سێڕێزکانی و نۆڕیزکانێ یاری چاخی به‌ردینه‌یه‌‌. هه‌رده‌م سه‌ر شاخولکه‌ی دێ یان بن دیواری مزگه‌وت یاریگای پڕ له‌هانده‌ری بوون، چێشتانان یا دوا فراڤینی نیوه‌ڕۆیان له‌به‌ربه‌ڕۆچکه‌ یا سێبه‌ر بگۆی: ها بخۆ و ها بگه‌ڕێی، ئه‌وه‌ت ڕیز ئه‌وه‌ت نه‌یکا حریته‌ی پێکه‌نینی ده‌داوه‌، لێره‌وه‌ زه‌نگی ئاوه‌دانی لێده‌درا که‌ ژیان خۆشه‌ و به‌رده‌وامه‌. کیسه‌ توتنی بۆنداری به‌ر پشتوندی پیره‌پیاوانی ئاوایی پڕ له‌په‌ڕه‌ سیخاری ده‌قکراوبوو، هه‌رئه‌هایه‌کی ده‌ویست ده‌بووه‌ سۆته‌کی گڕ تێدانه‌ماو! قه‌تاره‌ی کچگه‌ل به‌ستڵ و ته‌نه‌که‌ی سه‌رشان ڕێڕه‌وێکی مێرووله‌یی چوونه‌ سه‌رکانی ژنان بوو وه‌ک ناوه‌ندی زانیاری باسی هه‌موو ماڵه‌کان ده‌هاته‌وه‌ ئه‌وێ دیسان جاره‌کی دیش لێیه‌وه‌ په‌رت ده‌بۆوه‌! مریشک و ورده‌ جوجه‌ڵه‌کان له‌سه‌ر گوفکی پێکۆره‌یان ده‌کرد، که‌ڵه‌شێریش به‌درۆ دوق دوق دوق بانگی ده‌کرد گوایه‌ دنکه‌گه‌نمی دۆزیه‌وه‌ که‌چی فێڵ بوو له‌مریشکی ده‌کرد ته‌ق خۆی هه‌ڵده‌دا سه‌رپشتی و پێیداده‌فسی! به‌س نازانین و تێنه‌گه‌یشتین لۆ مریشکه‌کان هه‌موو جارێ به‌غار ده‌هاتن و بڕوایان ده‌کرد؟ توتکه‌ سه‌گیش نه‌رمه‌گه‌زیان لێکترده‌دا، چه‌ندین تۆپه ته‌پاره‌ واته‌‌ سه‌رگین که‌ ده‌کاته‌‌ ڕیخی مانگا سه‌رسوانده‌ و لادیواری سمی بوو ده‌کرانه‌ ته‌پاره‌ی ئاگردانی نان کردن و گڕی سۆبه‌داری سۆرکردنه‌وه‌. دوو پێشمه‌رگه‌که‌ خۆیان به‌ژووردا کرد سه‌لامیان لێ وه‌رگیراوه‌ دانیشتن: نانتان خواردیه‌؟ ناوه‌ڵا. کابرا بالیفه‌که‌ی ده‌خسته‌وه‌ بن لائانیشکی پاری ده‌داوه‌ به‌بێ‌ تاقه‌تی ده‌یگۆت: به‌خێرێن، کچێ وه‌رن نانه‌کیان لۆ بینن. خۆ ئه‌گه‌ر بشیانگۆتبا: به‌زیاد بی به‌خوای نانمان خواردیه‌. خاوه‌ن ماڵ سه‌رینه‌که‌ی ده‌خسته‌ سه‌رکۆشی هه‌ردوو ئانیشکی تێده‌چه‌قاند به‌زه‌وق ‌گه‌رمی ده‌یگۆت: یــــاخوا به‌خێرێن، ئێــــــی ده‌برێن ده‌نگوباس چیه‌؟

                     

                           Dlshadtakana@yahoo. com