. . گلۆته‌شه‌کر. .

عه‌سره‌چایه‌ک خۆشترین دیاری گوندنشینان بوو لۆ پێشمه‌رگه‌ چونکه‌ کاتی جه‌می خواردن یا دابێکی سه‌پاوی کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بوو به‌ڵکو ته‌نیا له‌خۆشه‌ویستی و لۆ که‌شخۆشی، تاقمه‌چایه‌کی گه‌رم و شیرینخۆری به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندیه‌کان وه‌ک هاوبه‌ندێکی پێشمه‌رگایه‌تی چه‌ندباره‌، ئه‌وه‌ی چاخۆره‌وه‌ش نه‌بوو ده‌هاته‌ ڕیزێ و چایه‌کی داده‌گرت! هه‌نده‌کیان به‌گیرکردنی ‌کڵۆشه‌کری قه‌ندێک له‌خرێنه‌ی دداندا دیشله‌مه‌یان فڕده‌کرد، ئاوێتان و ئاوێزان جه‌ماوه‌ر و پێشمه‌رگه‌ به‌ناخی یه‌کترا ڕه‌گیان داده‌کوتا. له‌جیاتی شه‌وچره‌ کاتی نه‌بوونی به‌هۆی گه‌مارۆ ئابوریه‌کانی ڕژێمی ئه‌وسای هه‌شتاکان چاخواردنه‌وه‌ جێگره‌وه‌بوو. زۆرجار ئه‌ویش ده‌بڕا چا خواردنه‌وه‌ ده‌بووه‌ خه‌ونی خه‌و یا دابه‌شکاری گلۆته‌شه‌کر! ڕه‌نگه‌ بپرسن گلۆته‌شه‌کر چیه‌ به‌ش به‌شۆکه‌ی بکه‌وتێ؟ که‌نده‌ڕووی دۆڵه‌بۆتێ ده‌چۆوه‌ سه‌ر دۆڵه‌ڕه‌قه‌، له‌وێش باره‌گای پشوومان هه‌بوو واته‌ دوو ڕۆژ پاسه‌وانی سه‌رچیا و لوتکه‌کان دوو ڕۆژیش پشوو له‌خانیه‌کی به‌جێماوی سه‌ر ئاوه‌که‌. ڕۆژانه‌ی که‌رته‌که‌مان له‌ئازووقه‌ قه‌نده‌ شه‌کرێک بوو به‌شی هه‌مووانی نه‌ده‌کرد تێر چای بخۆنه‌وه‌! ناچار کاک سه‌فین عومه‌ر وه‌ک کادیری که‌رته‌که‌ و پێشمه‌رگه‌ی به‌ئه‌زموون قه‌نده‌که‌ی به‌که‌له‌شکێن ورد ده‌کرد دادوه‌رانه‌ به‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌کانی دابه‌ش ده‌کرد. دیاربوو شه‌هید میکائیلی ئه‌حه‌سوری وه‌ک ئامیر مه‌فره‌زه‌ توڕه‌بوو که‌ 9 دانه‌ گلۆته‌ شه‌کر (هه‌رسێی به‌یانی و نیوه‌ڕۆ و ئێواره‌) به‌شی ڕۆژه‌کی وی ناکات به‌تایبه‌تی ئه‌و جگه‌ره‌کێش بوو حه‌زی له‌چای شیرین بوو. ئه‌وان لێک گیربوون به‌ده‌مه‌قاڵی هاتن هه‌ردوو لاش حه‌قیان بوو! یه‌ک ده‌یویست به‌شی هه‌مووان وه‌ک یه‌ک بێ، یه‌کیش ده‌یویست به‌شه‌کانیان زیاد بکرێ. خه‌ریک بوو به‌گژ یه‌کتردا بچن! ئه‌منیش گۆتم: میکایل وه‌ره‌ ئه‌من چاخۆره‌وه‌نیم ته‌نیا به‌یانیان به‌نانی چای ده‌خۆمه‌وه‌ هه‌رسێ دانه‌م به‌ش ده‌کا ئه‌وه‌ی دی ده‌ده‌مه‌ تو؟ گۆتی: زۆرباشه‌ واده‌که‌ین. بووه‌ پێکه‌نین و کێشه‌ی گلۆته‌شه‌کرمان چاره‌کرد به‌مه‌رجه‌کی: چونکه‌ چایه‌که‌مان له‌شوشه گه‌وره‌ی‌ ئاوه‌ته‌ماته‌یه‌ به‌دوو که‌سی پێکه‌وه‌ ده‌یخۆینه‌وه‌ هه‌روابێته‌وه‌ ئیستکان و مراک نیه‌ به‌داروچکه‌ی ده‌وره‌وبه‌ر‌ تێکی ده‌ده‌ین! هه‌مووی لۆ تو به‌س ئه‌من یه‌که‌مجار ده‌خۆمه‌وه‌‌؟

 

                        

                           Dlshadtakana@yahoo.  com

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.