خەریکە دەنگوباس قووتمان دەدا!

لە نێو ئەو بەزمورەزم و گەڕەڵاوژێیەی شەڕی دژە داعش کە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و رۆژاوا و هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکە بەرپا بووە و هەر ئەوانیشن درێژە وە شەڕەکە و مانەوەی داعش - سوپای ئیسلام - دەدەن. . دەنگوباسەکان بێجگە لەوەی زۆر بێزەوەر و پڕ لە درۆ و دەلەسە و زۆر بێزارکەرن هێندە زۆرن هێندە زۆرن خەریکە تێکڕای ژیانمان داگیر دەکەن و قووتمان دەدەن. . هەڵبەتە مەبەستم لە پەخشکردنی دەنگوباسەکانی گیانبەخشینی چەکدارە تێکۆشەرەکانی کوردستان - کۆبانێ تا جەلەولا - نییە بەڵکە وە پێچەوانەوە پێویستە ئەو دەنگوباسانە زۆر پتر بڵاوبکرێنەوە تا رادەی ئەوەی کە ببنە وێردی سەر زاری هەمووان چونکە ئەوان توانیان لە نێو ئەوپەڕی برسیێتیی و بێ توانستیی مادییدا وە خوونی خۆیان پارێزگاری لە ماف و ئازادییەکانی خەڵک و ئایندەی سەربەخۆیی کوردستان بکەن و لە بەرانبەر مێژووی رەشی پتر لە بیست ساڵەی (سەرۆک مەرۆک و بەرپرسە گەندەڵکار و ستەمکارەکانی کوردستان) مێژووی گەشی بەرخۆدانی گەلەکەمان و تێکڕای مرۆڤایەتیی بنووسنەوە. . لە هەمووشی گرنگتر و پڕ بایەختر یەک زەبری گورچکبڕیان خێواندە (نێرسالاریی و پاشدامایی دینیی) و وەرگۆڕانەکی مەزنیان لە تێکۆشانی یەکسانییخوازیی ژنان ئافەریدە کرد.

 

نووچە بدە و مووچە وەربگرە!

 

پەیامنێران و بێژەران و تێکڕای ئەوانەی لە نێو ئەو میدیایە چەواشەکارییەی ئێستای کوردستان خەریکن وە پێی بەرژەوەندییەکانی بازرگانان و سەرمایەدارە مشەخۆرەکان دەگوباسان دەهۆننەوە و خەڵکی پێ ژارباران دەکەن. . هەر ئەوەن کە وە ناچاریی دەرباری حیزب و حکومەتن و دەستەودامەن لە خزمەت بەرپرسە ناپەرپرسە گەندەڵکارەکان و خاوەنکارەکانیان رادەوەستن و هەمیشە لەدووی پارووی چەور و چەورتر لە دامودەزگە میدیاییەکان جێگۆڕکێ دەکەن و لە هەر جێیەک وە پێی بارودۆخەکان بۆق ئاسا رەنگی خۆیان دەگۆڕن، پێش دامەزرانیان وەک شۆڕشگێری زۆر سەرسەخت و زۆر پێشڤەڕۆیانە پەیام و بانگەوازان پەخش دەکەنەوە. . لێ هەر کە دەگیرسێنەوە و جێگیر دەبن ئیدی وەک کۆیلەی زۆر ملکەچ و زۆر پاشداما دەنگی شەیپووریان دەگاتە ئاسمانان، زۆر وەلایانەوە ئاساییە لەوڕۆدا تا لە توانایاندا هەیە لە پەسن و ستایشی ئەو لایەنەدا بن کە خاوەنی دەزگەکەیانن و سبەینێش کە دوژمنانی ئەو لایەنە دەبنە خاوەنی دەزگەکەیان ١٨٠ پلە وەردەسووڕێن و وە هەمان شێوە دەکەونە پەسن و ستایشی ئەوانیش چونکە لە کنە وان میدیا هەر ئەوەیە نووچە بدەی و مووچە وەربگری!!! نموونەی ئەو میدیاکارنە کە ئەوەی رەوشت و رەفتاری رۆژنامەنووسییە نیانە زۆر وە زەقیی لە نێو دەزگە میدیاییە حیزبییەکانی پارتی و (یەکێتیی - گۆڕان) و دەزگە وە ناو (ئەهلیی و ئازاد)ە وابەستەکانیان بوونیان هەیە. . (رووداو) وەک دەزگەیەکی پارتی بێجگە لەوەی لە خزمەتی داگیرکەرە عوسمانییەکان دامەزرایە سەرتۆپی هەمووانە لەو رووانەوە!

 

تێکڕایان بێژەرن و کورتەی دەنگوباسان دەخووننەوە!

 

ئەو بارەی میدیاکارانی کوردستان وە پێی ئەوەی کە دەسەڵاتی کوردستانیش یەک پنتە - هەڵبەتە یەک پنتی زۆر گچکە و پەڕپووت - لەو دەسەڵاتە جیهانییەی کە تێیدا میدیا شەیپووری دەسەڵاتدارانە. . تا رادەیەک ئاساییە چونکە وەک ئەو دیاردەیەی کە لە لایەن خەڵکەوە ناحەز و دزێوە میدیاکارانی وڵاتانی دیکەش هەر بەو جۆرەن و تەنێ لە رووکەشدا هێندەک جوایەزن، هەروا ئەوەش ئاساییە کە ئەو میدیاکارانە وە هۆی ئەو بارودۆخەیان دەخوازن میدیا تەنێ لە دەنگوباس چڕ بکەنەوە و شەو و رۆژ لە ٢٤ کاتژمێردا ٢٥ کاتژمێر هەر دەنگوباسان وە بیسەران و بینەران بفرۆشن چونکە دەنگوباس ئاسانترین کاری میدیای چەواشەکارە و نە هۆشیارییەکی ئەوتۆی گەرەکە نە ئامانجیشی هۆشیارکردنەوە و پەروەردەکردنی خەڵکە. . لێ هیچ ئاسایی نییە و زۆر ناجۆریشە هەر لە ژێر گوشاری ئەو (رێژە زۆر و نێوەرۆک پووچیی)ەی دەنگوباسدا تێکڕای ئەوانەی پێویستە قسان بکەن یان لە میدیایەکان دەردەکەون؛ (چالاکوان. . پارێزەر. . هونەرمەند. . لێکۆلەر. . راوێژکار. . پزیشک. . شانۆکار. . وەزیر. . نووسەر. . ئەندام پەرلەمان. . چەکدار. . سیاسیی. . مامۆستا. . دادوەر. . هونەرمەند. . بیرمەند و. . . هتد تەنانەت سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی وەزیران و سەرۆکی وڵاتیش) هەر هەمووویان تێکڕایان ببنە بێژەر و پەیامنێر! لەباتی ئەوەی دوو قسەی وە سوودی ئەوتۆ بکەن کە لە کار و پیشەکانیان بوەشێتەوە تەنێ کورتەی دەنگوباسەکان دەخووننەوە و (ئاوێ بینن و دەستان بشۆن)!!!

 

 

daraxunce@yahoo. com