نووسەر و پزیشکی ناسراوی دەروونی ( رۆدلف دریکۆس ) دەڵێت : " منداڵ پێویستی بە هاندان هەیە . . هەر وەکو چۆن رووەک پێویستی بە ئاو هەیە . . " ستایش و هاندان، دوو وشەی هاومەبەستن، بە جیا بێن یا پێکەوە، یا کامیان پێش ئەوەی تریان بکەوێت . مەبەست لە ستایش و لە هاندان، بریتیە لە بە جوانی ناوهێنان و، لەبەرچاوگرتنی باشییەکان و، بەرزکردنەوەی ورە و تواناکانی مرۆڤن . . هاندانی مرۆڤە بۆ درێژەپێدان و گەشەکردن و چەسپاندنی کار و رەفتار و هەڵس و کەوتە دروست و ئەرێنییەکانیانن . هاندان و ستایش پێویستییەکی سەرەکین و، گرنگییەکی گوەرەیان لە ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی مرۆڤدا هەیە . . بە ستایش و هاندان، مرۆڤ هەست بە خۆشی و شانازی و دڵنیایی و پێزانین دەکات . . وشە و رستە شیرین و جوانەکانی ستایش و هاندان، دەبنە هاندەر و پاڵپشتێکی بەهێز بۆ درێژەدان و گەشەکردنی کاری جوانتر و ئەنجامی باشتر .
منداڵ و گەورە پێویستیان بە ستایش و هاندان و پیاهەڵدان هەیە . . هاندان و ستایش گوڕ و تینێکی زیاتر بە مرۆڤ دەبەخشن و . . هاندەرن بۆ درێژەدان بە کار و بە رەفتارە باشەکانیان . . ستایش و هاندان و خەڵاتکردن، زیاتر تواناکانی مرۆڤ دەوروژێنن و . . زیاتریش دەیانەوێت خۆیان دەربخەن و، ئەوەی لە باریان دایە بگەیەنن . . ستایش و هاندان زاخاوی بەهرە و تواناکانی مرۆڤن دەدەن . . ئاسودەیی و بڕوابەخۆبوون و، هیوا و گەشبینی دەخەنە دڵی مرۆڤەوە . . هەمیشە وشە شیرین و جوان و باشەکان، هێزێکی ئەفسووناوی گەورەیان هەیە، بۆ گەیاندنی خۆشەویستی و، رێز و پیزانین . . وشە و رستەکانی هاندان و ستایش و پیاهەڵدان، ئە گەر لە ناخی دڵەوە دەربچن، هەموویان گوزارشت لە واتایە دەکەن کە : ( من گرنگی بە تۆ دەدەم . . ) ئەگەر وشە و رستەکانی هاندان لە کات و شوێنی کارە ئەنجامدراوە باشەکاندا، بە خێرایی بوترێن . . یا ئەو کەسە بە خێرایی خەڵات بکرێت . . ئەو وشە و خەڵاتانە بە خێرایی لە یاد ناچنەوە .

زانایانی دەروونی جەخت لەسەر گرنگی و کاریگەری هاندان و ستایش دەکەنەوە، بە لای ئەوانەوە ستایش و هاندان، بزوێنەر و پاڵنەرن، بۆ درێژەدان و گەشەکردنی کار و رەفتارەی پەسەند و، بەها جوانەکان و، رەوشتی بەرز و، شکۆداری و شانازی و پیاوەتی و مرۆڤایەتی و ڕێز و خۆشەویسی و، بەهێزبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان . . ئەم بەها بەرز و جوانانە لە دڵە قنجەکانی منداڵاندا دەڕوێنن . . ( شەکســپیر ) دەڵـێت: " هیچ شتێک هێندەی ستایش و پیاهەڵدان . . کارناکاتە سەر منداڵ "
ئێمەی مرۆڤ، بریتین لە کۆمەڵە هەست و نەستێک، هەر بە هەستی جوان و، بە سۆزداریش، هەستمان زاخاودەرێت . . دەتوانین بە وشە و رستەی شیرین و جوان و شیاو . . بە هاندان و ستایش . . گوزارشت لە هەستی ناخی خۆمان بکەین و . . رێز لە هەستی کەسانی تر بگرین . . ( مـارک تویــن ) دەڵێت : " بێگومان، من بە قسەیەکی خۆش . . دەتوانم سێ مانگ بژیم "

