وە هەر پێش هاتنی مانگی رەمەزان، خٶئامەدەکردن دەکرا، بەتایبەتی لەلا یەن دانیشتووانەوە، وەکودابینکردنی زەخیرە و پێداویستیەکانی مانگی رەمەزان . . ناو بازاریش دەکەوتنە ئامادەکردن بەتایبەتی لە خواردنی هەمە چەشنە (چەشنەکانی شەربەت، شیرینی، میوەهات . . . هتد) سەرلە ئێواران لە چەند شوێنێک بەفردەفرۆشرا کە لە چاڵە بەفرەکانی عەبابەیلێوە دەهێنرا، وەکو بەردووکانەکەی بەرێز رەشە خڕە کە ساردی فرٶش بوو، بەر چایخانەکەی کاک ‌عارف وە چەند شوێنێکی تر لە کانی قووڵکە. . .

هەر لە چێشتەنگاووە هەندێک دەچوونە سابات و شوێنە فێنکەکانی مزگەوتەکان بۆ ئیسراحەت و ڕٶژ بەسەربردن و قورئان خوێندن . . . .

کاتی نزیکبوونەوەی بەربانگ لە کەلاوە کۆنەکەی ناسراو بەسەراسوتاوەکە بەرێز ( نوری وەستاقادری ئاسنگەر ) تۆپێکی لە لوولە ئاسنێکی گەورە درووستکردبوو، کە جەند پیاڵە بارووتی تێدەکرد و بە پەڕۆ کۆنە دیپەستا، هەر کە گوێی لە بانگ دەبوو لە مەنارەکەی مزگەوتی (جامیعەوە ) بە شاپڵیتەیەک لەکوونی سەر تۆپەکەوە گڕی ئەدا و ناڵەی لێهەڵدەستا، دەبووە هەرای سەیرکەرانی لە کروکاڵ و منداڵان . . بەوچەشنە دەنگۆی کاتی رۆژوو شکاندن ئاشکرا دەکرا . . .

 

لەپاش رۆژوو شکان و پشوو یەک بەپێی پێوست دەچوونە سەردانی ماڵان بۆ دەمەتەقی و شەو بەسەسەر بردن بە قسەی خۆش، لەزۆر ماڵاندا چیرۆک دەخوێنرایەوە . . لە چایخانەکەی بەرێز (حەمەکەریمی چایچی ) کەسانێکی زۆر کۆدەبوونەوە بۆ گوێگرتن لە چیرۆکی شەوانەی دوورو درێژ لە چەشنی ( رۆستەمی زاڵ، شیرین و فەرهاد . . . . هتد).

هەر لەدووای نوێژی عیشاوە . . بە دەهۆڵ لێدان خاوەن حەمامی گەورە بەرێز(ئەحمەد حەمە موراد و حاجی زۆراب پاشا ) بانگێشتی ئەوەیان دەکرد کە (ئەم شەو حەمامی ژنانە یان پیاوانە ).