دەسەڵاتدار خۆی نەخۆشە. . چونکە نابەرهەمهێن و مشەخۆرە، جا وەرەو دەسەڵاتدار بنەماڵەیی و خێڵەکییش بی!!!

دەسەڵاتداران - وە تایبەتییش سەرۆک و مەرۆک و وەزیر و گزیرەکان - لە تێکڕای جیهان کە هەردەم کەسانی (گەندەڵکار و ستەمگەر و کۆلەوارن) تا کۆتاییەکانی هەشتایەکانی سەدەی بیستیش تەنێ لە لایەن کەسە هۆشمەندەکانی نێو کۆمەڵ وەک خۆیان دەناسران. . ئەو کەسە هۆشمەندانەش کە زۆربەی زۆریان لە چینە هەژار و چەوساوەکان بوون و هەردەم ژمارەیەکی زۆر زۆر کەمی نێو کۆمەڵ بوون. . لە بەرانبەریشیان یەک لەشکری گەورەی خەڵک هەبوون دەسەڵاتدارانیان وە کەسانی زۆر زیرەک و فریادڕەس دەهاتە بەرچاوان و زۆر رێزیشیان لێدەگرتن!

 

لە ماوەی ئەو بیست تا بیست و پێنج ساڵەی دواییدا لە ئەنجامی پێشکەتنە زانستییەکان و بەرفراوانبوونی پەیوەندییەکان و خێرایی دەستڕاگەیشتن وە زانیارییەکان بارودۆخەکە زۆر گۆڕایە. . ئێستا کەم کەس هەیە لەوە تێنەگەیشتبی کە بەرپرسانی نێو دەسەڵات لە کۆمەڵە مشەخۆرەک پتر بترازێ هیچی دیکە نین. . هیچ بەرپرسیارییەکی بەڕێوەبردنی کۆمەڵیان لەسەر شان نییە و تەنێ بەرپرسی پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیانن. . بێ ئەوەی شانیان گەرم دابێ و هیچ بەرهەم بهینن خۆشگوزەرانترین ژیانیان هەیە وە بەراورد وە ژیانی زۆرینەی کۆمەڵ!

 

سەرەڕای ئەو ناسینەی بەرپرسانیش لە لایەن خەڵکەوە هێشتا دەسەڵات هەر وە دەست ئەوانەوەیە و چینە چەوساوەکان نەیانتوانیە قاویان بدەن و وەک ڤایرۆسەکی پیس لە جەستەی خۆیانی دابماڵن! کاریگەرترین هۆکاریش هەر ئەوەیە کە ئەوان سەرجەمی توانستە مادییەکانیان داگیر کردیە و لە رێی پاسەوانە بەکرێگیرایەکانیشیان - سەرباز و پۆلیس و سیخوڕ - تا یەک جار - ئەویش وە شێوەیەکی رووکەشییانە - ئاسایشی خەڵک دەپارێزن هەزاران جار ئاسایشی ژیانی خۆیان و سامانەکانیان دەپارێزن.

دیارە ئەو بارە هەر بەو جۆرە درێژە ناکێشی. . چونکە وەک ئەوەی ئێستا دەیبینین تا دێ ناڕەزاییەکان لە سەراسەری جیهان بەرفراوان و بەرفراوانتر دەبنەوە. . پێشبینیی ئەوەش دەکرێ لە ماوەیەکی دیکە کە وێناچی دوور بی ئەو ناڕەزاییانە لە شێوەی رابوون و سەرهەڵدانی گەورە گەورە لە وڵاتە زلهێزەکان بتەقنەوە و پاشانیش سەرجەمی جیهان بتەننەوە، کەس ناتوانی لە ئێستاوە قورسایی ئەو گۆڕان و وەرگۆڕانە چاوەڕوانکرایە بخەملێنی. . وە پێی رامانی خۆم ئەگەر کۆتایی بەو دەسەڵاتە مافیاییەی سەرمایەداران و بازرگانان نەهینی و زۆربەی دسەڵاتەکان نەخاتە دەست خەڵک ئەوە بێگومان تەکانەکی زۆر گەورەتر لە ئی شۆڕشی مەزنی ١٩١٧ وە ژیانی پێشڤەڕۆیانە دەدا و چەسانەوەکان پووچ و پووچتر دەکاتەوە و پێ وەپێ دەسەڵاتی کەمینە لەبار دەبا تا دەگاتە ئەوەی ململانێی مرۆڤ دەگەڵ مرۆڤ وە یەکجاریی کۆتایی پێ دێ و تەنێ ململانێی مرۆڤ دەگەڵ سروشت دەمینێتەوە.

