جونی سه‌رده‌مه‌ یان گله‌یی خۆشه‌ویستی‌‌؟ هه‌موو سه‌رده‌مێک زاده‌ی په‌یدابوونی وشه‌ و زاراوه‌ی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی.پۆستی بینه‌ر و خوێنه‌ری بڵاوکراوه‌کانی ناو فێیسبووک له‌سێ خانه‌دا ده‌گه‌یه‌ندرێ، یه‌کیان په‌سندکردنه‌ به‌لایکی پشتیوانی هه‌روا ڕاده‌که‌ی له‌هێماکراوه‌کان ده‌رده‌که‌وێ وه‌ک نیشانه‌‌دڵێک یا خه‌نده‌ و سه‌رسوڕمان یا گریه‌ی هاوخه‌می یانیش نواندنی گرژ و په‌ستی.دووه‌م ڕانوسیه‌ له‌کۆمێنتدا هه‌ندێ جار به‌وێنه‌ ده‌رده‌بڕدرێ، سێیه‌میش بڵاوکردنه‌وه‌ و گه‌یاندنی دووباره‌یه‌ له‌لای که‌سی بینه‌ره‌وه‌ که‌ شایه‌نی ده‌داته‌ بڵاوکراوه‌که‌.ئه‌گه‌ر که‌سێک فێیسبووک بکاته‌وه هه‌رگیز هاوڕێکانی به‌سه‌ر نه‌کاته‌وه‌ بیه‌وێ نه‌یه‌وێ پۆزلێده‌ر و خۆباییه‌ شایسته‌ی سه‌رزه‌نشته‌ زۆر جار ڕه‌شیش ده‌کرێنه‌وه‌ له‌لیستی هاوڕێیه‌تی به‌تۆمه‌تی ‌بێ لایک و بێ کۆمێنت ته‌مبێ ده‌کرێن.مادام بڵاوکراوه‌کت پێشکه‌ش ده‌کرێ و سودت پێده‌گه‌یه‌نێ ڕه‌وایه‌ ده‌سخۆشی لێ بکه‌ی وه‌ک سوپاسگوزاری لۆ ماندی بوونی هاوڕێکه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌رنجیش نه‌نوسی خۆ چت لێ که‌م نابته‌وه‌ وه‌ڵامی هاوڕێیانه‌ی بده‌یه‌وه‌‌ لۆ هاندان و به‌رده‌وامی؟

فێیسبووک..

له‌دوو وشه‌دا ئه‌لبومی ده‌موچاوه‌کانه‌‌، جێگای یه‌کترناسی نوێ له‌گه‌ڵ دیتنه‌وه‌ی براده‌ری ون و زۆر زۆر دووره‌ دابڕاوه‌کانه‌، هه‌نده‌ک جار گرێده‌ره‌وه‌ی دۆست و دوژمن هه‌روا خۆشه‌ویسته‌کانیشه‌.هاوبه‌ندی چین و توێژ هه‌روه‌ها یه‌کگره‌وه‌ی نه‌وه‌ کۆن و نوێکانه‌.پێگه‌ی ڕاگه‌یاندن و ڕاده‌ربڕیه‌کی بێ سانسۆری ئازاده‌، په‌خشگه‌ی وێنه‌ سه‌یر و ڤیدیۆ سه‌مه‌ره‌کانه‌، هه‌ریه‌که‌ و به‌شته‌کی گرتیه‌ نوسین و شیعر، وێنه‌کاری، دروستکردنی خواردن و کێکه‌مه‌نی، موزیک و گۆرانی....تاد.به‌ڕای هه‌نده‌ک زۆربه‌سود و لۆهه‌نده‌کان پڕ ‌زیانه‌.

لایک به‌لایک..