گرنگترین چین کۆمەڵگاش کە پێویستییەکی زیاتریان بە هاندان و ستایش و خەڵاتکردن هەیە منداڵانن، کە هیوا و نەوەی داتوومانن . . ستایش و هاندانی منداڵان هیچی تێناچێت . . بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستییەکی گرنگە و، سوودێکی زۆر گەورە و، گاریگەرییەکی ئەرێنییان هەیە، لە ژیانی ئەمڕۆ داهاتووی منداڵاندا .
ستایش و هاندان، خۆشی و شادی و دڵنیایی و ئاسوودەیی و هیوا و گەشبینی بە منداڵان دەبەخشن . . ئەو هەستەشیان لا دروست دەبێت، کە ئەوان لە لایەن دایک و باوک و مامۆستاکانیان و، کەسانی ترەوە گرنگییان پێ دەدەن و، پێزانینیان بۆ کارە باش و رەفتارە جوان و نایابەکانیان هەیە . . رێزیان لێ دەگرن و، پێگەیان هەیە و، پەرواێز نەکراون . . بڕوایەکی بەهێز و متمانەیەکی زیاتریشیان پێ دەبەخشن . . بۆ درێژەدان بە کارە باش و دروست و پەسندەکانیان . . وەک دەڵێن : " فێربـوون لە منداڵـیدا . . وەکو نەقشی سەر بەرد وایە "
پەندێکی کوردیشمان هەیە کە دەڵێت : " دەمە، چیت لێ کەمە " واتە نابێت مرۆڤ لە قسەی باش و شیرین و جواندا رەزیل بێت . . گەر مرۆڤ قسەیەکی باش بکات لە دەمی کەم نابێتەوە . . هەر بە هەمان مەبەست پەندێکی تری کوردیمان، دەڵێت : " بە قسەی خۆش مار لە کون دێتە دەر " واتە تا دەتوانیت، زمانت شیرین بێت و قسەت خۆشبێت، لە گەڵ مرۆڤدا . . بەڵام بە داخەوە، تا ئەمڕۆش بەشێکی زۆر لە دایکان و باوکان و لە مامۆستاکان، زۆر بە کەمی هەست بە گرنگی و کاریگەریی هاندان و ستایش و، قسە و رستەی جوان و شیرین و سوودبەخش دەکەن . . کەچی بە ریزە وشە و رستەی هەست بریندارکەر و ناشیرین بە منداڵەکانیان دەڵێن . . یا لەسەر رەفتار و هەڵەیەکی بێ مەبەست . . بە قسەی ناشیرین و نەشیاو، هەستیان دەتەزێنن و، رووشکێنیان دەکەن . . کورد دەڵێت : ( زامی خەنجەر ساڕێژ دەبێت . . بەڵام زامی قسەی ناخۆش هەرگیز ساڕێژ نابێت ) قسەش لە دەم دەرچێت . . ناگەڕێتەوە .

کارتێکردنی ستایش و هاندان لەسەر منداڵان، روون و زانراوە . . لەم بارەیەوە، چەندین تۆیژینەوە و لێکۆڵینەوەی پراکتیکی و مەیدانی، لە لایەن پسپۆران و دەروونناسان و شارەزایانی پەروەردەی منداڵانەوە، ئەنجام دراون . . کە هەر هەموویان چەخت لەسەر گرنگی و کاریگەرییەکانی هاندان و ستایش لە ژیانی ئەمڕۆ داهاتوی منداڵان دەکەنەوە . هاندان و ستایش بە هۆکارێکی گرنگ دەزانن لە دروستکردنی کەسایەتییەکی دروست و سەرکەوتوودا . . هۆکارێکی گرنگیشە بۆ درێژەپێدان و گەشەکردنی، رەوشتی بەرز و کاری جوان و، کۆڵنەدان و درێژەدان، بە لایەنە ئەرێنییەکانی سەرکەوتن و داهێنان .

دایکان و باوکانی ئازیز، مامۆستا دڵسۆزەکان، خەمخۆرانی منداڵان و داهاتوویەکی گەشتر و شیاوتر بۆ کورد و کوردستان . . لە ئەمڕۆدا، ستایش و هاندانی دروست و، بەکارهێنانی وشەی جوان و شیرین و شیاو . . بۆ بەرزکردنەوەی ورەی قوتابیان . . بوونەتە پێویسی و، بە هۆکارێکی گرنگی پەروەردەی نوێ و فێرکردن . . هۆکارێکن بۆ کۆنترۆڵکردنی رەفتارەکانی منداڵان . . پاڵپشتێکی بەهێزن بۆ درێژەپێدان و گەشەکردنی ئاکارە باشەکان و، کارە ئەرێنییەکان . . بۆیە پێویستە درێغی نەکەن و، بە ستایش و بە هاندان، ورەی منداڵەکانتان بەرزبکەنەوە . . هەردەم دڵە پاک و قنجەکانیان پڕبکەن، لە خۆشەویستی و هیوا و گەشبینی . . بە وشە و بە رستەی ناشیرین، هەستی ناسکیان بریندار مەکەن و، ورەیان مەڕووخێنن . . وەکو دەڵێن : " دڵ لە گـوڵ ناسـکترە "

