حکومەتی بنکە فراوان لەهەرێمی کوردستان، فراوانترین بنکەی قەیرانی لە مێژووی هەرێمی کوردستان و عیڕاق و ناوچەکە هێنابەرهەم، بەشێوەیەک کاریگەری کردۆتە سەر ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگا.

پێش ئەوەی مرۆڤ باسی دوو حزبە سەرەکیەکەی دەسەڵات بکات کە پارتی و یەکیەتی کۆڵەگەی سەرەکی ئەو دەسەڵاتە پێکدێنن، پێوویستە باسی سێ حزبەکەی بەشدار لەو دەسەڵاتە بکرێ کە تا ئێستاش بێ شەرمانە دوو ڕوانە کاردەکەن و ڕۆڵی شەریک دەبینن.

 بە تێڕوانینی زۆر کەس خۆپیشاندان لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێم سوودی نیە، بەڵام بە پێچەوانەوە خۆپیشاندانەکان باشترین سوودی بە جەماوەر گەیاند، میللەت ئەمڕۆ لەهەموو کاتێک زیاتر مەنتالیتێتی ئەو پێنچ حزبە دەناسێ، بەتایبەتی سێ حزبەکەی کە پێشتر خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن نمایش دەکرد و ئێستاش بەشدارن لە حوکم، ڕۆڵی دەسەڵاتداری هاوبەش دەبینن لەو سیستەمە گەندەڵەی کە هەیە.

جەماوەری ناڕازی لە خۆپیشاندانەکان ڕێژە یان ژمارەی بەشداربوونیان زۆر باشە، بەڵام ئەندام و لایەنگرانی ئەو پێنچ حزبە ناهێڵن خۆپیشاندانەکان بگاتە ئامانجی خۆی، بەتایبەتی چەسپاندنی دەستەواژەی کێشەکە کێشەی مووچەیە و کێشەیەکی سیاسی نیە یان هیچ پەیوەندی بەسیاسەت نیە، وایکردووە خودی خۆپیشاندەران هاواربکەن کێشەکە مەکەن بە سیاسی!!

خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانەکانی ئەم ڕۆژانەی دوایی بە ڕاشکاوانە لە ڕێگەی بڵندگۆوە داوایان کرد کە پەرلەمانتارانی ئەو پێنچ حزبە لێدوان بۆ ئێمە نەدەن، تەنانەت بەشداری خۆپیشاندانەکانیش نەکەن. ئەو هەڵوێستەی خۆپیشاندەران دەیسەلمێنێ کە خەڵک لە ڕێگای خۆپیشاندانەکان زیاتر ناوەڕۆکی هەلپەرستانەی حزب و لایەنەکانی دەسەڵاتی ناسیووە، تەنانەت بەڕاشکاوانە هاواریان دەکرد بڕوخێ دز و شەریکە دز، مەبەستیان هەر پێنچ حزبەکەی بەشداربووی دەسەڵاتبوو.

کێشەیەکی گەورەیە ئەگەر خەڵکی ناڕازی وابزنێ کێشە و قەیرانەکان سیاسی نین، چونکە کاتێک بەرپرس و پەرلەمانتارانی خولی ئێستای حکومەت و پەرلەمان کە بەرپرسیارن لەو هەموو گەندەڵی و دزی و تاڵانکارییە، بێشەرمانە دێن بەشداری خۆپیشاندان دەکەن و دەیکەن بە مینبەر بۆ خۆ زیندووکردنەوە و خۆ نمایشکردن وەک ئۆپۆزسیۆن ئامانجیان خۆڵکردنە چاوی خەڵکە بەهەمان نرخی ساڵانی ڕابردوو، ئەوەش خۆیلەخۆیدا سیاسەتە، چونکە لای ئەو هەلپەرستانە خۆپیشاندان دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی بکەونە هونەرکاری و خۆ هەڵکێشان و دەرکەوتن لە پێش کامێرا و تەسفیەی حساباتی حزبی لەسەر حسابی قوتی خەڵک.

هەر جۆرە چەوساندنەوەیەک لە هەرێمی کوردستان کە لەلایەن پێنچ حزبەکەی دەسەڵات دژ بە بەرژەوەندی هاووڵاتیان ئەنجامدەدرێ هۆکارەکەی هۆکاری سیاسیە، بۆیە هەڵەیەکی مەزنە گەر بڵێین کێشە و قەیرانەکان سیاسی نین .

میللەت زۆر باش دەزانێ کە دەسەڵات بێباکە، نەک هەر چارەسەری کێشەکان ناکات بەڵکو دەیەوێ هەر وا بەردەوام بێت تا خەڵک لە ڕووی سیاسی و ئابووری دەگاتە لووتکەی بێچارەیی، خۆشیان وەک دەسەڵات بەردەوامبن لە فرۆشتنی پەتڕۆڵ و دزی و تاڵانکاری، بۆیە ئەوەی گرنگە جەماوەر بە شێوەیەکی تۆکمەتر بەشداری خۆپیشاندانەکان بکەن و تا کۆتایی بەو سیستەمە چەپەڵە دەهێندرێت کە لەئاستی جیهان وێنەی نیە لە بەدڕەوشتی. سیستەمێک بەلایەوە گرنگ نیە مناڵی خەڵک هەمووی واز لە خوێندن بێنن، بەلایەوە گرنگ نیە مامۆستایان و کەمئەندامان و پێشمەرگە دێرینەکان و زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی شەهیدان و سەرجەم چین و توێژەکان برسی بکرێن و نان نەبێ بیخۆن!!

تاقمی دەسەڵاتی خێڵەکی و بنەماڵەیی لەهەردوو زۆنی زەرد و کەسک بەبەرنامە کۆمەڵگای هەرێمی کوردستانیان کردووە بە دوو چین، چینی یەکەم چینێکی تایبەت بەخۆیانە کە کۆنتڕۆڵی پەتڕۆڵ و بازرگانیکردن و هێنانی جگەرە و دەرمان و کەرتی عەقارات و هتد. . کردووە و خۆیان بە بەرزتر لە میللەت دەزانن، چینی دووەمیش بە تێڕوانینی ئەوان چینی پلە دووە میللەت دەبێ هەژار و نەزان و نەدار و کرێچی و بێچارە بێ.

 ئەو ڕاستیانە هەر تاکێکی کۆمەڵگا دەیزانێ بۆیە نابێ لە خۆپیشاندانەکان بڵێین کێشە و قەیرانەکان مەکەن بە سیاسی، بە پێچەوانەوە کێشەکان لەئەنجامی شکستی سیاسەتی ئەو پێنچ حزبەی بەشدار لەدەسەڵات دروستبووە و دەبێ باجەکەشی بدەن.