چه‌پ و کۆمۆنیست ئه‌وه‌نده‌ی ڕاستڕه‌وکان زیانیان به بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی گه‌یاندووه ... زاهیر باهیر – له‌نده‌ن .. به‌شی یه‌که‌م
- Details
- Parent Category: نووسەرەکان
- زاهیر باهیر
- Hits: 443
چه‌رخی ڕابوردوو دوو کاره‌ساتی گه‌وره‌ی مێژویی به خۆوه دیت که تا ئێستاش لانی که‌م به‌شێکی زۆری جیهان به ده‌ست یه‌کێکیانه‌وه هه‌ر ده‌ناڵێنێت. ئه‌و دوو کاره‌ساته مێژوییه‌ش یه‌که‌میان "شۆڕشی به‌لشه‌فی" و به‌ڵشه‌فیزم بوو ئه‌وی دیکه‌شیان "شۆڕشی ئێران" بوو، که له ڕاستیدا هیچیان شۆڕش نه‌بوون، بگره دژ به شؤڕشه‌که بوون.
کاره‌ساتی یه‌که‌م گه‌ر ته‌واوی دونیای به خۆیه‌وه سه‌رقاڵنه‌کردبێت ئه‌وه به‌شێكی زۆری له جیهان گرته‌وه و نزیکه‌ی 80 ساڵی خایاند، گه‌رچی هێشتا سێبه‌ره‌که‌ی هه‌ر به‌سه‌رمانه‌وه‌یه. کاره‌ساتی دووهه‌میشیان که له ئێستادا له جه‌نگی مه‌زهه‌بی نێوانی شیعه و سونه و سونه و سونه و " کافراندا" درێژکراوه‌ته‌وه تا ئێستا کۆتایی ئه‌م شه‌وه‌زه‌نگه، ئه‌م سه‌رده‌مه ڕه‌شه، له هیچ شوێنێکه‌وه دیار نییه . ئه‌وه‌ی که له ئێران‌دا ڕوویدا که ناوی به شؤڕش ده‌رکردووه به‌ردی بناخه‌ی جه‌نگی عێراق و ئێران، ڕؤڵ و کارایی له‌سه‌ر ناوجه‌که به دروستکردنی حیزبی سیاسی و میلیشیاکانیانه‌وه، دروستکردنی دوو سێنته‌ری سه‌ره‌کی له‌گه‌ڵ سعودییه‌دا له ناوچه‌که‌دا و پێشبڕکێی نێوانیان له نانه‌وه‌ی جه‌نگی وێرانکاریدا و له دایکبوونی تالیبان و قاعیده و ئێستاش داعش، دانا.
ئه‌گه‌ر چی هه‌ر یه‌ك له‌م دووکاره‌ساته له‌لای زۆرینه‌ی خه‌ڵکی به خودی چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کانیشه‌وه به دوو دیاره‌ده‌ی جیا، پێناسه کراوه و ناوهێنراوه، یه‌که‌میان به چه‌پ و دووهه‌میان به ڕاست، به‌ڵام له ڕاستیدا هه‌ردوکیان دووژمنی سه‌ره‌کی بیرۆکه‌ی سۆشیالیزم/ ئه‌نارکیزم بوون و ڕێگر و دژ به دروستکردنی ئه‌و کۆمه‌ڵه بوون، به‌ڵام هه‌ر یه‌ك له پێگه و دیدی خۆیه‌وه دووژمنایه‌تی کردوه. کاتێكیش که ئه‌م دوو بزووتنه‌وه‌یه هه‌ردوکیان که‌م تا زۆر وه‌ك یه‌ك له داهاتوی سۆشیالیزم کاریان کردبێت، ئیدی ناوزدهکردنیان به چه‌پ و ڕاست، مانایه‌کی نامێنێت!! ئه‌مه له کاتێكیشدا که هێڵی ناوکۆیی ئه‌م دوو بزوتنه‌وه‌یه و بزوێنه‌ری سه‌ره‌کییان " ئایدۆلۆژیا" بووه .
له‌م وتاره‌مدا، من ته‌نها زیاتر پێداگریی له‌سه‌ر کومۆنیسته‌کان و ئایدۆلۆژییه‌که‌یان که بنه‌ماکه‌ی مارکیزمه، ده‌که‌م . ده‌مه‌وێت گه‌ر به کورتیش بێت ئه‌و بنه‌مایانه بۆ خوێنه‌ر بخه‌مه‌ڕوو تاکو ئه‌وه ڕونبکه‌مه‌وه که چۆن چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کان به‌کرده‌وه دووژمنی سه‌رسه‌ختی سۆشیالیزم بوون و سه‌رچاوه‌ی ئه‌و دووژمنکارییه له کوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه و ئه‌و بوارانه‌شی که گرتونیه‌ته‌وه .