نموونەیەکی بەرزی هاندان و ستایشتان لە ژیان ( تۆماس ئەدیسۆن ) بۆ دەهێنینەوە . . ئەدیسۆن کە منداڵ بوو، سێ مانگ بوو کە چووبووە پۆلی یەکەمی قوتابخانەی بنەڕەتی، لە سەرەتای فێربوون و وەرگرتندا بوو . . مامۆستاکانی و بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی، بە گەمژە و بیرکۆڵیان دەزانی . . تا رۆژێک بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی دەری کرد و، پەیامێکی بۆ دایکی پیا نارد، کە تێیدا وتبوویان : " باشتر وایە کوڕەکەت لە ماكەوە دابنیشێت، چونکە گەمژەیە " ( ماری ئەدیسۆن)ی دایکی، لە وەڵامی ئەو پەیامەدا وتی:
" کوڕەکەم گەمژە نییە، بەڵکو ئەوان گەمژەن " ئەدیسۆنی لە ئامێز گـرت و، پێی وت :
" ئەگەر هەموو کەسێک نکووڵی لە زیرەکی تۆ بکەن، کوڕە بچکۆلەکەم، بۆ تۆ ئەوە بەسە، کە من بڕوام بەوە هەیە تۆ کوڕە زیرەکەکەمی . . لێیان گەڕی چی دەڵێن با بیڵێن، تۆ گوێ لەمن بگرە : تۆ زیـرەکترین منداڵی لە جیهاندا " بۆیە ( ئەدیسۆن ) خۆی بە قەرزای دایکی دازانێ و، دەڵێت : " دایکم بوو کە فێری کردم، چونکە رێزی لێ دەگرتم و، بڕوای پێم هەبوو . . ئەو هەستەی پێ بەخشیم، کە من گرنگترین کەسم لە بووندا، بوونی منیش، بوو بە پێویستییەکی گرنگ لە پێناوی ئەودا . . بەڵێنم بە خۆم دا، کە شەرمەزاری نەکەم، وەک چۆن ئەو هەرگیز شەرمەزاری نەکردم " بەڵی ئەدیسۆن بە هۆی پشتگیری و ستایش وهاندانی دایکییەوە، پێگەیی و، وزەی کارەبا و بە سەدان داهێنانی داهێنان . . بوو بەو کەڵە داهێنەرە، کە تا هەتایە، مرۆڤ قەرزاری ئەون .
ئەدیسۆن، لە دڵسۆزی و پێزانینی چاکەی دایکیدا، دەڵێت : " لە ژیانمدا هەر زوو ئەوەم بۆ دەرکەوت، کە بە رەهایی، دایک باشترین بوونەوەرە "
کەواتە هیچ شتێک، بە قەی هاندان و ستایش و پشتگیری، دروستکەر و کاریگەرنین . . پێویستییەکن، کە هیچ پێویستییەکی تر ناتوانێت شوێنیان بگرێتەوە . . هاندان و ستایش بە هەستێکی تەواو و، بە تێگەیشتن و بڕواپێکردنەوە . . پاڵپشتن بۆ بزواندنی سۆز و هەستی منـداڵان . . بەڵکو خۆشی و شـادی، بە گیانیشیان دەبەخشن . . زەردەخـەنەی خۆشی دەکەوێتە سەر لێویان و . . روویان گەشتر و . . چاویان روونتر . . دەبنەوە .

هاندان و ستایش، دەتوانن ئەم ئامانجانە بهێننەدی :
١ـ شیرینکردنی سەربەخۆیی و بەرپرسێتییە، لە لای خودی منداڵان .
٢ـ منداڵان بڕوایان بە خۆیان بە هێزتر دەبێت . . رێزێکی زیاتریشیان بۆ خۆیان دەبێت .
٣ـ هۆکارن بۆ چارەسەری هەندێ نەخۆشیی دەروونی، وەکو : شەرم کردن و ترس .
٤ـ یارمەتیدەرن، بۆ ئەوەی منداڵان، بە هیوا و گەشبینییەوە، لە داهاتوویان بڕوانن .
٥ـ ئەو هەست و نەستەیان لا دروست دەبێت، کە ئەوان لە لای کەسانی تر پەسەندن . . ئەمەش لەخۆڕازیبوون و، ئاسوودەیی و دڵنیاییەکی زیاتر بە دەروونیان دەبەخشن .
٦ـ گۆڕینی روانینی منداڵان، لە دەرەوە بۆ ناوەوەی خۆیان .
٧ـ هەڵنان و لەبەرچاوگرتنی کارە باشەکانی منداڵان . . بۆ درێژەدان بە گەشەکردنیان .
٨ـ شیرین کردن و پێزانین . . بۆ کارە باشەکان و، رەفتارە جوانەکانی منداڵان .
٩ـ ئەو ئامانجانە و، بە دەیان ئامانجی تریش، کە لە سایەی ستایش و هانداندا دێنە دی.

