وەرگێڕان و ئامادەکردنی لە روسيەوە: د.نجم الدليمي

و.بۆ کوردی: جەلال دەباغ

پێشەکی

راستيەکی بنچينەیی کە لێکدەرەوەو و رۆژنامەنوس وتەنانەت زۆر خەڵکی سادەش دەيانگوتەوە ئەوەبوو کە يەکێتی سۆڤيەت ئەوەندە بەهێزو توانايە کە مەحاڵە هێزە رەشەکانی دنيا بتوانن بەشەڕو فيلۆی دەريایی و سوپاکانيان سەری پێشۆڕبکەن، يەکێتی سۆڤيەت هەرچی پێويستبێ هەيبوو بۆ پاراستنی سەربەخۆیی و هێزی لێدەری، هەر ئەمەشبوو وای لە دوژمنانیکرد کە بير لە پلانێک بکەنەوە بۆ تێکدانی لە ناوەوە بەهۆی کەسانێکەوە کە رەگەزنامەی ((روسی)) و ((بيتاقەی حيزبی)) و شوێنەواری کاريگەريان لە دەسەڵاتدا هەيە...دواجار ئامادەبن بۆ بەجێ گەياندنی ئەو سيناريۆيانەی لە پشت دەرياکانەوە دێن.
رۆژنامەی ((مۆلينا)) ((بروسکە)) ئۆرگانی کۆميتەی ناوەندیی حيزبی کرێکارانی شيوعی روس لە ژمارەی ٤٥ ت٢ ساڵی ١٩٩٢دا بەڵگەنامەيەکی گرنگی بڵاوکردۆتەوە بە سەردێڕی((کودەتايەکی سيناريۆ بە گوێرەی پلانی بۆربۆليس))**.
نێزيک لە پلانی پەرەسەندنی ستراتيژیی روسيا
  ئەم پلانە بەسەرپەرشتیی گينادی ئەدوارد بۆربۆليس و بە بەشداریی شارەزايانی ئەمريکایی و ئەڵمانی لە شوباتی ساڵی ١٩٩٠دا دانراوە، ئەمەش دوای هەڵبژاردنی بۆريس يەڵتسن بە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سۆڤيەتی روسيای فيدراڵی.
پرسيارێکی رەوا دەهێنرێتە پێشەوە کە تا ئەمڕۆ وەڵامی نەدراوەتەوەو ئەمەيە: کوا رۆڵی سەرکردايەتی دڵسۆزی حيزبی شيوعی سۆڤيەتی فەرمانڕەوا لەم پيلانە تاوانکاريە لەکاتێکدا ئەوان سەرکردايەتی حيزب و گەل و دەوڵەتە مەزنەکە دەکەن؟
کوا رۆڵی دەزگای هەواڵگريی سۆڤيەت(کەی.جی.بی) لەم پيلانە گڵاوە؟
کوا رۆڵی هەواڵگریی سەربازیی سۆڤيەت لە ناوخۆو دەرەوەدا(کرو) لەم پيلانە کارەساتبارە سێتاييەی جيهانیی واشنتۆن و، بۆن و لەندەن و پاريس و، تەلئەبيب،  کواو..کوا...؟!

