ئەگەر زەوی خاکی بە پیت و زێڕ و ئەلماس و نەوت و کانزای بەنرخی هەبێت . . ئەگەر دەریا گەوهەر و مەرجان و دوڕ و مرواری گرانبەهای هەبێت . . ئەگەر ئاسمان خۆری گەش و مانگی تابان و ئەستێرەی جوان و ورشەداری هەبێت . . ئەوا ئادەمیزادیش رۆڵەی بەهرمەند و زیرەک و بلیمەت و داهێنەری هەیە . . کە بە سامان و سەرمایەی راستی نەتەوە دادەنرێن . . بەهاو گرنگیان لە زێڕ و نەوت و لە هەمووسامانێکی تر بەنرخترن . . نەتەوەکان هەر رەگەز و رەنگ و زمانێکیان هەبێت . . قەرزاری زادەی هۆش و بیر و داهێنانی بلیمەتەکان و بەهرەمەندەکانن، زیندووبن یا مردووبن . . بەبێ ئەنجامدانی داهێنانەکانی ئەم داهێنەرە هەڵکەوتووانە، نە شارستانی و نە پێشکەوتن و نە داهێنان و نە تازەگەری دەهاتنە کایەوە . . بەراورد بە ئەمڕۆ، کە ژیان و گوزەرانیمرۆڤ ئاسان و خۆشە . . بەڵام لە دوێنێدا ژیان و گوزەرانی مرۆڤ زۆر سەخت و پڕ لە کوێڕەوەری بوو . . ئەم شارستانی و پێشکەوتنەی ئەمڕۆمان، لە هەموو بوارەکاندا، بەرهەمی زادەی بیری قووڵ و گەشی زانایان و بەهرەمەندان و داهێنەرانە. . بۆیە ئەم داهێنەر و بلیمەتە هەڵکەوتووانە، زەخیرەی نیشتمانین و، سەرچاوەی بەختەوەری و شادین . . دێینە سەر کرۆکی باسەکەمان کە دەربارەی منداڵانی بەهرەمەندە .

لە زمانی کوردیدا، چەند وشەیەکی ترمان هەیە، کە هاومانا و هاومەبەستن، یا نزیکن لە وشەی ( بەهرەمەند )ەوە وک( هەڵکەوتوو، زیرەک، بلیمەت، دانەمێن، بیرتیژ، زەینتیژ، سەرکەوتوو، زۆرزان، هۆشمەند)ئێمە لە نێوان ( هەڵکەوتوو) و ( زیرەک) و ( بەهرەمەند)دا، وشەی ( بەهـرەمـەنـد ) مان هەڵبژارد . . گومان لەوەدا نییە، کە هەموو خێزانێک، هەموو دایک و باوکێک پڕ بە دڵ حەزدەکەن کە منداڵەکانیانلە داهێنان و جیاوازیدا، لە بە دەستهێنای پلەی ئەکادیمی دا، بەهرەمەند و، بلیمەت و، داهێنەر بن و، جیاواز و باڵاتربن لە منداڵانی تر . . تا ببنە مایەی شانازی بۆیان . . بەڵام حەز و خۆزگە شتێکە و، توانا و بەهرە و زیرەکی و ژیری شتێکی ترن .

