ئیدی پێویستە واز لەوە بهینین کە دیموکراسیی واتە ''دەسەڵاتی گەل''. . چونکە ئەوە سەدان و هەزاران ساڵە دەیجوینەوە لێ لە هێلکەیەکی پیس پتر بترازێ هیچی دیکەی لێ وەبەرهەم نەهات، ئەوەش لەبەرئەوەیە چونکە دیموکراسیی هەرگیز زادەی رامان و بیرکردنەوەی هیچ جۆرە بزاڤەکی مرۆڤە چەوساوەکان نەبووە و تەنێ چەوسێنەران بنیاتنەر و خاوەنی بوونە. . هەر لە سەرەتای وەدەرکەتنیشیەوە لە سەردەمی پڕژان و رسکانی رەوتی فەلسەفەی یۆنانییەوە تا دەگاتە سیستەمی جیهانگیریی و کەڵەگایی ئەوڕۆی دەسەڵاتدارە زلهێزەکانی جیهان. . هەرگیز دیموکراسیی رۆژەک لە رۆژان دەرفەتی هەناسەدانی هزر و رامانە چاک و جوانەکانی مرۆڤە خۆبەخش و تێکۆشەرەکانی نەدایە. . چونکە ئەو خاوەن هزر و رامانانە لە نێو سیستەمی چەوسێنەردا هەمیشە کەمینەیەکی زۆر کەمی نێو کۆمەڵن. . لە بەرانبەریشدا کرۆک و گەوهەری دیموکراسیی هەڵبژاردن و زۆرینەی دەنگی هەڵبژاردنەکانە. . ئیدی هەر نەزانەکان و ئەو کەسانەی کە لە ژێر گوشاری (ژیان و نانبڕین و گۆشەگیرکردن و توندوتیژییە جۆراوجۆرەکان) دان زۆرینە دەردەچن و دەیبەنەوە.

رەنگە هێندەک کەس ببێژن: ''ئاخەر کێشەکە ئەوەیە شێواز و سیستەمی هەڵبژاردنەکان ناتەواوە لە لایەک و لە لایەکەی دیکەش لەبەرچی خەڵک ناچار بکرێن لە ژێر ئەو گوشارە ناوبرایانە ملکەچ بکرێن دەنگ بدەن!؟''!، جێی خۆیەتی لە بەرانبەر ئەو پرسەدا ببێژین (بیانووی تڕ نانی جۆیە)! جا ئەگەر شێواز و سیستەمی هەڵبژاردنەکان تەواو بن و بتواندرێ رێ لە گوشارەکان بگیردرێ ئەوە خۆبەخۆ دەبینە خاوەن ئایدیۆلۆژیایەکی یەکسانییخوازانەی مرۆڤە چەوساوەکان. . ئەو کاتەش کە ئەو ئایدیۆلۆژیایە سەرکوت ناکرێ ئەوە تەنێ ئەو کەس و لایەنانە دەتوانن باشترین خۆشگوزەرانیی و ئازادیی و ئاسوودەیی بهێننە دی کە هزر و رامانی چاک و جوانیان هەیە با کەمینەیەکی زۆر زۆر کەمی نێو کۆمەڵیش بن. . ئیدی ئەوەش نە پێی دەگۆتری دیموکراسیی و نە دیموکراسیی زۆرینەش پێویستی بوونی دەمینێ چونکە سوود لە دیاردەیەک نابیندرێ کە دەستکردی چینە چەوسێنەرەکانە و تەنێ لە پێناو خرکردنەوەی زۆرینەی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکانیان بانگەشەی دەکەن و دەیانەوێ لە رێی گوشار و ملکەچکردنەوە جێبەجێی بکەن و دایبسەپێنن.

 

مایەوە ببێژین ئەگەر هەر وە هومێدی دیموکراسیی بین ئەوە هەر دەبی چاوەڕوانی ئەو دەستکەوتانەی بین وەک ئەوەی کە ئێستا لە سەرتاسەری جیهان دەیانبینین؛ شاژنی بەریتانیا هێڵی سۆرە! دینی ئیسلام و پێغەمبەرەکەی هێڵی سۆرن! جولەکە سەرمایەدارەکان و تێکڕای لۆردەکانی جیهان هێڵی سۆرن! وە ناو کۆمۆنیستەکانی چین هێڵی سۆرن! داعش و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە هێڵی سۆرن! ئاسایشی نەتەوەیی دەسەڵاتی ئەمەریکا هێڵی سۆرە! و. . . هتد.

 

لە کوردستانیش لێدوان لە سەربەخۆیی یەک میللەتی ٥٠ ملیۆن کەسیی لە بەرانبەر دیموکراسییە نازدارەکە و مافە مرۆڤە نایابەکەی هێڵی سۆرە! لە نێوخۆش هەر کەسەک لە دەسەڵاتی پتر لە بیست ساڵەی (بارزانی) بدوێ هێڵی زۆر زۆر سۆرە و بەر بۆکسان دەدرێ ئەگەر بەوەش هۆشی نەهاتەوە بەر ئەوە راودەندرێ. . جا ئەگەر نەیتوانی پەڕاگەندەی هەندەران ببی ئەوە یان دەبی ملی خۆی شۆڕ بکا و لە ژێر رۆشنایی داهێنانەکانی (خێڵ و بنەماڵە و نێرسالاریی و زانستە گرنگ و پڕ بایەخەکانی نێو قورئانەکەی داعش و داعشییە نێوخۆییەکان!) بژی یان نێو دەوی پڕ گوللە دەکرێ!

 

daraxunce@yahoo.  com