هه‌ڵوێستمان به‌رانبه‌ر ڕۆژاوا ده‌بێت هه‌ڵوێستی ڕه‌خنه و هاریکاریی بێت ... زاهیر باهیر- له‌نده‌ن .. به‌شی دووهه‌م
- Details
- Parent Category: نووسەرەکان
- زاهیر باهیر
- Hits: 950
که‌موکوڕییه‌کان چیین؟
ده‌بێت له ڕاپۆرتی سه‌فه‌ره‌که‌ی مانگی ئایاری 2014 مه‌وه بۆ ڕۆژاوا، ده‌ستپێبکه‌م که له دوو به‌شی سه‌ره‌کی پێکهاتبوو، یه‌که‌میان سه‌باره‌ت به‌و واقیعه‌ی ئه‌و کاته بوو که له ڕۆژاوادا ده‌گوزه‌را و چۆنێتی دروستبوونی پێگه ئابوریی و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کانی بوون که وه‌کو وێنه گرتنه‌وه‌یه‌کی حه‌قیقی ئه‌وێ وابوو . به‌شی دووهه‌می، که " مه‌ترسی و پێشبینیه‌کان" بوون، که پێموانییه له‌به‌ر درێژی ڕاپۆرته‌که که زیاتر له 50 لاپه‌ڕه بوو، خوێنه‌ر زۆر دیقه‌تی له‌و به‌شه گرنگه‌ی ڕاپۆرته‌که‌م دابێت . لای خۆمه‌وه ئه‌و به‌شه‌م زۆر به گرنگ ده‌زانی، چونکه داهاتوی ڕۆژاوام له‌و مه‌ترسیانه‌دا ده‌بینییه‌وه، که ده‌ستنیشانم کردبوون، جگه له مه‌ترسی هێزی داعش که تا ئه‌و کاته نه‌بووبووه هێزێکی وا تۆکمه‌ی مه‌ترسیداری دوژمنی هه‌موو گیانله‌به‌رێك و هه‌تا ژینگه‌ش .
به‌شێکی زۆری ئه‌م گرفتانه‌شی که ئێستا ڕووبه‌ڕووی ڕۆژاوا ده‌بنه‌وه و ڕه‌نگه داهاتوی ئه‌و ئه‌زموونه گه‌وره و به‌هاکانی، دیارببکهن، به‌شێکیان ئه‌و گرفتانه‌ن که من په‌نجه‌م بۆ ڕاکێشاون به‌ڵام گه‌وره تر و ئاڵۆزتر و مه‌ترسیدارتر بوون، له واقیعی ئه‌گه‌ره‌کانی منه‌وه گوێزراونه‌ته‌وه بۆ واقیعه‌که‌ی خۆیان و بوونه‌ته حه‌قیقه‌ت.
هه‌ندێك له‌و کهمووکوڕییانه بچوکن و له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا ده‌توانرێت چاره‌سه‌ربکرێن. ئه‌وانی دیکه‌یان گه‌وره‌ن و تا ڕهدهیهكیش ئاڵۆزن و کارێکی زۆری ده‌وێت تاکو به‌سه‌ریاندا سه‌رکه‌ویت. گرفته‌کان هه‌ر ئه‌وه نیین که ڕۆژانه بێن و بڕۆن تاکو ئێمه بتوانین لێیان گه‌ڕێین و بیانده‌ینه ده‌ستی ڕۆژگار. بهپێێچهوانهوه، هه‌ندێکیان ئه‌وه‌نده گه‌وره‌ن که کارایی خۆیان له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌کان به قورسی داده‌نێن و ته‌نانه‌ت ئاینده‌شیان دیاریده‌که‌ن له‌و ئاراسته‌یه‌ی که ده‌یگرنه به‌ر .
