هەر لە کۆنەوە، بە چاوێکی پڕ لە ئەوپەڕی رێز و شکۆدارییەوە، لە مامۆستایان روانیوە . . چونکە بە درێژایی سەردەمەکانی مێژوو مامۆستا خاوەنی پەیامێکی زۆر پیرۆز و گرنگ بووە . . هەر ئەم پەیامەشە کە رێز و پیرۆزی بە مامۆستا بەخشیوە .
میری شاعیرانی عەرەب ( ئەحمەد شەوقی ) ـ کە بە رەچەڵەک کوردە ـ لە ستایش و گەورەیی مامۆستادا دەڵێت : " هەستە بۆ مامۆستا شکۆدارییە . . . هێندەی نەمابوو کە مامۆستا ببێت بە پێغەمبەر "                               مەبەستی ئێمە لێرەدا مامۆستای کوردە . . مامۆستا چرایەکی هەمیشە داگیرساوی گەشە . . تیشکی گەشی زانست و زانیاری، بە نەوەی نوێی ئەمڕۆمان دەبەخشێت . . خۆرێکی تیشک زێڕینە، رێگا بۆ کەسانی تر رووناک دەکاتەوە . . مامۆستا گۆڵێکی گەش و بۆنخۆشی هەمیشە بەهارە، بە گوڵاوی بۆن و بەرامە خۆشی زانیاری مەستمان دەکات . . مامۆستا هەنگ ئاسایی لە جوانترین گوڵزاری گوڵ هەمەڕەنگدا، شیلەی هەڵاڵەی زانست و زانیاری هەمەچەشنە دەمژێ و، هەنگوینی زانست و زانیاریان لێ دروست دەکات و، پێشکەشی رۆڵەکانی گەلەکەمانی دەکات . . مامۆستا گرنگترین کۆڵەکەیە لە کۆڵەکەکانی بنیاتنانی تاکی سوودبەخش و، کۆمەڵگایەکی دروست و بەختەوەردا . . مامۆستا گرنگترین کارتێکەرە، لە ژیانی ئەمڕۆ و، لە داهاتووی نەتەوەکەماندا .
مامۆستا، پێشمەرگەیەکی جەنگاوەری خۆڕاگر و کۆڵنەدەری گۆڕەپانی جەنگە، کە بە چەکی بڕوا و دڵسۆزی، بە چەکی زانست و زانیاری شەڕی نەزانین و دواکەوتن دەکات . . هەمیشە لەم شەڕەیدا براوە و سەرکوتووە . . مامۆستا، رابەرە، پێشەنگە، پێشڕەوە، بەخشندەیە . . مامۆستا، دایکە، باوکە، خوشکە، برایە، دڵسۆزترین هاوڕێیە . . مامۆستا چێنەری تۆی شادی و ئاشتی و بەختەوەریییە . . هەردەم گەشبین و هیوابەخشە . . مامۆستا دۆژمنی نەزانین و دواکەوتنە . . هەڵگری ئاڵای گەشەکردن و پێشکەوتنە . . هاندەری داهێنان و گۆڕانکاری و تازەگەرییە . . بۆیە چارەنووس و داهاتووی هەر نەتەوەکەمان لە دەستی مامۆستادایە . . چونکە ئەو قوتابیانەی کە مامۆستا بە راستی و بە دروستی پەروەردە و رێنمایی و ئاراستەیان دەکات و، بە جوانی فێریان دەکات و رایان دەهێنێت . . هەر ئەم قوتابییانەن کە دەبنە سەرکردە و بە رابەر و بە پێشەوا و بە کاربەدەست و، بە سیاسەتمەدار . . هەموو کاروبارێکی کوردستانمان بە رێوە دەبەن .