- چه‌په‌کان له ڕابووردو و له ئێستادا:
چه‌پ به هه‌موو لقه‌کانیه‌وه هه‌ر له سۆشیالدیمۆکرات و حیزبه سۆشیالیسته‌کان و ژینگه و سه‌وز و حیزبه کرێکارییه‌کانه‌وه له سه‌رانسه‌ری جیهاندا، نه‌یانتوانیوه ببنه هیزێکی شۆڕشگێڕ و کۆمه‌ڵ به‌ره‌و گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی ببه‌ن. ئه‌و دروشمانه‌ی که هه‌ڵیانگرتبوو وه‌کو ئازادی و یه‌کسانی و دادوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی، به گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵاتیان، کاڵبوونه‌ته‌وه. چه‌قی تێکۆشانی ئه‌مان له وڵاتانی دواکه‌وتووی پیشه‌سازیدا جه‌نگی لادێ/ گه‌ریله بووه و له وڵاتانی دیکه‌ی پێشکه‌وتوی پیشه‌سازیشدا، هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی بووه.
ئه‌وانه‌ی له ڕێگای جه‌نگی گه‌ریلاییه‌وه تێکۆشاون، نه‌گه‌یشتونه‌ته هیچ شوێنێك، یا گه‌ر گه‌یشتبێتیشن فرمانڕه‌واییه‌کی باشتریان له‌وانه‌ی پێش خۆیان دروستنه‌کردووه. ئه‌وانه‌شیان که‌له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی " دیمۆکراسیانه‌وه" ده‌سه‌ڵاتیان گرتۆته‌ده‌ست، نه‌یانتوانیوه دروشمه‌کانیان و ته‌واوی داخوازییه‌کانی ئه‌وانه‌ی که ده‌نگ و متمانه‌یان پێداون، به‌جێبگه‌یه‌نن. گومانیشی تیانییه که ڕه‌نگه نێتی گه‌لێکی ناو ئه‌م پارتانه پاكبووبێت و به‌ڕاستیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له سیاسه‌ت و پارتایه‌تییه‌وه ئاڵابن، به تایبه‌ت که گه‌لێك له پارته سۆشیالدیمۆکرات و کرێکارییه‌کان، که‌سانی مارکسی و لینینی دڵسۆزی تیادا بووه، که زۆربه‌ی کات به‌رنامه‌ی ڕادیکالتریان له مانیفێستی حیزبه‌که‌یان پێبووه .
ئه‌زموونه یه‌کبه‌دوایه‌که‌کانی فرمانڕه‌واییان له شوێنه جیاجیاکانی ئه‌م دونیایه‌دا، که تازه‌ترینیان یۆنانه، سه‌لماندیان که ئه‌مان نه‌ك هه‌ر له گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی به‌ڵکو له به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌شی که که‌مپه‌ینیان بۆ ده‌کرد، ده‌سته‌پاچه بوون . ئه‌مان له‌بری ئه‌وه‌ی که ببنه خزمه‌تکار و پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانه‌ی که هه‌ڵیانبژاردوون بۆ ئه‌و شوێنه، که‌چی پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌وانه‌ن که هه‌موو شتێکیان له‌وانه‌ی که ده‌نگیان پێداون، زه‌وتکردوه . به‌واتایه‌کی دیکه ئه‌مان ته‌نها فرمانبه‌رێكن داکۆکی له یاسا و به‌رژه‌وه‌ندی بانقه‌کان و کۆمپانیا گه‌وه‌ره‌کان و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان و خاوه‌نزه‌وی و موڵکه گه‌وره‌کان و کۆمه‌ڵی ده‌سته‌بژێر ده‌که‌ن. ئه‌مان ته‌نها بورغویه‌کی بچوکن له ماشێنه گه‌وره‌که‌ی سیسته‌مه‌که‌دا، گه‌ر له کاریش بکه‌ون، ماشێنه‌که کاری خۆی ده‌کات و ڕاناوه‌ستێ. ئه‌وه‌ی که فرمانڕه‌وایی ده‌کات ئه‌وانه‌ن که ناوزه‌ده‌م کردن به یارمه‌تی یاسا و پۆلیس و سوپا و دادگا و ده‌زگه سیخوڕییه‌کانیان تاکو یاساکانیان بۆ بخه‌نه کار.