من لێره‌دا گرفته‌کان له چه‌ند خاڵێکدا کۆهدهکهمهوه تاکو خوێنه‌ر به ئاسانی لێیان تێبگات:
- میدیا و زمانی به‌کارهێنراو:
گه‌ر به‌وردی هه‌واڵه‌کانی ' ڕۆژنیۆز' و ئه‌وانه‌ی که ده‌خرێنه سه‌ر فه‌یسبوك و دیمانه‌کان و هه‌ندێکی دیکه‌یان بخوێنیته‌وه و گوێ له که‌ناڵی 'ستێرك' بگرین، ده‌بینین که زمانێکی ڕایسستانه به‌کارده‌هێنرێت . به به‌رده‌وامی ئێمه ده‌بینین ده‌ڵێت ' پۆلیسێکی تورك' ، 'هێزی تورك'، ' هێزه تورکه‌کان'، ' جه‌ندرمه‌کانی تورك'، ' حکومه‌تی تورك' یا ' ده‌وڵه‌تی تورك' زۆری تر له‌مانه به‌کارده‌هێنرێت . من ده‌زانم که ئه‌وانه‌ی ئه‌و جۆره زمانه به‌کارده‌هێنن ڕایسست نین، به‌ڵام پرۆفیشناڵیش نین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ربڕینی ئه‌و زمانه له هه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌که‌وه، بێت، له خانه‌ی ڕایسیسمدا خۆی ده‌بینێته‌وه و له‌گه‌ڵ په‌یامی ئۆجه‌لان و داخوازی ئامانجی ئیستای په‌که‌که و په‌یه‌ده‌دا یه‌كناگرێته‌وه . ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که ڕه‌نگه ڕاستیشی تیادا نه‌بێت. باشه تۆ چوزانی که ئه‌و ' پۆلیسه' ئه‌و ' جهندرهمهیه ' ئه‌و ' که‌سه کوژراوه' یا ' بکوژه' تورکه؟ ئه‌ی بۆ کورد نه‌بێت ؟. هه‌تا تورکیش بێت ده‌بێت بوترێت " پۆلیسێکی ده‌وڵه‌تی تورکیا، جه‌ندرمه‌یه‌کی هێزه فاشییه‌کانی حکومه‌تی تورکیا" .
گومان له‌وه‌دا نییه که خه‌ڵکانێكی زۆری کوردیش ده‌سه‌ڵاتداره و له ده‌سه‌ڵاتدایه و خزمه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌ته ده‌که‌ن، با به کوردیش قسه‌نه‌که‌ن و نه‌هی کوردبوونیشیان بکه‌ن ته‌نانه‌ت پارتی دینی کوردی هه‌یه و به‌رگریی له ئاکه‌په ده‌کات .
خۆبه‌دوورگرتن له به‌کارهێنانی ئه‌م جۆره زمانانه له‌و میدیایه‌دا زه‌رورییه و ده‌بێت زمانیان له‌و جۆره وشه و دهستهاژانه، پاکژ بکه‌ن . من تێناگه‌م بۆچی له هه‌مان میدیادا وشه‌یه‌کی سێکسیزم یاخود سوکایه‌تی به ئافره‌ت نابینرێت، به‌ڵام له‌م بواره‌ی دیکه‌دا ناتوانرێت ڕیشه‌کێش بکرێت؟!!
چۆن ده‌بێت میدیایه‌کی ئاوا تایتڵی ' چه‌ته' بۆ داعش دا‌نێت و به ' چه‌ته' ناویان به‌رێت. ئه‌م زمانه‌ش بووه‌ته زمانێكی باو و هه‌موو ڕۆشنبیرانی کورد له هه‌موو بواره‌کانی میدیادا، که دێنه سه‌ر باسی داعش هه‌ر ئه‌وه به‌کار ده‌هێنن . ده‌بێت به ویژدانه‌وه باس له 'چه‌ته' بکرێت 'چه‌ته' له زۆربه‌ی کرده‌وه‌کانیاندا ته‌نها کاروان و رێپێگیراوانیان ڕووتکردۆته‌وه، که‌ی کوشتونی ؟ که‌ی ده‌ستدرێژی کردۆته سه‌ر ئافره‌ت و که‌ی کوشتونی ؟ که‌ی بازاڕفرۆشی کردون؟، چه‌ته که‌ی دوژمنی زیاتر له 4 ملیار دانیشتوی ئه‌م جیهانه بووه؟ چه‌ته که‌ی دوژمنی گیانله‌به‌ر و ئاژه‌ڵ و سرشت بووه؟ شه‌رمه‌زاریی و پاکانه‌یه بۆ داعش و هه‌ژاری زمانه‌وانییه که بۆ داعش وشه‌ی 'چه‌ته' ی زمانی کوردی به‌کاربهێنرێت .
دیسانه‌وه وشه‌ی ' شه‌هید' بۆ گیانبه‌ختکراوان به‌کار هێنراوه و ده‌هێنرێت، که وشه‌ی شه‌هید و ڕیشه‌ی وشه‌که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دین، که له کاتێکدا زۆربه‌ی زۆری جه‌نگاوه‌ره‌کانی یه‌په‌گه و یه‌په‌ژه و گریلاکان دیندار/ ئایندار نین و سه‌ر به پارتێكی عه‌لمانین .