خزمەت و چالاکی مامۆستا، تەنها لە ناو پۆل و قوتابخانەدا نییە، مامۆستا رۆڵێکی گرنگی لە گەشەکردن و پێشکەوتنی کۆمەڵدا هەیە . . مامۆستا جۆکەرێکە و لە هەموو بوارەکانی تێکۆشان و ژیاندا رۆڵێ بەرچاوی هەیە . . ئەوە مامۆستایە کە ئەلفوبێی کوردایەتی و کوردستان پەروەری فێری قوتابییەکانی دەکات . . فێریان دەکات کە کوردستانیان خۆشبوێت و، پارێزگاری لێ بکەن . . فێری خوشک و برایی و تەبایی و یەکێتی و یەکڕیزییان دەکات . . فێری هەرەوەزی و هاوکاری و کاری جوانیان دەکات . . ئەوە مامۆستایە، لەسەر ئازادی و دیموکراتی و یەکسانی قوتابییەکانی رادەهێنێت .

ئەگەر شارستانییەتی نوێ، بە دانا و زانا و داهێنەران و کەڵەناودارانییەوە بنازێت . . دەبێت رۆڵی مامۆستا فەرامۆش نەکەن و، ئەو راستییە لە بەرچاوبگرن، کە ئەم داهێنەر و ناودارانە، قەرزاری مامۆستان، قوتابی مامۆستا بوونە . . ئەو فێری کردوون و هانیداون بۆ داهێنان و دۆزینەوە . . ئەو بە جوانی پەروەردە و رێنمایی کردوون . . ئەو بە زانست و زانیاری هەمەچەشنە هۆشی زاخاوداون و . . هیوای پێ بەخشیون .
لە داهاتووشدا، هەر داهێنان و پێشکەوتن و گەشەکردنێک بێتە ئاراوە . . پشکی شێری شانازی بۆ دڵسۆزی و رۆڵ و ماندووبوونی مامۆستا دەگەڕێتەوە .
( یاکس ) دەڵێت : " جیهانی بەیانی . . کوڕی مامۆستای ئەمڕۆیە "
چی بڵێین . . چی بنووسین . . گەر بەنرخترین خەڵاتیش بە مامۆستا ببەخشین . . بێگومان هاوتای رۆڵی پیرۆز و ماندووبوون و، دڵسۆزی مامۆستا ناکەنەوە . . هەر هەموومان قەرزاری چاکە و ماندووبوونی مامۆستاین .

مامۆستا بەرپرسیارییەتییەکی زۆر گرنگ و هەستیار و مەترسیداری لە ئەستۆ گرتووە . . گرنگترین و بەنرخترین سامان و سەرمایەی گەلەکەمانی لە بەردەست دایە . . کە منداڵە چاوگەشەکانی ئەمڕۆمانن . . هیوا و نەوەی داهاتووی کوردستان . . چونک ماموستایە پەروەردەیان دەکات و بنیاتیان دەنێت . . بێگومان بنیاتنانی مرۆڤی دروست . . زۆر گرانترە لە دروستکردن و بنیاتنانی کۆشک و تەلاری ئاپارتمانی باڵابەرز .
وەکو دەزانین فێرکەر (مامۆستا ) و فێرخواز ( قوتابی ) دوو تەوری کرداری زانیارین .