پێویستە ئەوەش بزانین، کە بە پێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵی و، بە پێی قەوارە و گرنگی کارە باشە ئەنجامدراوەکان . . ستایش و هاندان و خەڵاتکردن، پایە بە پایە سەردەکەون . . ئەبێت ستایش و هاندانەکان پڕ بە پێستی کارە جوانەکان بن و، گونجان و، هاوسەنگییەک لە نێوان ستایش و پاداشت و، کارە ئەنجامدراوەکاندا هەبێت .

دووبارەی دەکەینەوە، کە ستایش و هاندان و ستایشی منداڵان، لە سەر ئەنجامدراوە ئەرێنییەکانن . . پێویستییەکی زۆر گرنگن و، کارتێکردنێکی گەورەیان لەسەر رەوشت و رەفتار و، دروستکردنی کەسایەتی منداڵان هەیە . . بۆ ئەوەی ستایش و هاندان بە جوانی و بە دروستی بەربگرن و . . بە باشیش مەبەست و ئامانجەکانیان بپێکن . . پێویستە بە وردی، ئەم هۆکارە سەرەکییانە لەبەرچاو بگرین :
١ـ پێویستە هاندان و ستایش و خەڵاتکردن، لەسەر ئەنجامدانی کارە باشەکانی منداڵان بن، نەک لەسەر خودی منداڵان . . بۆ نموونە :
کاتێک کە منداڵێک لە تاقیکردنەوەکانی قوتابخانەدا، بە نمرەیەکی باشەوە دەردەچێت . . پێویستە دایک و باوکی، ستایشی ئەو کۆشس و هەوڵدان و ماندووبوونەی بکەن، کە منداڵەکەیان بۆ ئەم سەرکەوتن و ئەنجامە باشەی لە تاقیکردنەوەکانی قوتابخانەکەی دای . . وەکو پێی بڵێن : " دەستخۆش، تۆ کۆششێکی باشت کرد بۆ ئەوەی دەربچیت و ئەم نمرە بەرزانە بە دەست بهێنیت . . " ئەم شێوە ستایش و هاندانانە، یارمەتی منداڵ دەدەن بۆ درێژەپێدان و گەشەکردن و، راهاتن لەسەر کار وکۆشش، بۆ بە دەستهێنانی ئەنجامی باشتر . . کەواتە پێویستە جەخت لەسەر کارە باش و ئەرێنییە ئەنجامدراوەکان بکەیینەوە، نەک لەسەر خودی کەسەکان . . هەر لەم بارەیەوە نموونەیەکی تر :
(جـوان ) کە کچێکی هەشت ساڵانە . . بە باشی حەوشەی ماڵەکەیانی گسک دا . . گـەڵا وەریوەکانی دارەکان و هەموو خۆڵ و خاشاکێکی حەوشەکەیانی ماڵی و، کۆی کردنەوە و کردییە ناو سەبەتەی زبڵەکەیانەوە . . هەموو شتەکانی حەوشەکەیانی، بە جوانی لە شوێنی خوایاندا دانا . . ئەم کارە جوانەی کە جوان ئەنجامی دا . . بووە هۆی دڵخۆشی دایکی . . دایکی دەربارەی ئەم کارە جوانەی کچەکەی . . بەم جۆرە گۆزارشتی لە پێزانین و، لە پێخۆشحاڵی خۆی کرد :
دایک : " حەوشەکەمان زۆر پیس بوو . . لەو بڕوایەدا نەبووم کە بە رۆژێک، ئەوها جوان پاک بکرێتەوە . "
جوان : " من وا پاکم کردەوە "
دایک : " حەوشەکەمان پڕبوو، لە گەڵا و خۆڵ و خاشاک و شتی تر "
جوان : " من هەموویم ماڵی و، پاکم کردەوە و، کردمە ناو سەبەتەی زبڵەکەوە "
دایک : " بێگومان تۆ هەوڵێکی گەورەت داوە و . . ماندووبوویتە "
جوان : " بەڵێ، بە دڵنییایەوە ئەمەم کرد "
دایک : " حەوشەکەمان زۆر پاکە . . مایەی دڵخۆشییە کە مرۆڤ، بەم پاکییە بیبینێت "
جوان : " زۆر پاک و، رێک و پێکە "
دایک : " رووخۆشیت و، دەموچاوی گەشت . . ئەوەم بۆ دەردەخەن، کە تۆ چەند شانازی بەم کارەتەوە دەکەیت . . زۆر سۆپاس بۆ ئەم کارە جوانەت "
جوان ( بە زەردەخەنەیەکی گەورەوە ): " سۆپاس دایکە گیان "
جوان هەستی بە خۆشی و، بە شادییەکی زۆر کرد، دەربارە وشە جوانەکانی دایکی و پێزانینی بۆ ئەو ئیشانەی ئەنجامی دان . . چاوەڕێی ئێوارەشی دەکرد، کە باوکی بێتەوە و حەوشەکەیان بەو پاکییە ببینێت و . . بۆ جاری دووەم شانازی بەم کارەیەوە بکات .
لە بەرانبەر ئەو وشانەدا، گەر دایکی و شە و، رستەگەلێکی ستایشی وەک ئەم وشانەی بەکار بهێنایە : " تۆ کچێکی چەند مەزنی " یا " کچە بچکۆلەکەم جوانەکەم، تۆ بە راستی یارمەتیدەری منی " یا " دایکت بەبێ تۆ هیچی پێ ناکرێت " یا هەر رستەیەکی تری لەم جۆرانە . . ئەم رستانە ئاراستەی خودی کچەکەی دەکرد . . نەک کارە باشەکانی . . ئەمەش راست نییە و ( هەڵەیە ) . . ئەم زیادەڕۆییانە لە ستایش کردنی خودی منداڵدا . . ناراستی لای منداڵ دروست دەکەن و، بێزاری دەکەن . . لەوانەیە وا هەست بکات، کە ئەو هێندە مەزن نییە و، شایانی ئەو ستایش و پیاهەڵدانە نییە و . . ئەوە فوودانە .
( برولمان ) دەڵێت : " ستایش کردنی منداڵ بە رستەی وەکو : تۆ هونەرمەندێکی مەزنی " یا ( لە تۆپی پێدا : تۆ ئەستێرەی ئەستێرەکانی ) . . بەم نازناو و ستایشە زیادە رۆییانە . . منداڵ هەست بە شەرمەزاری دەکات . . خۆ ئەگەر هاتوو لە جاری داهاتوودا نەتوانێت وێنەیەیەکی جوانتر بکێشێت . . یا گۆڵێک تۆمار بکات . . زۆری پێی شەرمە، کە بە نازناوی " تۆ هونەرمەندێکی مەزنی " یا " تۆ ئەستێرەی ئەستێرەکانی " چونکە ئەم ستایشانە ئاراستەی خودی منداڵان دەکەن، لەوانەیە لە راستیدا، لە ئاستی ئەو ستایش و پیاهەڵدانانە نەبن، هەست بە تەریق بوونەوە و، بەشەرمەزاری بکەن . . راستر ئەوەیە، کە پێویستە ستایشی کارە ئەنجامدراوەکانیان منداڵان بکەن . . بۆ نموونە : " تۆ وێنەیەکی جوانت کێشاوە "، " تۆ یارییەکی جوانت کرد "، " تۆ بە رووحێکی وەرزشیی بەرزەوە . . یاریت کرد "

