مێژووێکه‌ هه‌رخۆی مێژوو ده‌نوسێته‌وه به‌گۆته‌ و کردار هه‌روا به‌دڵۆپه‌خوێنه‌کانی ڕووپه‌ڕێکی ڕازاوه‌ی شکۆداری تاهه‌تایه‌ی‌ پڕ‌سه‌روه‌ری خه‌باتی ژنانی کورده‌ له‌باوه‌ڕ و ئازایه‌تیدا‌. ‌پێشمه‌رگێکی تێڕادیته‌ی بوێری کایه‌ سه‌خته‌کانی تێکۆشان، هه‌ڵسوڕاوێکی چالاکی کاری ڕێکخستنی شار و شاخ، ژنێکی بڕواداری چه‌پ و لایه‌نگری مافخوراوان، زۆر به‌متمانه‌ی نهێنی پارێز، گه‌شمه‌رگی زیندانه‌.

دوژمن به‌زێن. .

به‌ڵگه‌ نوسراوه‌ مێژوویه‌کانی سه‌رده‌می به‌عس به‌ژێرنوسی و واژه‌‌که‌ی عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جید گه‌واهیده‌ری نه‌به‌زی و دوژمن تۆقێنی عه‌یشه‌گروکه‌یه‌، که ‌ده‌نوسێ: ئافه‌رین فه‌رعی هه‌ولێری حیزبی به‌عس به‌هه‌مووتان به‌ژنێک ناوێرن! ئه‌وکاته‌ی بڕیاری به‌عسیه‌کان ده‌رده‌چێ ده‌یانه‌وێ له‌ناوشار به‌به‌رچاوی خه‌ڵکه‌وه‌ گوله‌بارانی بکه‌ن به‌ڵام وه‌ڵامی سه‌رووی خۆیان ده‌ده‌نه‌وه‌: ناکرێ و ناتانن ئه‌وژنه‌ به‌ئاشکرا گوله‌باران بکه‌ن چونکه‌ زۆر بوێره‌ له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵکه‌که‌ هان بدا و ببێته‌ خۆپیشاندان و کاره‌سات و پشێوی له‌ده‌ستیان ده‌ربچێ!

لێیده‌ن. .

نه‌علی ژنانه‌ی لاستیک و ئیسفنج فڕکه‌ی ده‌هات به‌سه‌روگێلاکی ئه‌فسه‌ره‌ عه‌ره‌به‌که‌ ده‌که‌وت له‌ناو زیندانه‌که‌ی‌ کۆمه‌ڵه‌ک ژن و خوشک و داکه‌پێشمه‌رگه‌ی به‌ند کردبوو له‌هه‌ولێر، ئه‌و نه‌قیبه‌ سوپاییه‌ی عێراقی فێرببوو ڕۆژانه‌ ده‌هاته‌ ناو ژنه‌کان له‌سه‌ر کورسیه‌ک داده‌نیشت به‌چاوحیزی‌ ته‌ماشای ده‌کردن قسه‌ی له‌و‌جڕ له‌وجڕی ده‌کرد. ئه‌وانیش له‌ترسان نه‌یان ده‌وێرا هیچ برێن. له‌وێ هه‌رایه‌کی وای نا‌وه‌ کورد گۆته‌نی: سه‌گ ساحێبی خۆی نه‌ده‌ناسیه‌وه! که ‌دیتی ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ به‌دخووه‌ وا ده‌کا ژنه‌کانی هاندابوو ده‌بی سبه‌ینێ هاته‌وه‌ ژوورێ به‌هه‌مووتان لێیده‌ن! ئه‌وانیش ترسابوون؟ گه‌فی لێ کردبوون ئه‌گه‌ر وانه‌که‌ن هه‌واڵ لۆ مێرد و کوڕ و برایه‌کانیان ده‌نێریت: خوشک و داکتان هه‌موو قه‌حپه‌نه‌! ئه‌وانیش به‌قسه‌ی ده‌که‌ن هاوکێشه‌که‌ پێچه‌وانه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ له‌جیاتی ئه‌شکه‌نجه‌دانی جه‌سته‌یان له‌لایه‌ن جه‌لاده‌کانه‌وه‌، ئه‌وان عه‌ره‌به‌ پله‌داره‌که‌ داده‌پڵۆسن پۆرتی ده‌شکێنن و به‌ده‌رکردنی ده‌ده‌ن له‌به‌رپرسی ‌زیندانه‌که‌.

