سەد ساڵ لەمەوبەر لە ١٩١٥/٤/٢٤ دا بەبڕیاری سوڵتانەکانی عوسمانی گەلی ئەرمەن لە تورکیا کۆمەڵکوژکران و بەگشتی ملیۆنێک و نیو مرۆڤ لەناوبران و دەیان هەزاریش دەربەدەرکران .

گەلی تورک خاوەنی ناسنامە و زمان و خاکی خۆی نیە، بەڵکو زمانەکەیان تێکەڵەیەکی کوردی و عەرەبی و چەند زمانێکی تری ناوچەکەیە، تورک لەسەردەمی عوسمانیەکان ئایینی ئیسلامیان بەکارهێنا بۆ داگیرکاری ووڵاتانی ناوچەکە لەڕێگای هێرشی سەربازی توانیان لە کەنداو تا بەڵقان داگیر بکەن، لەناو تورکیاش لەپێناو سەپاندنی نەتەوە و دەسەڵاتی تورکی کۆمەڵکوژیان لەدژی کورد و عەلەوی و بەتایبەتی کریستیانە ئەرمەنیەکان ئەنجامدا و هاوکات هەزاران خێزانی ئەرمەنی ئاوارەی ووڵاتانی وەکو سوریا و عیڕاق و شوێنەکانی تر بوون .

گەلی ئەرمەنی دوای ئەو کۆمەڵکوژیە ماوەی سەد ساڵ بەردەوام لەتێکۆشاندابوو لەپێناو ئەوەی کۆمەڵکوژیەکە لە ئاستی نێودەوڵەتی وەک قڕکردنی گەلێک واتە " جینۆساید " بناسرێ و بێتە قبوڵکردن . لە ساڵی (١٩٨٧) بەدواوە بۆ جاری یەکەم پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر ئەو بابەتە ووشەی لەناوبردنی بەکۆمەڵ (کۆمەڵکوژی / جینۆساید) ی بەکارهێنا، پاشان هەریەک لە ووڵاتانی وەکو فەڕەنسا و سویسرا و هۆڵەندا کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکانیان وەک جینۆساید قەبوڵکرد و دواجار پاپای فاتیکان بەهەمانشێوە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠١٥/٤/١٢ ڕایگەیاند کۆمەڵکوژکردنی ئەرمەنیەکان لەلایەن تورکیا جینۆساید بووە . پەرلەمانی ئەروپا کۆمەڵکوژیەکەی بەفەرمی وەک جینۆساید قەبوڵکرد . سەرۆکی ئەمەریکا باراک ئۆباما کۆمەڵکوژیەکەی مەحکومکرد و وەک جینۆسایدی ناساند .

ئەڵمانیا تا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر خۆی لەو بابەتە لادەدا، لەبەر ئەوەی سەد ساڵ لەمەوبەر ئەڵمانیا پەیوەندی زۆر بەهێزی لەگەڵ تورکیا هەبووە، تەنانەت ئەڵمانیا باش دەزانێ بەشێک لەبەرپرسیاریەتی تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنیەکانی دەکەوێتە ئەستۆ، پێنچشەممەی ڕابردوو (یوئاخیم گاوک ) سەرۆک کۆماری ئەڵمانیا بۆ جاری یەکەم کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکانی وەک جینۆساید قەبوڵکرد و دانی نا بەوەی کە ئەڵمانیا بەشێک لەبەرپرسیاریەتی ئەو کۆمەڵکوژیەی دەکەوێتە ئەستۆ .

دوای سەد ساڵ تێپەڕبوون بەسەر جینۆسایدی ئەرمەنیەکان و خەباتی بەردەوامی نەتەوەی ئەرمەن لەپێناو بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیەکە لەئاستی نێودەڵەتی لەکۆتاییدا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەو کۆمەڵکوژیەی وەک جینۆساید پەسەندکرد، بۆ یەکەم جار لەپەرلەمانی عیڕاق پەرلەمانتار " جۆزیف صڵێوە " کە نوێنەری ئەرمەنیەکانە بەو بۆنەیەوە وویستی وتارێک پێشکەش بکا، بەڵام لەلایەن جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق " ئارام محەمەد عەلی " کە کوردە و سەر بە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕانە، ڕێگری لێکرا و نەیهێشتووە ناوبراو وتارەکەی پیشکەش بکات !

 هەروەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد لە ئاستی نێودەڵەتی جینۆسایدی ئەرمەنیەکان دوای سەدەیەک هاتە قبوڵکردن، لەوکاتەدا (ئارام) جێگری سەرۆک پەرلەمانی عیڕاق کە نوێنەری بزووتنەوەی گۆرانە ڕێگری لە نوێنەری ئەرمەنیەکان کرد وتار بخوێنێتەوە، ناوبراو بەو کردارەی بەری حەرامترین داری تامکرد و خەبات و قوربانیدانی نەتەوەی کوردی لەکەدارکرد، ئەوەی نەهاتە بەرچاو کە خۆی کوردە و نەتەوەکەی بەدەیان جار جینۆساید کراوە، ئەنفالەکان، فەیلیەکان، بارزانیەکان، کوردانی باوەڕمەندی ئێزیدی تا ئێستا (٧٣) جار کۆمەڵکوژکراون، دواجار مانگی (ئاب)ی ساڵی ڕابردوو بەهەزاران مرۆڤ کوژران و بزرکران و هەزاران کچ و ژنی کورد لەلایەن ئیسلامیە تیرۆریستەکان و بەعسیەکان بە پاڵپشتی عوسمانیە نوێیەکانی تورکیا ڕفێندران و دەستدرێژیان دەکرێتە سەر و تا ئێستاش لەبازاڕەکانی ئیسلامیە بێ ئەخلاق و عەرەبیەکان دەفرۆشرێن !

بزووتنەوەی گۆڕان سواری شەپۆڵی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەربوو تا گەیشتە دەسەڵات، ئەوانەی لە ١٧ شوبات شەهید بوون بەلای ئەو بزووتنەوەیە گرنگ نیە، داواکاری جەماوەر بەلایەوە گرنگ نیە، قوربانیدان و قوربانیەکانی ئەنفال و جینۆساید و هەڵەبجەی بەلاوە گرنگ نیە بەڵکو تەنیا بەشداریکردنی لەدەسەڵات بەلاوە گرنگە، لەوکاتەی هاتۆتە دەسەڵات خامۆش بووە و قەیرانەکانی هەرێمی کوردستانیش زیاتر بووە، بزووتنەوەی گۆڕان خاوەن ئایدۆلۆجیایەکی دیاریکراو نیە بۆیە زۆر ئاساییە نوێنەرەکەی لەبەغدا خاوەنی پۆستی جێگری سەرۆک پەرلەمان بێ و خزمەت بە تورکیا بکا و ڕێگری لە نوێنەری ئەرمەنیەکان بکا وتارەکەی پێشکەش بکا، ئەوەش سوکایەتی کردنە بە قوربانیدانی هەردووک گەلی کورد و ئەرمەن هاوکات ڕێزگرتنە لەتاوانی جینۆساید ! باشترە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیڕاق دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕابگەیەنێ و پۆستەکەی جێبهێڵێ .