٢ـ ستایشی هەوڵدانەکانی منداڵان بکەن . . ئەگەر بە ئەنجامیش نەگەیشتووبن، ئەو بڕوایەیان لە دڵ بڕوێنن، کە شکستی جارێک و دوو جار کۆتایی کارەکان نیین . . هەموو شکستییەک، پەند و وانەیەکی نوێ بە مرۆڤ دەبەخشن، بۆ دۆزینەوەی رێگایەکی باشتر و، هەنگاونان بۆ سەرکەوتن . . ( ئەدیسۆن )ی کەڵە زانا، دەڵێت : " تەنها ئەو کەسانە شکست دەهێنن، کە واز لە کۆشش و لە هەوڵدان دەهێنن "
( ئەدیسۆن ) بۆ دۆزینەوەی وزەی کارەبا، هەزار تاقیکردنەوەی ئەنجامدا، لە(٩٩٩) یاندا شکستی هێنا، لە هەزارەمین تاقیکردنەوەیدا سەرکەوتنی بە دەستهێنا . . بەڵام ێەدیسۆن هەرگیز هەوڵ و تاقیکردنەوەکانی بە شکستی ناو نەبردوون، بەڵکو دەیوت : " نۆ سەد و نەوت و نۆ تاقیکردنەوە بۆ سەرنـەکەوتن هەیە "

٣ـ ستایشی منداڵەکانتان بکەن و بە باشی هانیان بدەن . . چونکە دڵنیایی و ئاسوودەییان پێ دەبەخشن و، بەلای ئەوانەوە، ستایش و هاندان بەڵگەیە بۆ ئەوەی . . کە پەسەندن و بایەخیان پێ دەدەن .

