لە شاری کەرکوک خانوویەکی گەورەمان هەبوو، لە ‌‌‌حەوشە گەورەکەیدا باخچەیەکی جوان و رازاوەمان هەبوو، بەهاران بە بۆنی گوڵ و رێحانە و شەوبۆ و، لە جریوە جریوی چۆلەکەکان مەست دەبووین . . لە ناو باخچەکەماندا دارێک هەنار و، دارێکهەنجیر و، دوو دار مێوێ گەورەی تیدا بوون . . هاوینان بە رۆژ بە زۆری لەبن کەپری دار مێوەکاندا دادەنیشتین و عەسرە چایمان دەخواردەوە . . باپیرە( بارام)م زۆر خەریکی باخچەکەمان دەبوو . . بەتایبەتیش زۆر بە دەوری دار مێوەکاندا دەهات . . ترێیەکی سپی دەنک گەورەی شیرینیان دەگرت . . هاوینان هێندە ترێی بۆ دەگرتین، کە بەشی خۆمان و میوانەکانیشمانی دەکرد . . ‌‌ئەوەی شایانی باس و گێڕانەوەیە، ئەوەیە کە باپیرەم بیست توورەکەی لە خامی سپی دووری بوون . . هەموو ساڵێک توورەکەکانی لە بیست بۆڵە پەرسیلەی گەورە هەڵدەکێشان و، دەیبەستن .                 باپیرە : " با ئەم هێشووانە زەردەواڵەیان تێیانئاڵێن . . با بمێنن بۆ ئەو کاتەی کە ترێ بە دار مێوەکانەوە نامێنێت، باش پێدەگەن و شیرین دەبن . . ئەوسا هەر رۆژی دوو بۆڵی ناو ئەم توورەکانە دەکەینەوە و دەیانخۆین . . "

هاوین بوو، نیوەڕوانلە دوای نانخواردن، ماڵەوەمان هەموو لە بەردەم پانکەدا دەنووستن . . بەڵام من و خەندەی خوشکم خەومان ناهات . . ئەو کاتە تەمەنی من یانزە ساڵ و، تەمەنی خەندە دە ساڵ بوو، لە حەوشەکەماندا یاری و شەڕە ئاومان دەکرد . . ماندووشبووینایە دەچووین لەسەر ئەسکەمبیلەکانی بن کەپرەکەدا دادەنیشتین . . لە بۆڵە ترێیەکانی ناو توورەکەکان زیاتر، هیچ بۆڵە ترێیەک بە دار مێوەکانەوە نەمابوونەوە .

رۆژێک خەندە وتی : " کاکە هیوا با دوو بۆڵە ترێی ناو توورەکەکان دەربکەین و بیانخۆین . . " منیش یەکسەر رازیبووم، چووم پەیژە بچووکەکەمان هێنا و سەرکەوتم . . دوو بۆڵە ترێم کردەوە، دوایش هەردوو توورەکەکانم پڕکردن لە گەڵا مێو و، لە شوێنی خۆیاندا بەستیانمەوە، هەستیان پێنەدەکرا کە بۆڵە ترێیەکانی ناویان دەرهێنراون . . لە ماوەی دە رۆژدا هەموو بۆڵە ترێیەکانمان خوارد . . هەموو توورەکەکانیشمان لە شوێنی خۆیاندا بەستنەوە . . لەوەش دەترساین کە باپیرەمان بزانێت، دەبێت چۆن سزامان بدات؟

دوای سێ رۆژ لە تەواوبوونی بۆڵە ترێیەکان . . هاوڕێیەکی باپیرەم لە ناو ( شوان)ەوە هات و بوو بە میوانمان . . لەبن کەپرەکەدا دانیشتبووین و چای عەسرمان دەخواردەوە. میوانەکەمان: " مام بارام وا دیارە ئەو توورەکانەی شۆڕبوونەتەوەترێیان تیدایە . . ؟ " باپیرە : " بەڵێ، هێشووە ترێیان تێدایە، بەڵام ترێیەکە زۆر لە هەنگوین شیرینترە . . ؟
منو خەندە(سەیری یەکتریمان کرد و بزخەنە گرتین و وتمان) : باپیرە گیان، دەشێ زەردەواڵە هەموو ترێیەکانی خواردبن . . تو نازانی زەدەواڵە زۆر دەزانن . . "
باپیرە: " زەردەواڵە چۆن دەتوانن بچنە ناو ئەو توورەکانەوەو، ترێیەکان بخۆن . . با بچم پەیژەکە بێنم دوو بۆڵیان لێبکەمەوە و بیانخۆین . . ؟ " هەرکە باپیرەم چوو پەیژەکە بێنێت، من و خەندە یەکسەر رامانکرد بۆ ماڵێ پوورە گوڵاڵەمان . . باپیرەم زۆر پوورە گوڵاڵەمانی خۆشدەویست . . پووریشم ئێمەی زۆر خۆشدەویست . . کەتنەکەمان بۆیگێڕایەوە . . پوورم زۆر پێکەنی. . دوای رۆیشتنی میوانەکەمان . . باپیرەم بە بۆڵەبۆڵ لە دەرگای ماڵێ پوورمەوە دەرکەوت و، ئێمەی بینی .
باپیرە ( بەتوڕەییەوە) : " ئەمە ئەم دوو زەردەواڵەیە لێرەن . . لە هەقتان دێم . . ؟ "
من و خەندەی خوشکم خۆمان دایە پاڵی پوورە گوڵاڵەمان : ببوورە باپیرە . . ببوورە .
باپیرەم : " دوای چی لێتان ببوورم . . هەی چەتوونانە . . چۆن ئەو هەموو ترێیەتان خوارد ؟ هەر نەبوایە دوو بۆڵتان بۆمان بهێشتایەتەوە . . تالە بەردەم هاوڕێکەمدا شەرمەزار نەبوومایە. . "
پوورە گوڵاڵە : " باوکە گیان تازە ترێیەکەیان خواردووە . . ئەگەر لێیان دەدەیت . . لە جیاتی ئەوان لە من بدە . . ئەم جارەیان لەبەر من لێیان ببوورە . . "
ئێستاش لە هەر شوینێکدا، کە بۆڵە ترێ بە دارەوە دەبینم . . کەتنەکەی خۆم و خەندەی خوشکم بە بیردێتەوە . . پێکەنین دەمگرێت .

نەرویـج : ٢٠١٥