             پلانی لێکهەڵوەشاندنەوە
يەکەم: چاری مەسەلەی توانای پشتگيریی ئيمپرياليزمی ئەمريکاو ئەڵمانياو هۆڵەنداو سويد لە يەڵسن و دەستەو دەوروپشتەکەی لە هەوڵياندا بۆقەبارە بچوککردنەوەی حيزبی شيوعی سۆڤيەت و پاشان لادانی ميخائيل گەرباچۆڤ لە دەسەڵات.
دووەم: ئامادەکردنی زنجيرە ديدارێک لە نێوان يەڵسن و گەرباچۆڤدا بۆ وەدەستخستنی هەندێ سەرکەوتن، ئامانجی سەرەکيشيان لەم ديدارانە هێرشی هێزەکان بوو بۆ سەر يەکێتیی سۆڤيەت و، راهێنانی روسياو، دەرخستنی بۆريس يەڵسن لەسەر شانۆی سياسی و، راگەياندنی روسيا وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ، کە ئەمەش لەگەڵ خۆيداپەرەسەندنی هێرشی هێزەکان دەهێنێ و، مانای داڕوخانی دەسەڵاتی سۆڤيەتە.
سێيەم: بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی سەرۆکدا(مەبەست لە بۆريس يەڵسن)ە دەبێ دروشمی" سەربەخۆیی زياتری هەر کۆمارێک" بەرز بکرێتەوە، (( دەسەڵاتيش ئەوەندە وەربگيرێت ئەوەندەی کە دەتوانن بەجێیبگەيەنن)) خۆ ئەگەر روسيای فيدراڵی رووخا، ئامانجی سەرەکی ئەوەيە بۆريس يەڵسن ببێتە سەرۆک، لەم بارودۆخەشدا دەبێ لە هەڵبژاردندا خۆی وا پيشان بدات کە رۆڵی چەوساوەی سياسی لە لايەن کۆميتەی ناوەندیی حيزبی شيوعی سۆڤيەت و مەکتەبی سياسييەوە ببينێت.
چوارەم: پاش قەبارە بچوککردنەوەی حيزبی شيوعی سۆڤيەت و نەهێشتنی کۆنگرەی نوێنەرانی گەل (پەرلەمان) پێويستە ئەم کاروبارانە جێبەجێ بکرێن کە ئەمانەن:
١- پەيداکردنی پەيکەرێکی بەهێزی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە ناوچەکاندا، واتە کۆمارەکانی ناوخۆیی و هەرێمەکان و پارێزگاو قەزاو ناوچەکان.
٢- دامەزراندنی لايەنگران( مەبەست لايەنگرانی يەڵسن و تاقمەکەيەتی، واتە هێزەکانی شۆڕشی بەراوەژو) لە کاری پارێزگاريدا.
٣- پێويستە نوێنەرانی سەرۆک بۆريس يەڵسن لە هەموو ناوچەکاندا دەست بە چالاکی بکەن.
پێنجەم: لە شاری پێترسبورگ- لێنينگراد و پاشان لە مۆسکۆ، نوێنە رانی ئەمريکا بەسەر پەيکەری جێبەجێکردن يان دەسەڵاتی جێبەجێکردندا دابەش بکرێن و، لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ئەم نوێنەرانە دێنەپێشەوە بۆ وەرگرتنی بەڕێوەبردنی شارەکەو ئەمەش پاڵپشتێکی گەورە بۆ يەڵسنی سەرۆکی روسيا پەيدا دەکات، نەک تەنيا لەناو دەوڵەتدا بەڵکو لە دەريشەوەی.
شەشەم: هەوڵدان بۆ پەيداکردنی پۆليس لە شارەکاندا کە سەربە شارەوانيەکانبن وەک پاڵپشتی سەرۆک يەڵسن و پاشان بەرەبەرە پەيکەرە کۆنەکانی پۆليس لادەدرێن، موچەکانيان زياددەکرێن وخانوی نيشتەجێ بوون و، ماڵی حەسانەوەو، باخچەی منداڵان و، ماڵەکانی لادێ((داچە)) يان بۆ دابين دەکرێ.
حەوتەم: پێويستە هەوڵبدرێ دادگای بەڕێوەبردن لە ناوچەکان پەيدا بکرێن کە لايەنگيرو پشتيوانی سەرۆکی روسيا بۆريس يەڵسنبن، بەرەبەرە دادگا ميلليە کۆنەکان لا بدرێن.
هەشتەم: پێويستە مەسەلەی دامەزراندنی دادگای دەستوری چارەسەر بکرێت ودەبێ دادگا بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتی جێبەجێکردن کار بکات و بۆ ئەم ئامانجانە دەبێ هەموو شتێک بکرێت بۆ رێکخستنەوەی ئەم دادگايە.
نۆيەم: پێويستە لە هەموو پێکهاتنێکی بەڕێوەبەريدا کاديری بەڕێوەبردن بگۆڕدرێن، بەتايبەتی لە وەزارەتی ناوخۆو هەواڵگرييەکان و لە سوپادا، بەڵام لە ناوچە سەرەکيەکان و شارەکانيترداسەرکردەکانی بەڕێوەبردن دەگۆڕدرێن و لايەنگرانی بۆريس يەڵسن لەجێگەيان دادەنرێن، بە تايبەتی لە مۆسکۆو لێنينگراد.
دەيەم: لە پێناو دابينکردنی ئاسايشی سەرۆکەکانی دايەرەکانی ئاسايشدا دەبێ بەرەبەرە چەکی قوتابخانە ئەمنيەکانی فێرکردن داماڵدرێن.
يانزەيەم: هەوڵبدرێ بۆ رێکخستن و ئامادەکردنی کەسەکانی پاسەوانی نهێنی لە مۆسکۆو لێنينگراد بۆ بەرگری لە سەرۆکی روسی بۆريس يەڵسن و راسپاردنی سەرکردەکانی وەزارەتی ناوخۆو هەواڵگری بۆ دەستنيشانکردنی ئەو کەسانە.
دوانزەيەم: بە هاريکاری هێزە تايبەتەکانی ناوەندو ناوچەکان دەبێ چالاکیی دايەرەکان بەرپەرچی بدرێنەوەو کردەوەکانيان ريسوابکرێن، ئەمەش لە رۆژنامەو تەلەفزيۆنەکانەوە، بۆ هێنانەدیی ئەم ئامانجەش دەبێ لايەنگرانی سەرۆک يەڵسن لە رۆژنامەو تەلەفزيۆن دابنرێن، لەلايەن گينادی بۆربۆليس خۆي و دەستەکەيەوە پشکنين و وردبينی بۆ هەموو بابەتەکانی راديۆو تەلەفزيۆن بکرێت و هەموو ئەوبابەتانەی بەباشيان نازانن لايانبدەن.
سيانزەيەم: ئەو رۆژنامانەی هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردن ناکەن (واتە لەگەڵ يەڵسن وتاقمەکەی)لەپارەی يارمەتيدان بێبەشدەکرێن و بەپێی توانا هەڵدەوەشێندرێنەوە.لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ بگوترێ کە ديموکراتين و بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن!!.
چواردەيەم: کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی دايەرەکانی نوێنەرايەتی هەر لە کۆنگرەی نوێنەرانی گەل(پەرلەمان)ەوە لە ساڵی ١٩٩٣دا، لەبەرئەمە پێويستە سێ بەخت وشانس(سيناريۆ) لە چالاکيەکاندا لەبەرچاو بگيرێن کە ئەمانەن:
             سيناريۆکانی روخاندن
    سيناريۆی يەکەم:
١- پێويستە ئامادەباشی بکرێت بۆ کۆمەڵەيەکی دامەزرێنەر لەپێش ئاداری ساڵی ١٩٩٣داو دانانی دەستورێکی نوێ و، راگەياندنی نادەستوری و ناڕەوایی کۆنگرەی گشتیی نوێنەرانی گەلی روس(پەرلەمان)، پێش ئەوەش دەبێ کاربکرێ بۆ دانانی ئەنجومەنی کۆماری کە لە نوێنەرانی کۆمارەکان پێکدێت ولە پلەی يەکەمدا لە نوێنەرانی دايەرەکانی بەجێگەياندن.
٢- دوای هەڵوەشانەوەی کۆنگرەی گشتیی نوێنەرانی گەلی روس(پەرلەمان)، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی روس رادەگەيەندرێ، بەوەی کە پەرلەمانێکەسەربە کۆنگرەی گشتیی نوێنەرانی گەلی سۆڤيەت، ئەمەش والێکدەدرێتەوە کەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەوەيە کەماوە قانونيەکەی کۆتایی هاتووە.
ئەمەيە ئەو شێوازە ديموکراتيەی کە لە خۆرئاوای ئيمپرياليدا پەيڕەو دەکرێت؟!
   سيناريۆی دووەم:
١- پێويستە کاربکرێ بۆئاڵۆزکردن وهەڵگيرسان و تێکدانی باری سياسی و ئابوری و کۆمەڵايەتی لە روسيای سۆڤێتيدا، ئەمەش بەرەبەرەو بە ڕێگای بەرزکردنەوەی نرخی کاڵاو شتومەک و خزمەتەکان، زيادکردنی باجەکان، هاندانی ناڕەزایی دانيشتوان، گەياندنی کۆمەڵگا بە بارودۆخێکی پڕلە پەشێوی و رابوون وريشەکێشکردنی توڕەیی جەماوەر بە بيانوی ياخيبوون بەرانبەر دەسەڵات، راگەياندنی باری نائاسایی بۆ ماوەی ساڵێک، لەم ماوەيەشدا کاروباری هەموو دايەرەکان وئەنجومەنەکانی نوێنەرايەتی وەک هێزێکی پەشێوینەرەوە لە کۆمەڵگادا رادەگيرێت.
٢- پێوەستە سۆڤێتەکانی ناوخۆ لە روسيادا لەم ماوەيەدا ئامادەکاری بکەن بۆئەنجومەنەکانی دامەزرێنەر.

