ئەوانەی لە نێو بازنە یان سێگۆشە قەتیس دەبن وە هۆی هەبوون یان نەبوونی چەق پەڕپووت دەبن و هەرگیز گۆڕان ناناسن!

گٶڕان لە هەر تشتەکدا پاش رەوتەکی تۆکمە و چەپکە رێکارەکی هاوتا و هاوتەریب بەرجەستە دەبی و وەک وەرگۆڕانەک دەچەسپێ کە هەم کارلێکی دەرەکیی گەرەکە کە رەنگ لەسەر نێوەرۆک دەداتەوە هەم دەمەکی دیارکراو و جێیەکی لەباری گەرەکە، هەڵبەتە هێندەک جار و لە هێندەک بار ئەو رێسا و رێوشوێنە لە هەر گۆڕانەک جێبەجێ نابی یان نیمچە جێبەجێ دەبی.

ئەگەر تەماشای گۆڕانی تشتە زیندییەکان بکەین دەبینین جوایەزە لە ئی تشتە نازیندییەکان. . وە گوزارشتەکی راستەوخۆتر گۆڕانی مرۆڤ جودایە لە ئی بەردەک یان دارەک یان کەش و ژینگەی سروشتی ناوچەیەک. دوان لە گۆڕانی ''نازیندییەکان'' و ''گیاندارە رووەکیی و ئاژەڵیییەکان'' جێی نیاز نییە لێرەدا - ئەگەر ژینگەپارێزان و کەسکەکان و رووەکخۆران سەرچیغ لێم تێنەگەن - چون ئەو گۆڕانە لە دەرێی خواست و توانستەکانی مرۆڤە مەگەر ئەوە نەبی کە سەردەمانەکی لەمێژ نییە هێندەک جار مرۆڤە دەسەڵاتدارە ستەمگەرە بێ هەست و سۆزەکان لە رێی داگیرکردنی زانستەوە لە پێناو بەرژەوەندییە خودپەرستییەکانیان مرۆڤ و ئاژەڵ و کەشوهەوا و دار و بەرد قرچوبڕ دەکەن و سەرەنجام هێندەک گۆڕانی نەرێنیی وەسەر ژینگەدا دەهینن.

گۆڕانی مرۆڤەکانی کۆمەڵەک جودایە لە ئی مرۆڤەکانی کۆمەڵەکی دیکە. . وەک نموونە؛ وە هۆی بندەستەیی کورد لە رووی نەتەوەیی و نیشتیمانیی گۆڕانی کەسەکی کورد زۆر جودایە لە کەسەکی ئەو میللەتانەی کە ئەو کێشەیان نییە - رەنگە یەکسانییخوازە رووکەشەکان ئەوە هەرس نەکەن -. ئەوەی پێاندەگۆتن ''جاش'' - دەگەڵ رێز و خۆشەویستییم لۆ گێدرێژ - لەوان دەمان کەسانی نەرێنێ بوون و ئێستاش هەر ئەو کەسانە لە پاش راپەڕینی ١٩٩١ شەڕ لەسەر ئاڵای کوردستان دەکەن و هەر ناڕازیی و رەخنەگرەک وە دەستی دەرەکیی یان سەرلێشوا و بێ رەوشت و گومڕا دەزانن و خۆشیان پاسەوانی بەر دەرکی چەند بنەماڵەیەکی وەک بارزانی و (تالەبانی - بلە) و ئیسلامییە تاریکبینەکانن. . لە هەردوو دەمدا هیچ گۆڕانەکیان وەسەردا نەهاتیە و هەر کەسانەکی بەلەنگاز و هاڕدرای نێو کۆمەڵن. . سبەینێش ئەگەر دەسەڵاتەکی یەکسانییخواز دابمەزرێ ئەوە دیسان دەمامکەکی دیکە دەپۆشن.

لەبەرئەوەی پێشێلکردنی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان تێکڕای چین و توێژەکانی کۆمەڵ - هەر لە بێکار و بێبەشەکانەوەڕا تا دەگاتە سەرمایەدارە هەرە زلەکان - پێیەوە دەناڵێنن. . هەموو ئەوانەی دەبنە بەرهەلستکار - بێجگە لە کەمایەتییەکی کەم کە دەر و دەروونیان گۆڕانی وەسەردا دێ و دەبنە بەرهەڵستکاری راستەقینە - ناچار دەبن تەنێ لە رووکەشدا خۆیان وەها پێشان بدەن کە دڵسۆزن و لە پێناو راستییەکان و ئامانجەکانی میللەتەکەیان تێدکۆشن. . وەبیرم دێ ئەو دەمانەی پێشمەرگە بووم (١٩٨٥ - ١٩٩٢) و ملی خۆمان لە چەقوو دەسووی زۆر پێشمەرگە هەبوون دەیانگۆت: ''بەس کوردستان رزگار ببی هیچی دیکەمان ناوێ. . لۆ خۆمان لە فەرمانگەیەک یان لە شەقامەکان دەبینە گێسک لێدەر''! کەچی پاش ئەوەی کوردستان نیمچە رزگارییەکی وەخۆیەوە دیت ئەوانە هەموویان بوونە گەورەترین بەرپرسی گەندەڵکار و ئێستا ئەگەر هەموو کوردستانیان وەسەر دابڕووخێنی ئامادە نین دەستبەرداری پێگەکانیان ببن!