٤ـ بە راستی و بە بڕوابوونە ستایشی منداڵەکانتان بکەن و، ناراست مەبەن و سازشیان لەگەڵدا مەکەن . . چونکە منداڵان، وریا و زیرەکن . . باش دەزانن کە ئەو ستایش کردن و پیاهەڵدانەتان، راستن و دڵتانەوە دێن . . یا سازش و رووکەشی و هەڵخەڵەتاندنن . . یا زیادەڕۆۆیی دەکەن و زیاد لە پێویست ستایشیان دەکەن . . زۆر کەس هەیە بۆ مەرام و مەبەست و بەرژەوەندی تایبەتی، کورد وتەنی : " ماستاو سارد دەکاتەوە " و " مامە حەمەیی دەکات " و لە خۆتەن، بە شان و باڵ و، لەش و لاری کەسێکدا هەڵدەدات .

٥ـ شێوازەکانی راستی هاندان و ستایش بگرنەبەر . . چونکە رێبازە راستییەکانی ستایش و هاندان . . منداڵان بە سەرکەوتن دەگەیەنن . . لەم بارەیەوە، تۆیژێنەری مەزن ( ئیدی برولمان ) لە ( زانکۆی ئۆتریشت ) لە ( نیوزلەندە ) دەڵێت : " گرنگ شێوازی ستایش کردن و هەڵنانە، لە تواناکان یا بەهرەکانی منداڵان "

٦ـ ئامادەی ستایش و هاندان بن و دوامەکەون . . چونکە خۆشتر و کاریگەرتر ئەوەیە، لە کاتی ئەنجامدانی کارە باشەکاندا، گەرماوگەرم، ستایش و خەڵاتی کەسە شایستەکان بکرێن . . چونکە لەو کاتەدا خۆشی و تام و چێژێکی زیاتر بەو کەسانە دەبەخشن . . کاریگەرییەکی زیاتریشیان دەبێت .

٧ـ پێشوەخت ستایشی کارێکی منداڵ مەکەن و . . پێشتریش خەڵاتی مەکەن بۆ کارێک کە نیاز وایە بیکات . . بەڵام هێشتا ئەنجامی نەداوە .

٨ ـ وریابن، هەرگیز ستایشی کار و رەفتاری خراپ و چەوتی منداڵان مەکەن و، هانیان مەدە . . تا لەسەر ئەو کار و رەفتار و هەڵس و کەوتە هەڵە و زیان بەخشانە، رانەیەن و درێژەیان پێ نەدەن . . بۆ نموونە : کە منداڵەکەتان لە منداڵێک دەدات، بێ رێزییەک دەکات، بەرد لە ئاژەڵێک دەگرێت، لقی داێک دەشکێنێت، مان لە خواردن دەگرێت، گاڵتە بە مامۆستاکانی دەکات، بەبێ پرس پارە لە گیرفانت دەردەکات، جوێن دەدات، . . . هتد . پێویستە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و، بە هێمنی تێی بگەیەنن و پێی بڵێن: " باشتر وایە وا بکەیت . . " هەر بەقسەش وایان لێ بکەن کە دان بەوەدا بنێت هەڵەی کردووە، داوای لێبووردنتان لێ بکات . . بەڵێن و بڕیاریش بدات، کە دووبارەیان نەکاتەوە . . دایکان و باوکانی وریـا و، مامامۆستا دڵسۆزەکان، دەزانن کە چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵانی هەڵەدا دەکەن و . . چ شێوازیكی سەرکەوتوو دەگرنەبەر، بۆ راستکردنەوەی هەڵەکانیان . . هەرگیز ناکرێت کە ( هەڵـە بە هەڵـە ) راست بکرێتەوە .

٩ـ هەوڵدەن وشەکانی هاندان و ستایشتان هەمەجۆرەبن چونکە زۆر دووبارەکردنەوەی هەمان جۆرە وشە و رستە، لە لای منداڵان چێژیان نامێنێت و، بایەخیان کاڵ دەبنەوە . . هەندێ لە مامۆستاکان، زۆر ئەم وشانە دووبارە دەکەنەوە : ( ئافەرین، بژی، باشە، زۆر باشە، نایابە، چەپڵەیەکی بۆ لێدەن ) مەرجیش نییە کە هاندان تەنها بە وشە و بە رستە بێت . . مامۆستا دەتوانێت، ئەو قوتابییەی کە ئەنجامێکی باش بەدەست دەهێنێت، وێنەیەکی لە سەر ( تابلۆی شکۆداری ) ی قوتابخانەکەی دابنێت، یا ئاڵایەکی بچووکی کوردستان، یا نەخشەی کوردستان، لە بەرۆکی هەڵواسی، یا کتێبێکی منداڵانی پێشکەش بکات، . . . هتد . یا لە لایەن دایک و باوکییەوە، وەکو خەڵاتێک، بیبەن بۆ ( چـاڤی لانـد، یا پارکي ئازادی، یا پارکی منارە، یا . . . هتد ) .

