لەم رۆژانەی دواييدا، باسی "کانتۆن" دروستکردن لە باشووری کوردستان بۆتە باسی هەندێ لە کەناڵەکانی راگەياندن و هەندێ کۆڕو کۆمەڵ وحزبی سياسی. 

پێشتر لە هەندێ کەناڵدا باس لەوەکرابوو کە گوايە واباشترە (شەنگال) بکرێتە کانتۆنێک. . ! دواتريش بيرۆکەيەکيان دەربڕی گوايە سلێمانی و پارێزگاو ناوچەیتري ئەم هەرێمی باشووری کوردستانەمان بکرێنە "کانتۆن". . !!
لێرەدا بەڕاشکاوی دەڵێم و پێموايە ئەم بيرۆکەو بۆچوونانە زۆر هەڵەو نادروست و نابەجێن و بەهيچ جۆرێک لەگەڵ بەرژەوەندیی ئێستاو ئايندەی ستراتيژی گەلی کوردستاندا ناگونجێن ويەکناگرنەوە.
بەڕاشکاوی دەتوانين بێ دوودڵی بڵێین ئەم بەشەی کوردستان رزگاربووەو تا زە هێزنيە بتوانی گەلەکەمان ژێردەستە بکاتەوە، دەبێ گەڵ بەهەموو چينە نيشتيمان و نەتەوەپەروەرو توێژەکانيەوە بەردەوام پترو پتر تەيار بکرێن بۆ بەرگری لە خاک و لە دەستکەوتەکانی، بۆ تێکشکاندنی تێرۆريستانی (داعش) و هاوکارەکانيان کە پەلاماريان بۆ سەر هەرێمی کوردستان هێناوەو بەشێکی خاکی کوردستانيان لە ناوچە دابڕاوەکان داگيرکردووەو، دەيانەوێ عێڕاقيش داگيربکەن، بەڵام لە سايەی قوربانيدان و ئازايەتی پێشمەرگەکانی کوردستانەوە (داعش) ی تێرۆريست وتاوانکارو ناموسوڵمان لە زۆر ناوچەی خاکی پيرۆزی کوردستان دەرکران و لە چنگی چەپەڵيان ئازادکران و ئەو ناوچانەش کە ماون بە پشتگيریی تەواوی گەلەکەمان و هەموو ئەوانەی دژی داعشی تێرۆريستن رزگاردەکرێن و دەخرێنەوە سەر هەرێم.
ئەم رووداوانەی دوایی و راوەستانی گەلەکەمان و پێشمەرگە ئازاکانی لەدژی تێرۆريستان و بەزاندنيان و دەرکردنيان و تێکشکاندنيان لە زۆربەی شەڕەکاندا، چەندان پەندوتاقيکردنەوەو دەرسبوون بۆ گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەتايبەتی لە بوارەکانی پێويستیی بەهێزکردنی هێزەکانی پێشمەرگەو، کۆتاییهێنان بە پەرت و بڵاوی پێشمەرگەو کۆکردنەوەی هەموويان لەژێر سەرکردايەتیی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگەداو، چەکدارکردن و مەشق پێکردنيان و بەرز کردنەوەی ئاستی ژيان و گوزەرانی پێشمەرگەکان و رێزگرتنی شايان بە شەهيدان و، بەهێزکردنی پەيوەنديە ديبلۆماسيەکان لەسەر ئاستی دەوڵەتان و، بەرزهەڵسەنگاندنی رۆڵی پێشمەرگەکانی کوردستان کە لەجياتی هەموان چونە کۆڕی شەڕو بەگژاچوونی دەستدرێژکارانی داعشەوەو بەم هۆيەشەوە گەلێک لە دەوڵەتانی ئەمريکاوئەوروپاو دنيا بوونە پشتيوان و هاوکاری گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان و، بەشدار لەشەڕدا دژی داعش، بەتايبەتی لەڕێگەی هێزی هەواییان و چەکدارکردنی پێشمەرگەو شێوازیترەوەو، دەرکەوتنی بايەخی زۆرتری يەکێتیی ريزەکانی حزب و هێزە نيشتيمانپەروەرەکانی کوردستان و گوتاری يەکگرتوويان، چاکتر ناسينی دۆستان و دوژمنان و، بايەخدانی زۆرتر بە بوژاندنەوەی باری ئابوریی ودارایی کوردستان و، گەلێک پەندو تاقيکردنەوەو دەرسیتر. . تاد.