هەڵبەتە لەو نێوەشدا کورد و گەلانی دیکەی کوردستان دەیانەوێ جێپەنجەیان لەو سەرهەڵدان و وەرگۆڕانەدا دیار بی و بای ئەوەندەش خەڵکی هۆشیار و شۆڕشگێڕیان تێدا هەیە. . لێ وە داخەوە دەسەڵاتداران و بەرپرسانی حیزبە باڵادەستەکانی نێو تێکڕای کوردستان تا ئەو رادەیە لە دەسەڵاتدارانی وڵاتان کۆلەوارتر و پاشداماترن کە زۆر ناشیا و نابەجێیە وە بەرپرس یان دەسەڵاتدار ناویان ببردرێ! لەبەرهەندێ گەللەک ئەستەم و قورسە خەڵکی کوردستان بتوانن رۆڵی پێویستی خۆیان بگێڕن، ئاخەر هێشتا لە کوردستان وە تایبەتییش لە باشوورەکەی:

 

سەرکردە و بەرپرسە باڵادەستەکانی کوردستان لەسەر بنچینەی پەیوەندییە خێڵەکیی و بنەماڵەییەکان دیار دەکرێن و وەسەر میللەت دادەسەپێندرێن. . ئەوەتە چەندین ناوی وەک (مەسعود و نێچیروان و مەسرور و مەنسوور و ئەدهەم و دڵشاد و سیروان و. . . هتد لە بارزانییەکان، هێرۆ و قوباد و پاڤێڵ و شاناز و لاهور و لەتیف رەشید و ئاڵا و. . . هتد لە تاڵەبانییەکان، بەیان سامی عەبدولڕەحمان، سەفین دزەیی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، چنار سەعد عەبدوڵا، گەشە دارا حەفید و دەیان ناوی دیکە) بێ ئەوەی هیچ توانا و لێوەشاوەییەکیان هەبی تەنێ لەبەرئەوەی نەوەی بنەماڵەکانی سەرکردەکانن ئەو پێگە و پۆستانەیان داگیر کردیە!!! ئەوە سەڕەڕای ئەوەی:

- کەسە ملکەچ و بوودەلەکانی نێو حیزبەکانیانیش تەنێ وە بڕیاری ئەوان دەکرێنە سەرکردە و بەرپرس و پۆستەکانیان وەسەر دابەش دەکرێ.

- تێکڕای چەکدارە تاوانبارە کوردە خۆفرۆشەکانی سەردەمی بەعسییەکان لە لایەن ئەو بەرپرسە نابەرپرسانەی خێڵ و بنەماڵەکان داڵدە درانە و پۆست و بەرپرسیارییان پێ بەخشرایە!

- زۆربەی ژنکوشتنەکانی کوردستان بە پشتگیریی ئەو بەرپرسە پیاوسالارانە ئەنجام درانە و هەر ئەوانیشن لە کاتی تەنگانەدا وە هانای ژنکوژەکانەوە دەچن و لە زیندانەکان ئازادیان دەکەن و لە لای خۆیان داڵدەیان دەدەن!

- هەر ئەو بەرپرسانەشن رێک وە پێجەوانەی تێکۆشەرە ئازادییخواز و پێشڤەڕۆیەکان پارێزگاریی لە پاشادامایی و دابونەریتی دینیی دەکەن چونکە دینەکان وەک باوەڕ و پێکهاتەی خۆیان کاریگەرییەکی زۆریان هەیە لەسەر دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە نێو نەوەکان!

 

 

daraxunce@yahoo. com