سهرهداوهكهم دۆزیه‌وه.. بۆیه ئه‌و پێشنیازه ده‌كه‌م ... سووره مه‌رگه‌یی
- Details
- Parent Category: نووسەرەکان
- سورە مەرگەیی
- Hits: 313
ئه‌گه‌ر به كۆبوونه‌وه به‌رده‌وام و دوور و درێژه‌كانی نێوان حزب و لایه‌نه‌كانی كوردستان بوایه، ئه‌وا هه‌موو گه‌لانی دونیا ده‌بووایه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه و گرفته‌كانیان هاتبان و راوێژیان به سیاسییه‌كانی كورد كردبا، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو كۆبوونه‌وه فه‌رمی و نافه‌رمیانه رۆژانه كێشه و گرفتی تازه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و په‌یوه‌ندی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانیش ئاڵۆزتر ده‌بن، ئه‌وه له كاتێكدایه دوای هه‌ر كۆبوونه‌وه‌یه‌ك دیداری رۆژنامه‌وانی ده‌به‌ستن و له‌به‌رده‌م ده‌زگاكانی راگه‌یاندندا ده‌ڵێن: كۆبوونه‌وه‌كه (ئیجابی) بوو، به‌ڵام زۆر نابات گنج و لۆچی سه‌ر ده‌موچاویان خه‌نده و بزه‌ی ناو كۆبوونه‌وه‌كان ده‌خاته ناو فایلی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان و، تووڕه‌یی حزبی ده‌كه‌نه‌وه كابووسی هاوهه‌ڵوێستی و خه‌ونه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی پێدهزڕێنن.
ئیجابی بوونی كۆبوونه‌وه‌كان و كه‌ڵه‌كه بوونی به‌رده‌وامی كێشه و گرفته‌كان دوو شتی زۆر پێچه‌وانه و لێك دوورن، ئه‌وه‌ش وایكرد به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی سه‌ره‌داوی ئه‌و نهێنیه‌دا بگه‌ڕێم، دوای گه‌ڕان و سووڕانێكی زۆر بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌وه‌ی له هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كان دووباره ده‌بێته‌وه رازاندنه‌وه‌ی مێزه‌كانه به سێ‌و و مۆز و پرته‌قاڵی سه‌ر به گوڵووكه، ئه‌وجار بۆم ده‌ركه‌وت كه كۆبوونه‌وه‌كان كۆبوونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی باخهڵین و به ئاراسته‌ی تێركردنی (ورگ) دا ده‌برێن، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی له كۆنفرانسه رۆژنامه‌وانیه‌كان دوو قۆڵی و سێ قۆڵی دێنه به‌رده‌م راگه‌یاندنه‌كان و هاوشێوه‌ی به‌ندبێژه‌كان بۆ یه‌كتری ده‌ستێننه‌وه، دوای هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كان له‌به‌رده‌م ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ده‌ڵێن: كۆبوونه‌وه‌كه ئیجابی بووه و لێكگه‌یشتنێكی باش له نێوانماندا درووست بووه، وه‌ك برای به‌ڕێزم كاك.. . فه‌رمووی: ئه‌م جۆره كۆبوونه‌وانه به‌رده‌وام ده‌بن، جا بۆ ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كان چیتر كۆبوونه‌وه‌ی تێركردنی ورگ و باخه‌ڵ پڕكردن نه‌بن و بۆ ته‌نیا جارێك چاره‌نووسی كوردیان له‌به‌رچاو بێ، پێشنیاز ده‌كه‌م له‌مه‌ولا له‌سه‌ر مێزی كۆبوونه‌وه‌كان له باتی سێ‌و و مۆز و پرته‌قاڵی سه‌ر به گوڵووكه ئه‌م وێنانه دابنێن.
1ــ وێنه‌ی چوارچرا و پێشه‌وا قازی وه‌ك ره‌مزی ژیان و مردن له‌گه‌ڵ گه‌له سته‌مدیده‌كه‌ی له‌سه‌ر مێزی كۆبوونه‌وه‌كان دابنرێ.
2ــ وێنه‌ی بارزانی نه‌مر دابنرێ بۆ ئه‌وه‌ی لێیه‌وه فێری گیانبازی و كلتووری خۆ به‌ده‌سته‌وه نه‌دان و به‌رگری له ماف و ئازادیه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و به گژدا چوونه‌وه‌ی پیلان و گه‌له‌كۆمه‌ی دوژمنان ببن.
3ــ وێنه‌ی عه‌لی كیمیایی له سووچێكه‌وه دابنرێ بۆ ئه‌وه‌ی له كۆبوونه‌وه‌كاندا ئه‌نفال و زینده‌به‌چاڵی ژن و منداڵی كوردیان بیر بێته‌وه.
4ــ وێنه‌ی (عومه‌ری خاوه‌ر) یش وه‌ك رێزگرتن له هه‌ڵه‌بجه و بیرخه‌ره‌وه‌یه‌ك بۆ مه‌رگی به كۆمه‌ڵ له شوێنی كۆبوونه‌وه‌كه بوونی هه‌بێ.
5ــ وێنه‌ی سه‌ددام و مالیكی و ئه‌بوبه‌كر به‌غدادیش هه‌بێ، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه ئه‌و راستییه‌یان له‌به‌رچاو بێ كه كورد هه‌ر ده‌نگ و ره‌نگێكی هه‌بێ یه‌ك قه‌ده‌ر و یه‌ك چاره‌نووسی هه‌یه.