژمێر و نیوی خایاند .

( تێبینی : لە وێنەکەدا لای راستەوە بۆ لای چەپ : ڤێمان : سەرۆکی یەکێتی خوێندکارانی کوردستان لە بێرگن، پارێزەر ـ رۆشن ئەسڵان ـ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری دەزگای زانیاری بێشکچی، رەزا شوان ـ سەرۆکی کۆمەڵەی منداڵانی کورد لە نەرویج، د . ئیسماعیل بێشکچی، کومەڵناس و نووسەری تورک، دۆستێکی نزیک و دڵسۆزی کوردە، سەیدا محەمەد ـ رۆشنبیر)

نەرویج / (٣ ی/ سێپتەمبەر /ی ٢٠١٥ )