هەر دەمەک بندەستەکان کە ٩٩٪ی کۆمەڵن دەڕازێن ئیدی سەردەستەکان کە ١٪ی کۆمەڵن وە ئارەزووی خۆیان پێدرێژیی دەکەن و هووردە هووردە لە رێی یاسا و رێسایە داتراشایەکانی خۆیان ماف و ئازادییەکانی میللەت پێشێل دەکەن. . خۆ ئەگەر میللەتیش هەر وەئاگا نەهاتەوە ئەوە گاڵتە وە یاسا و رێسایەکانی خۆشیان دەکەن و هەر راستەوخۆ و بێ هیچ لێپێچینەوە و سەنگرانەوەیەک میللەت قرچوبڕ دەکەن و شکۆمەندیی و تەنانەت هەست و سۆزیشیان دەخەنە بن پێیان. .

لە بارودۆخەکی ئەوهادا کە وە ناو سەرکردەکان سەرگەرمی ململانێیە دەسەڵاتپەرستییەکانی نێوانی خۆیان دەبن زۆر ئاساییە تا رادەی ملشکاندن ملی یەکدی بشکێنن. . بەوەش بێجگە لەوەی ئامانجە سیاسییەکانی خەڵک هەڵدەپەسێرن و لە جێیاندا برەو وە پاشدامایی دەدەن سەرلەبەری جومگەکانی ژیان و گوزەران رادەگرن و لە رێی توندوتیژییەکانیشیانەوە بەرژەوەندییە تەسکەکانی حیزبەکانیان و دەسەڵاتەکانیان دەپارێزن و و درێژەیان پێدەدەن. . هەر کاتەکیش کە ناکۆکییەکانیان کەلەکە دەبن و مەترسیی دەخەنە سەر بەرژەوەندییەکانیان ئەوە لە رێی (شەڕی سارد - سیاسەتبازیی حیزبەکان)ەوە قەیرانەکان پەردەپۆش دەکەن کە سەرەنجام زۆر جار ئاوری (شەڕی گەرم - شەڕی سەربازیی)ی پێ دادەگیرسێنن و سەرجەمی وڵات بەرەو کارەسات و کاولکاریی دەبەن جا ئەو شەڕە چ پەلاماردانی وڵاتەکی دراوسێ بی یان شەڕی پڕ مەترسییداری نێوخۆ هیچ جوایەزییەکی نییە لە کنە وان بەڵکە گرنگ ئەوەیە نەهێلێن بندەستەکان لە خەوی خۆیان وەئاگا بێنەوە!

لێ ئەو دەمەی کە لە کێشانی نەخشە و پیلانەکانیان وە هەڵەدا دەچن یان بەری ململانێیە ناڕەوایەکانیان دەچننەوە و سەرەنجام دووچاری خۆخواردنەوە و ململانێیەکی مەرگبەخش دەبنەوە و چیدی ناتوانن خەڵک لەخشتە ببەن و هووردە هووردە میللەت لە خەو وەئاگادێن ئیدی ئەو دوژمنانەی کە دوونێ یەکدیان پاکتاو دەکرد دەست وە گفتوگۆ و دانوساندن دەکەن و لە رێی دەستەواژەی ''سازان''وە هەرچی رەوشتی سیاسیی و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و راپرسییەکان و رای گشتیی و فەرهەنگی باو و نێوکۆیی مرۆییانە لە وڵات هەن لە ژێر پێی خۆیانی دەنێن!

لە سیستەمی سیاسیی ئێستای تێکڕای جیهان ''سازان''ی نێوان حیزبەکان و هێز و لایەنە سیاسییەکان لە هەر وڵاتەک کە سەر بەو رەوتە دیموکراسییە پەڕپووتە باوەی ئێستای جیهانن هەر لە پێناو ئەوەیە دەسەڵاتەکانی خۆیان و بەرژەوەندییە چینایەتەییە چەوسێنەرییەکانی بەرپرسان و ئەو دەوڵەمەندانەی پێ بپارێزن کە پێکهاتەی سەرەکیی حیزب و لایەنەکانیانن. . لێ وە هەر جۆر و شێوەیەک هەیە سازانەکانیان لەسەر دروستکردنی هاوکاریی و یەکخستنی هەڵوێست و هاوپەیمانییکردن و دامەزراندنی حکومەت و رێکخراو و دامودەزگەکانی نێوان خۆیان ئەنجام دەدەن و هەرگیز ناتوانن رای جەماوەر لەبەرچاو نەگرن و دەستکاریی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و راپرسییەکان و رای گشتیی و دەستکەوتەکانی میللەت بکەن.

ئەو بارودۆخە سیاسییەی کە ئێستا لە کوردستان دەگوزەرێ رێک بەرئەنجامی ئەوەیە کە سیاسەتبازەکانی نێو حیزبەکان وە تایبەتییش سەرۆک و مەرۆکە تاکڕەو و دیکتاتۆرۆکەکانی هەر پێنج حیزبەکە کە تەنێ وە ناو پەرلەمانیان هەیە دەخوازن ئەو ''سازان''ە لە بەرانبەر وەئاگاهاتنەوە و هۆشیاربوونەوەی خەڵکی کوردستان وەکار ببەن و هەر لە رێی ئەو سازانەشەوە وە ئارەزووی خۆیان و وە پێی بەژەوەندییە کەسییەکانی خۆیان لە ژۆرە تاریککەکانیان و دوور لە رای میللەت بڕیاران دەربکەن و دەستکاریی یاسایەکان و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و راپرسییەکان و هەر پۆست و دامودەزگە و دەسەڵاتەک بکەن کە لە رێی دەنگی جەماوەرەوە دەرچووە. . باشترین نموونەش سەرۆکایەتییەکەی بارزانییە کە ٢٣ ساڵە - ١٣ ساڵ وە شێوەی فەرمیی و ١٠ ساڵیش وە شێوەی نافەرمیی - سەرۆکە و ئێستاکەش هەر سەرۆکە و دەشیەوێ تا وە مردنی خۆی دەمری هەر سەرۆکی بێ رکابەر بی، ئیدی ئەوەش عەنتیکەیەکە لە نێو ئەو عەنتیکەخانانەی کە دەیانبێژنێ پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵاتی دادوەریی و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان!!!

daraxunce@yahoo. com