مامۆستایان ( ئافـرەت ـ یا ـ پیـاو ) رۆڵێکی بنەڕەتییان لە دروستکردنی پەروەردەیی و دەروونی منداڵاندا هەیە . . وەکو وتمان رۆڵی مامۆستا تەنها فێرکردن نییە . . فێرکردن بەبێ پەروەردەیەکی دروست، ناتوانین بە فێرکردن ناوی بەرین . . سوودی فێرکردن چییە، گەر منداڵ تەنها بخوێنێتەوە و بنووسێت . . بەڵام نابەڵەد بێت و، کەموکوڕییەکی زۆری لە بەهاکان و، لە رەوشتە بەرزە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبێت . . ئەگەر وا پێ بگات . . ئاکامەکەی لە ئەستۆی مامۆستای بێ ئەزموون و، نابەڵەدە لە ئامانجەکانی پەروەردە و فێرکردن . . قوتابی لە زۆربەی رەفتار و هەڵس و کەوتەکانیدا، چاولێکەرە و، چاو لە مامۆستاکەی دەکات . . بۆیە پێویستە مامۆستا هەردەم پێشەنگێکی نموونەیی باش بێت، بۆ قوتابییەکانی . . دڵسۆزی پیشەکەی و قوتابییەکانی بێت . . وەکو منداڵی خۆی یا خوشک و برای خۆی قوتابییەکانی بلاوێنێت و، بە دروستی رەفتاریان لەگەڵدا بکات . . لەسەر بنەمای خۆشەویستی و رێزگرتن و بە جوانی گفتوگۆکردن و، راوێژکردن لەگەڵ کەسانی تردا فێریان بکات و رایان بێنێت . . فێری پێکەوەژیان و یەکتری قبووڵکردنیان بکات . . وەکو دەڵێن گۆڵی گەش و جوانی باخچە . . بۆ خزمەت کردن و بۆ دڵسۆزی باخچەوانەکەی دەگەڕێتەوە . . مامۆستاش باخچەوانی زانست و زانیاری و فێرکردنە، ساڵ لە دوای ساڵ نەوەی هۆشیار و رۆشنبیر و زانست و زانیاری پەروەر و نیشتمان پەروەر و مرۆڤ دۆست پێ دەگەیەنێت .
بە تایبەتیش ( مامۆستای رابەری پۆل ) لە قوتابخانەی بنەڕەتیدا، لە قۆناغی یەکەمی پەروەردە و فێرکردندا، کە ماوەیەکی زیاتر لەگەڵ قوتابییەکانیدا دەمێنێتەوە . . دەتوانێت بەهرە و توانا و حەز و ئارەزووەکانیان دەستنیشان بکات . . پاڵپشت و هاوکار و هاندەر و ئاراستەکەریان بێت، بۆ گەشەکردنی توانا و بەهرەکانیان بە دروستی و بە راستی .

لە ئەمڕۆدا لە سایەی پێشکەوتن و داهێنانی نوێی تەکنۆلۆژیادا، وەکو تەلەفزیۆن و داتە و ئینتەرنێت و تەلەفۆنی پێشکەوتوو و، بە دەیان بابەتی تازە . . ساڵانەش بە دەرچوونی بە سەدان گۆڤار و کتێبی رەنگاوڕەنگ بۆ منداڵان . . کە هەرەیەکە لەو بابەتانە، رۆڵیان هەیە لە فراوانکردنی ئاسۆی خەیاڵ و، گەشەکردنی توانای وەرگرتنی منداڵاندا . . هەریەکە لەو داهێنانانە بوونە بە مامۆستایەکی سوودبەخش ــ ئەگەر بێتو بە دروستی و بە جوانی ئەم داهێنانانە بەکاریان بهێنن ــ جیهان رۆژ لە دوای رۆژ لە پێشکەوتندایە . . رۆژ لە دوای رۆژ داهێنانی سەیری تەکنۆلۆژیا دێنە ئاراوە . . رۆژ لە دوای رۆژ تیۆر و بیردۆزی نوێی پەروەردەیی دێنە ئاراوە . . پێویستە پەروەردەش بەم داهێنانانە و گۆڕانکارییانەوە ببەسترێت . . سەردەم سەردەمی پەروەردەی منداڵانە . . پەروەردەی منداڵان بۆتە جێی بایەخ و خەمی هەمووان . . زۆربەی وڵات پێوەی سەرقاڵ بوونە . . بۆیە لە ئەمڕۆدا، رۆڵی مامۆستا قورستر بووە . . چونکە نە منداڵانی نەوەی ئەمڕۆ وەک منداڵانی نەوەی سەدەی رابردوون، نە خواست و هیوا و پێداویستییەکانیشیان هەمان خواست و هیوایە پێداویستییەکانی منداڵانی جارانن . . کەواتە پێویستە مامۆستای ئەمڕۆش لەم ئاستەدا تازەیەدا بێت و، ببێت بە پەروەردەکار و فێرکارێکی تازەی سەردەمییانە . . راستییەکی هاشا هەڵنەگریشە، سەرەڕای ئەم هەموو پێشکەوتن و ئەم هەموو داهێنانانەش لە هەموو بوارەکانی ژیاندا . . تا ئەمڕۆش رۆڵ و پێگەی مامۆستا نزم و کاڵ نەبوونەتەوە، بەڵکو تا بێت پێویستییەکی زیاتریان بە مامۆستایان هەیە . . چونکە رۆڵی سەرەکی و بنەڕەتی لە بنیاتنانی ئەقڵ و هۆشی منداڵاندا، لەچاندنی ئاراستەکان و نەریتەکاندا، لە ئەستۆی مامۆستا دایە . . هەرچەندە هۆیەکانی فێرکردن پێشش بکەون . . بەڵام ناتوانن جێی مامۆستا بگرنەوە یا بتوانن رۆڵی ئەو ببینن .