تا ئێستا لە لایەن پسپۆران و توێژەران و، کۆمەڵە و دەزگاکانی پەروەردەییەوە، گەلی پێناسەی جیاواز هەن، دەربارە راڤەکردن و مەبەست لە ( منداڵی بەهرەمەند ) . . هەندێ لەم پێناسانە، جەختیان لەسەر هۆشمەندی ( توانای ئەقڵی ) کردۆتەوە، هەندێکی تریان لەسەر بەدەستهێنانی ئاستی ئەکادیمی بەرز کردۆتەوە، هەروەها هەندێکی کەشیان، بواری داهێنانان و، مۆرک و تایبەتمەندییەکان و دیاردە کەسێتی و ئەقڵییەکانیان کردوون بە پێوەر و بە سەنگی مەحەک بۆ ناساندنی منداڵی بەهرمەند .
 بەڵام پێناسە کلاسیکییەکان کە ( سیکۆتۆرییەکان ) ناو دەبرێن پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە، کە توانای هۆشی، تەنها پێوەرە بۆ پێناسەکردنی منداڵی بەهرمەند، کە زیرەکی گوزارشتی لێدەکات، ئەمەش پێناسەی هەریەکە لە ( هۆلنج ۆرس و تیرمان : ١٩٥٢) ە، کە پێداگرییان لەسەر توانای ئەقڵی گشتی کردووە . . کە ( تاقیکردنەوەکانی زیرەکی ) دەی پێوێت . . ئاست و رێژەی زیرەکیشیانبە ( ١٤٠)داناوە، ئەمە ئاستی دیاریکراوی نیوان منداڵی بەهرەمەند و منداڵی ئاساییە . . هەر یەکەش لە ( دیهان و هافگەرست ) لە ساڵی ( ١٩٥٧)دا، هەمان ئاراستەیان گرتەبەر بۆ پێناسەکردنی منداڵی بەهرەمەند، ئەمان توانای دواندن و توانای خەیاڵی و توانای میکانیکی و موزیکی و، . . . هتد، بە پێوەریان زانی . . لە ساڵانی پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی رابردوودا، گەلی پێناسەی تریش هاتنە ئاراوە کە جەختیان لەسەر ( توانای ئەقڵی ) کردۆتەوە . . بەڵام بۆ پێناسەی منداڵی بەهرەمەند، هەندێ بەهرە و توانای زیاتریان بۆ تواناکان زیادکردوون، لەوانەش توانای ئەنجامدانی کاری جیاواز، بە تایبەتیش لە بەهرەی موزیکی و هونەری و لە نووسین و لە وێنەکێشان و میکانیکی و، لە سەرکردەکردنی کۆمەڵایەتیدا .
بەڵام لە ساڵەکانی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، رەخنەیەکی زۆر ئاراستەی پێناسە کلاسیکییەکان کران . . چەندین پێناسەی تازە بۆ پێناسەکردنی منداڵی بەهرەمەند دانران . . پێناسە تازەکان، بۆ پێناسەی منداڵی بەهرەمەند، پشتیان تەنها بە توانای ئەقڵی بەرز نەبەست، وەکو تەنها پێوەرێک بێت، بۆ پێناسەکردنی منداڵی بەهرەمەند، بەڵکو هەندی شتی تریان لە بەرچاوگرتوون، لە بە دەستهێنانی ئەکادیمی و، بیرکردنەوە و، بەهرە تایبەتییەکان و خەسڵەتەکانی کەسێتی، وەکو پێوەرێکی سەرەکی بۆ پێناسەکردنی منداڵی بەهرەمەند . . ( مارنلەد ) ئەوە دەڵێت : " منداڵی بەهرەمەند، ئەوە کەسەیە، کە لە بە دەستهێنای ئەکادیمیدا هەوڵێکی جیاواز دەنوێنێ، لە هەموو ئەم لایەنانەشدا، توانایەکی گشتی ئەقڵی هەیە لە، ئامادەیی ئەکادیمی پسپۆری، بیرکردنەوە بۆ دۆزینەوە و داهێنان، توانای پێشڕەوی و سەرکردەیی، بەهرە هونەرییەکانی، بەهرە جموجووڵییەکانی "

بە کورتی چۆن پێناسەی منداڵی بەهرمەند دەکرێت :منداڵی بەهرمەند، ئەو منداڵەیە کە بە تەواوی جیاوازە لەگەڵ ئەو منداڵانەی کە لە تەمەنی ئەودان . . ئەم جیوازییەش لە کۆمەڵێک نیشانە و دیاردە و تایبەتمەندیدا خۆی دەنوێنێت . . ئاسانیش نییە کە بتوانین لە لیستێکی دیاری کراودا، هەموو تایبەتمەندیەکان و دیاردە و نیشانەکانی منداڵی بەهرمەند دیاری بکەین . . بەڵام دەتوانین بگەینە دیاردە گشتییەکان، کە لە منداڵانی بەهرەمەندا هەن .
بەهرە :لە توانایەکی دیاری کراوی جیاواز پێکهاتووە، یا ئامادەییەکی خۆڕسکییەو، لە ئاستی ئاسایی زیاترەلە کەسێکدا، دەشێ بەهرە ( بۆماوە ) بێت یا ( وەرگیراو ) بێت . . توانایەکیئەقڵی بێت یا جەستەیی بێت . . وەکو : بەهرەی وێنەکێشان، بەهرەی جوان نووسین، بەهرەی لەبەرکردنی ژمارە، . . . هتد .
داهێنان : مەبەست لە داهێنان، هێنانەکایەی تازە و، پێویستییەکانی تازەیە، کە پێشتر باو نەبوونە. . منداڵی بەهرەمەند، منداڵێکی زیرەک و بیرقووڵە، توانای دەرخستنی بەهرەکانی هەیە لە هەر بوارێکی ژیاندا بێت، بەر لەوەی بچێتە قوتابخانە یا لە ساڵانی یەکەمی خوێندندا، بە شێوەیەکی بەردەوامی جیاوازە لە هاوڕێکانی . . وێڵی داهێنانە . وشەی هەڵکەوتوو و زیرەک و بەهرەمەند زۆر جار لە جیاتی یەکتری بەکاردەهێنرێن، بۆ ستایش و باسی ئەو منداڵانەی کە خاوەنی توانایەکی بەرز و بەدەرن و، جیاوازی دەنوێنن و، خیرا پێش دەکەون و، زورتر و زیاتریش لە چاو منداڵانی ئاساییییەوە فێردەبن، لە هەر بوارێکدا بێت .

