نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی خه‌ڵكی كوردستاندا، بۆ له‌ناوبردنی پارتی دیموكراتی كوردستان و نابوتكردنی لایه‌نه‌سیاسیه‌كانی تر و پاكتاوی نه‌یاره‌كانی له‌ناو حزبه‌كه‌ی خۆشیدا، جگه‌ له‌ ورده‌ ته‌قه‌ چه‌ندین بۆمبی زه‌به‌لاح و ترسناكیشی ته‌قاندوونه‌وه‌، ده‌كرێ وه‌ك بیرخه‌ره‌وه‌یه‌ك هه‌ندێك له‌و بۆمبانه‌ بیر خه‌ڵكی كوردستان بخه‌مه‌وه‌. یه‌كه‌م:ــ بۆمبی میدیایی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌و بۆمبه‌ی‌ له‌ ساڵی 1969و له‌ژێر چاودێری موخابه‌راتی عێراقی و به‌ناوی گۆڤاری رزگاری به‌ جوانی و پیرۆزیه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا ته‌قانده‌وه‌، له‌و بۆمبه‌دا نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ شاردنه‌وه‌ی خه‌تا و تاوانه‌كانی، كوژراوانی جاشی به‌ قاره‌مان و فه‌مانده‌ و شه‌هید ناو ده‌بردن، شه‌هیدانی پێشمه‌رگه‌ و شۆڕشگێڕانی جاش كوژیشی به‌ چه‌ته‌ی مه‌لا مسته‌فای بارزانی ناوزه‌ند ده‌بردن، خوێنه‌ر بۆ زانینی ئه‌و راستییه‌ ده‌توانێ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گۆڤاری رزگاری كه‌ (15) ژماره‌ی لێده‌رچوو. دووه‌م:ــ بۆمبی چه‌واشه‌كاری نه‌شیروان مسته‌فا بۆ خاڵی بوونه‌وه‌ له‌ رق و كینه‌ سیاسی به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه‌ مێژوو به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا بنووسێته‌وه‌ كه‌ خۆی مه‌به‌ستیه‌تی، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ كۆی وتار و كتێبه‌ چاپكراوه‌كانیدا به‌ره‌ی شۆڕش و شۆڕشگێڕی خۆستۆته‌ خانه‌ی خیانه‌ت و خۆشی وه‌ك قاره‌مان و پێشه‌نگی گۆڕانكاریه‌كان داناوه‌ به‌ رووداوه‌كانی دوای ناوه‌ڕاستی ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووشه‌وه‌. سێیه‌م:ــ بۆمبی تیرۆریستی ئه‌وه‌ی ئێستا به‌رگی تیرۆریستی به‌ باڵای داعش بڕیوه‌ كه‌ كاری ته‌قینه‌وه‌یه‌ له‌ شوێنه‌ گشتیه‌كاندا، نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ ساڵی 1972 به‌ فڕێدانی (نارنجۆك) بۆ ناو قوتابخانه‌ی دوا ناوه‌ندی كچان له‌ سلێمانی و بریندار كردنی دوو خوشك به‌ ناوه‌كانی شنۆ و شه‌وبۆ ئه‌نجامی داوه، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ تیرۆركردنی ده‌یان تێكۆشه‌ری وه‌ك عومه‌ر شه‌ریف و عه‌بدولی سۆران و نوری حه‌مه‌ عه‌لی به‌ تۆمه‌تی پارتی بوون و وه‌هاب و دكتۆر ئازادی هاوسه‌نگه‌ری و پێنج هاوڕێی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری و ده‌یان تێكۆشه‌ری ناو حزب و لایه‌نه‌كانی تری كوردستان. چواره‌م:ــ بۆمبی دیلكوژی شه‌هیدان عه‌دوڵا سوور و مام ئاراس وعه‌ریف برایم و دوو كوڕه‌كه‌ی و كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌ی پیا و ژنی حزبی شیوعی بناری قه‌ندیل، دیارترین ئه‌و به‌ دیل كوژراوانه‌ن كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا هێزی خۆی به‌رامه‌یه‌ر به‌ لایه‌نه‌كان پێ ده‌رده‌خستن. پێنجه‌م:ــ بۆمبی كۆمه‌ڵكوژی له‌ شه‌ڕی بناری قه‌ندیل كه‌ به‌ شه‌ڕی ئاشقوڵكه‌ و سووره‌دێ ناسراوه‌ و نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ درووشمی هانده‌ری (قوربانتان بم دیلم ناوێ په‌رێزتان پاك بێ) تاوانی كۆمه‌ڵكوژ كردنی پێشمه‌رگه‌كانی حزبی شیوعی و حزبی سۆشیالیستی كوردستانی خسته‌ سه‌ر خه‌رمانی تاوانه‌كانی. شه‌شه‌م:ــ دووباره‌ بۆمبی میدیایی نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ گۆڤاری رزگاری له‌ دوای كه‌رتكردنی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و درووست كردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌سه‌ر هه‌مان رێچكه‌ی گۆڤاری رزگاری كه‌ناڵێ (كه‌ی ئێن ئێن)و چه‌ند میدیایه‌كی تری سێبه‌ری دامه‌زراند، ئه‌و میدیایه‌ش له‌ خۆپیشاندانه‌كانی 17ی شوباتی ساڵی 2011و مانگی 10ی ساڵی رابردوو، بۆمبی هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر و سووتاندن و به‌ كوشتدانی كوڕی خه‌ڵكی، به‌ یه‌كێتی ناوماڵێ كورد و كاری پێكه‌وه‌یی ناو حزب و لایه‌نه‌كانی كوردستاندا ته‌قانده‌وه‌ و ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستای لێكه‌وتۆته‌وه‌. حه‌وته‌م:ــ بۆمبی كه‌رتكردن و رێككه‌وتن نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆمبی كه‌رتكردنی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان نه‌یتوانی ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستیه‌تی بیهێنێته‌دی، بۆیه‌ به‌و رێككه‌وتنه‌ی ده‌یه‌وێ دوا بۆمبی به‌ جه‌سته‌ی پڕ زامی كوردایه‌تی و گیانی خواست و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا بته‌قێنێته‌وه‌، كاریگه‌ری ئه‌و بۆمبه‌ش به‌ پله‌ی یه‌كه‌م به‌رپرسیارێتی ئه‌خلاقی ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی دڵسۆز و خه‌مخۆرانی ناو یه‌كێتی، چونكه‌ به‌ ده‌نگه‌وه‌چوون و نه‌چوونی یه‌كێتی كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر خه‌ساره‌ی ئه‌و دوا بۆمبه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌بێ، به‌رپرسیارێتی دووه‌میش ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر پارتی و لایه‌نه‌كانی تر، كه‌ تا كوێ ده‌توانن ئه‌و بۆمبه‌ش بێ خه‌ساره‌ پووچه‌ڵ بكه‌نه‌وه‌. له‌ كۆتاییدا داوای لێبووردن له‌ كاك نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌كه‌م كه‌ دڵنیام له‌ خستنه‌ڕووی بۆمبه‌كانی زۆرێكیانم له‌ بیر كردوون.