  سيناريۆی سێيەم:
لەکاتی هەوڵدان بۆ لابردنی سەرۆک بۆريس يەڵسن و حکومەت بە ڕێگای کۆنگرەی نوێنەرانی گەل(پەرلەمان) يان کاروبار بەجێگەياندن بۆ راماڵينی يەڵسن، پێويستە ئەم کارانە ئەنجام بدرێن:-
١- پێويستە نوێنەرانی سەرۆک يەڵسن لە نوێنەران و، نوێنەرانی لايەنگيرانی بۆريس يەڵسن و حکومەت لە هۆڵەکەی کۆنگرە دەرچن و ئەم کارەش دەبێتە هۆی خوڵقاندنی قەيرانێک لە وڵاتداو رێگەدەدا بە هەڵوەشاندنەوەی کاروباری کۆنگرە، لەم بارودۆخەدا سەرۆک يەڵسن وتەيەک دەردەبڕێ لەبارەی قەيرانی دەسەڵاتی قانوندانەرەوەو مەرسومێک دەردەکات بۆ هەڵوشاندنەوەی کۆنگرەی نوێنەرانی گەلی سۆڤيەت وپەرلەمانی روسی.
ئائەمەيە ناوەرۆکی ديموکراسی لەکۆمەڵگەی بۆرژوازيدا، ئا ئەمەيە ناوەرۆکی ديموکراسیی خوێن لە ويلايەتە يەکگرتووەکانی ئەمريکا.
٢- مەرسومەکەی سەرۆک يەڵسن لە بەيانیی زوودا بڵاودەکرێتەوە، پاشان نزيکبوونەوە لە کرملێن و بارەگای پەرلەمان – ئەنجومەنی سوڤيەت قەدەغەدەکرێت، بۆ نوێنەران پێشنيار دەکرێت بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانيان، پاش ئەوەش باری نائاسایی رادەگەيەندرێت وکۆبوونەوەو ديدار لەگەڵ ‌هەڵبژێردەران قەدەغەدەکرێت.
پانزەيەم: راستەوخۆ دوای هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی ياسادانان پێويستە کاربکرێ بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتی رەهای سەرۆک يەڵسن و هەڵوەشاندنەوەی حيزبەکانی بەرهەڵستکار(ئۆپۆزيسيۆن) واتە هەڵوشاندنەوەی حيزبی شيوعی سۆڤيەتی- روسی ولەسەرکار لابردنی سەرکۆمارەکانی ناوخۆو پارێزگارەکانی شارە گەورەکان و ناوچەکانیتر.
لەگەڵ ئەوەشدا لافی ئاشکرایی و فرەلايەنی سياسی لێدەدەن؟
شانزەيەم: لەسەر نوێنەرانی سەرۆک پێويستە بە چالاکی دەستبەکاربن بۆ ئامادەکردنی ئەنجومەنی دامەزرێنەر لە کانونی دووەمی ساڵی ١٩٩٣دا، لەم بارودۆخەشدا پێويستە سەرۆکی دايەرەکان بخرێنە ناو ئەوکارەوەو، ئەوانەشی حەزنەکەن لەم کاروبارانەدا بەشداربن پێويستە لەدەسەڵات لابدرین، ئەمەش بەپێی تواناو لەڕێگەی چاودێرييەوە.

 

 

