بێگومان تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کەگەورەترین پارچەی کوردستان وەك گەل وخاك بەسەریدا دابەشکراوە وکورد لەوبەشە گەورەیەی کوردستان کەپێ دەڵێن باکوری کوردستان، وەك باقی پارچەکانی تری کوردستان بەدرێژایی مێژوو بێ پسانەوە لەشۆڕش وبەرخودان وڕووبەڕوو بوونەوەی بەردەوامدا بوون دژی دەسەڵاتە لەیەک لەدوای یەکەکانی تورکیا، لەپێناوی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیەکانی وسەندنەوەی مافە زەوتکراوەکانی و لەوپێناوەشدا مێژوو ئاسمانی کوردایەتیان پڕە لەئەستێرەی درەوشاوەو پڕشنگدار، بۆیە نەتەوەیەک خاوەنی ئەو هەموو قوربانیدانەبێت هەر دەبێ بەئاوات وئامانجی خۆی بگات . !

لەبەرامبەریشدا دەسەڵاتدارانی تورك هەمیشە بەئاگروئاسن و زۆرجاریش بەیاسای جەنگەڵ هەڵسوکەوتیان لەگەل نەتەوەیەكدا کردوە کە نزیکەی نیوەی گەل وخاکەکەشی پێك دەهێنێت کە پێ دەڵین تورکیا. . !

دیارە خەباتی بەردەوامی گەلی کورد لەباکور بۆیەکەم جار گەیشتۆتە ئاستێك کەتوانیان بەربەستی یاسای پەرلەمانی ئەو وڵاتە ببڕن وتێکی بشکێنن بە کورسیەکی زۆرەوە بەشداری لەپەرلەمانی ئەو وڵاتەدا بکەن.

ئێستا قسەکە ئەوەیە ئایا هیچ کام لەو وڵاتانەی کوردیان بەسەردا دابەشکراوە دڵسۆزی کوردن . . !؟

نەخێر پێچەوانەکەی ڕاستە . !

ئەگەر نا کورد بۆچی لەبەشەکانی تری کوردستان خەبات وتێکۆشانیان بۆمافەزەوتکراوەکانیان دەکرد ومێژویان بەخوێن ئاودەدا. . . ؟

ئایا دەکرێت وڵاتێك لەو دەوڵەتانەی کوردیان بەسەر دا دابەشکراوە ببێتە دۆست ودڵسۆزی پارچەیەکی تری کوردستان . . !؟

وەك ئەوەی ئێستا لای پارتی وبارزانی بەرامبەر توکیا دەگوزەرێ و پیان وایە تورکیا دڵسۆزو خەمخۆری کوردە بەتایبەتی لەدوا سەردانی بارزانی بۆلای داواد ئۆغڵۆی سەرۆک وەزیرانی تورکیا هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بەتەنیشت ئاڵای تورکیاوە. !

کەهەڵایەکی گەورەی ئیعلامیان لەسەر دروستکرد کە وەک دەستکەوتێکی گەورەی سیاسی لێکی دەدەنەوە . !

دیارە هەموو لایەك ئەو ڕاستیە دەزانن کەپارتی لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی( ١٩٩١ )ە وە هەموو هێلکە سیاسی وئابوریەکانی خۆی خستە سەبەتەی تورکیاوە، ئەوەی کوردیش بەکردار لەتورکیای بینی تەنها پیسکردن وشکاندنی هێلکەکان بوو هەتا ئێستا هیچی نەتروکاندن ونەیکردن بە جوجەڵە . . . !!

بەڵام پارتی هەر سورە لەسەر ئەو قەناعەتە سیاسیە . . !

لەئایندەشدا دەبینین پارتی لەوپەیوەندیە لەگەل تورکیادا چ بەرهەمێك دەدورێتەوە . . !

پرسیارێکی سادەو کوردانە ؛ ئەگەر تورکیا دۆستی کوردە بۆچی کێشەی کورد لەوڵاتەکەی خۆی چارەسەرناکات، ئەگەر نا با دەست هەڵگرێ لەکوشتن وقەتڵوعامی ژن ومنداڵی کورد کەڕۆژانە ئەنجامی دەدات. . !؟

پشتیوانی کردنی تورکیا لە داعش و بێ دەنگی لەکاتی گرتنی مەخمورو گوێڕ و مەترسی گرتنی هەولێر، دڵسۆزی ونیەتی زیاتری ئاشکرابوو ئێستاش زۆربەی وڵاتان و بەیتایبەتی ڕوسیا کە هاتۆتە ناوهاوکێشە سیاسیەکانەوە ، بۆکۆتایی هێنان بەداعش ئەوەش بەرنامەکانی تورکیا لێرەو لەوێ و کوردستانی ڕۆژئاواش هەمووی مایەپوچکرد وکردیە بڵقی سەرئاو. . ! وە تورکیاشی خستە قەیرانێکی سیاسی وئابوریەوە، ئێستاش تورکیا زیاتر پارتی بەدەستەوەیە خۆی پێبگرێتەوە ونەخشەی سیاسی وئابوریەکانی خۆی پێ جێ بەجێ بکات،

دانانی ئاڵای کوردستان بۆچەند دەقیقەیەك لەکۆبونەوەیەكدا بۆ تورکیا هیچ بایەخی نیە ونۆرماڵە، بەڵام بۆئەوان دەستکەوتێکی گەورەی ئابوری وسیاسی دەبێت لەناوچەکەدا لەسەر حسابی ئەوپارچە ئاڵایە کەلەڕێگای پارتیەوە جێ بەجێ یانکردوە ئەویش لە دادۆشینی هەریم وخۆبەهیزکردنی لەسنورەکەداخۆی دەبینێتەوە.

مەجید مام برایم .