هه‌ڵگرتنی مه‌تاره‌ له‌کیلۆیه‌ک قورستر بوو به‌تایبه‌تی که‌ پڕ ئاوبا، سه‌رڕای ده‌ تا دوازده‌ کیلۆگڕامی تفه‌نگ و کالانه‌کانی فیشه‌ک سه‌رباریش حه‌ربه‌ و کالانێک یا دوو کالان فیشه‌کی زێده‌ له‌گه‌ڵ فرچه‌ی ددان شوشتن و گوێزانی ڕیش تاشین! عه‌نه‌تریک و ڕومانه‌ و ڕادیۆیه‌کی سۆنی ئێف ئێم وه‌رگر لۆ هه‌نده‌کانیش ده‌مانچه‌ک ئه‌وجا دووربین. زۆربه‌ی پێشمه‌رگه‌ خۆیان لێ به‌دوور ده‌گرت به‌ڵام پێداویستیه‌کی پێویستی ناو جه‌رگه‌ی شه‌ڕ بوو. مرۆڤ له‌سه‌ره‌تا ساته‌کانی ته‌قه‌ زمانی وشک ده‌بێ، ڕۆحی له‌هه‌ناسه‌یدا به‌سینگی هه‌ڵده‌چێ، ملوله‌کانی هه‌ست و خوێنی ئه‌ژنۆی لێک دوورده‌که‌ونه‌وه‌ وه‌ک برێی خه‌ریکه‌ بپسێ وایه‌! کورد ده‌ڵێ: قه‌ره‌می ده‌ست و پێی شکا! ئه‌وه‌ چه‌ند ده‌قه‌یه‌کی سه‌رتا ده‌خایه‌نێ به‌ڵام به‌خواردنه‌وه‌ی قومێک ئاوی مه‌تاره‌ هه‌ڵمژینی بۆنی بارود زۆر زووتر ئاسایی ده‌بێته‌وه‌، قومه‌ئاوێکی سیحرمه‌ند و بڕواهێنه‌ به‌ڕزگاربوون چه‌ندی دۆخه‌که‌ش سه‌خت بێو هه‌رچوار ده‌ورت گیرابێ له‌زه‌وی و ئاسمانه‌وه‌ ته‌قه‌ت لێبکه‌ن، پێویست ناکا مشه‌وه‌ش بی چونکه‌ ئه‌و هه‌موو فیشه‌که‌ی ده‌یهاوێن مه‌رج نیه‌ هه‌ر هه‌مووی به‌ته‌پڵی سه‌ری تو بکه‌وی ئینجا هه‌ناسه‌یه‌کی قوڵ هه‌ڵمژه‌ و سه‌رت له‌شۆری هه‌ڵگڕه‌ و دوژمن بدۆزه‌وه‌ به‌س که‌و کوژی ته‌قه‌ی لێ بکه‌، ده‌ی ده‌ست و چاویشت به‌ئاوی کانیه‌که‌ بشۆ، هیچ نیه‌ نا له‌خۆته‌وه‌ ته‌قه‌ی نه‌که‌ی هه‌تا دوژمن ده‌بینی . . . ئه‌وانه ڕێنمایی سه‌رتای شه‌ڕ بوون ده‌دران لای پێشمه‌رگه‌ شاره‌زا و چاوکراوه‌کان زۆر تایبه‌ت لۆ نوێیه‌کان.

له‌دۆڵه‌ بۆتێی دۆڵه‌ڕه‌قه‌ که ‌به‌سه‌ر چیا ده‌که‌وتین لۆ ڕه‌بایه‌ کۆنه‌کان و پاریزگاری قۆپی شاخه‌ به‌رزه‌‌کان، ڕێگاکه‌ زیاتر له‌کاتژمێره‌کی ده‌خایاند و چله‌ی گه‌رمابوو. هیچ کام له‌پێشمه‌رگه‌کان مه‌تاره‌ی ئاوی پێ نه‌بوو جگه‌ لۆخۆم که‌ له‌خوارێ له‌کانیه‌که‌وه‌ پڕ ئاوی سازگارم ده‌کرد ده‌تگۆت: بیبسی کۆلایه‌ هه‌ر بتخواردباوه‌ هه‌موو خواردنی ‌گه‌ده‌ی‌ هه‌رس ده‌کردی! له‌هه‌ورازه‌که‌ پێشمه‌رگه‌کان تێنیان ده‌بوو، لاکه‌یان لێوه‌ ده‌هات له‌به‌ر گه‌رما، ئه‌منیش ده‌وه‌ستام به‌مه‌تاره‌که‌ی خۆم ئاوم ده‌دانێ، به‌س چ ئاودانه‌ک به‌سه‌ری مه‌تاره‌که‌م ته‌نیا قومێکی لێو ته‌ڕکردنی تێدابوو، ئی وا هه‌بوو ده‌پاڕاوه:‌ توخوا تاقانه‌ یه‌کی دیش؟ به‌س نه‌مده‌دایه‌ چونکه‌ به‌شی نه‌ده‌کرد ده‌بوو هه‌رکه‌سه‌ و سه‌ر مه‌تاره‌یه‌ک بخواته‌وه‌ تا به‌شی هه‌مووان بکات! له‌هه‌مووی خۆشتر فه‌رمانده‌ی که‌رته‌که‌ کاک مه‌ولود مام قلینجی ده‌یگۆت: به‌س ئه‌تو مه‌تاره‌ هه‌رده‌گری قه‌یناکه‌ ئاویان بده‌یه‌ له‌سه‌ر چیای له‌جلیکانه‌ گه‌وره‌کانی سه‌ر پشتی که‌ره‌که‌ مه‌تاره‌که‌ت پڕبکه‌وه‌ چونکه‌ باش له‌هانامان دێی! که‌ده‌گه‌یشتینه‌ سه‌ری چیا ڕێک له‌جلکانه‌کانه‌وه‌ مه‌تاره‌که‌م پڕ ئاو ده‌کرده‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ ئێستا بڵێی لۆ خواردنه‌وه‌ی بوو؟ ناوه‌ڵا ئه‌من هه‌موو شه‌وه‌ک بێ ددان شوشتن خه‌وم لێنه‌ده‌که‌وت ئینجا به‌دزی له‌براده‌ران دوور ده‌که‌وتمه‌وه‌ ددانم به‌فرچه‌ ده‌شوشت و به‌ئاوی مه‌تاره‌که‌ غه‌رغه‌ره‌م ده‌کرد خخخخخخ پف.

                     

                           Dlshadtakana@yahoo. com

.