ئه‌من عه‌یشه‌گروکه‌م. .

ئه‌و کاته‌ی بردیانه‌ ئه‌و زیندانه‌ مه‌مکێکیان بڕی بوو له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا! هه‌موو کراسی به‌خون و له‌شی به‌لێدان شین و مۆر هه‌ڵگه‌ڕابوو! یه‌ک دوو ڕۆژ ژنه‌کانی ئه‌وێ ‌نه‌یانوێرا تخونی بکه‌ون گۆتبوویان: ئه‌و ژنه‌ ڕه‌شه‌ عه‌ره‌بی مه‌خموره‌، نه‌بادا جاسوسبی ناردبیتیانه‌ ناومان لێره‌؟ دوای باشتربوونی خۆی پێیان ده‌رێ: ئه‌من عه‌یشه‌گروکه‌م داکی محه‌مه‌د حه‌لاق فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌م.

داکه‌ پێشمه‌رگه‌. .

زۆرن گرینگ نیه‌ کوڕه‌که‌یان له‌کام هێز و ڕێکخراوبی، هه‌رهه‌موویان هه‌مان هه‌ست و سۆز و ئازایه‌تیان تێدایه‌ و دروستکه‌ری پێشمه‌رگه‌ن! ‌واته‌ هه‌موو شته‌کان هه‌ر دایک دروستی ده‌کا و پێیده‌گه‌یه‌نی. له‌هه‌مان زیندان داکی پێشمه‌رگه‌یه‌کی تیپی هه‌شتاوشه‌شی ده‌شتی هه‌ولێر گیرابوو به‌نامه‌یه‌کی شه‌هید ڕێبازه‌وه‌، هاوزیندانی عه‌یشه‌گوروکه‌ی خۆمان ده‌بی! کاتێك مامۆستا کاوه‌ی ئه‌نوه‌ر نادر ده‌بینی و ده‌زانی خه‌رکی کۆیه‌یه‌ لۆی ده‌گێڕته‌وه‌ که‌ له‌زیندان ژنه‌کی کۆیی ئازای به‌ناوی عه‌یشه‌گروکه‌ی له‌گه‌ربووه‌. ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ مامۆستا کاوه‌چووین محه‌مه‌د حه‌لاق کوڕی خاتوونی مه‌زن عه‌یشه‌گروکه‌مان برده‌ لای ئه‌و داکه‌ پێشمه‌رگه‌ و ته‌واوی ورده‌کاری ناوزیندانه‌که‌ی لۆ گێڕاینه‌وه‌ واته‌ ڕووبه‌ڕوو خۆم گێم له‌ده‌نگ و دوانی بوو.

جاره‌کی دی عه‌یشه‌گروکه‌‌. .