ئه‌م زمانه ڕایسسته بێ مانایه ته‌نها له میدیای ئه‌وان له ئه‌وروپا و باشوور و باکوردا زاڵه ده‌نا له ڕۆژاوادا ئه‌م زمانه یا نابیستی یا به‌ده‌گمه‌ن دێته به‌رگوێت ئه‌ویش، مه‌گه‌ر له لایه‌ن کورده ڕۆژهه‌ڵاتی و باشورییه‌کانه‌وه، بێت .
ئه‌م زمانه ڕایسستانه ته‌نانه‌ت له قسه و دیمانه‌ی به‌رپرسانیشدا ده‌یانبیستیت. بۆ نموونه بڕوانه قسه‌کانی موراد قه‌ریلان بۆ ڕۆژنیوز له 30/12/15 دا : "له‌باکوورى کوردستان گه‌لى کورد له‌به‌رامبه‌ر توندوتیژى و زوڵمى ده‌وڵه‌تى تورک خۆبه‌رێوه‌به‌رى رێگهیاندووه، رۆژانه‌ش هاوڵاتیان، ژن و منداڵ له‌لایه‌ن پۆلیس و سه‌ربازانى تورک تیرۆرده‌کرێن. . " قه‌ریلان درێژه به قسه‌کانی ده‌داو سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی هه‌رێم له باشوردا ده‌ڵێت "له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هیودارین ته‌واوى سیاسه‌تى کوردیش ئه‌مه ببینێت و پشتگیرى بکات، له‌به‌رامبه‌ر ره‌فتاره‌کانى ده‌وڵه‌تى فاشیست و داگیرکه‌رى تورک خاوه‌ن هه‌ڵوێست بێت. . "
ئاخر ئه‌مه کاره‌ساته که ئه‌م جۆره ئاخاوتنه له زاری سه‌رکرده‌ی سه‌ربازی هیزی په‌که‌که و ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تییه‌وه، بێته ده‌ره‌وه. ئه‌م قسه و هه‌ڵوێستانه هه‌موو ڕێسه‌که‌ی ئۆجه‌لان ده‌کاته‌وه به خوری، چونکه له ئاستێکی ئاوادا یا ده‌بێت ده‌مت داخه‌یت یا که قسه ده‌که‌یت ده‌بێت ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سیاسه‌تی سه‌ره‌کی پارته‌که‌ت، بزوتنه‌وه‌که‌ت بێت.
ته‌نانه‌ت سه‌لاحه‌دین دهممیرتاشیش ناوبه‌ناو ده‌که‌وێته ئه‌و هه‌ڵه‌وه هه‌ندێك جار وه‌کو که‌سێکی ناشینالیستی بزوتنه‌وه‌ی کوردی قسه‌ده‌کات. من له خاڵێكی دیکه‌دا به به‌ڵگه‌وه دێمه‌وه سه‌ری.
ڕۆژنیوزی 05/01/2016 ده‌ڵێت : ساڵح موسلم پێشرهوهیهکانی هێزه‌کانی سوریای دیموکراتیک و کۆنترۆڵکردنی ئه‌و هه‌رێمانه له‌ده‌ستی داعشدان بهگرنگزانی و هاوکات کاردانه‌وه دوژمنکاریه‌کانی تورکیا له‌م رووه‌وه ره‌خنه کرد و وتی:" چی په‌یوه‌ندیه‌کی به‌تورکیاوه هەیە سه‌باره‌ت به‌ده‌وڵه‌تێکی تر هێڵی سور دیار بکات، کاربەدەستانی تورکیا چاوی بینینی هاوکاری هێزه عه‌رب، سوریانی و تورکمان و گروپه نه‌ته‌وه‌یه‌کانی له‌گه‌ڵ کوردان نیه، تورکیا و سوریا وه‌کو یه‌کن، سوپای تورک له‌سنور ده‌ستی به‌کوشتنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی رۆژئاوای کردوه، به‌ڵام مرۆڤکوژیهکانیان ناتوانێ بەر بهسهرکهوتنهکانمان بگرێت"
به‌ڕای من کارکردن بۆ پاکژکردنی زمانیان و گونجاندنی له‌گه‌ڵ ئامانجی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، کارێکی گران نییه و به‌دانانی لیژنه‌یه‌کی پیاچونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵ و باسوخواسانه، ده‌توانرێت ڕیشه‌کێش بکرێن هه‌رکه‌سێکیش زمانه‌که‌ی چاکنه‌کات جه‌نده‌ها شێوه هه‌یه، ده‌توانرێت بگیرێنه به‌ر بۆ هێنانه‌وه سه‌رخه‌تی نوسه‌ره‌که‌ی، ههواڵنوسهکهی یا که‌سی دیمانه‌که‌ر.
درێژه‌ی هه‌یه
Zaherbaher. com
30/01/2016