ئاشکرايە کە کوردستان بە گشتی و باشووری کوردستان بە شێوەی تايبەتی نيشتيمانێکی فرەنەتەوەيەو، لە هەرێمی کوردستاندا جگە لە زۆرينەی کورد، کلدان وئاسوری و سريان بە گشتی و تورکمان و عەرەب و پێکهاتەکانیتريش دەژين و ئەمانە لە ژێر سايەی هەرێمی باشووری کوردستانداو لەژێرسايەی ديموکراسيدا هەموو مافە رەواکانی خۆيان پەيڕەو دەکەن و، هيچ لايەک پێويستی بە"کانتۆن" نيەو، هەرێمی باشووری کوردستان بۆ هەموانەو، وەکچۆن خاوەنی مافەکانيانن هەرئاواش ئەرکی ديکەيان دەکەوێتە سەرشان، لەپێش هەموو شتێکدا بەرگری لە نيشتيمانی هاوبەشمان کە کوردستانە. وێڕای بەربەرەکانیی داعش و هەموو تێرۆريستان ورزگارکردنی شەنگال بەتەواوی و، ئازادکردنی ئافرەتان و لاوان و پياوانی کوردە ئێزديەکان و ئەوانیتريش کە لەلايەن دوژمنانەوە دەستبەسەر کراون. . . تاد.
 گەلی کوردستان گەلێکی زۆرلێکراوەو خاکی نيشتيمانەکەی بە پێچەوانەی خواستی خۆی دابەشکراوەو يەکگرتنەوەی ئەم بەشانەو هەروەها يەکێتیی نەتەوەیی و بڕياردانی مافی چارەنوس تا ئاستی جيابوونەوە لە قەوارەی ئەو دەوڵەتانەی کوردستانيان پێوە لکێندراوەو پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ لەهەربەشێکی کوردستاندا کە لە توانادابێت و، پێموايە لە باشووری کوردستان لەتوانادايەو، بەمجۆرە يەکگرتنەوەی خاکی نيشتيمان و بڕياردانی مافی چارەنووس و دەوڵەتی سەربەخۆ مافێکی ستراتيژیی گەلەکەمانەو، هەروەک بەڕیز سەرۆکی هەرێم چەندان جار لە گوتارو نامەکانيدا جەختی لەسەر کردۆتەوەو، زۆربەی نزيک بە تەواوی هەموو حزب و هێزە نيشتيمانپەروەرەکانی کوردستانيش لای خۆيانەوە پەسەنديانکردووە. جا ئيتر باسی "کانتۆن" و شتيوا لەپای چی و بۆچی کەسانی واهەن بازۆريش نەبن داوابکەن بەدەستی خۆمان کوردستانەکەمان دابەش بکەين بەسەر چەند کانتۆنی گچکەدا. . ؟!
گەلە تێکۆشەرە شۆڕشگێڕەکەمان داواو رێبازی لەوجۆرە دەداتەدواوەو، باشترە هەڵگرانی ئەوجۆرە دروشمانە زووتر بەخۆيان و رەوتەکەياندا بچنەوەو بزانن ئەوە لەبەرژەوەندی باڵای کوردستانە کە ئەم هەرێمەی باشووری کوردستان بپارێزرێ و، هەموو ناوچە دابڕاوەکانی بە فەرمی بخرێنەوەسەرهەرێم و، بەزووترين کات هیزی ميليشيایی لە جلەولاو سەعديەودووزوناوچە دابڕاوەکانیتر دەرچن و، پشتيوانی و لايەنگيریی بەشەکانی ديکەی کوردستان بکرێ لە پێناو چاری ئاشتيانەی مەسەلەی رەوای گەلی کوردستاندا لەسەر بنەمای هێنانەدیی هەموو مافە نەتەوەیی و نيشتيمانيەکانی گەلەکەمان و هێنانەدیی ئازادی و ديموکراسی و بڕياردانی مافی چارەنووس. بێگومان ئەنجاميش سەرکەوتن هەربۆ گەلەکەمانەو ژێرکەوتن و شەرمەزاری و تياچوون بۆ دوژمنەکانی.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.