لەهەندێ تۆڕی کۆمەڵايەتيدا وێنەی داعشێکی سەربڕدراوو راکێشانی هەندێکيان بە شەقامەکاندا بڵاوکراونەتەوەو پاساوی هەندێکيش ئەمەيە گوايە بەم کارە "لە ئێش و ئازاری قوربانیانی دەستی تیرۆر کەم دەکرێتەوە"!!

پێشەکی دەستخۆشیی لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەکەين کە لەنووسراوێکيدا رایگەیاندبوو: "بەمەبەستی پاراستنی شكۆی پێشمەرگە، ئاگاداری سەرجەم ئەفسەرو پلەدارو پێشمەرگەكان دەكەينەوە، كە بەهیچ جۆرێك رەفتاری نەشیاوو دوور لە مرۆڤایەتی بەرامبەر بە بریندار و كوژراوەكانی داعش نەكەن".
دەستخۆشی لەو چەندان نووسەرو رۆژنامەنووسەی کوردستان دەکەين کە دژی ئەم رەفتارە نووسيبوويان و داوايان کردبوو کە رەفتارە دزێوو ناشرين و فاشيستەکانی چەکدارانی داعش لاسایی نەکەنەوە، هەروا دەستخۆشی لە بەڕێزان سەرۆکی هەرێم و جێگرەکەی و چەندان بەرپرسی پێشمەرگەو سەرکردە دەکەين کە رايانگەياندبوو ئەم کردەوە دزێوانە لەگەڵ رەوشتی شۆڕشگێڕانەی پێشمەرگە دێرينەکان و پێشمەرگەکانی ئێستای گەلەکەمان و نەريت و مێژوی خەباتی نەتەوەو بزاڤی رزگاريخوازی نيشتيمانیی گەل ونەتەوەکاماندا يەک ناگرنەوە.
بەتايبەتی کاک کۆسرەت کە جەخت لەسەرئەوە دەکاتەوە "ئەوەشی لە بەرپرس‌و پلەدارو پێشمەرگەش ئەو كارانە ئەنجام بدەن، یان ڕێگە بدەن بە ئەنجامدانی ئەو كارانە بە تونترین شێوە سزا دەدرێن".
گەلەکەمان دەستدرێژی زۆریکرايەسەر، پێشمەرگەی زۆرمان لەپێناو پاراستنی گەل ونيشتيمان و دەستکەوتەکانيدا گيانی خۆيانکردە قوربانی و جينۆسايدێکی ئاشکرا لە دژی برا کوردە ئێزديەکانمان ئەنجام دراو بەسەدان کيژو ژنيان لێ بەديلگيران و بەدەيان هاونيشتيمانی وەک نەريتێکی کۆنی دواکەوتوویی کوێلايەتی سەربڕدران وزيانیکی زۆر لەموڵک وماڵی کوردستانيان دراو ئەم تاوانانەی داعشی خوێنڕێژ هەردرێژەیان هەيە. . . تاد.

لێرەدا ئەم پرسيارە دێتەکايەوە: چۆن لە ئێش و ئازاری قوربانیانی دەستی تیرۆر کەم بکەينەوە؟!
بەچڕی و پڕی دەتوانين بەم هەنگاوانەی خوارەوە لە ئێش و ئازاری قوربانیانی دەستی تیرۆر کەم بکەينەوە:
- بەهەموو شێوەيەک و لەهەموو گۆڕەپانێکدا بەربەرەکانیی داعشی تاوانبار بکرێت بۆ تێکشکاندنیان و لەگۆڕنانی خۆیان و ئامانجە گڵاوەکانیان.
- بەهەموو شێوەيەک پشتگيریی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و بەهێزکردنيان بە رێگەی رێکخستن و تەيارکردن و چەکدارکردنی رۆڵەکانی گەل و بەتايبەتی لاوان لەهەردوو رەگەز بۆ بوونە هێزی پشتيوانیی و بەرگری ميللی و يان بوونە پێشمەرگەو بەگژاچوونەوەی داعش تا بەزاندنيان.
- پەيڕەوکردنی نەريتەکانی شەڕ وپاراستنی مافەکانی مرۆڤ ومافی بەديلگيراوانی شەڕو، پەيرەوکردنی ياساکان لەو بوارانەدا، چونکە جياوازيەکی زۆر هەيە لەنێوان لەشکری شۆڕشخوازی و دادپەروەری و مافخوازیی پێشمەرگەداو، بەراورد ناکرێن لەگەڵ هیزێکی پاشکەوتوی نادادپەروەرو مافخۆرو تێرۆريستی نێودەوڵەتيدا.
- يەکخستنی هەموو حيزب و هێزە نيشتيمانپەروەرەکانی کوردستان لە شێوازێکی نوێی بەرەی کوردستانيدا، بۆ کاری هاوبەش و يەکخستنی گوتاری هاوبەش و يەکخستنی گشت توانا سەربازيەکان لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانداو، دانانی پلانی هاوبەشی سەربازی و رۆشنبيری و ئابوری و ديبلۆماسی و بوارەکانیتر بۆ تێکشکاندنی يەکجارەکیی داعش.
- رێزلێنانی مادی و مەعنەوی ئەو پێشمەرگەو تێکۆشەرانەی زۆرترين زيان بە داعش دەگەيەنن و داهێنان ودەستپێشخەری وئازايەتی گەورە لە شەڕداو لە هەر بوارێکدا دژی داعش پيشاندەدەن.
- خۆپيشاندان و دەربڕينی ناڕەزایی جۆربەجۆر لەدژی تاوانکاريەکانی داعش لە هەموو وڵاتانی دنيادا کە لە توانادابێت بۆ پشتگيریی پێشمەرگەو دۆزی رەوای گەلەکەمان لەهەموو پارچەکانی کوردستاندا.
- سەرپەرشتیکردنی خێزانی شەهيدان و پەککەوتەکانی شەڕی بەرگری و هاريکاريکردنيان لەبوارەکانی نيشتەجێکردن و موچەپێدان و خوێندن و تەندروستی و لە بوارەکانی ديکەی ژيان و گوزەرانياندا.
بێگومان لە ئەنجامدا سەرکەوتن و سەربەرزی بۆ پێشمەرگەو گەلەکەمانە، ژێرکەوتن و سەرشۆڕی بۆدوژمنانی گەلەکەمان ودوژمنانی پێشکەوتن.
jalal. dabagh@gmail. com