دەبێت ئەم راستییەش بخەینە بەرچاو، هەرچەند مامۆستا بەتوانا و لێهاتووش بێت، ناتوانین ئەوە بڵێین، کە مامۆستا گەیشتۆتە لووتکەی شارەزایی و توانا و زانیاری، هیچ پێویستییەکی تازەی بە راهێنان و وەرگرتن و و بە دواداچوون نەماوە . . بەڵکو هەمیشە پێویستی بە دواداچوون هەیە و، هەردەم پێویستی بە وەرگرتنی زانست و زانیاری و رۆشنبیری زیاتر و زیاتر هەیە . . پێویستە نەچەقی و ئاگای لە شارەزایی و بیردۆزە تازەکانی فێرکردن و پەروەردەی تازە هەبێت . . بە تایبەتیش لە بواری پیشەکەی خۆیدا، کە کارە سەرەکییەکەی فێرکردن و پەروەردەکردنە . . بۆیە پێویستە ئاستی خوێندنی مامۆستایان بەرزتربکرێتەوە، لە ئاستی ( پەیمانگاوە ) بگۆڕێت بۆ ئاستی ( زانکۆ) پێویستە مامۆستایانی قۆناغی بنەڕەتیش دەرچووی زانکۆکان بێت و، بڕوانامەی بەکەلۆریۆسیان هەبێت . . ساڵانەش کۆرسی تایبەتی راهێنانیان و شارەزایی تازە بۆ مامۆستایان بکرێتەوە، بە تایبەتیش بۆ مامۆستایانی تازەی کەم ئەزموون و، کەم شارەزای بواری پەروەردە و، رێبازە سەرکەوتووەکانی فێرکردنی بابەتەکانی وانەکان . . بۆ ئەوەی کادیرانی پەروەردە و فێرکردنی بە توانا پێ بگەیەنن . . کە لەگەڵ پێشکەوتن و داهێنانەکانی ئەم سەردەمەدا دەربەرن ودانەمێنن . . لە ئاستی بە دیهێنانی پێویستی و هیوا و ئامەنجەکانی ئەمڕۆ و، داهاتوودای گەلەکەمان بن .