زانایانی بەریتانی لە زانکۆی (کەمبريج)و زانایانی ئەڵمانی لە زانکۆی( دوسلدۆرف)، کە پسپۆرن لە بواری ناسین و پێوانەی زیرەکیدا، بە بەکارهێنانی ئامێر و دەزگایزۆر پێشکەوتوو بۆ زانین و دیاریکردن و پێوانەکردنی زیرەکی، گەیشتنە دیاری کردنیناوچەیەکی دیاری لە مێشکی مرۆڤدا، کە ئەم ناوچەیە بەرپرسە لە زیرەکی مرۆڤدا . . توێژینەوەکە کە لە گۆڤارێکی زانیاریدا بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت : زاناکان بەشێکیان لە مێشکی مرۆڤ دۆزییەوە، کە تەنها ناوچەیە لە مێشکدا، کە زیاتر پاڵ بە خوێنەوە دەنێت، ئەم ئەنجامەش لە کاتی ئەو تاقیکردنەوانە دەرکەوت کە دەربارەی پلەی زیرەکی ئەنجامیان دان .

دکتۆرە ( دیبوارا رۆف)کە پسپۆری زیرەکی و بنەماکانی فێرکردنە، ئاماژە بەوە دەکات، کە پێنج ئاستی جیاوازی بەهرەمەندی هەیە، لە نێوان ( ١ـ بۆ ـ ٥) کە (٥) لە پلەی یەکەم دایە . . ئەم پلانەش بە پێی دابەشکردن، لەسەر بنەمای ئەو فاکتەرانەی کە پەیوەندییان بە زیرەکی و، چاونەزێڕی( تەماح) و، سیما کەسێتییەکان و، رادەی تێکڕای زیرەکییەوە هەیە، کە منداڵ بە دەستی هێناون .

بایەخی ئەوە چییە، کە بزانیت منداڵەکەت بەهرمەندە یا بەهرەمەند نییە ؟
کۆمەڵەی یەکگرتووی بەریتانیبۆ منداڵانی بەهرەمەند، ئاماژە بەوە دەکەن، کە منداڵانی بەهرەمەند، زۆر تینووی زانیارین . . گرنگ ئەوەیە کە درک بە ئەوە بکەین، کە لە تەمەنێکی زووی منداڵیدا پێویستییانبۆ زا نستی و فێربوون هەیە . بۆ ئەوەی دایکان و باوکان هەلێکی زۆر بۆ منداڵە بەهرەمەندەکانیان بڕەخسێنن تا بەهرەکانیان گەشەبکەن. بۆ نموونە : باوکی موزیکژەنی ناسراوی جیهانی ( مـۆزارت)، بۆی دەرکەوت کە کوڕەکەی بلیمەتە، وازی لە ئیشەکەی هێنا و دوای کوڕەکەی کەوت، ئەگەرچی ئەو منداڵە دەکرا ببوایە بە بەهرەمەندێک، بەڵام گەر لە لایەن باوکییەوە بە راستی و بە دروستی ئاراستە نەکرایە، لەوانە بوو کە بڕوای بە خۆی نەمایە، یا هەستی بە بێزاری بکردایە و وازی لە بەهرەکەی بهێنایە و، نەبوایە بەو مۆزارتە بە ناوبانگە .
( تۆماس ئەدیسۆن ) ی داهێنەری وزەی کارەبا و، گرامافۆن و، بروسکە و، بە دەیان داهێنانی تر . . هەر ئەم منداڵە بوو، کە لە قوتابخانەدا، مامۆستاکەی بە نابەڵەدی و بە ناڕەوا، ئەدیسۆنی بە بیرکۆڵ و گەمژە و گێل ناو برد و، لە قوتابخانەش دەریان کرد . . ئەگەر هاوکاری و پاڵپشتی و هاندانی دیاکی دڵسۆزی نەبوایە . . رەنگە ئەدیسۆن نەبوایە بەو کەڵە زانایەی کە تا هەتایە مرۆڤ قەرزاری ئەون .

