به‌رده‌وام ده‌گوترێ له‌ سلێمانی دیموكراتی و ئازادی بیروڕا هه‌یه‌ و دیكتاتۆریش باڵی به‌سه‌ر هه‌ولێردا كێشاوه‌، بۆیه‌ ده‌پرسین: ئایا دیموكراتی سلێمانی شایانی ئه‌و هه‌موو پیاهه‌ڵدانه‌یه‌؟! یان مه‌رامێكی سیاسی له‌ پشته‌، ئه‌و كه‌س و ده‌سته‌ و گرووپانه‌ی ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ بۆ دیموكراتی سلێمانی ده‌كه‌ن راسته‌ رقیان له‌ هه‌ولێریه‌كانه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ سلێمانیه‌كانیان خۆش بوێن، ئه‌و پیاهه‌ڵدان و ماستا و كردنه‌ بۆ سلێمانی و سلێمانیه‌كان، له‌ پای به‌كارهێنانی سیاسییه‌ و هه‌ندێ كه‌سی شكستخواردووی سیاسی بۆ گه‌یشتن به‌ مه‌رامه‌كانی و فریودانی سلێمانیه‌كان زه‌مه‌نێكه‌ خوویان به‌و جۆره‌ بانگه‌شه‌یه‌وه‌ گرتووه‌. كاتێ بانگه‌شه‌ی بێبنه‌مای دیموكراتیه‌كه‌ی سلێمانی له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كانی پێشكه‌وتنی دیموكراتی له‌ وڵاتان به‌راورد ده‌كه‌م‌، رێك دیموكراتی كۆریای باكوورم دێته‌وه‌ یاد، له‌ كوریای باكوور هه‌ر كه‌سێك هه‌ڵسوكه‌وت وه‌ك سه‌رۆكه‌ گه‌نجه‌كه‌ نه‌كا و وه‌ك ئه‌ویش نه‌خوا و نه‌ڕوا له‌ سه‌ری ده‌درێ، له‌ سلێمانیش هه‌ر كه‌سێك وه‌ك رێكخه‌ره‌ پیره‌كه‌ نه‌دوێ، یان رای جیاوازی هه‌بێ و وه‌ك ئه‌و بیر نه‌كاته‌وه‌ جنێوباران ده‌كرێ، لێدوانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی مه‌لا به‌ختیار و ئه‌و هێرشه‌ی له‌ كه‌ناڵی (كه‌ی ئێن ئێن)ی زمانحاڵی رێكخه‌ره‌ پیره‌كه‌ كرایه‌ سه‌ری باشترین به‌ڵگه‌ی ئه‌و راستییه‌ن‌، پایه‌یه‌كی تری دیموكراتییه‌كه‌ی سلێمانی ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر كه‌سێ دژی پارتی بێ و هاوشێوه‌ی رێكخه‌ره‌ پیره‌كه‌ دژایه‌تی خانه‌واده‌ی بارزانی نه‌مر بكاته‌ ئامانجی دوور و نزیكی و وه‌ك هه‌ڵسووڕێنراوانی په‌لاماری مێژووی پڕ سه‌روه‌ری ئه‌و خانه‌واده‌یه‌ بده‌ن، ئه‌وا فوول دیموكرات و دیموكراتخوازه‌، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ گه‌نده‌ڵ و كۆیله‌ و نه‌زان و دواكه‌وتووه‌. گۆڕانخوازی و دیموكراتخوازی له‌ فه‌رهه‌نگی سیاسی رێكخه‌ره‌ پیره‌كه‌ی سلێمانیدا پێناسه‌ی تایبه‌تیان هه‌یه‌ و له‌ پێناسه‌ی هیچ زانا و پسپۆڕێكی بواری گۆڕانخواز و ‌دیموكراتخوازان ناچێ، رێكخه‌ره‌ پیره‌كه‌ وای پێناسه‌ی گۆڕانخوازی كرد ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵێ بێت گۆڕانخوازه و ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵی نه‌بێ گه‌نده‌ڵ و دزه‌ و سامانی گشتی به‌هه‌ده‌ر ده‌دات، ‌ هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ لای رێكخه‌ره‌ پیره‌كه‌وه‌ گه‌نده‌ڵه‌، ده‌كرێ به‌یانی ببێته‌ گۆڕانخواز و به‌ یه‌كه‌وه‌ كۆتایی به‌ بڕیاری تاكڕه‌وی سیاسی بێنن، له‌ پێناسه‌ی دیموكراتیشدا پێیوایه‌ وه‌ك ئه‌و نه‌دوێی و وه‌ك ئه‌و بیر نه‌كه‌یه‌وه‌ تاكڕه‌و و دیكتاتۆری، خۆ ئه‌گه‌ر رای جیاوازت هه‌بێ سنووری دیموكراتیت به‌زاندووه‌ و له‌ هیتله‌ر و سه‌ددام و دیكتاتۆره‌ گه‌نجه‌كه‌ی كۆریای باكوور دیكتاتۆر تری، ئه‌وه‌تا به‌لایه‌وه‌ په‌راوێز خستنی گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی په‌رله‌مانی دیموكراتییه‌، هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر باره‌گای ئه‌و حزبه‌ی مه‌به‌ستیه‌تی دیموكراتییه‌، تیرۆر كردن و تۆمه‌تدانه‌ پاڵ را و بۆچوونه‌ جیاوازه‌كان دیموكراتییه‌، ئاژاوه‌ نانه‌وه‌ و هه‌ڵاتن بۆ ئه‌وروپا و وڵات جێهێشتن له‌ قۆناغێكی هه‌ستیاری وه‌ك ئێستادا دیموكراتییه‌، جا به‌ پێوه‌ره‌ی رێكخه‌ره پیره‌كه‌ بۆ گه‌نده‌ڵی گۆڕانخوازی بدزه‌ ــ بدزه‌ ــ بدزه‌. . هه‌ركاتێ چوویه‌ گرده‌كه‌ یان ره‌خه‌نه‌ت له‌ به‌شه‌ حكومه‌تی پارتی گرت، ئه‌وا ده‌بیه‌ گۆڕانخوازێكی دانسقه‌، بۆ دیموكراتیش بكوژه‌ ــ بكوژه‌ ــ بكوژه‌. . هه‌ركاتێ گوتت: پارتی دیكتاتۆره‌، ئه‌وا له‌ سوقرات و ئه‌رستۆتاڵس دیموكراتخواز تری.