له هه‌موو حاڵه‌تێکدا ئه‌مان له فرمانڕه‌واییاندا ته‌نها ده‌توانن جه‌ند ڕیفۆرمـێکی بچوك بکه‌ن و چه‌ند کێشه‌یه‌کی بچوك لابه‌لابکه‌نه‌وه و به ئاسته‌م ژیانی زۆرینه‌که‌ی له چاو حوکمی حیزبه ڕاستڕه‌وه کاندا، ببه‌نه پێشه‌وه. سه‌ره‌نجامیش وه‌همدانێکی گه‌وره‌یه به خه‌ڵكی به‌وه‌ی که به‌ڵێنێکی گه‌وه‌ره‌یان پێده‌ده‌ن و ناتوانن بیبه‌نه‌سه‌ر و له‌و باره‌شدا بێ ئومێدیان ده‌که‌ن.
به‌م کردارانه‌یان، گومانی تیادانییه ئه‌مان باشترین خزمه‌تی سیسته‌مه‌که ده‌که‌ن به درێژکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵکی و باوه‌ڕهێنانیان به هه‌ره درۆ گه‌وره‌که‌ی مێژوو که پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه، چونکه ئه‌مان له حیزبگه‌لێکی ئاوادا کارده‌که‌ن که په‌یامیان بۆ ئێمه ئه‌وه‌یه که تاکه ڕێگایه‌ك که له پێشمانه گرتنه‌به‌ری ڕێگای رێفۆرم و چاککردنی هێدی هێدی بارودۆخه‌که‌یه، نه ڕێگایه‌کی دیکه، ڕێگای سێهه‌م.
به‌بۆچونی من ئه‌م که‌سه سۆشیالیست و مارکسییانه که له ناو ئه‌م حیزبه کرێکاری و چه‌پانه‌دا لێبڕوانه و دڵسۆزانه کارده‌که‌ن، باشترین خزمه‌ت و کار له سه‌ر درێژکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌م سیسته‌مه ده‌که‌ن، زیاتر له هاوه‌ڵه که‌متر ڕادیکاله‌کانیان، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و پێگه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که هه‌یانه و هه‌بوونی متمامانه‌ی زۆر له لایه‌ن خه‌ڵکه ئاساییه‌که‌وه.
ئاماره‌کان و واقیعیش ئه‌وه‌یان پێکاوه که ئه‌مان کاتێك له حوکمدان نه‌ك هه‌ر گیانی شؤڕشگێڕییان له ناو خه‌ڵکدا مراندووه به‌ڵکو گیانی به‌رهه‌ڵستاکاریی ئاسایشیان، مراندووه . له شوێنێکی وه‌کو ئه‌وروپا به تایبه‌ت بریتانیادا سه‌رده‌مانێك که حیزبی کرێکاران له‌سه‌ر حوکمن، ژماره‌ی ناڕه‌زاییه‌کان و مانگرتنه‌کانی کرێکاران که‌مترن له سه‌رده‌مانی حوکمڕانی حیزبی تۆری ( موحافیزین)، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که مانگرتن و ناڕه‌زاییه‌کان له ناوه‌ڕاستی ساڵه‌کانی حه‌فتاوه له که‌مبوونه‌وه و نوشوستیدان ( ته‌نها ساڵێك که تۆزێك له‌وان نه‌چێت ساڵی 2011 بوو) .
ڕیکۆردی فه‌رمی مانگرتنه‌کان له بریتانیادا له ساڵی 1890 وه هه‌یه، ئه‌وه ده‌رده‌خات که مانگرتنه‌کان له ساڵانی حه‌فتاکانه‌وه به‌ره‌و که‌مبوونه‌وه‌و بێ کارایی ڕۆیشتون جگه له هه‌ندێك کات نه‌بێت . به‌ڵام له ساڵی 1990 وه ژماره‌و کارایی مانگرتنه‌کان له ساڵانی پێشخۆی که‌متر بووه . ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه زانیارییه‌کی زۆری تیادایه له‌سه‌ر ئه‌و کێشه‌یه و هۆکاره‌کانیشی رونده‌کاته‌وه گه‌رچی من ئه‌و هۆکارانه به فاکته‌ری سه‌ره‌کی له‌م گرفته‌دا، نازانم.
http://isj. org. uk/why-are-there-so-few-strikes/
درێژه‌ی هه‌یه
Sep 2016