سێ فاکتەری کارتێکەر هەن، لە بەرزبوونەوەی ئەقڵی منداڵدا :
١ـ ژینگە ماڵ و قوتابخانە : کە هانی منداڵان دەدەن بۆ فێربوون و خۆشی وەرگرتن .
٢ـ دایک و باوک و ئەو کەسانەی کە لە دەوروبەرین : کە خویان نموونەیەک بوون لە بایەخ پێدان و پەیوەستبوون . . منداڵانیش چاو لەوان دەکەن .
٣ـ راهێنانی خێزان : راهێنانی زووی منداڵ لە لایەن خێزانەوە، کارتێکەرە بۆ ئەوەی ئارەزوو و بەهرەکانی منداڵ گەشەبکەن و، پێشبکەون و بەرهەمیان هەبێت .

ئەگەر ئەو سێ فاکتەرە لە منداڵێکدا کۆببنەوە، کە توانا بایۆلۆژییەکانی بۆ فێربوون، مامناوندی بن یا لە سەروی مامناوندییەوە بن، ئەو منداڵە لە ئەقڵ بەرزی و زیرەکیدا سەرکەوتوو دەبێت.

ئەوەی لەسەر دایک و باوک پێویستە :
پێویستە ئەوە بزانن، کە بایەخدان بە منداڵ . . بایەخدانە بە ئایندە . . منداڵەکەتان بریتییە لە کاغەزێکی سپی و خاوێن . . چیتان بوێ دەتوانن لەسەری بنووسن . . منداڵەکەتان بریتییە لە زەوییەکی بە پێت . . دەتووان هەموو بەها جوانەکانی لێ تۆوبکەن، کە دەبنە هاندانێکی باش و پاڵنەر بۆ سەرکەوتن و پێشکەوتن و داهێنانلە تەمەنی منداڵییەوە .
وەکو دەڵێن، لە دوای هەموو منداڵێکی بەهرەمەندەوە . . باوک و دایکێکی وریا و بەڵەد هەیە، کە یارمەتی و پشتگیری و هانی منداڵەکەیان دەدەن بۆ گەشەکردنی بەهرە و تواناکانی. . ئەم درکردن و پشتگیری کردن و هاندانانەی ئێوەی دایک و باوک، هۆیەکی سەرەکی و کاریگەرە، بۆ سەرهەڵدان وگەشەکردن و پێشکەوتنیتوانا و بەهرەکانی جگەرگۆشەکەتان . . دەبێت ئەوەش بزانن کە لە هەموو منداڵێکدا زۆر یا کەم توانا و بەهرە هەیە، بەڵام جیاوازیش لە توان و بەهرەکاندا هەیە . . بە سەرنجدان و لێزانین و شارەزاییتان دەتوانن هەست بە ئەم بەهرانە بکەن . . بەهرەی منداڵان، وەکو شوولکە نەمامێکی تەڕ و ناسک وایە . . ئەگەر خزمەتی نەکەین و پێویستی گەشەکردنی بۆ دابین نەکەین ( ئاو نەدرێ و پەین نەکرێت ) وشک دەبێتەوە و، دەمرێت . . ئەوەش دەزانین کە پەروەردەکرنی منداڵی بەهرەمەند و جیاواز، زیاتر لە منداڵێکی ئاسایی دایک و باوک پێوەی ماندوو دەبن، چونکە گەشەکردن و پێویستییەکانی منداڵی بەهرەمەند جیاوزن . . بەڵام داهاتووی گەش دەبێت و، دوور نییە کە ببێتە . . ناودارێکی مەزن و ناسراو، ببێتە زانا و داناو بلیمەتێک . . پشکی شێری شانازیش بۆ ئێوەی دایک و باوک دەگەڕێتەوە .