حەڤدەيەم: پێويستە لە ساڵی ١٩٩٣دا، بەپێی ئەو نەخشەيەی دانراوە، چاکسازی دەسەڵاتی سياسی تەواوبکرێ وبڵاوکردنەوەی پڕۆپاگاندەی ئەوەی پەرلەمان ئامادەکاری بۆ کودەتايەکی حکومی دەکات، ئەمەش بە مەبەستی پاکانەکردن بۆ ئەوەی سەرۆک يەڵسن باری نائاسایی لە هەموو روسيای سۆڤێتيدا رابگەيەنێت.
سيناريۆی يەکەم بە (لێهاتوویی) يەکی بەرزو بە ئەقڵيەتی ئەمريکی- خۆرئاوایی جێبەجێ کراو يەکێتیی سۆڤيەت لێکهەڵوشێندرايەوە بۆ چەند دەوڵەتۆلکەيەکی سەربەخۆی نوقمی گيروگرفتە سياسی و ئابوری و کۆمەڵايەتيەکان وئەم لێکهەڵوەشاندنەوەيەش لەبارەی مرۆیی و مادييەوە، نرخێکی گرانبەها کەوت.
 بەڵام سيناريۆی دووەم ئامانجی روسيای سۆڤێتيە، وەک دەوڵەت، کە ويستيان دابەشی بکەن و لەرووی سياسی و ئابوری و سەربازييەوە لاوازی بکەن، بەجۆرێک لەماوەيەکی نزيکدا بوونی نەمێنی، ئەمەيە ستراتيژیی ئەمريکاو هاوپەيمانەکانی لە ئاست روسيای ئەمڕۆدا.
ئيمپرياليزمی رۆژئاوا بەشێوەی گشتیی و ئيمپرياليزمی ئەمريکی بەشێوەی تايبەتی بڕوايان بە سەرکردايەتی روسياو بە گەلی روسیش نييە، هەر لەسەردەمی حوکمی تساری و دەسەڵاتی سۆڤيەتەوە، نەبەسەرکردايەتی ئەمڕۆی روسيا، هەرچەندە روسيای ئەمڕۆ دەوڵەتێکی مەزنەو رەوتێکی سەرمايەدارانەی هەيە، ترس و نەبوونی بڕوا لەنێوان سەرکردەکانی وڵاتانی سەرمايەداری وبەتايبەتی سەرکردايەتی ئەمريکاو سەرکردايەتیی روسيا لەمەوبەرو ئێستاو لەمەولاش هەربەردەوامدەبێ، رەنگە هۆکاری سەرەکیی ئەمڕۆ بگەڕێتەوە بۆئەوەی کە روسيا هەڵوێستی هەرێمگيری و نێودەوڵەتیی وای هەيە لەگەڵ بەرژەوەندەکانی ويلايەتە يەکگرتووەکانی ئەمريکاو خۆرئاوای ئيمپريالی پێچەوانەيە.
لە ماوەيەکی زۆرکورتدا يەکێتیی سۆڤيەت لەبەريەک هەڵوەشايەوە بەجۆرێک تەنانەت دوژنانی يەکێتی سۆڤيەت خۆشيان خەويشيان پێوەنەدەدی، دايەرەکانی خۆرئاوای ئيمپريالی- ئەمريکی، بەتايبەتی ئاژانسی هەواڵگریی نێوەندیی ئەمريکی (سيا) پێشبينييان وابوو کە لێکهەڵوەشاندنەوەی يەکێتیی سۆڤيەت لە کۆتایی سەدەی بيستەمدا دەبێت، ئا ئەمەيە پێشبينیی (ئالان داڵاس) لە نەخشەکەيدا کە ساڵی ١٩٤٦ دايناوە، بەڵام ئەندازيارانی بەناو پرێسترۆيکای رووزەرد و بەدناو کە لە شێوازو ناوەرۆکيدا پڕۆژەيەکی تێکدەريی حکومەتی جيهانی بوو، ئەوان زەمانی (( نەخشەتێکدەرەکەيان)) بۆ بەرژەوەندیی هاوپەيمانە تازەکەيان کە ئيمپرياليزمی ئەمريکاو هاوپەيمانەکانێتی لە خۆرئاوا کەمکردەوە، ئەمەبوو گۆرباچۆڤی ناپاک و تاقمە هەڵگەڕاوە ناپاکەکەی کرديان کە سەرکردايەتی و جێبەجێکردنی بەناو پرێسترۆيکايان ئەنجام دا، کەسانی وەک ياکۆفلێڤ وشيفێرنادزەو يەڵسن و ئەوانيتر لە سەرکردەو کاديرەکانی حيزبی فەرمانڕەوا.
ئێمە لەو باوەڕەداين کە باری سەرنجی بەڕێوەبەرێتی ئەمريکاو هاوپەيمانەکانی ئەوەيە کە ئەمڕۆ روسيا بۆيان بۆتە يەکەمين دوژمنی سەرەکی لە گۆڕەپانی سياسی و ئابوری و سەربازيدا، بۆيە باوەڕيان وايە کە دەبی روسيا لاوازبکرێ و لێکهەڵبوەشێندرێتەوە، بەو شێوەيەی کە لە يەکێتیی سۆڤيەت روویدا، ياخود سيناريۆيەکی ديکەی ((نوێکردنەوە)) ئامادەدەکەن لە پێناو دوورخستنەوەی تارمایی مەترسیی روسيا لە سەريان.
بارودۆخی ئەمڕۆی روسيای فيدراڵی پڕێتی لە مەترسیی راستەقينە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەوداڕمانەی لە گوڕەپانی ئابوری و کۆمەڵايەتيدا و بەهۆی ئاڵوگٶڕ لە مولکايەتی گشتیی هۆيەکانی بەرهەمهێناندا روویداوە، کە لەسەر نەخشەکێشانی ناوەندی دامەزراوە، بۆ ئابوری بازاری سەرمايەداریی بەلەسەبوو، هەروا جێبەجێکردنی خراپترين بەرنامە کە کۆمەڵگەی مرۆڤايەتی ناسيويەتی، کە ئەويش بەرنامەی بە کەرتی تايبەتی کردنەو ئەنجامی زۆر نێگاتيڤی خستۆتەوە، تەنانەت ئەنجامی کارەساتبار بۆ کۆمەڵگە، لە گۆڕەپانی ئابوری و کۆمەڵايەتی و سياسی و تەنانەت سەربازيش، دەکرێ بگوتری((شێرپەنجە))بەشێوەيەکی زۆر ترسناک و لەهەموو بەشەکانی ژياندا بڵاوبۆتەوەو،  ئەگەر ئەم نەخۆشيە پيسە لە ڕيشە دەرنەهێندرێت و، لەسەر رەوتی چاکسازیی- ليبراڵی و ليبراڵی نوێ درێژە بدرێت، ئەوا تەقينەوەی جەماوەری کارێکی حەتمی دەبێت و لەوانەيە ئەنجامی زۆر خراپی بۆ گەلی روسی- سۆڤێتی، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی جيهان هەبێت.
لەو باوەڕەداين سەرکردايەتیی ئەمڕۆی روس بەچاکی لەومەترسييە جيديانە تێگەيشتووە کە ئەمڕۆ رووبەرووی روسياو گەلی روسی بوونەتەوە، جا لە پێناو دوورخستنەوەو ژێرخستنی ئەم مەترسيەدا، دەبێ سەرکردايەتی ئەمڕۆی روسيا هەندێ کاروباری سياسی و ئابوری و کۆمەڵايەتی ئەنجام بدات کە ريشەییبن و مەبەستيان پاراستنی يەکێتی روسياو مانەوەیبێت وەک دەوڵەتێکی مەزن کە پشتی پێببەسترێت وەک جەمسەرێکی سەرەکی بۆ هێنانەدی هاوسەنگی و ئاسايش لەسەر ئاستی جيهان، گرنگترينی ئەم کاروبارانەش ئەمانەن:
يەکەم: پێويستیی دەستبەرداربوونی رەوتی ئابوریی لێبراڵیی دڕندەو، هەوڵدان بۆ چاوگێڕانەوە بە بەرنامەی بە کەرتی تايبەتیکردن کە لەماوەی ساڵانی نەوەدی سەدەی رابوردوەوەو تا ئەمڕۆش دەستپێکراوە، حکومەت سامانە سروشتيەکان خۆماڵی بکات و لەپێش هەموويانەوە نەوت و گاز...، و بکرێنە موڵکی گەلی روس، هەروا گەڕانەوە بۆ خوێندن بە خۆڕایی لەهەموو پلەکانيداو، چارەسەرکردنی نەخۆشی بە خۆڕایی و نيشتەجیبوون وزامنکردنی مافی کارکردن بەپێی دەستور، بەجۆرێک کەرتی دەوڵەت رۆڵی سەرەکی هەبێت لە بوژاندنەوەی ئابوری و کۆمەڵايەتيداو، هەوڵدان بۆ بەشداریکردنی بەکردەوەی شيوعيەکانی روس لە دەسەڵاتی جێبەجێکردندا لەهەموو قۆناغ و ئاستەکانی بەڕێوەبردنداو، پەيڕەونەکردنی شێوازی کارکردنی سەندوقی دراوو بانکی نێودەوڵەتی، ئەو شێوازی کارکردنەی کە روسيای لە دەوڵەتێکی بەرهەمهێنەوە کردە دەوڵەتێکی بەکاربەر، دەوڵەتێک کە پتر لە%٦٠ی کاڵاو شتومەکی خۆراک و دەرمان لە دەرەوە دەهێنێت و ئابوریی روسيای کردۆتە ئابوريەکی سوودوەرگری (ريعي).
دووەم: پێويستە ئەمڕۆ دەستبکێشنەوە لە رێکخراوی بازرگانی جيهانی، چونکە ئەندامەتی روسيا لەم رێکخراوەيەدا ئێستا بۆ ئابوری و کۆمەڵگەی روسی زيانبەخشە، دەبێ رووبکرێتە وڵاتانی تازەپێگەيشتوو، پەيداکردنی هاوکاری سياسی و ئابوری و کۆمەڵايەتی وسەربازی لەسەر بنەمای يەکسانی و هاوکاری و هاوبەرژەوەندی و دەستنەخستنە ناو کاروباری ناوخۆ.
ئەم کاروبارانەو هیتر ئەگەر جێبەجێ بکرێن دەبن بەهۆی پتەوکردنی رۆڵ و شوێنی روسيا لە بوارەکانی سياسی و ئابوری وسەربازی و زانستی و رۆشنبيری و لەهەموو لايەنێکی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتيداو، بەدووری دەخات لەو مەترسيانەی لەپێشيدا وەستاون.
لەو باوڕەداين (بەرگ) يان رەوتی روسيا بە رێبازێکی بەرگی نيشتيمانيدا بە خوليايەکی چەپگەرایی، کە لەم بەرگەداو لەم خوليا چەپگەراييەدا دەوڵەتێکی مەزنبوو، لەگشت گۆڕەپانە جياوازەکانداو بەبێ ئەمەش ناکری روسيا لەرووی سياسی وئابوری و سەربازيەوە دەوڵەتێکی مەزنبێ، مەگەر تەنيا لە سايەی سۆسياليزمدا لە پێناو گێڕانەوەی پارسەنگ و ئاسايش بۆ بەرژەوەندیی گەلانی هەموو دنيا.