ئی وای تێدایه‌ هه‌تا لایکی لۆ نه‌که‌ی لایکت لۆ ناکا هاهاهها! دوو کۆمێنتی لۆ بنوسی ئه‌وجا لایکه‌ک ده‌کا وه‌ک پیرێژنه‌ بۆریه‌ سه‌لکه‌ په‌نیره‌ک به‌دوو قاپ ساوار ده‌گۆڕته‌وه‌ ئه‌گه‌ر بشیزانیبا ژنی دی له‌ده‌وره‌ کڕیاری زۆره‌ ده‌یکرده‌ سێ قاپ ساوار! جا ئه‌گه‌ر ئه‌و لایکی کرد ده‌بی دوو کۆمێنتی لۆ بنوسرێ، جێی خۆیتی هه‌ندیان لایک لۆبکه‌ن هه‌تا به‌لایک دێن، مادام فێیسبوکت کردیته‌وه‌ ده‌بی بشزانی لایک و مایک چیه‌ ئه‌و شووه‌ی له‌خۆت بده‌ی ده‌نا دایخه‌ و که‌سمان له‌که‌س.

بیرۆکه‌دز..

کۆکه‌ره‌وه‌ی گروپه‌کانه‌ له‌خزمایه‌تی، هاوبیری، دژه‌ ده‌سه‌ڵات، خێراترین چاوگی گه‌یاندنی زانیاریه‌.له‌و سه‌رده‌مه‌ فه‌یسبووک کاریگه‌ری ته‌واوی له‌ده‌نگهێنانی هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌ جا ئه‌گه‌ر ئه‌و خۆهه‌ڵبژادنه‌ لۆ گاوانی گوندیش بی! زۆرکه‌سی کرده‌ نوسه‌ر و ڕاده‌ربڕ، ئه‌وانه‌ی نه‌ناسرابوون تواناکانیان به‌ده‌رکه‌وت، کۆمه‌ڵێکیشی کرده‌ سه‌رکرده‌ و بڕیاده‌ر‌ له‌هه‌مان کاتیش زۆری کرده‌ حه‌مه‌شه‌ڵته‌ی چاولێکه‌ر جا له‌وێنه‌دز، شیعردز و بیرۆکه‌دز بگره‌ هه‌تا وشه‌دز.

کاتگری..

پڕۆگرامێکی کاتگری، دابڕێنه‌ری هه‌رچی حه‌شته‌با زیندووه‌کانه‌، سیحراویه‌ نزیکان دوورده‌خاته‌وه‌ دووران نزیک ده‌کاته‌وه‌! ئه‌ندامانی خێزانێک له‌ژوورێکه‌وه‌ هه‌ریه‌ک ده‌باته‌ وڵات و جێگه‌یه‌ک که‌هه‌رخۆی ده‌زانی له‌کێیه‌! به‌ڕاده‌یه‌ک گرینگی پێده‌درێ جاران که‌سه‌ک ده‌چووه‌ ماڵێک داوای ڕووگه‌ی قیبله‌ی ده‌کرد لۆ کام لایه‌ که‌چی ئێستا له‌ده‌رکه‌ی نه‌هاتیته‌ ژوورێ داوای نهێنه‌ی ئینته‌رنێت ده‌کات! به‌ڕاده‌یه‌ک به‌نه‌خۆشی سه‌رده‌م ده‌زاندرێ له‌ئاڵوده‌بوون و خوگری پێوه‌ی.

قاچاغه‌کان..

زۆرن ئه‌وانه‌ی وه‌ک جاحسوس به‌ناو واڵی فێیسبووکه‌کان ده‌گه‌ڕێن به‌دزیه‌وه‌ زانیاری له‌سه‌ر ئه‌وانی دی کۆده‌که‌نه‌وه‌ به‌س نوقه‌یان له‌خۆیان بڕیه‌ بێ چرپه‌ لۆی ده‌خشن، به‌ناوی جیا و خوازراوه‌ هاوڕێیه‌تی ده‌نێرن، له‌هه‌مووی سه‌مه‌ره‌تر زۆرجار که‌ نازاندرێ چ خۆشیه‌کییان پێده‌گه‌یه‌نێ یا کێشه‌ له‌جیناته‌کانیانه‌؟ توخمی نێرن خۆیان ده‌که‌نه‌ مێ! هه‌نده‌کیش بێ‌سیواد و سه‌رو سه‌لیقه‌ن‌ تاقه‌تیان نیه‌ سه‌ری خۆیان بخورێنن هیچیان نیه‌ پێشکه‌شی که‌ن به‌س له‌ڕه‌خنه‌ژه‌نی ده‌رێی ئاگری بن کایه‌ن! لۆ به‌دبه‌ختی خه‌ڵکی وا نه‌زانی لێکردینه‌ پرۆفیسۆر گونی خۆی و گێزه‌رێ لێک ناکاته‌وه‌، ته‌پله‌تڕه‌ی وا ئه‌گه‌ر لێی گه‌ڕێی ‌پۆستی سه‌رۆکی حکومه‌تیش له‌ئاستی خۆی نابینی داوای سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌کا ئه‌ویش هه‌هه‌هایه‌کی ده‌وێ.