جیاوازی لە نێوان ستایش راست و ستایشی ناراست :
لێکۆڵینەوە دەروونییەکان، ئەویان پشت راست کردەوە . . کە ستایش کردن و هاندانی راستەقینەی هەوڵ و کارە باشە ئەنجامدراوەکانی منداڵان، لە لایەن دایکان و باوکانەوە زمانێکی شیرینی پێویستن و، هاندەر و پاڵنەرێکی باش و بەهێزن و، ناکرێت بەلاوە بنرێن، بۆ ئەوەی منداڵان هەوڵێکی زیاتر بدەن و، ئەنجامێکی باشتر بهێننەدی . . بەڵام پێویستە بە شێوازێکی راست و دروست و زانستییانە، پەیامەکەیان بە منداڵەکانیان بگەیەنن . . بۆ ئەوەی بە راستی ئامانجەکانی ستایش و هاندان و هەڵنان بپێکن .

زیادەڕۆیی لە لە ستایش و هاندان و پیا هەڵدان، یا ستایشی ناڕاست و بۆش و بێ بنەما . . زیانیان هەیە و سوودیان نییە . . زۆر منداڵ تووشی شەرەمەزاری دەبێت، چونکە توانا و بەهرە و کار و بەرهەمە ئەنجامدراوەکانی، لە ئاستی ئەو هەموو ستایش و، پیاهەڵدانەدانەی دایک و باوکیدا نین . . دەشێ وا هەستیش بکات کە سەرکەوتن ئاسانە و . . دواتریش وا هەست دەکات کە ژیانیش بۆ ئەو ئاسانە . . ئەمانە هەمووی وای لێ دەکەن کە ببێت بە کەسێکی بێ دەسەڵات و . . ئامادە نەبێت کە رووبەڕووی کێشە و بەرهەڵستییەکان و راستییەکان ببێتەوە، کە لە ژیانیدا رووبەڕووی دەبنە .

زیادەڕۆیی لە ستایش و هەڵنان . . هۆی تووشبوونی منداڵە بە نێرگزی :
هەندێ لە پسپۆرانی بواری پەروەردەی منداڵان، مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵدا، بەم شێوازە هەڵە و نادروستە . . بە هۆیەکی تووشبوون بە ( نیرگزی ) دەزانن لە نەوەی تازەدا. . هەر وەکو چۆن لە بەشێکی لاوانی ئەمڕۆدا بەدی دەکرێت . . کە کەمتر کاردەکەن و، چاوەڕێی دەسکەوتی زیاتر دەکەن . . ئەم شێوازە بیرکردنەوەیە، دەشێ بە راستی زیان بە منداڵ بگەیەنێت و، نەتوانێت، بەهرە و تواناکانی دروست بکات، کە پاڵپشتن بۆ هێنانەدیی ئامانجەکانی و پێشکەوتنیان . . هەر ئەم منداڵە تووشی لە خۆبایی بوون و، خۆبەزیاتر زانین و، خۆ بە جیاواز لە منداڵانی تر دەبێت . . هۆیەکەشی ئەوەیە کە لە راستیدا، لەسەر بنەمایەکی پووک هەڵنراوە . . بەهرە و تواناکانی لەوە کەمترن کە وا هەست دەکات هەیەتی . . هۆی سەرەکی ئەم تووشبوونەی منداڵ بە ( نێرگـزی ) یەت دەگەڕێتەوە بۆ نابەڵەدی دایک و باوک، کە زیادەڕۆیی لە ستایش و، لە هەڵنانی بەردەوامی منداڵەکەیان دەکەن، کە لەو ئاستەدا نییە . . بێ ئەوەی زیانەکان و ئەنجامە خراپەکانیان لەبەرچاوبگرن . . ئەو منداڵەی کە تووشی نێرگزی دەبێت . . دەبێتە کەسایەتییەکی زۆر هەستیار و هەمیشە شانازی بە خۆیەو دەکات . . تا ئەو رادەیەی کە بە هاوڕێکانی بڵێت ( من لە ئێوە باشترم ) . . کێشەکانی منداڵی توشبوو بە نێرگزی ئەوەیە، کە ناتوانێت پەیوەندییەکی بەهێز و بەردەوامی لەگەڵ کەسانی تردا هەبێت .

