پێنچشەممە (14) ی گوڵانی ٢٠١٥ " عەلی محێدین قەرەداغی " ناسراو بە عەلی قەرەداغی وتارێکی لەسەر تورکیا بەناونیشانی " ئەو شاڵاوەی ئەمڕۆی سەر تورکیا بۆچێ " بڵاوکردەوە . لەڕاستیدا ناوەڕۆکی نووسینەکە لەگەڵ ناونیشانەکە و ئامانجەکانی تاڕادەیەک دژ بەیەکترن و لەیەکتر دوورن بەشێکی نووسینەکەی ناوبراو دەخەینەڕوو .

نووسەر لە بابەتەکەیدا بەهەموو شێوەیەک ڕتووشی سەروچاوی ئەردۆغان و گوڵ و ئۆغڵوو دەکات، ستایشی حکومەتەکەی ئەردۆغان دەکات و نکۆڵی لە جینۆسایدی ئەرمەنیەکان بەدەستی عوسمانیەکان دەکات و ئاماژە بە دەستکەوتەکانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بەسەرۆکایەتی ئەردۆغان دەکات کە لە ١٢ ساڵی رابردوو بەدەستیهێناوە بۆ گەلی تورکیا، تەنانەت باسی ئەوەش دەکات کە تورکیا بۆ یەکەمجار مانگی دەستکردی سەربازی دروستکردووە هەروەها زریپۆش و تانکی دروستکردووە و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دروستکردووە ! لە ڕووی سیاسی عەلی قەرەداغی باسی سیاسەتی دەرەکی تورکیا دەکا کە چۆن لە هەردوو لای دورگەی قوبرس ئاشتی بەرپا کردووە و ئاماژە بە ڕۆڵی پۆزەتیڤی تورکیا دەکا لە ئاسیا ئەوروپا !

عەلی قەرەداغی سەبارەت بە ناوخۆی تورکیا دەنووسێ : تورکیا لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان لە شەڕێکی مەترسیداردابوو، بەملیاراتی تێدا خەرجکرا و بەوهۆیەوە هەزاران لە ڕۆڵەکانی تورک و کورد بوونە قوربانی، جگە لەوەی ناوچەی ڕۆژهەڵات لەباری کاولکاری و هەژاری و بیکاری و کاوز دەژی، ناوبراو ڕایدەگەیەنێ : ئەمڕۆ گەلی کورد بەشدارە لە بنیادناوەی تورکیایەکی بەهێزی یەکگرتوو هەموو لایەک سوودی لێدەبینێ، تورکیای یەکسانی لە مافەکان جیاوازی ناکرێ لە نێوان کەسەکان لەسەر بنەمای نەژادی و ئایینی و تایفی، بۆیە نابێ و ناوەشێتەوە هیچ پارتیەکی کوردی لەگەڵ پارتیە ناسیونالیستیە تۆرانیەکان بوەستێ و هاوکاریان بکا کە ستەمیان لەگەلی کورد کردووە و هەوڵی تاوانە و لەناوبردنی ناسنامەیان داوە لە حەفتا ساڵی رابردوودا ! دیارە نووسەر لەبری باکوری کوردستان ناوچەی ڕۆژهەڵاتی بەکارهێناوە لە نووسینەکەیدا !

سەبارەت بە جینۆسایدی ئەرمەنیەکان نووسەر لەبەشی کۆتایی نووسینەکەیدا ڕایدەگەیەنی کە بابەتەکە بە سیاسی کراوە ئامانج لەکەدارکردنی سومعەی تورکیایە، هەروەها چەندین فەرموودە و سورەتی وەک " ئیبراهیم 46، گامێش 120، هتد . . . بەکارهێناوە لەپێناو داپۆشینی ئەو تاوانە گەورەی عوسمانیەکان !

لێرەدا بە پێوویستی دەزانم ئەگەر بە کورتیش بێت وەڵامی مامۆستا عەلی قەرەداغی بدەمەوە .