لە ئەمڕۆدا، رادەی پێشکەوتنی نەتەوەکان و کۆمەڵگاکان، بەوە دەپێورێت، کە تا چەند ئەو نەتەوە و کۆمەڵگایانە، بایەخیان بە پێشکەوتن و بە یاسا و، بە پەیڕە و پروگرامی پێشکەوتووی پەروەردەی منداڵانیان داون . . تا لەگەڵ گۆڕانکاری و تازەگەرییەکان و داهێنانەکان و گۆڕانکارییەکانی سەردەمدا بگونجێن . . ( جوبـران خەلـیل جوبـران ) دەڵێت : " نیشتمان لەسەر ئەستۆی سێ کەسدا بنیات دەنرێت : جووتیارێک خواردنی دەداتێت . . سەربازێک دەیپارێزێت . . مامۆستایەکیش پەروەردەی دەکات "

لێرەدا ئەرک و رۆڵی کاریگەری مامۆستایانی ( باخچەی ساوایان ) لەبەرچاو دەگرين، کە بە تایبەتی بە خوشکان سپێرراون و، بە ( دادەکـان ) ناودەبرێن، هۆی پێ سپاردنی ئەم ئەرکە پیرۆزەش بە خوشکان . . لەبەر ئەوەیە کە ئەوان شایستەی ئەم ئەرکەن، چونکە بە سۆز و دڵ نەرم و نەرم ونیان و میهرەبانن . . لێو بەخەندە و رووگەشن . . زمان شیرینن . . کە لە لای پیاوان ئەم تایبەتمەدیانە بەو رادەیە نین . . دادەکان، تا رادەیەکی باش دەتوانن جێی سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی دایکان بگرنەوە . . بێگومان تەمەنی قۆناغی ( باخچەی ساوایان ) گرنگترین و هەستیارترین قۆناغە لە ژیانی منداڵییەتیدا . . کە بەشی هەرە زۆری خەسڵەتەکانی کەسێتی مرۆڤ لەم قۆناغەدا دروست دەبن . . بۆیە ئەم قۆناغە، بە قۆناغی دروستبوونی کەسێتی مرۆڤ ناوزەند دەکرێت . . ئەو مامۆستا و دادانەی کە لە ( باخچەکانی ساویان )ی زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، ئەرکی پەروەردەکردنی منداڵانیان پێ دەسپێرن، لە ئاستێکی بەرزی زانیاری و شارەزایی و رۆشنبیری و پەروەردەیی و سۆزداری و ئەکادیمیدان .
وەکو پێوەر بۆ هەڵبژاردنی ( دادەکـان ) ی باخچەکانی ساوایان، کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندی کەسێتی و، ئاستی پەروەردەیی و زانستی و رۆشنبیری هەن، کە پێویستن لە دادەکان و لە مامۆستایانی باخچەکانی ساوایاندا هەبن، چونکە دادەکان بە شێوەیەکی سەرکی بەشداری خێزان دەکەن، لە دانانی بناغەی دەروونی و زانستی مرۆڤدا . . کە منداڵانی ئەمڕۆمانن و . . هیوای داهاتووی گەلەکەمانن .

رۆڵی ( دادەکان ) تەنها فێرکردن و، گەیاندنی زانست و زانیاری نییە بە منداڵان، بە شێوەی تەڵقین ئاسایی، بەڵکو رۆڵێکی زۆر هەستیار و گرنگیان لە ئەستۆدایە . . بەر لە هەموو شتێک، پێویستە بە سۆز و خۆشەویستییەکی راستی دایکانەوە، رەفتار لە گەڵ منداڵانی باخچەکەیدا بکەن . . چونکە ئەو منداڵانە لە قۆناغێکی هەستیاری ژیانیاندا، دایکیان و ماڵییان بە جێ دەهێڵن . . هەروەها پێویستە دادەکان رۆڵێکی سەرەکییان لە کاری پەروەردەییدا هەبێت . . چونکە ئەوان لەگەڵ منداڵاندا تێکەڵ دەبن و، ئەرک و کاری سەرەکیشیان پەروەردەکردنی دروست و فێرکردن و ئاراستەکردنی راستە . . منداڵانیش چاو لە کارەکان و لە رەفتارەکان و لە هەڵس و کەوتەکانی ئەوان دەکەن . . کاریگەری و رەنگدانەوەیان لە ژیانی ئەمڕۆ و لە داهاتوویاندا دەبێت .
دادەکان دەتوانن، توانا و بەهرە و ئارەزوو و حەزی منداڵانی باخچەکەیان دیاری بکەن و . . توانا و بەهرە و ئارەزووەکانیان بقۆزنەوە و، بە راستی پەروەردەیان بکەن و، بە جوانیش ئاراستەیان بکەن . . هاندەریان بن بۆ گەشەکردنی بەهرە و تواناکانیان .