توێژینەوەیەکی هۆڵەندی کە بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆر ( ئیدی برولمان ) ئەنجام درا . . کۆمەڵێک لە دەرووناسان و پەروەردەکارانئەنجامیان دا . . توێژینەوەکە لە ماوەی دوو ساڵدا، هەر شەش مانگ جارێک، لەسەر (٥٦٥) منداڵی کوڕ و کچ، کە تەمەنیان لە نێوان (٧ ـ ١١) ساڵ بوون، لەم توێژینەوەیەدا، پرسیار لە دایکان و باوکانیش دەکرا . . لێکۆڵینەوەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی . . کە زیادەڕۆیی هەمیشەیی، لە ستایش و هەڵنانی منداڵ، هۆخۆشکەرە بۆ تووشبوون بەنێرگزی . . هەر لەم توێژینەوەیەدا ئەوە دەرکەوت کە ئەو منداڵانەی بە نێرگزی ناودەبران . . ئەو منداڵانە بوون، کە باوک و دایکیان وەک منداڵێکی جیاوازی زیاتر لە منداڵانی تر، هەڵس و کەوتیان لەگەڵدا کردوون .

ستایش وەک ( پەنسلـین ) وایە . . نابێت بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دابەش بکرێت . . کۆمەڵێک زانیاری و ئاگاداری هەن بۆ بەکارهێنانی دەرمانی بەهێز . . زانیاری دەربارەی کات و رادە و، دەربارەی زیانە ئەگەرییەکانی هەن . . وەکو تووشبوون بە خروشت و سووربوونەوەی لەش . . هەر بەم شێوەیەش، زانیاری و ئاگاداری دەربارەی چۆنییەتی دابەشکردنی دەرمانی ( سۆزداری ) هەیە .
گرنگترین و دروسترین و تەنها دەستووریش ئەویە، پێویستە ستایش ئاراستەی کۆشش و کارە ئەنجامدراوەکانی منداڵان بکرێن . . نەک ئاراستەی خودی منداڵان بکرێن .

جۆرەکانی ستایش و هاندان و پاداشت و خەڵاتکردنی منداڵان :
١ـ ستایش و پاداشتی کۆمەڵایەتی ( ورەیـی : مەعنـەوی) : کە ئاسانترین و باشترین ستایشە . . لە خەڵاتی ماددی زیاتر کاریگەریی لەسەر دەروونی منداڵان هەیە . . پاداشتی کۆمەڵایەتیش، بەپێی گونجانی کارەکان و تەمەنی منداڵان جیاوازییان هەیە . . لەوانەش: ( زەدەخـەنە، رووگەشی، ماچـکردن، لە ئامـێزگرتن، دەست بەسەردا هێـنان، دەست خستنە سەر شان، دەست کردنە مـل، چەپڵەلێدان، روانین بە شانـازییەوە، دەستخۆش، دەمخۆش، هەر بژی، ئافەرین، تەمەن درێژبیت، هیوای داهاتوویەکی باشت بۆ دەخوازم، . . . ئەمانە و، بە دەیان وشەی جوان و شیرین و ناسکی تری کوردیمان هەیە . . ئەم وشە و رستانە، گوزارشتێکی ئاسایی سۆزدارین بۆ بەرزکردنەو ورە و ها دانی منداڵان بۆ درێژە پێدان و گەشەکردنی کارە ئەرێنییەکانیان و، بە دیهێنانی ئەنجامێکی باشتر .

٢ـ پاداشتی ماددی : بەرانبەر بە رەفتار و کارە باشە ئەنجامدراوەکانی منداڵان، وەکو پێزانین هەندێ جار خەڵاتی ماددیی منداڵان دەکرێت ـ گەر خەڵاتێکی ساکاریش بێت ـ بۆ درێژەدان بە کارە و ئەنجامە باشەکانی و، بە رەفتارە جوانەکانی بدات . . وەک:
( نوقڵێک، بابەتێکی یاری، کتێبێکی رەنگاوڕەنگی منداڵان، تۆپێکی قنج، پێنووسێکی جوان، بووکە شووشەیەکی جوان، لە یەخەدانی ئاڵایەکی کوردستان، بردنی بۆ چاڤی لانـد، بۆ پارکی منارە، هەڵواسینی وێنەیەکی جوانی لەسەر ( تابلـۆی شـکۆداری ) ی قوتابخانەکەی، . . . هتد . . لە کۆتاییدا، ئەوە دووبارە دەکەینەوە، کە ستایش و هاندان و پاداشتی ورەیی و ماددی، پێویستە لە کات و لە شوێنی خۆیاندا بوترێن . . یا پێشکەش بکرێن . . چونکە لەو کاتەدا، خۆشی و تام و چێژێکی زیاتر بە منداڵان دەبەخشن و، کارتێکردنێکی دەروونی قووڵتریشیان دەبێت .