لە ساڵانی شەڕی سارددا (١٩٤٦- ١٩٩١) کێشەو ناکۆکی لە نێوان ئيمپرياليزمی ئەمريکا لەلايەک و يەکێتیی سۆڤيەت لەلايەکیترەوە توندبووبوو، ئەم ململانێيە هەموو لايەنێکی گرتبۆوە، لەوانە لايەنەکانی ئابوری وئايديۆلۆژی وسياسی و سەربازی...تێچوونی ئەم شەڕە ناشەرعيە ناڕەوايە، کە ويلايەتە يەکگرتووەکانی ئەمريکا دەستی پێکردبوو لەنێوان ١٣- ١٥تريليۆن دۆلاردابوو، کە دووبەش لە سێ بەشی ئەم تێچوونە شێتانەو بێ بەهانەيە دەکەوتە ئەستۆی ئەمريکا(١).
ئەم ململانێ ئايديۆلۆژيە- ئابوريە سەربازيە لەسەر زمانی سەرۆکەکانی ويلايەتە يەکگرتووەکانی ئەمريکاو هەڵۆيەکانی ئيمپرياليزمی ئەمريکا بەشێوەيەکی ئاشکرا دەردەکەوت کە رق و کينەی ئايديۆلۆژیی کەڵەکەبووی خۆيان و خوليای دوژمنکارانەيان لەدژی گەلی سۆڤيەت و، لەدژی دەسەڵاتی سۆڤيەت ودژی رێژيمی سۆسياليستی دەردەبڕی ولەم بارەيەوە دەتوانين ئاماژە بۆ ئەمانە بکەين:
١- سەرۆکی ئەمريکی نيڵسۆن دەڵێ((بۆ يارمەتيدانی لەناوبردنی يەکێتیی سۆڤيەت پێويستە لێی نزيکبينەوە، چونکە ئەگەر لێی دووربکەوينەوە، هەڵوێستی لايەنگيرەکانمان لەناو کۆمەڵگەی سۆڤێتيدا لاوازدەبێت(٢).
٢- سەرۆکی پێشينی ئەمريکا بيل کلينتۆن جەختدەکاتەوە کە((ئەو شەڕەی ساڵی ١٩٤٤دەستمان پێکرد بە لێکهەڵوەشاندنەوەی يەکێتیی سۆڤيەت لە ساڵی ١٩٩١دا کۆتاییهات)) (٣).
٣- ئالان داڵاس سەرۆکی پێشووی ئاژانسی هەواڵگيریی ناوەندی ئەمريکا جەختدەکاتەوە کە ((پێويستە چۆک بەگەلی سۆڤيەت دابدرێ، چونکە گەلێکە شانازی بە ئابڕومەندی و پايەداریی خۆيەوە دەکات)) (٤).
٤- هێنری کێسنگەرجەختدەکاتەوە((کە هەڵوەشاندنەوەی يەکێتیی سۆڤيەت بەرووداوێکی گرنگی سەدەی نوێ دادەنرێت، بەڕێوەبەرێتی سەرۆکی پێشووی ئەمريکا بووشی باوک لە چوونە ناو ئەم کێشەيەدا تواناو شارەزایی هونەری و سەرسوڕهێنەری لە هێنانەدیی ئەم ئامانجەدا پيشانداوە)) (٥).
٥- بريژێنسکی دەڵێ ((سيستەمی نوێی جيهانی بە سەرۆکايەتی ويلايەتە يەکگرتووەکانی ئەمريکا، لە دژی روسيا، لەسەر حيسابی روسياو، لە پێناوتێکشکاندن و هەڵوەشاندنەوەی روسيادا پێکدێت)) (٦).
٦- فالی برانت دوای سەردانەکەی لە ساڵی ١٩٨٥دا بۆ يەکێتیی سۆڤيەت دەڵێت ((لە ژيانمدا زۆر شتمديوە، بەڵام لە ژيانمدا لە دوژمنايەتیی شيوعێتيدا وەک ميخائيل گەرباچۆڤم نەديوە کە لە دڵ و دەروونيدا شاردويەتيەوە، هەرچەندە لە سەرۆکايەتی کرملێنيشدايە)) (٧).
ئەی ميخائيل گەرباچۆڤ خۆی چی دەڵێ:-
گەرباچۆڤ لە ديدارە تەلەفيزيۆنيە جۆربەجۆرەکانيەوە بۆ هاونيشتيمانيە روسەکانی سۆڤيەت وتاردەداو ئەوەی راگەياند کە ((لەمەولاو تاهەتايە هەموو راستيەکان نازانن...)) (٨) " مەبەستی لەبارەی لێک هەڵوەشاندنەوەی يەکێتیی سۆڤيەتەوەيە، لە ماوەی فەرمانڕەواييەکەشيدا (١٩٨٥- ١٩٩١) پتر لە ٤٠جار چووە سەردانی خۆرئاوای ئيمپريالی و زۆربەی ئەو سەردانانەش بۆ ويلايەتە يەکگرتووەکانی ئەمريکابوو.
گەرباچۆڤ دانیپێدادەنێ کە گەورەترين هەڵەی ئەوەبووە لە ماوەی ئەوەی بە پرێسترۆيکا ناودەبرا، نەيکردووە حيزبی شيوعی سۆڤيەت هەڵوەشێنێتەوە(٩).هەروا ميخائيل گەرباچۆڤ کاتێک ناوەرۆکی راستەقينەی خۆی ئاشکراکرد کە گوتی ((من دوژمنی شاراوەی شيوعێتی بووم)) (١٠).
هەروا هەڵوێستی مەبدەئی خۆی دەرخست و روونکردەوە کە گوتی ((ئامانجم لە ژياندا لەناوبردنی شيوعيەتە))، هەروا ئامانجێکی ديکەی دەستنيشانکرد کە ((کارکردنە بۆ تێکشکاندنی يەکێتیی سۆڤيەت لە ناوەوە، لە پێناو هێنانەدیی ئەمەشدا هەردەبێ پەناببرێت بۆ ديسپلينی حيزبی و خاڵە لاوازەکانی پێکهاتەی يەکێتیی سۆڤيەت)) (١١).
هەڵوێستە گومانلێکراوەکانی گەرباچۆڤ پاڵپێوەنەری بوون بۆ داتەپينی، تا گەيشتە ئەو ئاستەی پارەيەکی بەرتيلی هەرزان لە سەرۆکی پێشووی کۆريای باشوور وەربگرێت کە (١٠٠، ٠٠٠) دۆلاربوو، ئەمەش پڕۆفێسۆری قانونی و جێگری داواکاری گشتیی سۆڤيەت وئەندامی پەرلەمانی روسيا لەبارەی ئەم رەوشتە داتەپيوو پڕ لە شەرمەزارييەی گەرباچۆڤەوە جەختی لەسەرکردۆتەوە(١٢).
نووسەری روسی نادێژدا گاريفۆلينا ئاماژەی بەوەکردووە کە((گەرباچۆڤ هيچ نييە جگە لە نۆکەرێکی ئيمپرياليزم و دوژمنێکی يەکێتیی سۆڤيەت و دوژمنێکی سۆسياليزم)) (١٣).
لێکهەڵوەشانەوەی يەکێتیی سۆڤيەت بەهۆی پيلانگێڕی و خيانەتی مەزنی ناو سەرکردايەتی حيزبی فەرمانڕەوابوو، بەو بەڵگەيەی کە(تابوری پێنجەم بە پشتگيريی وکارتێکردن و لايەنگيریی ئاژانسی هەواڵگيری ناوەندیی ئەمريکی، يەکێتیی سۆڤيەت لەبەريەک هەڵوەشايەوە..زايونيزميشبوو کە سەرکردەیی پرێسترۆيکای کرد)) (١٤).
ميخائيل گەرباچۆڤ کەسێکی خائن و ياخي و ناپاک بوو بەرانبەر سادەترين بيروباوەڕی حيزبی و سياسی لە ژيانی حيزبايەتیی خۆيدا، ئەو سوسەمارە(کاسەڵەشينکە- حەربا) لە رەفتاريدا کەسايەتيەکی هەلپەرست و ناکۆکە، بەچەشنێکی هۆشمەندانەو بە جياواز بيری لێکراوەتەوە.گەرباچۆڤ لە ماوەی دەسەڵاتداريەکەيدا ١٩٨٥- ١٩٩١ حيزب و گەلی سۆڤيەتی هەڵخەڵەتاندن و درۆی بەرانبەريانکرد.لەبيرەوەریی حەفتا ساڵەی شۆڕشی سۆسياليستیی مەزنی ئۆکتۆبەردا چی بە حيزب و گەلی سۆڤيەت گوت؟:
ناوبراو گوتی((مەسەلەی شۆڕشە مەزنەکە، مەسەلە مەزنەکەی لێنینە، ئەمڕۆ ئەمانەتێکە لە دەستماندا...(هێزی پاڵپێوەنەر)ی ئۆکتۆبەر يەکجار مەزنبوو، بيروباوەڕی سۆسياليزم يەکجار بەهێزبوو، دڵی جەماوەری راکێشا...لە ساڵی ٢٠١٧دا گەلەکەمان و هەموو مرۆڤايەتیی پێشکەوتنخواز پێشوازیی يادی سەد ساڵەی شۆڕشی سۆسياليستیی ئۆکتۆبەردەکەن(١٥).(١٩١٧- ٢٠١٧).
ئێمە بە گەرباچۆڤ دەڵێین کەوا ئەمڕۆ لە لەندەن دەژی و، لەم پايتەختە خۆرئاواییەدا ئاهەنگی جەژنی لە دايکبوونی هەشتا ساڵەی گێڕا، پێیدەڵێین: ئەمڕۆ کوا بەڵێنەکانت کە بەگەڵ و حيزبت راگەياند؟ کوا حيزبەکە؟ ئەمڕۆ کوا دەوڵەتە مەزنەکەی يەکێتیی سۆڤيەت؟
هەرچی رووی داو هەرچی ئەمڕۆش بەسەر گەلان و دەوڵەتانی دنيادا دێت، لە پێشەوەياندا گەلی سۆڤيەتی، ئێوە لێیبەرپرسن، ئەمەش بەهۆی ئەو خيانەتە مەزنەتانەوە کە بەخۆڕایی بۆ بەرژەوەندیی هێزە سێقۆڵيەکەی جيهان کردتان.
ئێوەيان بە نرخێکی زۆر هەرزان کڕی و، پاشان فڕێياندانە ناو زەلکاو، چونکە خائينان دواچارەنوسي حەتميان ناو سەرەنوێلکی مێژووە، ئەم چارەنوسەش بەسەر هەموو ئەوانەدا پەيڕەودەبێ کە لايەنگيرو هاريکاری رێبازە تێکدەريەکەی ئێوەبوون لەماوەی دەسەڵاتداريە رەشەکەتاندا، بۆيە مێژو بەلەعنەتتان دەکات و بەدرێژایی مێژو بە پيتی پڕ لە شەرمەزاری رووداوەکانی ئەو خيانەتەتان دەنوسێتەوە کە دەستی ئێوە لەدژی دەوڵەتی سۆسياليستيی مەزنی يەکێتیی سۆڤيەت سيناريۆکانی پيلانە مەزنەکەی کێشا.
هەڵوەشاندنەوەی يەکیتیی سۆڤيەت و ونبوونی لەسەر گۆڕەپانی سياسیی نێودەوڵەتی لەئەنجامی پێکەوەکۆبوونەوەی کۆمەڵە هۆکارێکی ناوخۆیی و دەرەکيەوەبوو، واکەوتەوە هۆکاری دەرەکی کاريگەرو رێپيشاندەری هۆکاری ناوخۆییبێت، وێڕای ئەو ناپاکيە گەورەيەی لەسەرکردايەتیی حيزبی فەرمانڕەوادا دەرکەوت بەسەرۆکايەتیی گەرباچۆڤی خائن و تاقمە لەڕێلادەرەکەی، دواجار حيزبەکە بەرپرسە لەوەی لەمەوپێش و ئەمڕۆو سبەينێ بەسەرگەلی سۆڤيتدا هاتووەو دێت.