دەوڵەتی تورک لەسەردەمی عوسمانی کۆن و کەمالیزم و عوسمانیە نوێێەکانی تازە بەهەموو پارتیە ئیسلامی و تۆرانی و ناسیونالیستی، یەک ستراتیجیەتی نەگۆڕ بەرامبەر بەگەلی کورد و خاکی باکوری کوردستان لە تەواوی تورکیا پەیڕەو دەکا، پەرە بەسیاسەتی داپڵۆسین و گرتن و کوشتن و تیرۆرکردن و ئەشکەنجەدان و زیندانی کردن و دەستدرێژی کردنە سەر ژن و منداڵان دەدا، هەروەها خاپورکردنی گوندەکان و بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی و کوشتنی بەکۆمەڵ وەک ئەوەی دوێنێ لە ڕۆبۆسکی ڕوویداو بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر ناوچەکانی باکوری کوردستان پیشەی ڕۆژانەی سوپا و پۆلیس و دەسەڵاتدارانی تورکیایە بەتایبەتی لەسایەی حکومەتی ئاکەپە کە ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات، سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە باکوری کوردستان، پرۆسەکە بەدەستپێشخەری ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان " عەبدوڵا ئۆجەلان " دەستیپێکردووە و تا ئێستاش کورد تاکلایەنە بەپێێ ڕێنماییەکانی ئۆجەلان پابەندە بەو پرۆسەیە، بەڵام ئاستەنگی لەلایەن حکومەتی ئەردۆغان دەخرێتە سەر رێگای پرۆسەکە بۆیە پرۆسەکە بەهیچ شێوەیەک بەئەنجام نەگەیشتووە، لە بری ئازادکردنی ئۆجەلان، حکومەتی تورکیا پەرە بەسیاسەتی ئینکاری کێشەی کورد و گۆشەگیری و دابڕانی ئۆجەلان دەدات لە ئیمڕاڵی .

مامۆستا قەرەداغی، بۆ زانیاری بەڕێزتان زیاتر لە (300) زیندانی سیاسی کورد لە گرتووخانەکانی تورکیا نەخۆشن لەمردن نزیکن واتە هەرکاتێک ئەگەری گیانلەدەستدانیان لەئارادایە کەچی حکومەتی تورکیا ئازادیان ناکات، هەزاران سیاسەتمەدار، ژن، منداڵی تەمەن کەمتر لە 18 ساڵ، ڕۆژنامەنووس، چالاکی مەدەنی لە زیندان و ژوورە تاریکەکانی ڕژێمە ئیسلامیەکەی (ئەردۆغان)ن بەگشتی نزایکەی (130) هەزار مرۆڤ لە تورکیا لەزیندانن بەهۆکاری سیاسی، نەتەوەیی، چەپ و . . . هتد .

ئەو یارمەتیەی حکومەتی داد و گەشەپیدان (ئاکەپە) بەسەرۆکایەتی ئەردۆغان و گوڵ و ئۆغلوو پێشکەشی ڕێکخراوی ئیسلامی تیرۆریستی (داعش) یان کردوە و تائێستاش دەیکەن لە هەموو جیهان وێنەی نیە، تورکیا وویستگەی سەرەکی تیرۆریستانە لەهەموو جیهان، لەڕیگای تورکیاوە تیرۆریستان دێن و هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد لە ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان، عوسمانیە نوێیەکەی ئەنقەرە خەونی بە کەوتنی شاری " کۆبانی " دەدیت بەڵام خەونەکەی نەهاتە دی . حکومەتی ئاکەپە دوای ئەوەی لەکەوتنی کۆبانی بێ ئومێدبوو لە مانگی شوباتی 2015 کەوتە کۆکردنەوەی پاشماوەکانی هەردوو ڕێکخراوی تیرۆریستی (بەرەی نوسڕە، بزووتنەوەی ئەحراری شام ) هێزێکی (1500) کەسی لەو تیرۆریستانە دروستکردووە و هەموو یارمەرتیەکی لۆجیستی بۆیان دابین کردووە، لەدژی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لەناوچەی " گرێ سپی " بەکاریان دێنێ .

سەبارەت بە جینۆسایدی گەلی ئەرمەن لەساڵی 1915 دا، کەس ناتوانێ ئەو جینۆسایدە ئینکاربکات، مێژوو شاهێدی ئەو تاوانایە !

لە کۆتاییدا دەڵێم مامۆستا عەلی قەرەداغی ئەو نووسینەی بەڕێزت دژی بەرژەوەندی گەلی کوردە و لەخزمەت عوسمانیە نوێیەکان و داعشدایە و بێ ئومێدی گەلی کورد بە ئایینی ئیسلام نیشاندەدات .