نوری مالیکی لە شاری میسانی عرووبە هایهووی لێدەکرێ, لە شاری زیقاری عرووبە رێی مانەوەى نادەن, لە شاری بەسرەی عرووبە پێڵاوباران دەکرێ, لە شاری کەربەلای عەلی و حەسەن و خوسێن سووکایەتی پێدەکرێ, کەچی لە سلێمانی کوردایەتی, لە سلێمانی شێخی نەمر, لە سلێمانی سێکوچکەی بابان, لە سلێمانی پیرەمێرد و بێکەسی پەرنجە راوەشێن, پێشوازی لێدەکرێ و هەڕەشەی پێ لە بیری کوردایەتی و خوێن و خەباتی دەیان ساڵەی کورد و شۆڕشەکانی دەکرێ. ئەرێ سلێمانی کوردایەتی! چی وەڵامی رابوونی بەردەرکی سەرا و ئەمنە سوورەکە دەیەوە؟ چی بە شێخی نەمر دەڵێی و چۆن ماچی رابوون بۆ بەردە قارەمان هەڵدەدەی؟ بە چ زمانێک نالی و سالم و کوردی دەدوێنی؟ چۆن دەچیتە گردی مامەیارە و گوێ لە ئاوازی ئەمڕؤژی ساڵی تازەی پیرەمێرد دەگری؟ ئەی چۆن سەیری پەنجەی بێکەسی شاعیر و سەرداخستنی (ئەدمونز) دەکەی؟ ئەرێ سلێمانی کوردایەتی ئاگات لێیە! دوای ئەو هەموو شانازیانە و دەیان شانازی تریش, هەندێ کەس و دەستە و گرووپ لە کۆشی کۆنەقیندا خەواندوویانی و وا خەریکە لە باوەشی بەغدای عرووبەدا گڕوگاڵی یەکپارچەیی خاکی عێراقی لێکهەوەشاوت پێبکەن. سلێمانی کوردایەتی سەر هەڵبڕە! تۆی پێشەنگی کوردایەتی و تۆی خاوەنی ناسنامەی رابوون و زنجیر پسێنی کۆیلایەتی, وا خەریکە دەتکەنە پاشکۆی بەغدای عرووبە و شەڕی مێژووی سەروەرکانی خۆت پێدەکەن.