كورد له به‌غدا سه‌رۆك كۆماری هه‌یه، (65) په‌رله‌مانتار و (5) وه‌زیر و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و چه‌ندین جێگر وه‌زیر و پله و پۆستی سیاسی و ئیداری و سه‌ربازی تری هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌غدا زیاتر له (13) مانگه بودجه‌ی هه‌رێم و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستانی بڕیوه، ئه‌وانیش له به‌غدا له كاتی دیاریكراودا بودجه و مووچه‌ی خۆیان وه‌رده‌گرن و له‌سه‌ر مووچهبڕاوانی كوردستانیش به ده‌نگ نایه‌ن و بچوكترین هه‌ڵوێست وه‌رناگرن، خۆ ئه‌وانه ئه‌گه‌ر نه‌شتوانن به‌غدا ناچار بكه‌ن بودجه‌ی هه‌رێم و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بنێرێ، ده‌كرێ وه‌ك پشتیوانی له مووچهبڕاوانی كوردستان و هاوخه‌می بۆیان (مان) له وه‌رگرتنی مووچه‌ی خۆیان بگرن، ئایا ئه‌وانه ئه‌گه‌ر ئاماده نه‌بن بێ مووچه‌یی بكه‌نه خاڵی هاوبه‌شی نێوان خۆیان و فه‌رمانبه‌رانی كوردستان، پێمناڵێن: چی به كورد و كوردستانیانه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه؟!
له به‌غدا خۆیان وا ده‌رده‌خه‌ن كه نوێنه‌ری كوردن، به‌ڵام بێده‌نگی و بێهه‌ڵوێستیان وایكردووه، ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا وه‌ك نوێنه‌ری گیرفان و پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكا و به نوێنه‌ری كوردیان نه‌زانێ، جارێ هه‌ندێكیان كه ده‌مدی له كوردستان به‌ناوی به‌رگری له مافی هه‌ژاران و قووتی خه‌ڵك په‌لاماری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان ده‌دا، ده‌مگوت: ئه‌وانه ببنه نوێنه‌ری كورد و بگه‌نه به‌غدا عه‌ره‌ب به كوڵك و پێسته‌وه ده‌خۆن، كه‌چی ئێستا وه‌ك ئه‌وه‌ی لیژنه‌ی بینینی مانگ بن له چاوه‌ڕوانی سه‌ری مانگ و وه‌رگرتنی جه‌ژنه‌پیرۆزه‌ی باخهڵدان.
به‌ڕێزان.. دڵتان به‌وه خۆش مه‌كه‌ن كه هێمنی و له‌سه‌رخۆیی و بێده‌نگی تاسه‌ر باخه‌ڵتان ده‌ئاوسێنێ! چونكه چه‌ندی له ئاست بڕینی بودجه و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان بێهه‌ڵوێست بن! عه‌ره‌ب بێده‌نگی و بێهه‌ڵوێستیتان له‌به‌رچاو ناگرێ و هێشتا له چاوه‌ڕوانی ده‌ركردن دابن، جا بۆیه به‌رله‌وه‌ی دهرتانكهن خۆتان وه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر خۆتان هه‌ڵوێست وه‌ربگرن و بێنه‌وه، ئه‌وا وه‌ك شۆڕشگێڕێك پێشوازیتان لێده‌كه‌ین، خۆ ئه‌گه‌ر دهرتانكهن، ئه‌وا وه‌ك جاش ده‌گه‌ڕێنه‌وه و ده‌بێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بكه‌ن لێبووردنێكی گشتیتان بۆ ده‌ربكه‌ین، چونكه جاش هه‌ر ئه‌وه نییه تفه‌نگ به رووی كورد و پێشمه‌رگه‌دا بته‌قێنێ، جاش ئه‌و كه‌سه‌یه له پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی و پڕ كردنی باخه‌ڵی له ئاست زووڵم و سته‌می سه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌ی بێده‌نگ بێ، هه‌ر وه‌ك جارێكیان وه‌زیرێكی كورد به نوێنه‌رایه‌تی رژێم بۆ گفتوگۆ دێته لای بارزانی نه‌مر، دوای دانیشتن و گفتوگۆ بارزانی نه‌مر پێیده‌ڵێ: تۆ وه‌زیری، ئه‌گه‌ر له‌كاتی پێویست به‌رگری له مافی نه‌ته‌وه‌كه‌ت نه‌كه‌ی پێتده‌ڵێم: جاش وه‌زیر، ئێوه‌ش له به‌غدا لانی كه‌م ئه‌گه‌ر به مانگرتن له وه‌رگرتنی مووچه‌ی خۆتان نه‌بنه هاوخه‌می مووچهبڕاوانی كوردستان و به‌رگری له قووتی خه‌ڵكی نه‌كه‌ن، یان به‌رله‌وه‌ی دهرتانكهن، خۆتان به‌غدا جێنه‌هێڵن و نه‌یه‌نه‌وه، پێشگری جاش له پێش پله و پایه و پۆسته‌كانتان داده‌نێین، واتا جاش.. .