مامۆستا دڵسۆزەکان، دادە خۆشەویستەکان . . منداڵان ئەمانەتێکی زۆر گەورەن و، بە ئێوە سپێرراون . . چارەنووسیان لە ئەستۆی ئێوەدایە . . هەرگیز نابێت پشتگۆیان بخەن . . بەڵکو بە ئەوپەڕی خۆشەویستی و دڵسۆزییەوە پەروەردەیان بکەن، بە زانست و زانیاری هەمەڕەنگەی بەسوود، زاخاوی بیر و هۆشیان بدەن . . بە تایبەتیش لەم سەردەمە چارەنووسازەی گەلەکەماندا، کە لە گەلێ لاوە دوژمنانی کورد و کوردستان، پیسترین و گڵاوترین پیلان لە دژی هیوا و خواستەکانی گەلەکەمان دەگێڕن و، هەڕەشە لە داهاتووی کورد و کوردستان دەکەن . . بەڵام گەشبین و دڵنیاین، کە سەرکەوتن بۆ ئێمەی کوردی خۆڕاگر و کۆڵندەر دەبێت . . مامۆستایان، دادەکان، ئەی پێشمەرگە دلێر و دڵسۆزەکانی گۆڕەپانی پەروەردە و فێرکردن . . ئێوەن ئایندی کورد و کوردستان دیاری دەکەن . . بڕوا و هیوامان پێتانە، کە ئێوەی دڵسۆز، هەرگیز درێغی ناکەن و . . بە ئەوپەڕی تواناتانەوە هەوڵدەدەن . . بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی پەیامە پیرۆزەکەتان .

پێویستە ئەوەش بڵێین کە تا ئەمڕۆش لە کوردستاندا، وەکو پێویست ئاورێکی ئەرێنی لە مامۆستایان نەدراوەتەوە و، رۆڵی گرنگ و پیرۆز و هەستیاریان لەبەرچاو نەگرتوون . . بە تایبەتیش ( بـاری دارایی ) مامۆستایان، لە ئاستێکی خراپ و نزمدایە و، ناتوانن وەکو پێویست، بە بە جلوبەرگێکی جوانەوە، لە بەردەم قوتابییەکانیدا دەربکەون . . بەڵام مووچەکەمی یا بێ مووچەیی، لە دڵسۆزیی مامۆستایانیان کەم نەکردوونەتەوە .

مامۆستاکان، ئەی هەڵگرانی پیرۆزترین پەیام، ئێوەن شەوەزەنگی تاریکی نەزانینتان گۆڕی بە بە رۆژی رووناکی زانیاری . . ئێوەن هەمیشە هێمای دڵسۆزی و بەخشینن . . ئێوەن و . . هەر ئێوەن شایانی ئەوپەڕی رێز و خۆشەویستی و شکۆدارین .
( فیلۆکـس ئەلسـتیری ) دەڵێت : " ئەوە مامۆستاکانمانن . . رێگامان پێشان دەدەن . . تا ژیانێکی باش بژین "
( فەیسەڵی یەکەم ) کە یەکەمین شای عێراق بوو، دەڵێت : " ئەگەر نەبوومایە بە شا . . دەبووم بە مامۆستا "
( لیۆناردۆ داڤنشی ) ش دەڵێت : " ئەوەی لە مامۆستکەی زیاتر نەبێت . . قوتابییەکی بێ کەڵکە " مەبەستی داڤنشی ئەوەیە، کە پێویستە قوتابی سەرەڕای ئەو زانیاری و شارەزاییەی لە مامۆستاکەیەوە وەری گرتوون . . پێویستە شارەزایی و ئەزموونی و داهێنانی خۆشی بخاتە سەری و . . لە مامۆستاکەی زیاتر بە دەست بهێنێت .

رەزا شوان
نەرویـج : ٩/٨/ ٢٠١٥