منداڵانی زیرەک و بەهرەمەند، خاوەنی پێداویستییە تایبەتییەکانن و، لەگەڵ منداڵانی ئاساییدا، لە رووی زیرەکی و بەهرەمەندی و کۆمەڵێک خەسڵەت و دیاردەی تر کە باسیان لێدەکەین، جیاوازیان هەیە . . پێویستییان بە بەخێوکردن و پەروەردەکردن و ئاراستە کردن و، بە قوتابخانەی تایبەتی و، بە مامۆستایانی راهێنراو و، بە پەیڕە و پرۆگرامێکی فێرکردن و خوێندنی تایبەتی و، بە چاودێری و ئاگادارییەکی زیاتر هەیە. . تا زیاتر بەهرەکانیان گەشە بکەن و پێشبکەون و لە ئایندەدا بەرێکی زۆر بدەن .
( جيفەرسۆن) کە سەرۆکێکی پێشووی ئەمریکا بوو، ئیلهامی لە بیرۆکەی ( ئەفلاتوون) وەرگرت، پێشنیاری ئەوەی کرد، کە بەبێ جیاوازی هەموو منداڵە زیرەک و بلیمەتەکانی هەژاران و دەوڵەمەندەکان لە هەرێمی ( فەرجیـنیا )، لە قوتابخانەیەکی تایبەتیدا کۆبکرێنەوە . . بۆ ئەوەی بایەخێکی زیاتر و، وانە و بابەتی تایبەتییان فێربکەن، کە لە ئاستی زیرەکی و بلیمەتیو چاونەزێڕییان دابن .

شەش پێشنیاری بەسوود . . ئەگەر منداڵەکەتان بەهرەمەندە :
‌١ـ هەوڵ بدەن بە ئەوپەڕی تواناتانەوە، بخوێننەوە و هەموو ئەوانە تیۆرییانە بزانن کە دەربارەی بەهرە و تایبەتمەندییەکان و جیاوازییەکانی منداڵانی بەهرەمەند نووسراون . . بۆ ئەوەی سوودیان لێ وەربگرن و، شارەزایی و زانیاریتان هەبێت، تا پێویستییەکانیمنداڵە بەهرەمەندەکەتان بزانن و بۆیان دابین بکەن .
٢ـ بە دوای ئەو گروپ و کۆمەڵانەدا بگەڕێن، کە لە پێناوی یارمەتیدان و هاوکاری خێزانەکانی منداڵانی بەهرەمەندا دامەزراون . . دەشێ یارمەتی پێویستیتان بدەن .
٣ـ بڕوا و هیوا بخەنە دڵی منداڵەکەتانەوە . . دڵنای بکەن، کە ئەوە نەنگی و شوورەیی و شتێکی خراپ نییە، کە لە هاوڕێکانیان جیاوزن و، لەوان بە تواناتر و زۆرزانتربن .
٤ـ مامۆستاکانی ئاگادار و دڵنیا بکەنەوە . . تا بزانن کە منداڵەکەتان لە بەهرەمەندانە . . تا بتوانن ئەوپەڕی یارمەتی بدەن . . مافی خۆشتانە کە چەخت لە سەر ئەوە بکەنەوە کە پێویستە مامۆستاکان یارمەتی تەواوی بدەن .
٥ـ پانتایەی باشی خۆشەویستی و پاڵپشتی بە منداڵەکەتان ببەخشن، کە پێویستیی پێیان هەیە . . ئەوەشتان لە بیربێت کە هێشتا منداڵە . . وەک هەر منداڵێکی ئاسایی پێویستی بە خۆشەویستی و یاری و بە دابین کردنی پێویستییەکانی گەشەکردن و پێشکەوتن هەیە .
٦ـ فشار مەخەنە سەری و داوای لێ مەکەن کە ئەنجامێکی لە توانای بەدەر بهێنێتەدی، بەرنامەیەکی چڕوپڕیش مەسپێنن بە سەریدا، یا بە هەڵبژاردن و ئارەزووی ئێوە، دەبێ کۆرسی موزیکی یا وەرزشی یا وانەی زیاتر، یا داوای تری لەم شێوەیەی لێ بکەن، ئەگەر منداڵەکەتان خۆێ نەیەوێت، یا خۆی ئارەزووی لێیان نەبێت، وازی لێبێنن .