لایکی مجامه‌له‌..

زۆرجار توشی ده‌بی کابرا قسه‌کی تڕنی نوسیه‌ یان وێنه‌کی نابه‌جێی دانایه‌ به‌ڵام چونکه‌ شتۆکه‌کی به‌ده‌سته‌ و پۆستی له‌به‌ره‌ی ماستاوچیه‌تی ده‌ستڕۆیشتیانه‌...کاکه‌ سه‌ری تێده‌که‌ن، لایکتڕێنی ده‌که‌ن هه‌رچه‌ندی بیری لێ ده‌که‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌ش‌ ناهێنی!

وێستگه‌یه‌کی خێرا..

ماشین و شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر وێستگه‌کان تێده‌په‌ڕن که‌چی فێیسبووک وێستگه‌یه‌کی تیژ تێپه‌ڕه‌ به‌سه‌ر مرۆڤه‌کاندا ئه‌گه‌ر ته‌ماشاوانی نه‌که‌ی زۆرت به‌سه‌ردا تێده‌په‌ڕی له‌دیتنی زۆرینه‌ی شار و شارۆچکه‌کانی وڵاتانی دنیا، داب و نه‌ریته‌ جیاوازه‌کان، ده‌رخستنی توانست و هێز و زانیاریه‌ شاراوه‌کان.سه‌رڕا تۆڕه‌کی په‌یوه‌ندی بێ سنور چاک و خراپ هه‌روا باش و باشتری تێدایه‌.‌چاوگه‌کی میدیایی به‌رده‌سته‌ی کۆمه‌ڵ و تاکه‌کانه‌ جێگره‌وه‌ی ته‌له‌فزیۆن و ڕادیۆ سیاسه‌ت وشێنه‌ حیزبی و تایبه‌ته‌کانه.له‌ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تی دڵنه‌واییه‌ له‌به‌ر دابڕان و سه‌رقاڵی ژیان په‌یوه‌ندیه‌کان کاڵ بوونه‌وه‌ خه‌ڵک وه‌ک به‌رئاگردانی گه‌رم هانای لۆ ده‌به‌ن هه‌سته‌کانی خۆیان له‌به‌ری گه‌رم ده‌که‌نه‌وه‌، وه‌ک بڵێی: به‌بازاری داده‌ڕۆی براده‌ره‌کت له‌دووره‌وه‌‌ ده‌بینی سه‌رقاڵه به‌ڵام ئه‌و ئه‌تو نابینی به‌ئاسانیش ده‌توانی بزانی‌ ئێستا چۆنه‌؟ مایه‌ی خۆشیه‌ که‌ بزانی ژیاندۆست و باشه له‌بڵاوکراوه‌کانیه‌وه‌ ده‌یخوێنیه‌وه‌، جا ئه‌گه‌ر کاتت هه‌بوو له‌جیاتی سڵاو لایکۆکه‌کی لۆ بکه‌ هه‌ی بێ لایک، هه‌ربزانه‌ ئه‌وانه‌ش په‌یدابوون فێیسبووکچی، مام فێیسبووک و پوره‌ فێیسبووک، ڕه‌بی فێیسبووکه‌که‌ت ڕه‌ش بیته‌وه‌ و که‌س لایکت لۆ نه‌کا.

            

               This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.