هەموو ساڵێک لەم کاتانەدا، سەرەتای پایزدا، پەپولە پایزە (کەبریتیە لەوپەپولانەی تۆوی جاوبازەڵانەی بەدەم جووڵەی باوە خۆیان دەکەن بەهەموو کوونو قوژبنێکدا . . ) بە نیشانەی ئاگادار کردنەوە دا دەنرێت کەوا پایز دادێ و کاتی خۆ ئامادەکردنە بۆ ئامارکردنی زەخیرە ی زستان . . ئەویش بە هەڵگرتن و ووشکردنەوەی، وەکو : لەتکە تەماتە و دۆشاوی تەماتە لەسەر سینی، لەسەر سەربانەکان خەستئەکرانەوە، ووشکردنەوەی بامێ و باینجان و بیبەروکردن بەپەتەوە یان ئامادەکردنی نیسکو نۆک وگەنم و گەنمە کوتاو شانبەشانی قەرەخەرمان و ساوەر کووڵان پاش ووشکردنەوەیان لەسەربان ، ئەکوتران لە دەسکودۆڵدا، بۆ ئەم مەبەستە کەسانی بەتووانا یان دەهێنا بە هەرەوەزی یان بەکرێ وەکوو حەماڵی بەتووانا قالە قەوجە و کاک داوودوحەسەنە شێت و. . .

هەروەها لەبەر ئەوەی خانووەکان، دیوار و سەربانەکان لەقووڕدروست کرابوون، ئەبوایە گڵی باش بهێنرایە بگیرایەتەوە پاش ترشاندن و شێلانی وکا تێکردنی . . سەربانەکان سواغ ئەدران، بۆ ئەم مەبەستەش لەبناری عەبابەیلێ گڵێکیان دەهێنا کە بە پێزو بەرگەگربوو بۆ دژە دڵۆپە ، ئەبووایە هەرزوو باگردێن وسەربانگێڕ دابین بکرایە . . . وەهەروەها دیواری ژووری میوان ودانیشتنیان بەجووانی سواغ ئەداو بە قسڵی گیراوە، کەپێان ئەووت ( تەڕاو) سپی دەکردەوە لەبری گەجکاری، وە ئەرزی ژوورەکان و هەیوان پاش ئەوەی قووڕی تێڕائەخرا. . !! بە چەند بەردێکی پڕ دەست و پانکەلە (پێان ئەووت هێلە ساوە ) زوو زوو تەڕ ئەکرا و ئەرزیەکەیان پێ ساف و لووس ئەکرد. . چوونکە چیمەنتۆ و کاشی نەبوو، لەناوە ڕاستی ژوورەکان ئاگردان وە یا مەقەڵی دا ئەنرا . . لەسوچێکی شیاودا خەڵوزدان ئەبووایە هەبووایە . . . بۆ میوان داری و شەوبەسەر بردن ئەبووایە شەوچەرەش دابین بکرایە. . شووێنی هەڵگرتنی زەخیرە (کەنوو) بوو کەئەویش هەر لەگڵ دروستکرابوون . . . .

هەرلەم وەرزەدا، بەباری کەر لەهەورامانەوە لەتای سەبەتەوە، ترێ ڕەشکەیان دەهێنا، بەکۆڵانەکاندا دەگەڕان، سەربەسەر بە گۆڕینەوە بەگەنم، چوونکە پارەکەم بوو . . هەجیجەکان بەکۆڵەپشت لەهەمانەی پڕلەتووە ووشک ئاخنراو هەربەو شێوازە دەفرۆشرا . . کە تام و لەزەتێکی تایبەتی زۆر خۆشی هەبوو . . . کۆڵانەکان هیچی قیرتاو نەبوون، تەنها ڕاستە شەقامەکە پیر محەمەد بۆ سەرا قیرتاو کرابوو. . لە بیرمە بۆ قیرتاو کردنی دوو چاڵە قیر دروستکرابوو، پیاوێکی کەرکوکی کاری پێدەکرد، قیرەکەی تێدا دەکووڵاند . . یەکێکیان لەشوێنی دووکانە کانی شێخ رەسوڵ بەرانبەر ماڵی حەمەی مەحمود ئەفەندی و دەروێش باڵەخانە، ئەوی تریان لە بارانبەر ئاشی ئەلەکتریکەکەو ماڵی حاجی فەتحوڵا وحاجی غەفور بوو. . لە تەنەکەیەک گازۆیلدا چەند تیرۆکێکی لەشێوازی تیرۆکی نانەواکان تێدە خرابوو، کە پەیتا پەیتا قیرەکەکە ئەڕێژرا یە سەر زەویو وەستاکەش بەتیرۆکەکان بەسەر شەقامەکەدا پانی ئەکردەوە . . زۆری مێرد منداڵان داری بەڵاڵوک وەیا داردەستی ئامادەکراوان دەبرد پاش تکا کردن وەستای قیرەکە سەرێکی دارەکەی لەقیرە خۆشکراوەکەی پێداهەڵدەکێشا و دەبووە گورز و بەدەرزیو پوولەکەیان زەنگیانە دەیان ڕازاندەوە و چەشنەها شێوازی جووانی لێدەر دەچوو، پۆزیان پێوە لێئەدا . . . ئەوەی بیگرتایە بەدەستەوە کەس نەیئەوێرا نزیکیان بکەوێتەوە، هەر بەو هۆیەوە قەدەغەکرا . . .

/ئاب/٢٠١٥