چەند نیشانەیەک هەیە کە وەک کلیلێک وان، بۆ ئەوەی دایک و باوک، پێش تەمەنی قوتابخانە، ئەوە بزانن کە منداڵەکەیان زیرەک و بەهرەمەند و جیاوازە . . ئەمانەن :
ئایە منداڵەکەتان لە قۆناغی پێش خوێندن، بە وردی و بە ئاسانی دەخوێنێتەوە. . ؟ئایالە چاو تەمەنەکەیەوە، پێگەیشتووە . . ؟ئایا بە رادەیەکی گەورە زمان بەکاردەهێنێت و( زمان پاراوە) و قسەکانی زلن و بە گوێرەی خۆی نین . . ؟ئایا بەشێوەیەکی ئاسایی دەتوانێت بە وشە و رستەی تەواو گوزارشت بکات و، دەیەوێت سەربەستبێت لە خوێندنەوەدا . . ؟ئایا ئەوە تاقی دەکاتەوە، کە گرفت و ئەو کێشەکانەی کە دێنەڕێی چارەسەریان بکات . . ؟ئا زیاتر حەزی بەوەیە لەگەڵ منداڵی لە خۆی گەورەتر یاریبکات . . ؟ئایا هەست دەکەن کە هەستیارە . . ؟ئەی مەیل وحەزی ئەوەی هەیە کە بیرۆکان بزانێت و شییان بکاتەوە . . ؟ئایا سۆزداری دەنوێنێ بەرانبەر بە خەڵکی و بە ئاژەڵان. . ؟ئایا حەزی لە هەڵهێنانی مەتەڵ و شتیخۆش و نوکتە و ژمارە هەیە. . ؟ئایە رەخنەدەگرێت و ناڕازی دەبێت . . ؟ئایا بە خێرایی بێزار دەبێت . . ؟ئایە زۆر دەپرسێت و پرسیاری سەیر و ناباوتان لێدەکات . . ؟ئایاخێرا وەڵام دەداتەوە. . . ؟؟ئەمانە و بە دەیان هاوشێوەی ئەم پرسیارانە، کە پەیوەندیان بە درکردن و نیشانەکان و ناسینی ( منداڵی بەهرەمەند ) ەوە هەیە .

رۆڵی مامۆستا لە درکردن و ناسینی بەهرەمەندان :
مامۆستای راهێنراو، وەکو سەرکردە و دینەمۆی فێرکردن و پەروەردەکردنی منداڵان و ئاراستەکردنیان بە دروستی، تا رادەیەکی زۆر دەتوانێت دانایی و تواناکانی داهێنان و توانای فێربوونی قوتابیی بەهرەمەند بزانێت . . لە میانەی ئەم خاڵانەوە :
١ـ لە میانەی ئەو بەرهەمانەی کە قوتابی بە دەستیان دەهێنێت .
٢ـ لە میانەی ئەو نمرە بەرزانەی کە لە وانەکاندا وەریان دەگرێت .
٣ـ چاودێری و زانینی رەوشتی قوتابی . . باشتر وایە تێبینییەکانی تۆمار بکات .
٤ـ وەرگرتنی رای خێزان و کەسوکار و هاوڕێکانی منداڵ .
٥ـ دیمانەی تایبەتی لەگەڵ قوتابی دا .
٦ـ ئەو مامۆستایەی کە هانی قوتابییەکانی دەدات بۆ داهێنان و بۆ دۆزینەوەی تازە . . بوار و هەلێکی لە باریان، بۆ بیرکردنەوە و داهێنان بۆیان دەڕەخێنێت .

گرنگترین تایبەتمەندی و نیشانەکانی منداڵانی بەهرەمەند :
هەر وەکو لە لێکۆڵینەوەکەی ( کۆکـس : ١٩٢٦) و، توێژینەوەکەی ( ماکیـنۆن ) دا دەردەکەوێت . . کە منداڵانی بەهرەمەند، کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندییان هەیە . خاتوو( ماریـان شـیڤل : ١٩٥٣) لیستێکی پێشکەش کرد . . کە کۆمەڵێک لە نیشانە و تایبەتمەندییەکانی منداڵانی بەهرەمەندی لە خۆ گرتوون .
بە کورتی گرنگترین تایبەتمەندییەکانی منداڵانی هەڵکەوتوو و بەهرەمەند ئەمانەن :

