ساڵی ڕابردوو شاری شەنگال و کوردانی باوەڕمەندی ئێزیدی و گوند و دەڤەرەکانی ئێزیدخان بۆ جاری حەفتاو سێێەمین دووچاری قڕکردن و لەناوبردن هاتن . ڕۆژی ٣/٨/٢٠١٤ هێزەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیانکردە سەر شاری شەنگال، بەهۆی بەرگرینەکردن و کەمتەرخەمی بەرپرسە سەربازیەکانی هێزی پیشمەرگەی ئەو دەڤەرە و هەڵاتنیان، شاری شەنگال و دانیشتوانەکەی کەوتنە ژێر دەستی داعش، بەو هۆیەوە هەزاران ژن و منداڵ ڕفێنداران و لەبازاڕەکانی شارەکانی موسڵ و ڕەقە و شوێنەکانی تر فرۆشران و بەسەدان پیاوی ئێزیدی گولـلەبارانکران و هەزارانی تریش کۆچبەربوون و ڕوویانکردە چیای شەنگال و دەیان هەزاریش لەناوچەکانی باجید گەندالا و شاریا و خانکێ لەدەڤەری دهۆک و کەمپەکانی ناوچەی هەولێر و سلێمانی نیشەجێکران .

ئاستی کارەساتەکە زۆر گەورەبوو لە ئاستی جیهان دەنگیدایەوە بەتایبەتی کە داعش بە ڕاشکاوانە ڕایدەگەیاند کە هاوشێوەی ئیسلامی ڕاستەقینەی (١٤٠٠) لەمەوبەر بەرامبەر بە گەلی کورد ڕەفتار دەکات . دەبێ ئەو ڕاستیەمان لەبەرچاو بێت ئەگەر شەڕڤانان فریای خەڵکی سڤیلی شەنگال نەکەوتبان و بەکردنەوەی ڕێڕەوێک دەربازیان نەکردبان ئەوا دەیان هەزار مرۆڤی تر لەلایەن داعش تیرۆر دەکران، بەڵام بەرگریکردن و بەرخۆدانی شەڕڤانان و گەریلاکان ئەوکاتە سنوری بۆ پێشڕەوییەکانی داعش دانا .

دوای داگیرکردنی شەنگال لەلایەن تیرۆریستانی داعش، لەماوەی ساڵێک و سێ مانگی ڕابردوودا زۆر جار هێزە کوردییەکان واتە (پێشمەرگە، گەریلا، شەڕڤان ) لەدژی داعش لە شەنگال و دەوروبەری شەڕیان کردووە، کەس ناتوانێ ئینکاری ڕۆڵی شەڕڤان و گەریلا بکات کە لەو شەڕانەدا دەیان شەهیدیان پێشکەشی کوردستان کردووە . ئەوەی پڕۆسەی ڕزگارکردنی شەنگالی دواخست نەبوونی پەیوەندییەکی دروستی نێوان هێزە کوردیەکان بوو، جگە لەوەش سەرهەڵدانی ناکۆکی لەسەر ئەوەی کێ شەنگال ڕزگار دەکات فاکتەرێکی تری دواخستنی پرۆسەکە بوو . بارودۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوامبوو تا ڕۆژی ١٣/١١/٢٠١٥ ئازادکردنی شەنگال ڕاگەیەندرا، لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شەنگال هێزە کوردییەکان شەڕڤان، پێشمەرگە، گەریلا بەشداربوون هاوکات فڕۆکەی هاوپەیمانان بەشداریکردووە .

 دوای کەوتنی شاری شەنگال و داگیرکردنی لەلایەن داعش، ئەوەی پێوویستبوو لایەنی کوردی بیکردبا یەکڕیزی و هەمئاهەنگی هێزە کوردییەکان بوو، دەبوایە هێزە کوردییەکان وەک یەک تیم پێکەوە بەشداری پرۆسەی ئازادکردنی شەنگالیان بکردبا، بەیەک ڕاگەیەندراوی سەربازی هاوبەش ئازادکردنی شەنگالیان ڕاگەیاندبا بۆ ئەوەی نیشانی جیهان بدرایە کە گەلی کورد یەکگرتووە و سنورە دەستکردەکان لەنێوان کوردان بوونی نیە، هەروەها بۆئەوەی تیرۆریستاتی داعش و ڕێکخراوەکانی هاوشێوەیان و ووڵاتانی داگیرکەری کوردستان ئەو هەنگاوەیان بە چاوی خۆیان بدیبایە و هەتاهەتایە جەسارەتی ئەوەیان نەکردبا لەهیچ شوێنێکی تری کوردستانی مەزن هێرش بکەنە سەرکوردان .

 داگیرکردنی شەنگال لەلایەن داعش و ڕفاندن و فرۆشتنی ژنانی کورد لە بازاڕەکان و ئاستی تاوانەکان دژ بەخەڵکی سڤیل چەندە مەزن بوو، ئەوەی لە ڕۆژی ڕزگارکردنی شەنگال ڕوویدا سەرکەوتنێکی سەربازی زۆر مەزنتر بوو، سەلماندی ئەگەر هێزە کوردیەکان پێکەوە بەرگری بکەن ئەوا هاوشێوەی داستانی کۆبانی هیچ هێزێک نیە بەرەنگاریان ببێتەوە، بەڵام ئەوەی بیەوێ لە گرنگی ئەو سەرکەوتنە کەم بکاتەوە وەریگێڕێ بۆ کارەساتی پەرتەوازەبوونی ناوماڵی کورد و لێکترازانی سیاسی و قوڵکردنەوەی کێشەکان ئەوەیە گەر لایەنێک سەرکەوتنەکە بۆ بەرژەوەندی و دەسکەوتی حزبی تەسک بکاتەوە و بڵێ تەنیا ئێمە شەنگالمان ڕزگارکرد !!!

گەلی کورد و جیهان شاهێدی ئەوەن گەریلاکان و شەڕڤانان چۆن شەڕی تیرۆر و تیرۆریستان دەکەن، بۆیە شەرمە گەر مرۆڤی کورد پرسیاری ئەوە بکا ئایا ڕاستە تەنیا لایەنێک شەنگالی ڕزگارکرد ؟؟!!

گەلی کورد چاوەڕێبوو مەسعود بارزانی لە ڕۆژی ڕزگارکردنی شەنگال ئاماژەی بکردبا بە قوربانیدانی پێشمەرگە و گەریلا و شەڕڤانان و هەموو ئەوانەی لەو شەڕانەدا بەشداربوون، سوپاسی بنەماڵەی شەهید و بریندارانی هەموو هێزە کوردیەکانی بەبێ جیاوازی بکردبا، بەڵام بە پێچەوانە بەشێوەیەکی نەدیوو سەیری بەشداری و قوربانیدانی هێزەکانی گەریلا و شەڕڤانانی کرد، ئەو هەڵوێستەی بارزانی نیشانەی پرسیاری لای هەموو تاکێکی کورد و دۆستانی کورد دروستکرد ؟؟؟!!!