سێ کتێب سەبارەت بە فیلمەکان و سینەمای "بەھمەن قوبادی" بە زمانی تورکی لە وڵاتی تورکیا چاپ و بڵاوکرایەوە و خرایە بەردیدی خوێنەران.

کتێبی یەکەم بە ناوی "کیسەڵەکانیش دەتوانن بفڕن" Kaplumbağalar da Uçar بە تەواوی سەبارەت بە فیلمی سینەمایی "کیسەڵەکانیش دەتوانن بفڕن" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" و ناوەرۆکی ئەم فیلمە کوردییەیە و لە ١٦٠ لاپەڕەدا بڵاوکراوەتەوە و خراوەتە بەردیدی خوێنەرانی کتێب لە تورکیا.

"عومەر فارووق یێکدیش" Ömer Faruk Yekdeş بەشێکی ئەم کتێبەی لە زمانی فارسییەوە بۆ تورکی و ھەروەھا "ھێژا بەگدوو" Hêja Bağdu بەشێکی ئەم کتێبەی لە ئینگلیزییەوە بۆ سەر زمانی تورکی وەرگێڕاوە.

کتێبی دووھەم بە ناوی "سینەمای کوردیی" Kurt Sinemasi لە نووسینی "موژدە ئەرسلان" Mujde Arslan ئاماژە بە سینەمای کوردیی دەکات و بەشێکی سەرەکیی ئەم کتێبە سەبارەت بە تەواوی فیلمەکانی "بەھمەن قوبادی"یە کە تاکوو ئێستا سازیکردوون و رووبەرگی ئەم کتێبە بە دوو وێنەی فیلمی سینەمایی "کیسەڵەکانیش دەتوانن بفڕن" ڕازاوەتەوە.

لەم کتێبەدا بۆ یەکەم جار، وتووێژی "بەھمەن قوبادی" لەگەڵ سینەماکاری ناوداری ئیتاڵی "بێناردۆ بێرتۆلۆچی" Bernardo Bertolucci بڵاوکراوەتەوە.لەم کتێبەدا بە تێرووتەسەلی ئاماژە بە سینەمای کوردیی دەکرێت و ئەوەی کە سینەمای کوردیی بە فیلمی سینەمایی "کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان" لە دەرھێنانی "بەھمەن قوبادی" دەست پێدەکات.ھەروەھا ئەوەی کە شەپۆلی سینەمای کوردیی لە کوردستانی ئێران بە فیلمەکانی ئەم سینەماکارە بەئەزموونە کوردە سەریی ھەڵداوە.

ئەم کتێبە لە ٣٣٧ لاپەڕەدا لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی "ئاگۆرا کیتاپلیگی" Agora Kitapligi چاپ و بڵاوکراوەتەوە و لە لایەن ماڵپەڕی ناوداری "ئامازۆن" Amazon ڕێکلامی بۆ دەکرێت.

کتێبی سێیەم بە ناوی "پەردەی ڕەش و سپی" Kara Perde لە نووسینی دکتۆر "حوسێن کووز" Hüseyin Köse مامۆستای زانکۆی ئاتاتۆرک لە تورکیا زیاتر و بە تەواوی سەبارەت بە فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" پێنجەمین بەرھەمی ئەم سینەماکارە کوردەیە.

ئەم کتێبە لە ٣٣٧ لاپەڕەدا لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی "سینەما ئایرینتی" Sinema Ayrıntı چاپ و بڵاوکراوەتەوە و خراوەتە بەردیدی خوێنەرانی کتێب لە وڵاتی تورکیا.

 

بۆ زانیاری زیاتر:

http://www.milliyet.com.tr/iran-sinemasina-derinlemesine-bir-bakis-erzurum-yerelhaber-162659/

http://www.amazon.com/Kurt-Sinemasi-Yurtsuzluk-Sinir-Olum/dp/6051030409

https://www.ayrintiyayinlari.com.tr/kitap/kara-perde/725

http://www.avestakitap.com/urun_199_Avesta_KAPLUMBA%C3%90ALAR%20DA%20U%C3%87AR--%28Kus%C3%AElekani%C5%9F%20Ditwanin%20Bifirin%29.html