تایبەتمەندییە جەستەییەکان :
جاران وا باوبوو، کە بەهرەمەندەکان و بلیمەتەکان و، بیرمەندەکان، لەڕ و لاوازن . . بەڵام راکانی ئێستا بە پێچەوانەی ئەو رایەوەن . . لەرووی جەستەییەوە :
(*) ئاستی گەشەکردنی لەشی و، تەندروستی گشتیی بەهرەمەند، لە ئاستی ئاسایی باشترە . . منداڵی بەهرەمەند لە تەمەنێکی زوودا دەتوانێت پێ بگرێت و، زووتر فێری قسەکردن ببێت، زووتر و زیاتریش لە منداڵانی ئاسایی هاوتەمەنی دەزانێت و دەناسێت . (*) بەهرەمەند تا رادەیەک کێشی لەشی زیاترە و باڵاشی بەرزترە .
(*) تا رادەیەک دەمارگرژ و هەڵچوو نیییە .
(*)باش خواردن دەخوات .
(*) ئێسکەکانی کەمی زووتر لە هاوتەمەنەکانی گەشە دەکەن .
(*) لەشی لە چاو تەمەنەکەیەوە زووتر پێ دەگات .

تایبەتمەندییە هۆشییەکان ( ئەقڵییەکان ):
(*) تەمەنی ئەقڵیی ( ژیریی ) . . لە تەمەنی ماوەیی( لە دایکبوونییەوە ) زیاترە .
(*) بیری تیژە و، حەز بە زانینی شتی زیاتر دەکات .
(*) وریایەو توانایەکی زۆر و وردی تێبینی و سەرنجدانی هەیە .
(*) دانامێنێت و بە خێرایی وەڵام دەداتەوە .
(*) هەر لە منداڵییەوە توانایەکی زۆری هەیە لە درکردن بە پەیوەندییە هۆیەکانەوە .
(*) حەز بە یارییەکانی هەڵوەشاندنەوە و پێکەوەنان دەکات . . حەزیش دەکات لە بابەتە کۆنەکانی یارییەکانی سوود وەربگرێت و، شتی تازەیان لێ دروست بکات .
(*) بە جوانی بیر دەکاتەوە و، بە باشی لە واتا و مەبەستەکان دەگات .
(*) توانایەکی باشی بۆ لێکدانەوە و شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن هەیە .
(*) هەڵەشە نییە و، لیهاتووە و توانای چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاڵۆزییەکانیهەیە.
(*) حەز و ئارەزوو و هیواکانی زیاترن، لە منداڵانی ئاسایی .
(*) حەز بە سەربەخۆییدەکات لە ئەنجامدانی کارەکانیدا، دەیەوێت پشت بە بیرکردنەوە و لێکدانەوەی خۆی ببەستێت و، ئەقڵی خۆی لە داهێنان و دانان دا، بەکاربهێنێت .
(*) دەتوانێت چەند رێگایەک و، چەند چارەسەرێک . . بۆ کێشەکان بە کاربهێنێت .
(*) بڕوا بە خۆیە و، دەتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت و، بەرپرسێتی هەڵبگرێت .
(*)پرسیاری زۆر دەکات و زۆریش لێکدەداتەوە .
(*) خۆشی لە چالاکییە زەینییەکاندا دەبینێت .

تایبەتمەندییە زانستییەکان :
(*) خەیاڵی فراوانە و توانای داهێنانی هەیە .
(*) وردبینە لە تێبینی کردن و سەرنجدا .
(*)خۆهەڵقورتێنە و، دەیەوێت هەموو شتێک بزانێت .
(*) زۆر گرنگی بە زانیارییەکان دەدات .
(*) سەرنجی دەوروبەری دەدات .
(*) توانایەکی بەرزی هەیە، لە بیرکردنەوە و سەلماندن دا.
(*) بە ئاسانی و خێرا دەتوانێ بیرۆکەکان و رووداوەکان و هۆکارەکان پێکەوە ببەستێت
(*) حەز لە خوێندنەوەی ئەو گۆڤار و کتێبانە دەکات، کە بۆ تەمەنێکی گەورەتر لە تەمەنی ئەو دانراون . . حەزی بەو بەرنامە تەلەفزیۆنییانەش دەکات، کە دەربارەی گەردوون و، نەژادی مرۆڤ و، ئەستێرەناسی و، داهێنان و دۆزینەوەن .
(*) حەزی لە یاری قورس و گران هەیە . . ئەو یارییانەی یاسا و دەستووریان هەیە .
(*) حەزی لەو چالاکییانەیە کە بیرکردنەوەیان دەوێت . خۆشیش لە شتی تازە دەبینێت.