 

 

 

(( نۆکەرانی دەسەڵات"نفوز")) وداڕمانی دەوڵەتە مەزنەکە *

        پاشکۆيەکی تايبەتی
        وەرگێڕانی لەروسي و گوتەلەسەردانی: د.نجم الدلیمی*
        و.بۆ کوردی: جەلال دەباغ      
رۆژنامەی روسيی زافترا- سبەی لە ژمارەی ٢٨ی تەمووزی ساڵی ١٩٩٤دا هەواڵێکی بڵاوکردۆتەوە بە سەردێڕی پريماکۆڤ و نووسينگەی لێکۆڵينەوەی تاوانەکان-ی فيدراڵی(ئێف.بی.ئای) لە دژی ناوبراو بە ئێميس.
رۆژنامە روسيەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە دەزگای هەواڵگری ئەڵمانيای رۆژئاوا(باند- بی.ئێن.دی) راپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە لەبارەی رەوتی پڕۆسەی لێکۆڵينەوە لە (مەسەلەی ئۆڵدريج ئێميس) کەسايەتیی باڵا لە هەواڵگری ناوەندیی ئەمريکا کە ئارەزومەندانە گەلێک زانياریی گرنگی دايە دەزگای هەواڵگریی سۆڤێتی (کەی.بی.جی) کە پێش چەند مانگێک لەلايەن (ئێف.بی.ئای)ەوە دەستگيرکرا، رۆژنامەکە لێرەدا هەندێ شتی
گرنگ لەسەر بابەتەکە بڵاودەکاتەوە:                     

