سەردەمەک بوو رێکار و رێوشوێنەکی وەها وەسەر زۆرینەی خەڵک داسەپێندرابوو کە ناچاریان کردبوون لە بەرانبەر (پارت و جۆرەکانی) و (دین و جۆرەکانی) هەروا ئەوانەی پێیاندەگۆترێ (رۆشنبیران و جۆرەکانی) ملکەچ بکەن و وەک پێویستییەک پێیانەوە پابەست ببن، لێ هەنووەکە لە پاش (قوربانییدانەکی یەکجار زۆر لە لایەن چینە بندەست و هەژارەکان و پێشڤەچوونی فرە خێرای زانست و تەکنەلۆژیا) ئیدی کەس ملکەچی ئەوە نابی کە:

  • پارت وەک خاوەن کۆیلە یان وەک خێڵی سەردەم هەڵسوکەوت لەگەڵ (ئەندام - کۆیلە)کانی دەکا و کۆمەڵەک گەندەڵکار و رامیارباز وە ناوی سەرکردایەتیی پارت و دەستەبژێری رامیاریی بەردەداتە گیانی خەڵک و دایاندەدۆشن. . ئەگەر بەرانگژیش ببنەوە ئەوە لە نێو شەڕە ساردەکان و شەڕە گەرمەکانیان دایاندەپلۆسن، کەچی لە راستییدا پارت و پارتایەتیی نەک هەر لە بنەڕەتەوە هەبوونیان پێویست نییە بەڵکە رێگرەکی فرە مەزنیشن لە پێش هۆشیاربوونەوە و سەرجەمی ماف و ئازادییەکان.
  • دین وە هەموو جۆر و رەنگەکانیەوە وە تایبەتییش هێندەک دینی فرە پاشڤەڕۆی وەک (جوولەکە و ئیسلام و ئێزیدیی و. . . هتد) کە لە کونی تەنگ و تەسکی پەرستگەکان تەماشای هەر تشتەک دەکەن و ژیان و خەباتی خەڵک بەرتەسک دەکەنەوە. . سەرەنجام کۆمەڵی مرۆڤ وە هەژاریی و دەستتەنگیی لە نێو چاخە تاریکەکان رادەگرن و وە ئارەزووی خۆیان شەڕوشۆڕان هەڵدەگیرسێنن و کارەسات وە کارەسات دەسپێرن!
  • رۆشنبیران - واتە هەموو ئەوانەی دەیانەوێ لە رێی وشە و فەرهەنگەوە وە تایبەتییش (ئەکادیمییەکان وەک چەقەچەقکەر و مێژوونووسەکان وەک گەورە درۆزنان) خۆیان لەسەر خەڵک دەکەنە مامۆستا و لەسەر هێزی بیر و بازووی کارگەران دەژین و لە پشت مێز و دەزگەکانیان نانی تەوەزەلیی دەخۆن - خەڵک لەخشتە دەبەن و لەسەر پەنجەی خۆیان دەیانسووڕێنن واتە دەیانبەنە سەر ئاوێ و ئاویشیان نادەنێ و دەیانگەڕێننەوە.

هەرچەندە هەنووکە وەها دێتە بەرچاوان کە زۆرینەی خەڵک خۆیان بڕوایان وە پێویستبوونی (پارت و دین و رۆشنبیران) هەیە و وە خواستی خۆیان پێیانەوە پابەستن. . لێ ئەمن فرە دڵنیام - دڵنیابوون هەر وە قسە نا بەڵکە وە بەڵگەوە - لەوەی کە ئەوە دیتنەکی رووکەشانەیە بەڵکە وە پێچەوانەوە زۆرینەی خەڵک لە ناخەوە بڕوایان بەو سێ پێکهاتە نەمایە و وە ناپێویستیان دەزانن. . لێ دەسەڵاتدارانی نێو ئەو سێ پێکهاتەیە لە رێی نابڕین و زەبروزەنگ و توندوتیژییە جۆراوجۆرەکانەوە هێشتا هەژموونیان وەسەر خەڵک هەیە و دەرفەتی دەربڕینی تێڕوانین و خواستەکانیان نادەن.

تا دێ ئەو سێ پێکهاتەیە بەرەو پووکانەوە دەچن، ئەگەر کوردستانی باشوور وەک نموونەیەک وەربگرین - دەگەڵ ئەوەی کوردستان وە هۆی ستەمە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی هێشتا زەمینەی ئەو پێکهاتانەی تێدا بەهێزە - دەبینین دوو دەیە بەر لە ئێستا کەم کەس هەبوون دەستبەرداری ئەو پێکهاتانە بووبن. . کەچی ئێستا هەزاران کەس لە گۆڕەپانەکە هەن و زۆر وە خێراییش پتر و پتر دەبن.

ئیدی زۆر گرنگە کەسانەک کە وە تەنگ ماف و ئازادییەکانی میللەتەکەی خۆیان و مرۆڤپەروەرییەوەن دەستپێشخەر بن و چەندەی دەکرێ زووتر خۆیان لەو پێکهاتە بەدخوو و ئاڵودەبووانەی نێو کۆمەڵ رزگار بکەن و کارتێکردنەکانیان لەسەر کۆمەڵ پووچەڵ بکەنەوە تا هەر تاکەک بتوانی وە ئازادیی خۆی پەل بەرەو بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیان رابکێشی و هەمووشیان پێکەوە کۆمەڵ لە جوانیی و هەمەڕەنگیی بگرن.

٢٢\٢\٢٠١٦ - لەندەن

daraxunce@yahoo. com