یه‌كێتی گۆڕان تۆمه‌تی غرووری ده‌ده‌نه‌ پاڵ پارتی، منیش ده‌ڵێم: پارتی غرووره‌، به‌ڵام یه‌كێتیش دوو رووه‌ و گۆڕانیش عیناد و چه‌واشه‌كاره‌، لێره‌دا پێویسته‌ له‌وه‌ بدوێین غرووری پارتی و دوو روویی یه‌كێتی و عینادی و چه‌واشه‌كاری گۆڕان له‌ چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌. ئه‌وه‌ی پارتی كه‌ پێیده‌ڵێن: غرووری، غرووری نییه‌، ئه‌وه‌ ده‌ربڕینی خوێندنه‌وه‌ی درووسته‌ بۆ رووداوه‌كانی ئێستا و نواندنی هه‌ڵویستی نه‌ته‌وه‌ییه‌ بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان و هه‌نگاو هه‌ڵگرتنه‌ بۆ دوا چاره‌سه‌ری پرسی كورد، به‌ڵام به‌لای ئه‌وانه‌ی له‌ دیدگای حزبییه‌وه‌ بۆ رووداوه‌كان ده‌ڕوانن و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان كردوونه‌ پاشكۆی مه‌رامه‌ سیاسیه‌كانیان به‌ غرووری ناو ده‌به‌ن. دوو روویی یه‌كێتی له‌وه‌ دایه به‌ دوو ئاڕاسته‌ی جیاوازدا سیاسه‌ت ده‌كات و له‌ نیوان دوو رێككه‌تندا گه‌مه‌ ده‌كات، ریككه‌وتنی ستراتیجی له‌گه‌ڵ پارتی هه‌یه‌ و گۆڕان دژیه‌تی، ریككه‌وتنی له‌گه‌ڵ گۆڕانیش واژۆ كردووه‌ و پارتی دژیه‌تی، ده‌شیه‌وێ هه‌ر دوو رێككه‌وتنه‌كه‌ بپارێزێ و پێچه‌وانه‌ی ئه‌و په‌نده‌ كوردیه‌ دوو شوتی به‌ ده‌ستێك هه‌ڵبگرێ كه‌ هه‌ڵناگیرێن، یان ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی پرؤژه‌ی به‌ هه‌رێم كردنی كه‌ركوك پێشكه‌ش ده‌كا و وه‌ك مه‌كته‌بی سیاسیش دژی ده‌وه‌ستنه‌وه‌. هه‌رچی عینادی و چه‌واشه‌كاری گۆڕانیشه‌ گاز ده‌گرێ و هاواریش ده‌كات، به‌ هه‌ڵكواتانه‌سه‌ر و سووتندنی باره‌گاكانی پارتی، گاز له‌ هاوهه‌ڵویستی نه‌ته‌وه‌یی ده‌گرێ و كاری پێكه‌وه‌یی په‌ك ده‌خات، له‌ولاشه‌وه‌ بۆ په‌كخستنی په‌ڕله‌مان ده‌گری‌.