تایبەتمەندییە ویژدانی و کۆمەڵایەتییەکان :
(*) لە تەمەنێکی بچووکدا، بایەخ بە دەمەتەقێ و باسی فەلسەفە و کۆمەڵایەتی دەدات.
(*) زاڵە بەسەر ئەو دەمەتەقی و گڤتۆگایانەی دەیان کات .
(*) زۆر هەستیار و سۆزدارە . . زۆر رقیشی لە رۆتینە .
(*) حەز بە گۆشەگیری دەکات .
(*) بە ستەم و بە بێ ویژدانی و زۆرداری و نادادپەروەری . . زۆر نیگەران دەبێت .
(*) حەز بەوە دەکات، کە کار بە تەواوی ئەنجام بدرێت و بە ناتەواوی بەجێنەهێڵرێت .
(*) توانایەکی زۆری لە جووڵەکردن و قسەکردن دا هەیە .
(*) پەیوەندی باشە لەگەڵ دایک و باوک و مامۆستاکانی و گەورەکاندا، بە گشتی .
(*) بەوە ناسراوە، بە گومانە و، رەخەنە دەگرێت و رووداو و شتەکان تاوتوێ دەکات .
(*) رووحێخۆدەرخستن و سەرکردەکردەیی و پێشڕەوییکۆمەڵایەتی جیاوازی هەیە .
(*) حەزی لە گەشت کردنە و، ئامادەییەکی باشی هەیە بۆ رێکخستنی گەشتەکان .
(*) رێز لە هەست و لە مافەکانی کەسانی تر دەگرێت .
(*) بەشداری لە ململانیو دەمەتەقێ دەکات و، بە بیر و راکانی دەوڵەمەندی دەکات .
(*) دژەباوە و سنووری یاسا و رێسا و دەستوور و ئاگادارییەکان دەبەزێنێت .
(*)رووخۆشە و، حەز بە سوعبەت و بە نوکتە و خۆشی و پێکەنین دەکات .
(*) گەشبین و، هیواخواز و، کۆڵنەدەرە .
(*) خۆپەرست نییە و رووحی یارمەتیدانی هەیە .

تایبەتمەندییە زمانییەکان :
(*) زمان پاراوە و، سەرمایە و سامانێکی زمانیی دەوڵەمەندی هەیە .
(*) لە تەمەنێکی بچووکدا، فێری خوێندنەوە دەبێت .
(*) لە تەمەنێکی بچووکدا رستەی درێژ و گران بەکار دەهێنێت .
(*)بە خێرایی و بە شێوەیەکی نا ئاسایی دەخوێنێتەوە و دەدوێت .
(*)بە جوانی دەتوانێت گوزارشت لە بیر و هەست و، لە را و بۆچوونەکانی بکات .
(*) پرسیاری نا ئاسایی و دژەباو دەپرسێت . . وەک : ئەگەر هاتو ؟ ئەمە چۆن ؟
(*) زمانی شیرینە و، شیۆازێکی دیبلۆماسی و پێشکەوتوو بەکاردەهێنێت، بۆ باوەڕپێهێنان و قاییل کردنی بەرانبەرەکەی .

تایبەتمەندییە رەوشتییەکان ( ئاکارییەکان ):
(*) ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر لە شوێنێکدا دابنیشێت و ئۆقرەبگرێت . . ئەگەر بۆ ئەنجامدانی چالاکییەک رانەسپێردرابێت، کە پێویستی بە توانایەکی زۆر هەبێت .
(*) زوو لە کارێکدا بێزار دەبێت، کە بە دلێ نەبێت و حەز و تواناکانی نەبزوێنێت .

ماوە ئەوەش بڵێین، کە زەحمەتە ئەو هەموو تایبەتمەندی و خەسڵەتانە لە منداڵێکی بەهرەمەندا کۆببنەوە . . بەڵام بڕواتان بەوە هەبێت، کە بەهرە بۆ ئەوەی دەرکەوێت و بەرچاو بکەوێت ماندووبوون و هەوڵێکی زۆر و ئەوتۆی ناوێت. . گرنگ ئەوەیە کە لە لە منداڵەکانمان بگەڕێین، با گوزارشت لە هەست و نەست و لە تواناکانی خۆیان بکەن . . با بەئارەزووی خۆشیان تێر و تەسل بە خۆشی گەمە و یاری بکەن، ئەوەش مافی رەوای خۆیانە . . ئەوە جیهانی ئەوانە . . ئەوەی لەسەر ئێمەش پێویستە ئەوەیە، کە چاودێریان بکەین و، بە دروستی ئاراستەیان بکەین و، هەڵەکانیان راست بکەینەوە.

رەزا شوان
نەرویـج : ١١/ ٧ / ٢٠١٥