لە هەمووی ئەستەمتر گۆڕانی جیهانبینییە کە فرە ناڕۆن و تەمومژاوییە. . جیهانبینیی - هزریی و فەلسەفیی -ی هەر کەسەک جێی گومانە. . چون زۆربەی دەمەکان مرۆڤەکان - بێجگە لە شۆڕشگێڕە توندڕەوەکان - لە نێو دەسەڵاتە ستەمگەرەکان ناچار دەکرێن لە پێناو مانەوە و بژێوی ژیان وە شێوەیەکی رووکەش جیهانبینیی خۆیان بخەنەڕوو و لە ناخەوەش سەر وە جیهانبینییەکی دیکە بن جا وە پێی رەوشەکان و توانستەکانیان نەڕێنییەکە دەخەنەڕوو و ئەرێنییەکە لە هندوڕیان کپ دەکەن هەروا وە پێچەوانەشەوە.

لە کنە من عەنتیکە نییە کەسەکی یەکسانییخوازی فرە توندڕەو لە کتوپڕەک خۆی وەها نیشان بدا گۆڕایە و لە دەستپێکی قسان وە قسە پڕوپووچەکانی عیسا. . ئەفلاتوون. . محەمەد. . زەردەشت. . گاندی. . نیچە. . فۆکۆ. . ژیژک و. . . هتد دەستپێبکا. . سبەینێش کە بارودۆخەکە دەگۆڕێ دیسان پێچەوانەی بکاتەوە. . چونکێ ئەز دەزانم هیچ چارەیەک نییە و ئەو ڤایرۆسە پیسانەی نێو کۆمەڵ هەر دەبی مشەخۆر بن. . هەڵبەتە تێکڕای قورسایی داروپەردووی شەمەندەفەرەکی گەورە و گران تەنێ لەسەر رەورەوەکانیەتی. . واتە ''ئاکار و بەها و رێکارەکان'' یان ''لۆژیک''ی تێکۆشان هەر ئەوەیە لە نێو هەر شەپۆڵەکی هزریی و فەلسەفیی کەسانەکی زۆر کەم خاوەن جیهانبینیین کە لە کاتی نوشست و شکستان هەر خۆیان دەمینێنەوە و خۆڕاگرانە پێداگیریی دەکەن و لە کاتی سەرکەتن و چەسپانیش تەنێ ئەوان بزر دەبن و یەک سوپای گەورە و بەرفراوان وە شێوەیەکی زۆر رووکەش دەبنە خاوەن جیهانبینییەکە و جێیان دەگرنەوە!

ئەگەر قسە رووت و سەرپێیەکانی سەرۆک خێڵی بارزانییەکان وەلا بخەین ئەوە دیارە کە هەرگیز لە گۆڕان نەدوایە و ناشیەوێ. . لەبەرئەوە هیچی لێناگیرێ! گۆڕانە عەنتیکەکەی نەوشێروانیش گاڵتەجاڕییترین گۆڕان بوو لە مێژووی رامیاریی خەڵکی کوردستان. . باش بوو لە بەرانبەر چەپە هۆشیارەکان زۆر خۆی رانەگرت و زوو وە زوو پووکایەوە ئەگەر نا ئەوە پێناسەی گۆڕانی زۆر پتر دەشێواند.

_______________________________

تێبینیی: ئەمن بڕوام وە ئەکادیمیا نییە - کە داردەستەکی زۆر لەبار و پلاستیکییە و لە لایەن سیاسەتباز و دەسەڵاتە ستەمگەرەکان وەکاردەبردرێ و هەر خۆشیان ئافەریدەیان کردیە -، بێ گومان سوودم لە زۆر سەرچاوان وەرگرتیە لێ نەگەیشتیتە ئەو رادەیەی وەک نووسینی ئەکادیمیی بێ نرخ و بێ هەڵوێست قسەی خەڵکی دیکە دووبارە و چەندبارە بکەمەوە و سەرچاوان رێز بکەم و ناشهێلم بگاتە ئەو رادەیە - چون خوونەر پێویستی بەوە نییە و خۆی دەتوانی سەرچاوەکان بخوونتەوە - دواییش ئەز خۆم هەم و پێویستە خۆم قسەم هەبی. . ئیدی ئەو هزر و رامانانە هەمووی ئی خۆمن و هەر خۆشم لێیان بەرپرسیارم.


٢\١\٢٠١٦

daraxunce@yahoo. com