ئێميس لەسەرەتادا سەربە هەواڵگریی سۆڤێتی نەبوو، بەڵکو وەکو خۆی دەڵێ هاوکاریکردنی لەگەڵ (کەی.جی.بی) ئارەزومەندانەو لەسەرويستی خۆی بووە، لەبەر هەندێ هۆکاری رەوشتی و کەسايەتی قێزیهاتۆتەوە لە پياوانی هەواڵگریی نێوەندیی ئەمريکا (ئێف.بی.ئای) بەهۆی تەشەنەسەندنی دياردەی هاورەگەزگەرایی (هێمۆسیکسواڵ) و بەکارهێنانی داروی سڕکەرەوە.
دواجار ئەفسەرێکی دەزگای هەواڵگریی سۆڤيەت پەيوەندیی بە ئێميسەوە لە واشنتۆن کردووەو ئاگاداری کردووە کە سەرکردايەتیی هەواڵگری لە مۆسکۆ بڕياریداوە لەبری پێشکەشکردنی زانياری، خەرجیی ماندوبوونەکانی بداتێ، لەسەر ئەو بنەمايە ئێميس قايلبووە کە پارە وەربگرێت...، تەنيا دوو کەسيش هەبوون لە هەواڵگریی سۆڤيەتی کە زانياریی راستييان لەسەر ئێميس زانيوە، ئەويش زانياریی زۆر گرنگ و بايەخداری پێشکەشکردوون، کە راستەوخۆ گەيشتونەتە ڤلاديمير کرۆژيکۆڤ- سەرۆکی هەواڵگریی سۆڤێتی.، شايانی باسە ليستێکی بە ناوی ٢٨ کەسايەتیی ئاستی باڵای ناو دەزگای دەسەڵاتی سۆڤێتی داونەتێ کە ناوی لێناون نۆکەرانی دەسەڵات واتە(تابووری پێنجەم).
بەپێی هەڵسەنگاندنی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمريکا چالاکیی ئەمانە لە پێناو بەجێگەياندنی بەرژەوەندييە ستراتيژيەکانی ئەمريکادا زۆر بە کاريگەر دادەنرێ، لەو ناوانەی کە لەسەرەتای ليستەکەدا هاتوون ئەمانەن:-
ئەلێکساندەر ياکۆفلێڤ، يەڤگينی پريماکۆڤ، لەسەر بنەمای ئەم زانيارييانەی لەلايەن ئێميسەوە دراون سەرۆکی هەواڵگریی سۆڤێتی لە ساڵی ١٩٩١دا پوختەيەکی تاوانبارکردنی لە دژی ياکۆفلێڤ پێشکەشکرد.
بەمبۆنەيەوە دەڵێين کە ئەلێکساندەر ياکۆفلێڤ پێشان بۆ ماوەی ١٤ ساڵ باليۆزی يەکێتیی سۆڤيەت بوو لە کەنەداو پاشان گەرباچۆڤ لەسەرەتای حوکمەکەيدا لە فەرمانی باڵوێزی رايکێشايەوەو راستەوخۆ لە مەکتەبی سياسی حيزبی شيوعی دايمەزراندو کردی بە بەرپرسی کاری ئايديۆلۆژیی حيزب!!! ئينجا کرديە بەرپرسی بەشی پەيوەنديەکانی دەرەوەی حيزبی شيوعی، واتە بەرپرس لە پەيوەندیی لەگەڵ حيزبە شيوعيەکان و بزاڤی رزگاريخوازیی نيشتيمانی.پاش راپۆرتی سەرۆکی هەواڵگریی سۆڤێتی لە ئەندامەتی مەکتەبی سياسی لادراو گەرباچۆڤ کرديە بەرپرسی دەزگای بەڕێوەبەریی تايبەتی خۆی.ياکۆفلێڤ يەکێکبوو لەکەسايەتيە کاريگەرو گرنگەکانی تاقمەکەی سەرۆک يەڵسن-ژورنامۆردين، يەڵسن کرديە بەڕێوەبەری ئێزگەو تەلەفزيۆن کە بەتايبەتی تەرخانبوو بۆ بڵاوکردنەوە بە ئێزگە رووەو دەوڵەتانی يەکێتی سۆڤيەتی جاران، ياکۆفلێڤ بەيەکێک لە گرنگترينی ئەو کەسانە دادەنرێ کە ئێستا راگەياندنی حکومی روسی ئاڕاستەدەکەن.
بەڵام لە بارەی پريماکۆڤەوە ئەوەی زانراوە کاتی خۆی رۆژنامەنووسبوو، پاشان لە پلەی کارمەنديدا بەرزبۆوە وەک پەيامنێری (رۆژنامەی پڕاڤدا) لە ميسر لەسەردەمی(عەبدوناسر)دا کاری دەکرد، بووە بەڕێوەبەری پەيمانگەی رۆژهەڵاتناسی، بووە يەکێک لە راوێژکارە سەرەکييەکانی گەرباچۆڤ، بە تايبەتی بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بە حيزبە شيوعيەکان و بزوتنەوەکانی رزگاريخوازيشەوە، بەڵام ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی ئاسايشی نەتەوەیی روسيايەو لەلايەن يەڵسنەوە دانراوە، هەروا سەرۆکی بەشی دەرەوەی هەواڵگریی روسيايە، ئەوەی جێگای سەرنجە پريماکۆڤ پەيوەندیی گەرمی هەبو لەگەڵ پتر لە سەرۆکێکی عەرەب و سەرکردايەتیی حيزبە شيوعيەکانی وڵاتانی عەرەبی.
ئێميس سۆڤێتيەکانی لەوەش ئاگادارکرد کە کەسانێک هەن لە دەستەی شاخ نازارۆڤ بۆ بەرژەوەندیی هەواڵگریی ئەمريکا کاردەکەن..
دەبێ ئەوەش بزاندرێ کە هەموو ئەو زانياريانەی بواری ئاسايش کە راستەوخۆ دەگەيشتنە سەرۆکی هەواڵگریی سۆڤيەتی، ئەويش تەنيا دەيدانە ميخائيل گەرباچۆڤ.لە ساڵانی ١٩٩٠- ١٩٩١دا گەرباچۆڤ دەستی کردە پشتگوێخستنی سەرۆکی هەواڵگریی سۆڤێتی و گوێنەدانە ئەو زانياريە نهێنی و گرنگانە لە بارەی ياکۆلێڤ، پريماکۆڤ وشاخ نازارۆڤەوە...
پاش ئەوە بۆريس يەڵسن، يەفگينی پريماکۆڤی دانا بە سەرۆکی بەشی دەرەوەی هەواڵگریی روسی کە ئەويش راستەوخۆو بەرێگەی جۆربەجۆر دەستی بەگەڕانکرد بۆ زانينی سەرچاوەی ئەو زانياريانەی دەدران بە سەرۆکی پێشووی هەواڵگریی سۆڤێتی، بەتايبەتی ئەگەر زانيمان کە پريماکۆڤ خۆی، لە پێناو گەيشتن بەو ئامانجەدا لە نەريتی کاری هەواڵگری لايدا، لە ئەنجاميشدا شارەزايانی ئەمريکا لە دەزگای (ئێف.بێ.ئای) تەنيا بەرێگەی دەزگايەکەی پريماکۆڤ گەيشتنە ئۆڵدريچ ئێميس.
لەم بارەيەشەوە رۆژنامەی روسيی (سبەی) کە لە تەمووزی ١٩٩٤دا دەرچووە لەسەر ئەم رووداوانە نووسيويەتی: ئێميس وەک يەکێک لە مەزنترين و زيرەکترين سياسەتمەداران دەچێتە مێژوەوەو پياوی هەواڵگریی چەرخی بيستەمە کە بۆ بەرژەوەندیی يەکێتی سۆڤيەت کاری دەکرد، ئەو هەرچی وپەرچييانەی ئێميسيان فرۆشت وغەدريان لێکرد هەر ئەوانەبوون کە بۆ فرۆشتن و لەناوبردنی يەکێتیی سۆڤيەت کاريانکرد.
سەرنجدەرانی هەواڵەکان و رووداوەکانی روسيا(يەکیتیی سۆڤيەتی پێشوو) سەرۆکی پێشوی هەواڵگری سۆڤێتی(فلاديمير کروژکۆڤ) لە هاوينی ١٩٩١دا لەبارەی رۆڵ و چالاکيی نۆکەرانی دەسەڵاتەوە لە يەکێتیی سۆڤيەت راپۆرتێکی درێژی پێشکەش بە پەرلەمانی سۆڤێتیکرد، بەڵام پەرلەمان لەو کاتەدا کە گەرباچۆڤ سەرۆکی دەوڵەتبووهيچ کاروبارێکی تايبەتی لەوبارەيەوە ئەنجام نەدا، لەبەر ئەوە خوێنەران مافی خۆيانە بپرسن: چۆن دەکرێ هەموو ئەمڕوداوو بارودۆخ و پيلانانە لە دەوڵەتێکی مەزندا بەبێ بەربەست تێپەڕبن، ئەو لايەنانەش کە مەسەلەکەيان لامەبەستە هيچ کاروبارێکی فەرمی و نافەرمی لە پێناو پاراستنی دەوڵەتەکەياندا ئەنجامنەدەن.
لەو باوەڕەداين هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ پەرستن و يەکجار مەزن تەماشاکردنی سکرتێری حيزب و هەروەها گوێڕايەڵيی فەرمی بۆ سکرتێری حيزب و مەکتەبی سياسی کە خۆی بەکردەوە خاوەنی حوکمێکی بڕياردەرە، هەروا رانەهاتنی سەرکردايەتیی حيزب لەسەر بڕياردانێکی يەکلاکەرەوە لە چرکەساتێکی گرنگدا، بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرۆکی حيزب، پێدەچێ ئەمجۆرە حوکمە بۆتەهۆکاری نەمانی بوێری و ئازايەتی لە بڕياردانێکی گرنگ و راستدا لەلايەن چەندان سەرکردەوە لە لوتکەی حيزب و دەوڵەتدا، هەروا لەلايەن سەرکردە تايبەتمەنديەکانی ديکەوە، رۆڵی هەمووان بووە رۆڵی تەماشاکاری رەوتی پڕۆسەی روخاندن بەرێگەی پرێسترۆيکا- چاکسازی و، نهێنیی پلانەکانی گەرباچۆڤ- ياکۆفلێڤ- شيفێرنادزە.
شتێکی سەرنجڕاکێشە کە سەرۆکی کۆميتەی ئاسايش لە دۆمای دەوڵەت(پەڕلەمانی روسی) ڤيکتۆر ئيليۆخين جەختی لەوەکردەوە کە ئێمليس ناوی پتر لە سەد کەسی بردووە کەلە (کاتی خۆيدا) لە لوتکەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و قانوندانەردابوون و بۆ بەرژەوەندیی خۆرئاوا کاريان کردوەو ئەوانە هێشتا تا ئەمڕۆش رۆڵەکە دەگێڕن و هەر لەو پلە مەترسيدارانەدا ماونەتەوەو دەزگای (ئێف.بی.ئای) گشت ئامڕازە تايبەتييەکانی خۆی بەکاردەهێنێ بۆ فشارخستنە سەرنۆکەرانی دەسەڵات لە پێناو جێبەجێکردنی پلانە بەرنامە بۆ دارێژراوەکەدا.