جاچیه‌ ئه‌گه‌ر ناسناوه‌که‌ی به‌ڕه‌وانی کۆییانه‌ برێینه‌وه؟ یان لۆ خۆمان به‌که‌ماسی ببینین که‌ به‌شێوه‌زاری دایک واتا یه‌که‌مین مامۆستاکانی ژیانمان بدوێین! چ پێویست ده‌کا به‌شێوازگۆڕی ناوه‌ نازداره‌که‌ی بکه‌ینه‌ ئایشه‌گوڵ که‌ هیچ دروستیه‌کی تێدانیه‌؟ هه‌رگیز ناوی ئایشه‌گوڵ نه‌بووه‌ ئه‌وه‌ فه‌نتازیای خه‌یاڵیکی دروستکراوی نه‌ژیاوه ‌هه‌رده‌میش خۆی به‌عه‌یشه‌گوروکه‌ ناساندیه‌ و له‌ناو کۆیه‌ش دروست وا ناسرایه‌. عه‌یشه‌خان کچه‌گچکه‌ی جوانی ڕوو سۆروسپی کتومت گوڵ بوو، له‌به‌رئه‌و جوانیه‌ نازناوی گروکه‌ی کۆییانه‌ی لێنرا که‌ده‌کاته‌ ( گڵوکه‌) واته‌ تازه‌ خونچه‌ی گوڵ یا گوروکه‌سۆری هه‌نار و سپییلکه‌ی شه‌کره‌باوی و ڕه‌نگاری قه‌یسی‌، هه‌ربه‌ناوی عه‌یشه‌گروکه‌‌ ژیا و ئێستاش پێوه‌ی ده‌ژیه‌ قه‌ت قه‌ت نامرێ.

ژنێکی مافستێن. .

ژیانبه‌خش و په‌روه‌رده‌کاری نۆ جگه‌رگۆشه‌ی خۆی بووه‌، به‌ژه‌کی خه‌باتگێڕی گه‌وره‌ی کردیین دوو کوڕی شه‌هیدبوون. هه‌رزوو له‌هه‌ورازی ته‌مه‌نی شۆخیدا له‌کۆتایی په‌نجاکان خه‌باتی شیوعیانه‌ی ده‌سپێکرد، که‌سایه‌تیه‌کی به‌توانا و لێهاتوو ناوداری کۆیه‌بوو. نامه‌به‌ر و ڕێکخه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری کاری حیزبایه‌تی و پێشمه‌رگایه‌تی، هه‌میشه‌ به‌رده‌وام و کۆڵنه‌ده‌ر کاری کردیه‌. لێبڕاوی ده‌نگ به‌رز له‌ئاستی نادادوه‌ری هه‌میشه‌ که‌سێکی مافستێن و پارێزه‌ری زۆرلێکراوان. ساڵی هه‌زار و نۆسه‌دوو هه‌شتاوهه‌شت له‌گۆڕستانی کارگه‌ی قیڕی هه‌ولێر دوای گوله‌باران کردنی به‌نهێنی به‌عسیه ‌بکوژه‌کان ده‌یشارنه‌وه‌.

گۆڕی پیرۆز. .

ئێستا له‌کۆیه‌ و ناوناوبانگیشی ئه‌ستێره‌که‌ به‌ڕووی هه‌یبه‌سوڵتان و باواجی ده‌دره‌وشێته‌وه‌ له‌هه‌موو جێگه‌یه‌کی کوردستان و جیهانه‌وه‌ دیاره، ‌عه‌یشه‌گروکه‌ پێشڕه‌وێکی خه‌بات و ئازایه‌تی ژنانه‌ له‌م ‌وێنه‌یه‌ نه‌دیتراوه‌ که‌ خۆی خاوه‌نی ده‌یه‌ها وێنه‌ی نه‌گیراوی دیکه‌یه‌ شایسته‌ی باس و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌، هه‌مووان شانازی پێوه‌ده‌که‌ن له‌په‌ڕاوی مێژووی ده‌گێڕنه‌وه‌:

له‌عاسمانێ ته‌واره‌ له‌عاردی شێره‌مێره‌‌

له‌خه‌باتی پێشڕه‌وه‌ له‌زیندانیش بوێره‌

ناوه‌که‌ی‌ مێژووییه‌ لۆخۆی عه‌یشه‌گروکه‌

ژنه‌ کورده‌که‌‌ی‌ کۆیه‌ تاجی سه‌ر و دلێره‌