 

سەرچاوەکان
١- گۆڤاری شيوعی، ژمارە(١) کانونی دووەم- شوبات، ساڵی ٢٠٠٤،     ل٩٤ بەزمانی روسی.
٢- گۆڤاری الطاهرة"پاکژ"، ژمارە(١٤٨) ئابی ساڵی، ٢٠٠٤ل٢٥.

٣- رۆژنامەی پڕاڤدا- روسيا، ژمارە(٢٣) لە٩- ١٥/٦/٢٠٠٥بە روسی.

٤- رۆژنامەی ئابوری، ژمارەی ٥، تشرينی يەکەم، ساڵی٢٠٠٥بە روسی.

ۆژنامەی روسيای سۆڤێتی، ١٣/١٠/ ٢٠٠٥بە روسی.ر -٥

  ساڵی ٢٠٠٥ بەروسی.رۆژنامەی پاتريۆت، ژمارەی٢٨، -٦

٧- شالنايڤ، س.ب، کێ لە هەڵوەشاندنەوەی يەکێتی سۆڤيەت بەرپرسە،     ساڵی ٢٠٠١، مۆسکۆ، بە زمانی روسی.
٨- رۆژنامەی سبەی، ژمارەی (٣)، ئاب، ساڵی٢٠١٠ بەزمانی روسی.

٩- رۆژنامەی روسيای سۆڤێتی، ١١/٥/ ٢٠٠٥ بەزمانی روسی.
١٠- رۆژنامەی روسيای سۆڤێتی، پاشکۆ، ژمارەی ٦٩، لە ٧/٧/٢٠٠٥     بە زمانی روسی.
١١- گۆڤاری دێبات، ژمارەی ٨، ئاب، ساڵی ٢٠٠١ ل٩، .هەروا ژمارەی    ٧، تەموزی ساڵی ٢٠٠٤ ل ٥٧ بەزمانی روسی.

١٢- گۆڤاری دێبات، ژمارەی ١٢، کانونی يەکەمی ساڵی ٢٠٠٣، ل١٣ بە    زمانی.
١٣- نادێژدا گاريفۆلينا، لەدژی زيۆگانۆڤ، موسکۆ، ساڵی ٢٠٠٤، ل٧٤٦

   بەزمانی روسی.

  • رۆژنامەی پاتريۆت، ژمارەی ٤٠ ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٠٥بە روسی
    ١٥- رۆژنامەی أنباء موسکو، ژمارەی ٤٥ ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٨٧.
    ----------------------------------
    * ئەم وتارە لە رۆژنامەی نضال الشعب ی حيزبی شيوعی سوريا ژمارەی ٥٨٨ لە ٢٥/١١٩٩٦دا بڵاوکراوەتەوەو هەندێ شتی گرنگ و بەرنامەداری لەسەر زيادکراوە کە راست و دروستی ئەم بەڵگەنامەيە پشتڕاست دەکاتەوە.
    ** گينادی بۆربۆليس، دکتۆرا لە فەلسەفەدا، مامۆستای کۆمونيستیی زانستی، يەکێک لە تێئۆریزانەکانی پرێسترۆيکاو چاکسازی، يەکێک لە هەرە نزيکەگرنگەکانی سەرۆکی پێشوی روسيا بۆريس يەڵسن، يەکێکە لە ((نۆکەرانی دەسەڵات)) و ئەندامی ئەنجومەنی ماسۆنی لە مۆسکۆ.
    * ئەم وتارە لە رۆژنامەی الغد الديمقراطي، ژمارەی (١١٩) ی سەرەتای کانونی دووەمی ١٩٩٥بڵاوکراوەتەوە.

 

  1. This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.